كرێكارانی خزمه‌تگوزاری شاره‌داریی ڕه‌شت ڕۆژی پێنجشه‌ممه ٣ی ڕێبه‌ندان بۆ چه‌نده‌مین جار له ماوه‌ی ئه‌م حه‌فته‌یه‌دا، له ناڕه‌زایه‌تیی به په‌رداخت نه‌كردنی حه‌قده‌ست و مه‌زایاكانیان له به‌رامبه‌ر بینای ئه‌م شاره‌دارییه كۆبوونه‌وه.
ناڕازییان ده‌ڵێن: نزیكه‌ی ٥ هه‌زار كرێكاری به‌شی خزمه‌تگوزاری له ناوچه‌ی ٥گانهی شاره‌داریی ڕه‌شت له ئۆستان گیلان كه له‌ژێر چاودێری سێ شیركه‌تی په‌یمانكاری كار ده‌كه‌ن، لانیكه‌م سێ مانگه حه‌قده‌سته‌كانیان په‌رداخت نه‌كراوه و بڕی ١٠ مانگ له حه‌قی بیمه‌كانیشان به سازمانی ته‌ئمینی ئیجتماعی په‌رداخت نه‌كراوه. ئه‌م كرێكارانه وێڕای ئاماژه به‌وه‌یكه چه‌ندین ساڵه حه‌قده‌ست كرێكارانی خزمه‌تگوزاری شاره‌داریی ڕه‌شت به ئهتخیرهوه په‌رداخت ده‌كرێ ده‌ڵێن: جگه له په‌رداخت نه‌كردنی حه‌قده‌سته‌كانیان و هه‌روه‌ها حه‌قی بیمه‌كانیان، حه‌قده‌ستی كرێكاران له سه‌ره‌تای مانگی خاكه‌لێوه‌ی ئه‌مساڵه‌وه زیاد نه‌كراوه و ئه‌وان هه‌ر به پێی په‌سه‌ندكراوی ساڵی ٩٧ی شوڕای باڵای كار، حقووق وه‌رده‌گرن.