2017-03-09 | ۱۳۹۵-۱۲-۱۹
ڕۆژی سێشه‌ممه ١٧ی مانگی ڕه‌شه‌مه، به بۆنه‌ی “ڕۆژی جیهانیی ژن”، ڕێوڕه‌سمێكی شكۆدار له مه‌قه‌ڕری ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه له زه‌رگوێز به ئاماده‌بوونی ڕێكخراوه‌كان و هه‌ڵسووڕاوانی مافی ژن، حیزب و ڕوته سیاسییه‌كان و هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك له خه‌ڵكی شاری سلێمانی و ئاواییه‌كانی ده‌رووبه‌ر به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا ڕیزی به‌نامه‌كان له لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رانی ڕێوڕه‌سمه‌كه هاوڕێیان “ڕۆژین ئه‌مینی” و “فۆئاد زه‌مانی” خوێندرایه‌وه. پاشان سروودی ئه‌نترناسیۆناڵ سروودی هاوپشتی جیهانیی چینی كرێكار، له لایه‌ن كۆڕی سروودی “بانگه‌واز”وه پێشكه‌ش كرا. دواجار یه‌ك ده‌قه بێده‌نگی بۆ ڕێزگرتن له یادی گیانبه‌ختكردووانی ڕێگه‌ی ئازادیی و سۆسیالیسم ڕاگیرا. بێده‌نگییه‌كه به خوێندنه‌وه‌ی پارچه شێعرێك شكێندرا. پاشان هاوڕێ “سروه ناسری” ئه‌ندامی كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه و حیزبی كۆمۆنیستی ئێران به بۆنه‌ی ئه‌م ڕۆژه‌وه وتارێكی پێشكه‌ش كرد. هاوڕێ “سروه” وێڕای ئاماژه به خه‌باتی ژنان له ئێران، كوردستان و به تایبه‌ت ناوچه‌كه، جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌ستكه‌وته‌كانی خه‌باتی ژنان له به‌شه جۆراوجۆره‌كانی كوردستان به تایبه‌ت له سوورییه كرد. له‌درێژه‌ی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا كۆڕی سروودی “بانگه‌واز” سروودی “هه‌ست شۆڕشه، ڕاپه‌ڕینه”یان پێشكه‌ش كرد. پاشان هاوڕێ “ئایدا غوڵام وه‌یسی” په‌یامی ناوه‌ندی ڕێكخستنی چالاكییه‌كانی ژنانی كۆمه‌ڵه‌ی به بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانیی خوێنده‌وه. دواجار هاوڕێ هۆنه‌رمه‌ند “نجمه مۆحه‌ممه‌د” یه‌كێك له به‌رهه‌مه‌كانی به‌بۆنه‌ی ٨ی مارس پێشكه‌ش ئاماده‌بووان كرد. دواتر ناوی ئه‌و ڕێكخراو و حیزب و ڕه‌وته سیاسیانه خوێندرایه‌وه. له درێژه‌دا، هۆنه‌رمه‌ند “شیلان عۆسمان” چه‌ند به‌رهه‌مێكی خۆی پێشكه‌ش كرد. به‌شی كۆتایی ڕێوڕه‌سمه‌كه له نێو شایی و خۆشیی به‌شداربووان و پێشمه‌رگه‌كانی كۆمه‌ڵه و ئه‌ندامانی حیزب كۆتایی پێهات.
ئاماده‌بوانی به‌ڕێز!
نوینه‌رانی حیزب و ڕێكخراوه سیاسی و مه‌ده‌نییه‌كان!
سڵاوێكی گهرمتتان پێشكه‌ش.
ڕۆژی جێهانی ژن له‌ئێوه‌ی به‌ڕێز و له‌هه‌موو ژنانی كوردستان و ئێران و جێهان پیر‌وز بێت.
