کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
بابه‌تی گه‌یشتوو

چه‌ند په‌یام و برووسكه‌ی سه‌ره‌خۆشی به‌ بۆنه‌ی گیان له‌ده‌ستدانی هاوڕێ ئیسماعیل تریك

ڕۆژی شه‌ممه‌ ١٤ی مانگی به‌فرانبار، ڕێوڕه‌سمێك بۆ یادی هاوڕێ ئیسماعیل تریك، ئه‌ندامی دێرینی كۆمه‌ڵه‌ و حیزبی كۆمۆنیستی ئێران و به‌رپرسی ده‌فته‌ری نوێنه‌رایه‌تیی كۆمه‌ڵه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو. ده‌قی ئه‌و ڕێوه‌ڕه‌سمه‌ و هه‌روه‌ها ڕێوه‌ڕه‌سمی ئه‌سپه‌رده‌كردنی له‌ تێلوێزیۆنی كۆمه‌ڵه‌، بڵاوبووه‌وه‌. به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك برووسكه‌و په‌یامی سه‌ره‌خۆشی له‌ لایه‌ن حیزب و ڕێكخراوه‌ سیاسییه‌كان به‌ده‌ست به‌ڕێوه‌به‌ری مه‌ڕاسمه‌كه‌ گه‌یشتبوو كه‌ لێره‌دا به‌ ئاگاداری ده‌گه‌یه‌نین.

په‌یامی حیزبی شیوعی كوردستان:

به‌ڕێزان: ڕێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران “كۆمه‌ڵه‌”

به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ هاوڕێ “ئیسماعیل تریك” گیانی له‌ده‌ستدا.

هاوڕێ “ئیسماعیل تریك” تێكۆشه‌رێكی كاروانی خه‌باتی ڕێگای ئازادی و یه‌كسانی مرۆڤایه‌تی بوو. له‌ كاری لێپرسراوی پێوه‌ندییه‌كانی سلێمانی “كۆمه‌ڵه‌ ـــ حیزبی كۆمۆنیستی ئێران” كادرێكی سیاسی و دیپلۆماسی به‌ڕێز و ڕاشكاو و نه‌رم و نیان بوو. به‌ ناوی هاوڕێیانمان له‌ حیزبی شیوعی كوردستان، هاوخه‌می خۆمان ده‌رده‌بڕین بۆ هاوڕێیانی كۆمه‌ڵه‌ و خانه‌واده‌ی تێكۆشه‌ری و نیگه‌رانین به‌ كۆچی دوایی ئه‌م مۆرڤه‌ تێكۆشه‌ره‌ كه‌ هه‌موو ژیانی ته‌رخان كرد بۆ خه‌باتی سیاسی و پێشمه‌رگایه‌تی دژی سته‌مكاری و نیزامی سه‌رمایه‌داری.

هه‌زاران سڵاو له‌ یاد و یاده‌وه‌ریت….

په‌یامی كومیته‌ی ناوه‌ندی یه‌كێتیی كۆمۆنیسته‌كان له‌ عێراق:

بۆ به‌ڕێز هاوڕێییانی كۆمه‌ڵه‌ ـــ ڕێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران

به‌داخ و په‌ژاره‌ی زۆره‌وه‌، هه‌واڵی مه‌رگی ناواده‌ی هاوڕێی تێكۆشه‌ر و كۆمۆنیستی ماندوونه‌ناس، هاوڕێ “ئیسماعیل تریك” كارد و “به‌رپرسی نووسینگه‌ی نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كۆمه‌ڵه”‌مان پێ گه‌یشت، به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ به‌ ناوی “یه‌كێتیی كۆمۆنیسته‌كان”ه‌وه‌ دڵته‌نگی و نیگه‌رانی خۆمان ده‌رده‌بڕین و هاوخه‌می ڕاده‌گه‌یه‌نین و سه‌ره‌خۆشی ئاڕاسته‌ی هاوڕێیانی كۆمه‌ڵه‌ و حیزبی كۆمۆنیستی ئێران و خانه‌واده‌كه‌ی ده‌كه‌ین و به‌شداری ئه‌و كۆسته‌ین و خۆمان به‌ خاوه‌نی پرسه‌تان ده‌زانین.

مه‌رگی ناواده‌ی هاوڕێ ئیسماعیل تریك، ئازارێكی به‌سوێ و كۆست و خه‌ساره‌تێكی گه‌وره‌یه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی به‌ره‌نگاری  و خه‌باتی دژی سته‌مكاری و چه‌وسانه‌وه‌، هه‌م له‌ ئێران و هه‌م له‌ هه‌رێمی كوردستان. هاوڕێ ئیسماعیل تریك نه‌ك هه‌ر بۆ كۆمه‌ڵه‌ و حیزبی كۆمۆنیستی ئێران، به‌ڵكوو بۆ كۆمۆنیسته‌كان و چه‌په‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش، ناوێكی ناسراو و خۆشه‌ویست و جێگای متمانه‌ بوو. بۆیه‌ بۆ هه‌میشه‌ له‌ ناوماندا به‌ زیندوویی ده‌مێنێته‌وه‌ و ئاڵاكه‌ی ده‌ستی له‌ به‌رزیدا به‌ده‌ستمانه‌وه‌ ده‌شه‌كێته‌وه‌.

یادی ئازیزیان به‌رز و به‌ڕێزه‌ لامان…..

په‌یامی كۆڕی كورده‌كانی دانیشتووی فه‌ڕانسه‌:

پڕبه‌ دڵ خۆمان به‌ هاوخه‌می گیان له‌ده‌ستدانی برای به‌ڕێز كاك سه‌ید ئیبراهیمی عه‌لیزداه‌ ده‌زانین.

به‌داخ و په‌ژاره‌ی زۆره‌وه‌، هه‌واڵی گیان له‌ده‌ستدانی كاك “ئیسماعیل تریك” برای هاوڕێ به‌ڕێز كاك سه‌ید ئیبراهیمی عه‌لیزاده‌مان به‌ده‌ست گه‌یشت. كاك “ئیسماعیل تریك” له‌ پێشمه‌رگه‌كانی دێرینی كۆمه‌ڵه‌ بوو و به‌ به‌رپرسایه‌تییه‌كی زۆره‌وه‌ سه‌رجه‌م كاره‌ ته‌شكیلاتییه‌كانی به‌ باشترین شێوه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بر.

به‌ دڵێكی زامداره‌وه‌ سه‌ره‌خۆشی خۆمان ئاڕاسته‌ی بنه‌ماڵه‌ی ئازیزی به‌ تایبه‌ت برای به‌ڕێزی كاك سه‌ید ئیبراهیمی عه‌لیزاده‌ و هه‌وره‌ها ڕێبه‌رایه‌تیی كۆمه‌ڵه‌ ڕێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران ده‌كه‌ین و خۆمان به‌ شه‌ریكی غه‌میان ده‌زانین و بۆ سه‌رجه‌میان هیوای لێبوردوویی ده‌خوازین.

كۆڕی كورده‌كانی دانیشتووی فه‌ڕانسه‌

٣ی ژانوییه‌ی ٢٠٢٠ی زاینیی

پاریس