ڕۆژی دووشه‌ممه ٢٨ی خه‌زه‌ڵوه‌ر، دژبه‌رانی شه‌ڕ له وڵاته‌كانی به‌ریتانیا، ئۆستڕاڵیا، دانمارك، ئیسڕائیل و یۆنان دژ به جه‌نایه‌ته‌كانی ئیسڕائیل له لوبنان و غه‌زه ڕژانه سه‌ر شه‌قام و خۆپێشاندانیان كرد.
هاوكات له‌گه‌ڵ هێرشه‌كانی ئیسڕائیل بۆ سه‌ر غه‌زه و لوبنان و قوربانی بوونی ده‌یان ژن و منداڵ، شه‌پۆلێك له نه‌فره‌ت و توڕه‌یی كۆمه‌ڵگای ئازادی جیهانی گرتووه‌ته‌وه و ئازادیخوازان و دژبه‌رانی شه‌ڕ له چه‌ند وڵاتی جیهان، خوازیاری ڕاگرتنی ده‌ستبه‌جێی شه‌ڕ، ئازادی دیله‌كانی ده‌ستی حه‌ماس و به‌ندكراوانی فه‌له‌ستینی، هه‌روه‌ها گه‌یاندنی یارمه‌تی به لێقه‌وماوانی ئه‌و شه‌ڕ بوون. به‌پێی ئاماری وه‌زاره‌تی بێهداشتی فه‌له‌ستین، له هێرشه‌كانی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا، ٧٢ كه‌س له چه‌ند ناوچه‌ی غه‌زه گیانیان له‌ده‌ست داوه و سه‌دان كه‌س بریندار بوون. هه‌روه‌ها له هێرشه‌كانی ئیسڕائیل بۆ سه‌ر لوبنان، ٢١ كه‌س كوژراون و چه‌ندین كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.