با هه‌ر له‌و موناسبه‌ته‌دا ڕێز بگرێن له یاد و بیره‌وه‌ری به‌هه‌زاران ژن و پێاوی تێكوشه‌ر كه له‌پێناوی گه‌یشتن به یه‌كسانی و بونیادنانی دونیایه‌كی پڕ له‌ئازادی و به‌خته‌وه‌ری ، گیانیان به‌خت كرد. با یادی هه‌موو ئه‌و ژنانه‌یش بكه‌ینه‌وه كه له‌ژیر زه‌ختی داب و نه‌ریتی دواكه‌وتو له ناو بنه‌ماڵه و له كۆمه‌ڵگادا هیوابڕاو بوون و به‌داخه‌وه نه‌یانتوانی خۆراگری بكه‌ن و گیانی خۆیان كرده قوربانی. هه‌روه‌ها یادی هه‌موو ئه‌و ژنانه بكه‌ینه‌وه كه كه‌وتنه به‌ر رقی نه‌فره‌ت لێكراوی ناموس په‌ره‌ستی و له مافی ژیان بێبه‌ش كران.
ئازیزان!
ئیمه باس له هه‌ڵاواردن و نایهكسانێك ده‌كه‌ین كه ئه‌گه‌رچی ئه‌مرۆ نیزامی سه‌رمایه‌داری ده‌ی پارێزێ و سه‌ر له نوێ به‌رهه‌می دێنێهتهوه، به‌ڵام ڕێشه‌ی هه‌زاران ساڵه‌ی له مێژووی كۆمه‌ڵگای بهشهرییدایه. لێكۆلینه‌وه له‌و مێژوه پێویسته چونكه له هه‌مانكاتدا رێگای دوارۆژیشمان پێ نیشان ئه‌دات. ئه‌و لێكۆلینه‌وه‌یه بۆمان روون ده‌كاته‌وه كه خه‌باتی ژنان بۆ یه‌كسانی، خه‌باتێكی دژ به پیاوان نییه، به‌لكوو دژ به نیزامێكه كه قازانجی له پیاوسالاری دایه.ئه‌وه هه‌ر ئه‌و نیزامه‌یه كه پیاوانی كرێكار و زهحمهتكیشیش ده چه‌وسێنێته‌وه. خه‌باتی ئیمه بۆ یه‌كسانی له جیهه‌ت گۆرینی ئه‌و نیزامه دایه.
ژنان كاتێك بوون به ژێر ده‌سته و بهئێنسانی پله‌ی دوو، كه كۆمه‌لگای به‌شه‌ری به چین و توێژی جیاواز دابه‌ش بوو، كه كۆیله و كۆیله‌داری سه‌ریان هه‌ڵدا، كه به‌رهه‌می زیادتر له مه‌سره‌فی رۆژانه په‌یدا بوو ، كه ژنان ده‌وریان له‌به‌رهه‌مهێنانی پێداویستیه‌كانی ژیان به نیسبه‌ت پێاوانهوه كه‌وته په‌راویزه‌وه. به‌م جۆره بوو كه به‌ره به‌ره ده‌سه‌ڵاتی پیاوان به سه‌ر ژنان دا سه‌پا.
