به‌پێی ڕاپۆرتی ناوه‌نده‌كانی مافی مرۆڤ، به‌ندكراوێكی سیاسی ڕاگیراو له زیندانی لاكانی ڕه‌شت به‌ناوی “حه‌مزه ده‌رویش”، پاش سه‌پاندنی ١٤ ساڵ زیندان به‌سه‌ری دا، شه‌وی پێنجشه‌ممه ١٩ی گه‌لاوێژ، ده‌ستی دایه خۆكوژی.
به‌پێی ڕاپۆرتی هێرانا، “حه‌مزه ده‌رویش” به‌ندكراوی سیاسی و بیرمه‌ند كه پێشتر له‌لایه‌ن دادگای ئینقلابی ڕه‌شته‌وه به ١٥ ساڵ زیندان مه‌حكووم كرابوو، پاش ئاگرگرتنی زیندانی لاكانی ڕه‌شت له ڕه‌وتی شۆڕشی “ژن،ژیان،ئازادی”، له په‌روه‌نده‌یه‌كی ساخته دا به ١٤ ساڵ زیندانی دیكه سزا درا. ڕۆژی پێنجشه‌ممه پاش ڕاگه‌یاندنی سزای تازه به‌سه‌ر حه‌مزه، ناوبراو به كاتی شه‌و له ڕێگه‌ی خواردنی حه‌به‌وه ده‌ستی دایه خۆكوژی. له ئێستا دا ئه‌و به‌ندكراوه له نه‌خۆشخانه به‌سته‌ری كراوه و ڕێگه به بنه‌ماڵه‌كه‌ی نادرێت چاویان به ڕۆڵه‌كه‌یان بكه‌وێت.