ن: کەریم ئەمانی
ڕۆژنامەی حکوومەتیی “جمهوری ئیسلامی“، ڕۆژی پێنجی سەرماوەز، لە هۆشدارییەکدا ڕوو لە بەرپرسانی حکوومەت لەژێر ناوی “لە شۆڕشی لەشکری برسییەکان بترسن“، نووسی: ” قەیرانی ئابووری ڕۆژ بەڕۆژ خراپتر دەبێت، هەژارەکان هەژارتر دەبن، دەوڵەمەندەکان دەوڵەمەندتر و زەلکاوی ئەشرافییەتێکی کەموێنەی کە خەریکە کۆمەڵگا لەخۆیدا نوقم بکات، بەردەوام پەرە دەستێنێت.” لە درێژەی ئەم بابەتە دا هاتووە، “ئەوەی کە ئازاربەخشە و بێگومان لێکەوتەی خراپی دەبێ، ئەوەیە کە ئەم ژیانە ئەشرافی و پڕ زەرق و بەرقە، لەپێش چاوی ئەو خەڵکە هەژارەدایە کە تەنانەت توانایی دابینکردنی بژێوی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان نییە“. ئەو بابەتە، لە کۆتاییدا هۆشداری دەدات کە “بچووکترین لێکەوتەی کۆمەڵگایەکی ئاوا لێوانلێو لە هەڵاواردن و جیاوازی چینایەتی، بریتییە لە دروستبوونی ناڕەزایەتی گشتیی“، کە ئاکامی ئەم ناڕەزایەتیانەش، دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی نەفرەت و بێزاریی لەناو چین و توێژە هەژارەکاندا و ئەم نەفرەت و بێزارییە پەنگخواردووەش، سەرەنجام دەبێتە گڕکان و لەشکری بێبەشان و برسییەکان لە دژی خوڵقێنەران و سەبەبکارانی ئەم نادادپەروەرییە دەخرۆشێنێت، کە ناوی شتێک نییە جگە لە شۆڕشی لەشکری برسییەکان. لە ئاوا شۆڕشێک ناترسن؟“.
لەڕاستیدا ئەوە تەنیا ڕۆژنامەی “جمهوری ئیسلامی” نییە کە بەمشێوەیە لە ئەگەری سەرهەڵدانی شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی برسی و تاڵانکراو دەترسێت. بەڵکوو لەم ڕۆژانەدا هەر کام لە بەرپرسان و کاربەدەستانی ورد و درشتی ڕێژیم و میدیاکان کاتێک دێنە قسە، یان قەڵەم بەسەر کاغەزدا دەهێنن، بەمشێوە دەدوێن. بۆ نموونە ڕۆژنامەی حکوومەتیی ئیعتمادیش لە وتارێکدا بەناونیشانی “لێواری هەڵدێر” ئاماژەی بە دواڕۆژی کارەساتباری ئابووریی کردووە و نووسیویەتی: “هەموو جۆرەکانی ناهاوسەنگیی، تا دێت زیاتر پەرە دەستێنن و لێکەوتەکانی ڕوونتر خۆیان نیشان دەدەن. کاتێک سەرۆک کۆمار پزیشکیان دەڵێت، لە بەشێک لەم ناهاوسەنگیانەدا، لەسەر لێواری هەڵدێرین، ئیتر هەر ئێرانییەک مافی خۆیەتی کە بترسێ و نیگەران بێت“. ئاژانسی هەواڵی حکوومەتیی ئیلناش وێڕای ئاماژە بەوەی کە گرانی و هەڵاوسان سەرجەم بەشە ئابوورییەکانی گرتووەتەوە، نووسی: هەزینەی گاز، کارەبا، گۆشت و هێلکە و نرخی دۆلار، زێڕ، سکە و ئۆتۆمبێل و خانووبەرە، لە چەند مانگی یەکەمی دەوڵەتی پزیشکیاندا بە خێراییەکی ئێجگار زۆر بەرز بۆتەوە. ئیلنا، لە درێژەدا وێڕای ئاماژە بە دانپێدانانی پزیشکیان کە دەڵێت دەوڵەتەکەی لە لێواری هەڵدێردایە، دەڵێت: “ئایا حکوومەت بۆ دەربازکردنی خۆی لەو هەڵدێر و ئاستەنگانە، جگە لە دەستدرێژی بۆسەر سفرەی بەتاڵی بژێوی خەڵک، هیچ ڕێگایەکی تری نەدۆزیوەتەوە؟“. پێدەچێت کە شەخسی خامەنەییش، هەستی بەم دۆخە مەترسیدارە و ئەگەری “شۆڕشی لەشکری برسییەکان” کردبێت، هەربۆیە ڕۆژی دووشەممە پێنجی سەرماوەز لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە بەرپرسانی هێزی سەرکوتگەری بەسیج، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پێویستی بەهێزتربوونی هەرچی زیاتری بەسیج، وتی کە ئەرکی بەسیج بریتییە لە “بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەرچەشنە ئاژاوە و پشێوییەک لە وڵاتدا“.
