پیاوێكی چل و چەند ساڵە ئینگلیسی بوو ، شەڵوارێکی لی شین ، جاکەتێکی رەش ، کراسێکی سپی چرچ و لۆچ ، جانتایەکی چکۆلە لە شانیا هاتە دووکانی پیتزا فرۆشیەکە و پرسیاری کرد :
کێ بەڕێوەبەری ئەم دووکانەیە ؟
خەریکی ئیش بووم لە دواوەوی دووکانکە کە گۆران منی بانگ کرد و وتی ئەو کابرایە کاری بە تۆیە .
سەرنجی جل و بەرگ و روخساریم دا ، بەڵکوو بزانم کاری چییە ، شتێکم بۆ ساخ نەبوەوە .
بەخێر هاتنم کرد و پرسیارم کرد کاری چییە و چۆن دەتوانم یارمەتی بەم ؟
کابرای ئینگلیسی ، بە زاراوەی باکوری بریتانیا دەستی کرد بە قسەکردن:
ـ “ناوم “پیتەر” ە ، بە دوای کاردا دەگەرێم ، ماڵم هەر لە ئەم گەڕەکەیە ، وتم ئەگەر ئێوە کارێکتان ببێت بۆ من سوپاستان ئەکەم .
پرسیم ماشین یا مۆتۆڕ سیکلێتی هەیە بۆ بردنی پیتزا بۆ ماڵان ، کە وتی نە . پیتەر ئەزموونی کاری لە پیتزایی نەبوو ، ماشێن و مۆتۆڕیشی نەبوو بو بردنی پیتزا بۆ ماڵان ، خەریک بو بڵێم ئێستە کارێکمان نییە و ژمارە تەلەفۆنەکەت دانێ ، پێویستمان بوو تەلەفۆنت بۆ ئەکەین، کە دەستی کرد بە قسەکردن:
ئەگەر من دامەزرێنن ، زەرەر ناکەن ، هەموو کارێکی دووکان دەکەم و ئیش و کاریش زو فێر دەبم ، ماڵەکەم بە ئێوە نزیکە و حەوت رۆژی حەوتووش ئامادەی کارم . تکاتان لێ ئەکەم ئەگەر چەن ساعەتیش لە حەوتوودا بووە ، با لای ئێوە کار کەم .
دیار بو کار کردن بۆی زۆر جیدی و گرینگە و لەو خەڵکانە نییە کە بەو رۆژگارە دووکان بە دووکان دەچوون و داوای کاریان دەکرد ، تەنیا لە بەر ئەوەی بە دایرەی سۆشیاڵ بڵێن بە دوای کاردا گەڕاون و کاریان نەدۆزیوتەوە.
پێویستمان بە کەسێک بوو ئینگلیزی باش بزانێت ، وەڵامی تەلەفۆنەکان بداتەوە ، بتوانێت دەستوری خواردن لە کڕیارەکان وەرگرێت و بڕێک کاری ناو دووکانیش بزانێت و یا بتوانێت فێری بێت .
پرسیم کاری پیتزایی بە زۆری ئیشی شەو و هی رۆژانی پشودانە ، ئایا ژن و منداڵت هەیە و چ رۆژ و شەوانێک دەتوانی کار کەیت و چ رۆژانکیش ناتوانیت ئیش کەیت .
پیتەر : من حەوت رۆژی حەوتوو ، شەو رۆژ دەتوانم کار کەم ، منداڵەکانم لای من نین و لای دایکیانن و ئێمەش لە مێژە لە یەک جیا بوینەتەوە .
بە پیتەرم وت :
ماوەی مانگی وەک تاقیکردنەوە کارت پێ ئەدەین و دوای مانگێک بڕیاری کۆتایی ئەدەین و تۆش دێتە دەستت کار لە پیتزا فرۆشیدا لەگەڵ ژیان و بەرنامەی تۆ دیتەوە یا خۆ نا .
