ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٢٢ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، ئێرانیان له‌وڵاتانی “به‌ریتانیا، هوله‌ند، ئا‌مریكا، ئاڵمان، سویس و توركیا به مه‌به‌ستی ئێدانه‌كردنی سه‌ركوتگه‌رییه‌كانی ڕژیم و پشتیوانی له ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران كۆبوونه‌وه.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، ئێرانیانی وڵاتانی ئا‌مریكا و ئاڵمان له شاره‌كانی به‌ڕلین و سانفڕانسیسكۆ ڕێپێوانێكی به‌هێزی ناڕه‌زایه‌تیان به مه‌به‌ستی مه‌حكووم كردنی سه‌ركوتی خۆپێشانده‌ران و پشتیوانی له ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران به‌ڕێوه‌برد و ئێرانیان له وڵاتی سویس و هوله‌ند له شاره‌كانی ژنێڤ و لاهه به مه‌به‌ستی ئیدانه‌كردنی سه‌ركوتگه‌رییه‌كانی كۆماری ئیسلامی كۆبوونه‌وه و به وتنه‌وه‌ی دروشم پشتیوانی خۆیان له ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی خه‌ڵكی ئێران دژبه ڕژیمی ئیسلامی ده‌ربڕی، له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئێرانیان له شاری ئانتالیای توركیاش له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تییدا كوشتن و ئه‌شكه‌نجه و به‌ندكرانی خۆپێشانده‌رانیان به توندی مه‌حكووم كرد.