ڕژیم لە تەواوی ماوەی دەسەڵاتدارێتی کۆنەپەرستانەی خۆیدا بەردەوام لەگەڵ نەفرەت و بێزاری کۆمەڵانی خەڵک و شەپۆلی بەرینی ناڕەزایی لە وڵاتدا بەرەوڕوو بووە. لەم ساڵانەدا قووڵبوونەوەی کەلێنی چینایەتی، گەندەڵی سیستماتیکی دەوڵەتی، هەڵاواردن و بێ مافی بەربڵاو، هەژاری و بێکاری و هتد… ئاستی توڕەیی و ناڕەزایەتی گشتیی هەرچی زیاتر پەرەپێداوە و بووەتە هۆی شکڵگرتنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بەرینی سەرتاسەریی. ئەم ناڕەزایەتیانە نیشانەی گشتگیربوون و بەهێزتربوونی شەپۆلی هاودەنگیی سەرتاسەری نێوان چین و توێژە کرێکارییەکان، خانەنشینان، خوێندکاران، ژنان و سنفەکانی دیکەیە لەم ساڵانەی ڕابردوودا. حکوومەتی گەندەڵ و تاڵانچی ئیسلامیی بۆتە کانگای بەرهەمهێنانی گەندەڵی و گەندەڵکار. گەندەڵی لە هەموو دام و دەزگاکانی کۆماری ئیسلامیدا گەیشتووەتە لوتکە و بووەتە هۆی هەژاریی و پەرەسەندنی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە لایەکەوە دەستی سەرمایەدارە چاوچنۆکەکانی لە ڕانتخۆری و قۆرخکاریی لە هەموو جۆرە کەلوپەل و پێداویستییەکانی ژیانی خەڵکدا ئاواڵە کردووە و لە لایەکی دیکەشەوە هەر چەشنە ناڕەزایەتییەک، بە دەستڕێژی گوللە و سەرکوت و زیندان و ئێعدام وەڵام دەداتەوە. بەرپرسانی ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایە، لەوپەڕی گەندەڵی و بێ ئەخلاقیدا، لە ڕێگەی گرانکردنی نرخی ڕۆژانەی پێداویستییەکانی خەڵک و دەستدرێژی بۆ سەر ژیان و گوزەرانی کرێکاران و جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگا، قەرەبووی ئەو دزی و تاڵان و بڕۆیە دەکەنەوە. کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستەی ئینسان، بۆ بەرگریی لە ئازادی و کەرامەتی ئینسانیی خۆیان و هەروەها بەمەبەستی کۆتاییهێنان بەم دزی و تاڵان و بڕۆیە و کورتکردنەوەی دەستی ئەم تاقمە دز و تاڵانچیە لەسەر ژیانی خۆیان، هیچ ڕێگەیەکیان لەبەردەمدا نییە جگە لە ڕووخاندن و لەگوڕنانی ئەم ڕژیمە. چونکە هەر ساتێک لە درێژبوونەوەی تەمەنی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و ستەمکارە، واتە برسێتی و نەهامەتی و وێرانکاری هەرچی زیاتر بۆ کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و نیگەرانی ڕۆژنامەی حکوومەتیی “جمهوری اسلامی” و بەرپرسە ورد و درشتەکانی ڕێژیم، لە هەستکردن بەم ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێت!.