چەن رۆژ دواتر پیتەر لای ئێمە دەستی بە کار کرد ، بە تەلەفۆن وەڵامی کڕیارەکانی دەدایەوە و ئەدرەسی ماڵەکان و جۆری خواردنی داواکراوی دەدایە ئاشپەز و ئەوانەی پیتزایان دروست دەکرد . کاتێک کە دووکان شلووق نەبوو ، جار و بار قسەمان دەکرد و کەم کەم زیاتر لە ژیانی پیتەر ئاگادار دەبووم .
پیتەر کەم قسە بوو ، لە ناو خۆیا بوو و دەتگوت بیر و خەیاڵی لە جێگایەکی زۆر دوورە ، بڕێ جاریش زوو تووڕە و قەڵس دەبوو ، بە تایبەت کاتێک کە کار زۆر بایە. خەمێکی تاڵ و قووڵ لە ناو چاویا بوو ، بە پێچەوانەی هاوتەمەن و دۆستەکانی کە جار و بار دەهاتن بو سەردانی ،
مەشرووبی ئەلکولی زۆری نەدەخواردەوە. جگەرەی نەدەکێشا و پێمخۆش بوو بزانم بۆ وا بیدەنگە ، بۆ وا خەفەت بارە و کاتێک بۆی دادەچێت و ئاگای لە دەور و بەری نییە ، بیر لە چی دەکاتەوە .
رۆژی پرسیم پیتەر چەند منداڵت هەیە و مناڵەکانت له کوێن .
ـ سێ مناڵم هەیە ، دوو کچ و کوڕێ ، بەڵام نازانم لە کوێن ، نایانبینم و پەیوەندیمان نییە .
ـ بە داخەوەم ، بەڵام بۆ ، دیارە بێ تاقەتی بۆ ئەوان و حەتم منداڵەکانیش ئارەزوی دیداری تۆیان هەیە .
ــ نازانم چی بڵێم ، من پێمخۆشە ئەوان ببینم ، راستیەکەی ئەوەیە زۆریش بیرم نەکردون ، ڕاهاتووم بە ئەم وەزعە ، تازە ئەگەریش بمهەوێت ناتوانم و بۆم نییە بیانبینم .
ـ بۆت نییە بیانبینی ؟ بۆچی ؟ دایکی منداڵەکان نایەڵێت چاوتان بە یەک کەوێت ؟
ــ داستانەکەی دوور و درێژە ، بە بڕیار و حوکمی دادگا و پۆلیس، بۆم نییە ئەوان ببینم ، نابێت پەیوەندی بگەرم و دەبێت بە بڕیاری دادگا ، لانیکەم پانزە کیلۆمەتر لە ماڵ و مەکتەبی مناڵەکانم دوور بم .
ــ باشە بۆچی ، چی رووی داوە کە دادگا بڕیاری وای داوە ، چۆن دەکرێت مناڵەکانت نەبینی و …
ــ ئەمن لە منداڵیەوە هەر کە تووڕە و بێ تاقەت دەبم خۆم پێ کۆنتڕۆڵ ناکرێت . جارێک دەمە قڕەمان بوو لەگەڵ ژنەکەم ، مشتیکم دا لە لووتی و لووتیم شکاند، پۆلیس هات ، من دەست بەسەر و زیندانی کرام و چەند ساڵێک لە زیندان بووم و دواترش ناوە ناوە چەند جار زیندانی بووم و دۆسیەکەم هەتا هاتووە قورس تر بووە .
هاوکات کە گوێم بو قسەکانی پیتەر شل دەکرد ، لە خۆمم پرسی چۆن بی تەحقیق و لێپرسینەوە لە ژیان و کاری دامان مەرزاندوە و تۆ بێژی ئێمەش تووشی گێرەوکێشە نەکات .
