پەیامی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی ١٦ی سەرماوەز، ڕۆژی خوێندکار
یەکشەممە، ١٦ی سەرماوەز ڕۆژی خوێندکارە. ٧٢ ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژەدا تێدەپەڕێت کە هێزەکانی گاردی شاهەنشاهی ڕژانە ناو زانکۆی تاران بەمەبەستی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانی ئاشتیانەی خوێندکاران لە دژی کودەتاکەی محەمەد ڕەزاشا و ڕێکخراوە سیخوڕییەکانی ڕۆژئاوا. هێرشی چەکدارانەی بەکرێگیراوانی شا، بۆ سەر ئەو خوێندکارانەی کە تاکە چەکی دەستیان بریتی بوو لە مستی گرێدراو و هاواری ئازادی، بووە هۆی گیانلەدەستدانی سێ خوێندکار بە ناوەکانی مستەفا بزورگنیا، ئەحمەد قەندچی و شەریعەت ڕەزەوی، لە بەشی ئەندازیاری زانکۆی تاران. لەو ڕۆژەوە تا ئێستا ١٦ی سەرماوەز بووەتە هێمای بزووتنەوەی خوێندکاری ئێران. لە ساڵەکانی ١٣٢٠ بۆ ١٣٣٢ زانکۆ بوو بە یەکێک لە سەنگەرە سەرەکییەکانی خەبات لە دژی دەسەڵاتی پاشایەتیی دژە خەڵکیی پەهلەوی و کودەتای ٢٨ی پووشپەڕ. بە درێژایی تەواوی ساڵەکانی دەیەی چل و پەنجای هەتاویی، بزووتنەوەی خوێندکاریی بەستێنی سەرەکی شکڵگرتنی ڕەوتە چەپ و ڕادیکاڵەکانی لایەنگری سۆسیالیزم بووە. زۆرێک لە ڕێبەرانی حیزب و ڕێکخراوە خەباتکار و کۆمۆنیستەکان لە هەناوی زانکۆکانەوە سەریان هەڵدا. خۆڕاگرترین و بە جەربەزەترین زیندانیانی سیاسی لە هەردوو ڕژیمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیدا، لەڕیزی پێشەوەدا، بریتی بوون لە خوێندکاران و ڕۆشنبیرانی شۆڕشگێڕ. دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٣٥٧، ڕێژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی ئیسلامی، هاوشێوەی ڕژێمی شا، لە زانکۆکانەوە هێرشی خۆی بۆ سەر شۆڕش دەستپێکرد. هێرشی لات و چەقۆکێشانی “حیزبوڵڵا” و دەرکردنی هەزاران خوێندکار و سەدان مامۆستای خەباتکار، داخستنی زانکۆکان بە بیانووی “شۆڕشی فەرهەنگی” و پلانی کۆنەپەرستانەی “یەکگرتوویی حەوزە و زانکۆکان”، سەرکوتکردن و “پاکسازیکردن”، هیچیان نەیانتوانی ئەم سەنگەرە هەمیشە زیندووەی خەبات و تێکۆشانە بۆ هەمیشە داگیر بکەن.
لە ئاخێزەکانی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨دا، خوێندکاران شانبەشانی کرێکاران، بێکاران و پەراوێزنشینان و گەنجانی هەژار ڕژانە سەر شەقامەکان و دژی تەواوەتی سیستەمی سەرمایەداری ئیسلامی و سەرجەم باڵەکانی ناو دەسەڵات دروشمیان وتەوە و یەکێک لە ڕادیکاڵترین دروشمەکانی ئەم قۆناغە واتە: “ئیسلاح تەڵەب، ئوسوولگەرا، ئیتر تەواوە ماجەرا ”یان هێنایە ئاراوە. ئەم دروشمە ڕاگەیاندنی کۆتایی هاتنی وەهم و خۆشباوەڕی بە هەردوو باڵی ناو دەسەڵات و جەختکردنەوە لەسەر پێویستی گۆڕانکاری ڕیشەیی و شۆڕشگێڕانە بوو. گۆڕانکارییەکی کە نە لە ڕێگەی سندوقە ئەندازیاریکراوەکانەوە، بەڵکوو لە هەناوی خەباتێکی جەماوەری و ڕێکخراوەوە پێکدێت. ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی“، لاپەڕەیەکی نوێی لە مێژووی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی ئێران هەڵداوەتەوە. ئاخێزێکی کە پەیوەندییە پیاوسالاری، چەوسێنەر، کۆنەپەرستانە و ستەمکارییەکانی چینی دەسەڵاتداری لەگەڵ ئاڵەنگاری بەرەوڕوو کردووەتەوە و سەرەنجام حیجابی زۆرەملێ، ئەم هێمای کۆیلایەتی و سووکایەتیکردنەی بە ژنان، تووڕهەڵدایە ناو زبڵدانی مێژووەوە. لەم ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەدا بزووتنەوەی خوێندکاری یەکێک بوو لە پایە سەرەکییەکانی بەردەوامبوونی ئەو خەباتە. زانکۆکان بوونە گۆڕەپانی مانگرتن و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە دژی حیجابی زۆرەملێ، سەرکوت، هەژاری، هەڵاواردن و ئاپارتایدی جێندەری. خوێندکاران، شانبەشانی ژنان، کرێکاران، موعەلیمان، خانەنشینان، خوێندکاران و خەڵکی تێکۆشەر و خەباتکار لە سەرانسەری ئێران، خۆیان لە ڕیزی پێشەوەی ئەم شۆڕشەدا دیتەوە.