تا ئه‌و كاته‌ی كه بۆ ماوه‌ی هه‌زاران ساڵ، كشت وكاڵ و ئاژه‌لداری و پاسه‌وانی له ئاگر، ئه‌و 3 ئه‌ركه، له‌پاڵ دووگیانی و منداڵداریدا، هه‌مووی یه‌كسه‌ر له‌ئه‌ستۆی ژنان بوو، تا ئه‌و كاته‌ی كه ئیشی پێاوان ڕاوو و شكار و كۆكردنه‌وه‌ی خۆراك بوو، تا ئه‌و كاته‌ی كه هه‌ر چی په‌یدا ده‌بوو پێكه‌وه ده‌یان خوارد و به‌رهه‌مێكی زیادی نه‌بوو تا له سه‌ر یه‌ك كه‌ڵه‌كه بێت و كه‌س ساڵاریی به سه‌ره‌وه بكات، تا ئه‌و كاته‌ی ژنان بۆ دابین كردنی بژیوی ژیان چاو له ده‌ستی پیاوان نه‌بوون، هه‌ر به‌و پێیه ژنان ده‌وری بانتریان له ناو قه‌وم و قه‌بیله‌ی خۆیان هه‌بوو. كاتێك پێاوان به‌ده‌ستی به‌تاڵ و به هه‌ناسه ساردی له راو‌و شكار ده‌گه‌رانه‌وه، پێداویستیه‌كانی سه‌ره‌تایی ژیان له لایه‌ن ژنانه‌وه ئاماده كرابوو. به‌ڵام سه‌رئه‌نجام، به پێی گه‌شه كردنی ئامرازه‌كانی به‌رهه‌م هێنان و به پێی زه‌روره‌تی گه‌شه و به‌ره‌و پێش چونی كۆمه‌لگای به‌شه‌ری، دابه‌شكردنی كار و ئه‌رك له نیوان ژنان و پیاواندا گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات، و ئه‌و سه‌رده‌مه به ناچار گۆرا. پێاوان وازیان له راو و كۆكردنه‌وه‌ی خۆراك هێنا و بوون به شه‌ركه‌ر و پاسه‌وانی قه‌بیله، به‌م جۆره ئه‌و ئه‌ركه‌ی كه تا ئه‌و كات ژنان له به‌رهه‌مهێنانی بژیوی ژیان، له‌ئه‌ستۆیان بوو،ئه‌و جار زۆربه‌ی كاره‌كان پێاوان به‌ڕێوه‌یان ئه‌برد. ژنان به هۆی ئه‌وه كه به‌شێك له ژیانیان به‌دووگیانی و منالداری تێپه‌ر ده‌بوو، له چاو پێاوان له‌به‌رهه‌مهێنانی بژیۆی ڕۆژانه‌ی كۆمه‌ڵگاكه‌یان په‌راویز كه‌وتن و كۆمه‌لگا دابه‌ش بوو به چینی جیاواز.
ئێستا و دوای هه‌زاران ساڵ كه به‌سه‌ر ئه‌م ڕه‌وته‌دا تێپه‌ر بووه، هه‌م كۆمه‌لگای چینایه‌تی و هه‌م دور كه‌وتنه‌وه‌ی ژنان له كار و به‌رهه‌مێنان ، ئه‌وانه هۆكارن بۆ به‌رده‌وام مانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌لاواردن و سته‌مه كه به سه شانی ژنانه‌وه قورسایی ده‌كات. میژوو پێمان ده‌ڵی ریشه‌ی سته‌م له سه‌ر ژن له نیزامی چیتایهتی دایه نه‌ك له زاتی پیاوان دا. هه‌ر بۆیه به گورینی ئه‌و نیزامه‌یه كه ژنیش به یه‌كجاری له سته‌م رزگار ده‌بێت. كه وایه مێژوو رێگای رزگاری له‌و سته‌مه مان پێ نیشان ئه‌دات.
واته ڕێگای رزگاری یه‌كجاری ژنان له سته‌م و هه‌لاواردن، ئه‌وه‌یه كه ژنانیش وه‌كوو پێاوان، ده‌وری یه‌كسان له دابین كردنی بژیوی ژیانی بنه‌ماڵه دا ببینن و شان به شانی پیاوانی یه‌كسانی خواز له دیاریكردنی چاره‌نووسی سیاسی كۆمه‌ڵگادا نه‌قشیان هه‌بێت و سه‌رئه‌نجام كۆمه‌لگا له بن به‌ستی نیزامی چینایه‌تی رزگار بكه‌ن. نیزامێك به‌دی بێنن كه تێیدا ئینسان به ده‌ستی ئینسان نهچهوسێهتهوه. ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه له چنگ پێویستی مادی به یه‌كتر ره‌ها بن و مه‌جال بۆ گه‌شه كردنی خۆشه‌ویستی و سۆزی واقعی، به دوور له ریاكاری، كه سه‌رچاوه‌كه‌ی له نیازی مادی ئه‌وان به یه‌كتر دایه بره‌خسێت. ئه‌ركی په‌روه‌رده‌كردنی مناڵ به پله‌ی یه‌كه‌م بكه‌وێته سه‌رشانی كۆمه‌ڵگا و ئه‌وه‌نده‌ش كه ده‌كه‌وێته سه‌ر شانی بنه‌ماڵه به‌یه‌كسان له‌نێوان ژن و پێاودا و به‌ڕێك كه‌وتنێكی دڵخواز وعادڵانه دابه‌ش بكرێت. به‌مجۆره‌یه كه ژن له‌گۆشه‌ی ماڵ و له داوی ماڵداری رزگاری ده‌بێت و عێزه‌ت و كه‌رامه‌تی خۆی له‌ناو كۆمه‌ڵگادا به‌ده‌ست دێنێته‌وه.