ــ وتت چەن جاری تریش کەوتیتە زیندان ، ئەوانە بۆ و لە سەر چی بووە ؟ ئاخرین جار کەی لە زیندان هاتوویتە دەر و … ؟
ــ رۆژی پێش لەوەی ئێوە من داەمەرزینن لە زیندان ئازاد کرام ، لە ماڵی ئاشنایەکم بووم دوو حەوتوو ، ماڵی ئاوا، ئەو نەبوایت ئێستە لە سەرشەقام دەنوستم ، ماڵی تۆش ئاوا هیچت لە سەر رابوردوم نەپرسی ، چۆن دوو هەوالی من هاتوون بو کار لای ئێوە و هیچیانت دانەمەرزاندوە . ئیستە جێگەم هەیە بو دوو حەوتوو و سێ ژەمەش پیتزا دەخوم لێرە و پارەکەم کۆ دەکەمەوە کە بتوانم هۆدەیەکی چکۆلە و هەرزان کرێ بگەرم لەم دەور و بەرە .
پرسیم بۆ زیندانی کرایت و چیت کرووبوو
ـــ راستیەکەی ئەوەیە چەن لووتی پۆلیسم شکاندبوو !
ـ پیتەر ، تۆ وا باسی لووت شکاندن دەکەی ئێژی چەن گویز و بامۆت شکاندوە ! باشە لە سەر چی بوو ؟
ـ شەڕیان پی دەفرۆشتم ، منیش تووڕە بووم و لووتی یەک دانەیانم بە مشتێک شکاند ، و دواترش کە شەڕی ئێمە گەرم و خۆش بوو ، چەن لووتی ترم شکاند و ئەوانیش زۆریان لە من دا .
ـ باشە بۆ شەڕ دەکەیت و چۆنە لە هەر شەڕ و تێک هەڵچونێکدا لووتی بەرانبەرکەت دەشکینی ؟
ـ راستیەکەی ئەوەیە لووت زۆر راحت دەشکێت و خۆین و ئازاری زۆر ئەوان سەرسام دەکات ، لە هەمان حاڵدا کەس بە لووت شکاندن نامرێت و مەترسی مردن لە گۆڕدا نییە . جیا لەوە ئەوانەی کە لووتم شکاندوون هەتا قیامەت لە بیری ناکەن و لووتی شکاو ، غروور و کەرامەتی شکاوە ، تابلۆیە و هەموو کەسێک دەی بینی ئەو لووتە شکاوە .
بیرم دەکردەوە ئەگەر پیتەر لە ئێمەش تووڕە بیت ، تو بڵێی لووتی من یان کەسێکی تر نەشکێنێت !
رووم کرووە پیتەر و وتم :
باشە هەتا کەنگی دەتوانی وا تووڕە بیت ، شەڕ و ئاژاوە ساز کەیت ، لووتی ئەم و ئەو بشکێنی و هەر لە رێگای زیندان دا بیت ؟
ــ ئەمن تووڕەم و بە دەست خۆم نییە ، زوو هەڵدەچم، پێمخۆشە ئارام و لەسەر خۆ بم، کێ کەوتنە زیندانی پیخۆشە ؟ بەڵام چ کردن . ئەوەتەی منداڵ بووم و لە بیرم دێت خۆشی و میهرەبانیم لە ژیانما نەبینیوە .
هەر لەو کاتەوە کە بیر و فامم کردۆتەوە ، باوکم زۆری دەخواردەوە و مەستی دەکرد و لە بەر چاوی ئێمە لە دایکمی ئەدا ، جنێو و قسەی ناخۆشی بە ئێمە ئەدا و بە رۆژ و شەو لە ماڵ دەری دەکردین. زۆر جار لە باران و سەرمادا دەری کردووین و ئێمە کە کەسمان نەبوو ، لە ژێر پرد و لە بەردەرگەی دووکان و لە ناو وێستگەی شەمەنەفەڕدا دەنووستین .
