ڕۆژی سێشه‌ممه ٣ی ڕێبه‌ندان، شۆفێرانی تاكسی له شاری زابۆل له ئاست بایه‌خ نه‌دانی به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی به كێشه و گرفته‌كانیان ده‌ستیان له‌كار كێشایه‌وه و مانیان گرت.
به‌پێی ڕاپۆرتی كه‌مپه‌ینی چالاكانی به‌لووچ، شۆفێرانی تاكسی زابۆل له ئاست كه‌مكردنی پشكی به‌نزین، زیادكردنی باج، حه‌قی بیمه و حه‌قی ئه‌نجومه‌نی تاكسیڕانی ناڕازین و ده‌ڵێن: چیتر سه‌رف ناكات كار بكه‌ن چوونكا تێچوو و داهاتیان یه‌ك ناگرێته‌وه. له ڕۆژانی ڕابردوودا، به‌رپرسانی ڕژیم بڕیاریان دا پشكی سووته‌مه‌نی سه‌ر كارته‌كان كه‌م بكه‌نه‌وه و ٣٠ له سه‌دی ئه‌و سووته‌مه‌نییه بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی به‌نزین له مه‌خزه‌نه‌كانی شیركه‌تی نه‌وت هه‌ڵ بگرن. ئه‌و بڕیاره‌ی ده‌وڵه‌ت كاردانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای لێكهوتهوه و له چه‌ند شاری ئێران ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی شۆفێران به‌رزبووه‌وه.