به‌م جۆره‌یه كه ئێستعداد و تواناییه‌كانی گه‌شه پێ ده‌دات و كه‌سایه‌تی واقعی خۆی به‌ده‌ست دێنێته‌وه. ئه‌وه ده‌رسێكه كه مێژووی سته‌مكیشی ژن پێمان ده‌دات. هه‌لبه‌ت دیاره خۆ تا ئه‌و كاته‌ش ژنان و پیاوانی یه‌كسانی خواز ده‌ست له سه‌ر ده‌ست دانانێن و بێكار دانانیشن. به‌رده‌وام خه‌بات ده‌كه‌ن بۆ به ده‌ست هێنانی هه‌ر به‌شێك له مافی به‌رحه‌ق و پێشێل كراویان، له چوارچیوه‌ی هه‌ر ئه‌و نیزامه‌ی ئیستاش دا.
به‌رێزان!
ئه‌مرۆ رۆژێكی جیهانییه و خه‌باتی ژنانیش بۆ ئازادی و یه‌كسانی خه‌باتێكی جیهانییه. له‌و رۆژه‌وه كه له 8 ی مارسی 1875 ژنانی كارخانه رستن و چنین له نیویورك بۆ ده‌ربرینی ناره‌زایه‌تی به‌رانبه‌ر به بار‌و دۆخی سه‌ختی كار و ژیانیان رژانه سه‌ر شه‌قام و خۆپیشاندانی هێمنانه‌ی ئه‌وان له لایه‌ن پۆلیسی سه‌رمایه‌دارانه‌وه غه‌رقی خوێن كرا، تا ئه‌و كاته‌ی كه كه له سالی 1910 له كونگره‌ی ئه‌نترناسیونالی سوسیالیسته‌كان له سه‌ر پیشنیاری تێكۆشه‌ری كومونیست كلارازتكین 8 ی مارس وه‌كوو رۆژی جیهانی ژن راگه‌یاندرا، تا شورشی كرێكاری له روسیه و ده‌سكه‌وته‌كانی بۆ ژنان، تا هاتنه سه‌ركاری رژیمی ئیسلامی له ئیران و نه‌هامه‌تیه‌كانی بۆ ژنان، تا به ئه‌مرۆ خه‌بات بۆ یه‌كسانی چه‌نده‌ها هه‌وراز و نشێوی بریوه. ئه‌و خه‌باته هه‌ر به‌رده‌وام بۆه و سه‌نگه‌ر به سه‌نگه‌ر چوته پێشه‌وه و هه‌ر ده‌سكه‌وتێكی كردۆوهته پرده‌بازی په‌رینه‌وه به‌ره‌و ده‌سكه‌وتێكی دیكه.
به‌رێزان!
خه‌باتی ژنانی كوردوستانیش به‌شیكه له‌و خه‌باته جیهانی یه. ئه‌زمۆنی خه‌بات و موقاوه‌مه‌تی ژنان له هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان پێمان ده‌ڵێت، كه ژنانی كوردستان سه‌ڕه‌ڕای هه‌موو بێ مافی و ئازارێك كه به‌سه‌ریاندا سه‌پاوه، به‌ڕانبه‌ر به پێاومهزنی، به‌ڕانبه‌ر به هه‌ڵاواردن و بێ مافی له بنه‌ماله و له كۆمه‌لگادا بێده‌نگ و ته‌سلیم نه‌بوون.