ئەمڕۆ بزووتنەوەی خوێندکاریی بۆ پێکهێنانی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە دۆخی هەنووکەیی و ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ستەم و سەرەڕۆیی دەسەڵاتدار لە ئێران، لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە هاتنی بەهێزی بزووتنەوەی کرێکاریی بۆ ناو گۆڕەپانی چالاکی شۆڕش هەیە. ئەم دوو بزووتنەوەیە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکتر، بە هەوڵدان بۆ کاری ڕێکخستن و بوونی ڕێبەرایەتی و سیاسەتێکی چینایەتی، بە ڕوانگە و ستراتیژی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانە، دەتوانن بزووتنەوە خەباتکار و ڕەسەنە کۆمەڵایەتییەکانی تر ڕێکبخەن و یەگرتووانە ڕێگا بۆ ڕووخانی هەرچی خێراتری کۆماری ئیسلامی و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستی خۆش بکەن.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە میلیتاریزەکردن و ئەمنییەتی کردنی زانکۆکان، هەوڵ دەدات زانکۆ لە ڕۆڵی مێژوویی خۆی دابڕێت. بەڵام واقیعییەت ئەوەیە کە لە هەر شوێنێک کرێکار و زەحمەتکێش و ژنانی تێکۆشەر و لاوانی ناڕازی هەبن، ئەو شوێنە مەیدانی ڕاستەقینەی زانکۆیە. ئەرکی مێژوویی بزووتنەوەی خوێندکاریی ئەمڕۆ، هەمان ئەو ئەرکەیە کە تێکۆشەرانی خوێندکاری لە دەیان ساڵی ڕابردوودا لە ئەستۆیان بووە، لەوانە بوونی پەیوەندییەکی وشیارانە و ڕێکخراو لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری، ژنان، نەتەوە ستەملێکراوەکان، موعەلیمان، قوتابیان و پەراوێزنشینان. وێڕای بەرزڕاگرتنی یاد و بیرەوەری ئەو خوێندکارانەی لە ١٦ی سەرماوەزی ١٣٣٢دا گیانیانبەختکرد، دروود دەنێرین بۆ خەبات و فیداکاریی سەرجەم هەڵسووڕاوان و خەباتکارانی شۆڕشگێڕ و کۆمۆنیستی بزووتنەوەی خوێندکاریی ئێران و ڕێز دەگرین لە هەوڵ و گیانبازییان.
خوێندکارانی خەباتکار و شۆڕشگێڕ!
بزووتنەوەی خوێندکاریی ئەمڕۆ، تەنیا کاتێک دەتوانێت بە ئەرکە مێژووییەکەی وەفادار بمێنێتەوە کە هاوکات پابەند بێت بە دوو ئاست لە خەبات: یەکەم، ئامانجە گشتی و کۆمەڵایەتییەکان شانبەشانی چینی کرێکار، ژنان، بێبەشان و ستەملێکراوان. دووەمیش، بەدواداچوون بۆ ویست و داواکارییە پیشەیی و ئەکادیمییەکانی خۆی. لە بەستێنی یەکەمدا، زانکۆ و خوێندکار ناتوانن بەرامبەر بە کۆمەڵگای دەوروبەریان بێ هەڵوێست و کەمتەرخەم بن. خوێندکار لە جەرگەی کۆمەڵگایەکدا وەستاوە کە زۆربەی هەرەزۆری خەڵک لەگەڵ هەژاری، بێکاری، نائەمنی، هەڵاواردنی ڕەگەزی، نەتەوەیی و چینایەتی بەرەوڕوون. سەرمایەداری ڕانتی و نیزامی و ئایینی، بەرهەمی کار و ژیانی ملیۆنان کرێکار و زەحمەتکێش بە تاڵان دەبات. هەر دەنگێکی ناڕەزایەتی ڕێکخراو بە سەرکوت و زیندان و کوشتن وەڵام دەداتەوە. لە بەستێنی دووەمدا، خەبات لەدژی سیاسەتی تایبەتکردنی زانکۆ و بە کاڵاکردنی زانست و کۆتاییهێنان بە کەشوهەوای پۆلیسی لە زانکۆکان. هەر لاوێک، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕەگەز، نەتەوە، ئایین، یان چین و توێژێکی کۆمەڵایەتی، دەبێ لە مافی دەستڕاگەیشتن بە خوێندنی باڵا بەهرەمەند بێت. پێویستە توێژینەوە و زانیاری لەپێناو چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنرێت نەک کەڵەکەکردنی سەرمایە. پەیوەندی نێوان ئامانجە گشتی و کۆمەڵایەتییەکان لەوانە (ڕووخاندنی ستەم و سەرەڕۆیی، خەبات لەدژی سەرمایەداری، یەکسانی جێندەری و نەتەوەیی، ئازادییە دیموکراتیکەکان) و داواکارییە پیشەیی و ئەکادیمی، کاکڵی سەرەکی بزووتنەوەیەکی خوێندکاریی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی و ئازادیخواز پێکدەهێنێت.
هاتنی ١٦ی سەرماوەز ڕۆژی خوێندکار بە سەرجەم خوێندکارانی خەباتکار، ئازادیخواز و یەکسانیخواز، پیرۆزبایی دەڵێین و دڵنیاین کە بزووتنەوەی خوێندکاریی، تا بە ئامانج گەیشتنی شۆڕشی ڕزگاریبەخشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، وەک هەمیشە پێشەنگ و پێشڕەو دەمێنێتەوە.
کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٤