ئەو وەزعە نالەبارەی ئێمە ، گریان و پارانەوەی دایکم ، جنێو و لیدانی باوکم منی دەترسان و لە هەمان کاتدا تووڕەی دەکردم و بیرم لە تۆڵە کردنەوە دەکردەوە . لەگەڵ مناڵی گەڕەک کە شەڕمان دەبوو ، ئەمن کە دەسەڵاتی باوکمم نەبوو ، تۆڵەی باوکمم لە ئەوان دەکردەوە . کەم کەم لووت و سەر شکاندنم پێخۆش بوو، خۆین ئارامی دەکردمەوە ، بەرانبەرەکەشمی دەترسان . کاتی کە ژنم هینا ، منیش بیئەوەی مەبەست و ئارەزوم بیت ، لاسایی باوکمم دەکردەوە ، و ژن و مناڵەکانم بەفرووز هێنابوو ، تائەوەی شکایەتی پۆلیسیان لی کردم و لە دەستم دەر چوون .
پیتەر تووڕە ببوو ، دەلەرزا ، پەیتا پەیتا لووتی دەخوران ، دەتکووت لە بیری ئەوەدایە چەن لووتی تر بشکینی .
قسەکانم گۆڕی ، کردمە شوخی و رووم کردە پیتەر و وتم :
پیتەر تۆ دوو شت زۆر دووپات دەکەیتەوە ، یەکەم راستیەکەی ئەوەیە و دووم لووت شکاندن ، جا بە زوانی تۆ راستیەکەی ئەوەیە کاتی خواردنی قاوەیەکی خۆش و چەن تیکە لە ئەو مریشکە برژاوەیە کە بۆن و بەرامەی بڵاو بووتەوە ، خواردن لە لووت شکاندن خۆشترە ، با دانیشین و کەمێک بحەسینەوە . بە دەم پێکەنینەوە قاوەیەکم دروست کرد بو هەر دووکمان، چەن تیکە مریشک و بڕێک سەوزەم خستە سەر دوو دەوری و بە پیتەرم وت با دانیشین و نانی ئێوارەمان بخۆین .
دڵم بو پیتەر دەسووتا ، لە ناوەوە دەکوڵا ، زیندانی بوون، بێماڵی، بێکاری ، نەبینینی مناڵەکانی ، بیرەوەری تاڵی مناڵی ، خوێن ، شەڕ و لووت شکاندن و ….
پیتەر ئارام بووەوە و دووای خواردن چەن شۆخی و قسەمان کرد .
رۆژێک خەرێکی کار بووین و بە دەم گونک گرتنی هەویری پیتزاوەوە قسەمان دەکرد ، پرسیم پیتەر بۆ باوکت وا تووڕە و دڵ رەق بوو ، چۆن دڵی دەهات لە دایکت با و ئێوە دەر کات ؟
ــ باوکم ژیانی زۆر سەخت و دژوار بووە ، دایکی زوو دەمرێت و زڕ دایک گەورەی دەکات . باوەگەورەم ئەلکولی بووە و زۆر ئاگای لە خۆی نەبووە، زڕ دایکەکەش بە تەوای مانا بیڕەحم بووە ، زۆریان لێداوە ، گشت گیانی جێگای داخ و شکاندن بوو ، هەر لە حەوت ـ هەشت ساڵیەوە دەینرین بو کار ، خۆشی لە ژیانیدا نەبینیبوو . راستییەکەی نەیدەزانی جیا لە ئەو شتەی کە خۆی بینیوە و تەجروبەی کردوە ، جورێکیتر بجووڵێتەوە. من زیاتر لەوەی لە باوکم تووڕە بم ، دڵم بۆی دەسوتێت ، بەڵام نازانم بۆ من و باوک و باوەگەورەم
نەفرەت لێکراوین ، بۆ دەبوو چارەنووسمان وابێت ، راستیەکەی ئەوەیە خۆشم سەری لێدەرناکەم.
بە میهربانییەوە دەستم بە سەر شانیا هێنا ، وتم تۆ ژیر و بە ئەزمونی ، دەتوانیت کارێک بکەیت مناڵەکانت چارەنووسیکی باشتریان هەبێت ، خۆشت هێشتا لە چل و چەن ساڵ تەمەنت زۆرتر نییە ، ژیان زۆری بە بەرەوە ماوە و دەکرێت جۆرێکیتر بیت .
رۆژی دوای کار ، پیتەر بانگی کردم و وتی بە نیازە لەندەن بەجێ بێڵێت و بڕواتەوە بو شاری لیڤەرپوول، لەوی خانوو ئاسانتر گیر دەکەوێت و هەوڵ ئەدات کارێکیش بدۆزێتەوە . سوپاسی کرد کە متمانەم پێکردوە و دام مەرزاندوە . وتی مۆبایل دەکرێت ، تەلەفۆنم بۆ دەکات و ئەدرەسی ماڵەکەشم لە لیڤەرپوول بو دەنێرێت ، کە ئەگەر واوەوە چووم سەردانی کەم .
منیش سوپاسیم کرد ، داوام لێکرد تا ئەو جێگەی بووی دەکرێت خۆی لە شەڕ و تووڕەیی دوور راگرێت و ئەگەریش هاتەوە بو لەندەن سەردانمان کات. حەق و حەسابمان کرد ، بو ڕێگەکەی خواردن و خواردنەوەمان بۆ پێچایەوەو کاتێک کە دەڕۆیی یەکمان لە ئامێز گرت، بە پێکەنین و خۆشیەوە وتی تۆ یەکەمین خارجیت لە باوشم پێدا کردبێت، و خۆشحاڵم کە یەکمان ناسی . دەتوانم بیژم دۆستیکم لە لەندەن هەیە و تکایە تۆش من بە دۆستی خۆت بزانە کە لە شاری لیڤەرپوولم .
بو پێزانین و لە بەر دۆستایەتی ، کراس و ئۆدکۆلۆنێکم بۆ پیتەر کڕیبوو ، توورەکە گوێزێکیشم بە ئەنقەست خستە ناوی ، سوپاسی کرد و پرسی ئەو گوێزانەت بۆچی بو داناوم ؟
ــ بۆ ئەوەی هەر کاتی تووڕە و وەرس بووێت چەن گویز بشکێنیت ، پیویست ناکات لووتی ئەم و ئەو بشکێنی و چەن ساڵ لە زیندان بیت ، چەن گۆیز بشکینە ، کاکڵە گویزو لە گەڵ نان و پنیر زۆر خۆشە ! پیکەنی ، چاوی دەدروشایەوە ، دەستم گوشی ، هیوای سڵامەتیم بۆ خواست ، وتم من بە دۆستی خۆتم بزانە و هەر کارێکت بوو ئاگادارم کەرەوە .
پیتەر دور کەوتەوە ، بەرەو شارێک کە نە ماڵی بوو ، نەکار ، نە دۆست و ئاشنا و نە مناڵەکانی لەوێ بوون .
پیتەر دەڕۆیشت بۆ شارێک کە کەس بە تەمای نەبوو ، کەس پێشوازی لێنەدەکرد ، شارێکی سارد و تەڕ و بارانی . نەمدەزانی لە رێگای لەندەن ـ لیڤەرپوول دا پیتەر بیر لە چی دەکاتەوە ، لە مناڵەکانی ، لە داهاتووی ، و داخو بیر لەوە دەکاتەوە سێ پشتی پیتەر باوەگەورە و باوک و خۆی زۆر چەرمەسەری و ئازاریان بینیوە ، و پێویست ناکات منداڵەکانی هەر ئەو چارەنووسەیان بیت !
محەممەد خاکی
سوپاس و پیزانین
هاوڕێ و خزمیکی خۆشەویست ئەم کورتە چیرۆکەی بو ئیدیت کردوم ؍ سوپاسی میهرەبانی و ماندوبوونی دەکەم .