له‌كوردستانی ئێران هه‌ر له سه‌ڕه‌تای هاتنه سه‌ركاری رژیمی ئێسلامییه‌وه خه‌بات و خۆڕاگری به‌ڕانبه‌ر به قانونه‌كانی ئه‌و رژیمه، هاوكات له گه‌ڵ خه‌باتی سه‌راسه‌ری ژنان له هه‌موو ئیران، به‌رده‌وام بووه. نه‌وه‌ی ئیمه خۆپیشاندانی ده‌یان هه‌زار كه‌سی، زیاتر له 3 ده‌یه له‌وه به‌ری ژنانی له دژی بریاره‌كانی خومه‌ینی بۆ داسه‌پاندی حیجابی زۆره مڵی له بیر نهچۆهتهوه. هه‌ر له‌و ڕۆژه‌وه كه ژنانی تێكوشه‌ر له‌شاره‌كانی كرماشان و سنه و سه‌قز و مه‌ریوان و بۆكان و مه‌هاباد و شوێنه‌كانی تر له‌ڕۆژانی كۆتایی ته‌مه‌نی رژیمی پاشایه‌تی و له‌مانگه‌كانی سه‌ڕه‌تای هاتنه سه‌ركاری رژیمی ئێسلامی، بۆ دیفاع له‌مافه‌كانی خۆیان ده‌هاتنه سه‌رشه‌قام و ڕێكخراوی تایبه‌تی خۆیان پێك ده‌هێنا تا به ئه‌مڕۆ ئه‌و ریژیمه نه‌یتوانیوه ئه‌و جۆره‌ی كه ده‌ی هه‌ویست ژنان له گۆشه‌ی مالدا یه‌خسیر كات. ژنان سه‌ره‌رای ده‌یان كه‌ند و كۆسپ كه ئه‌كه‌وته به‌ر پایان، ده‌رگای زانكۆ و خوێندنگاكان و كارگا و ئیدارهكانیان به‌رورووی خۆیاندا كرده‌وه و له ماوه‌یه‌كی كورتدا كۆمه‌لگای پیاو سالاریان سه‌رسامی ئێستعداد و تۆاناییهكانی خۆیان كرد. ژنانی ئیران شان به شانی هاوچارهنووسهكانیان له‌ناو پێاواندا، له‌شوێنی كار و ژیان‌و شوێنی خۆیندن و له‌هه‌موو بۆاره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا دژ به سته‌مكاری و چه‌وساندنه‌وه راوه‌ستاون.
له‌ماوه‌ی 38 ساڵی ڕابردوودا ژنانی تێكوشه‌ری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان،هه‌وێنی به‌رده‌وام بوونی بزوتنه‌وه‌ی شورشگێڕانهی كوردستان بوون. به‌رهه‌می حزووری چالاكانه‌ی ژنان له‌هه‌موو مه‌یدانه‌كان به‌رده‌وام ئه‌م بزوتنه‌وه‌ی له هه‌موو بابه‌تێكه‌وه ده‌وڵه‌مه‌ند تر كردۆه. ئه‌وان هاوكات له‌گه‌ڵ دیفاع له مافی پێشێل كراوی خۆیان، شان به‌شانی پێاوان له‌خه‌باتی پێشمه‌رگانه‌دا، له‌زیندانه‌كانی كۆماری ئێسلامیدا، له‌هه‌موو ناڕه‌زایه‌تی دهربڕێنێكدا حزوورییان هه‌بووه. دام و ده‌زگای پان و به‌رێنی بڵاوكردنه‌وه‌ی خۆڕافه و دواكه‌وتووی نه‌یتوانیوه ژنان ناچار بكات ته‌سلیمی جیگاوشوێنێكی ژێر ده‌سته بن كه ئه‌و رژیمه به‌زۆر و به حوكمی یاسا بۆی دیاری كردوون.
ئه‌مڕۆ ئێتر له‌كوردستان و له هه‌موو ئیران هیچ ڕێكخراوێكی ئێسلامی، به پێێ بیر‌و بۆچونی دژ به ژن كه له ناخی بیر‌و وباوه‌ریان دایه، ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت موخالیفی رژیمیش بن ناتوانن پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریان له‌ناو ژنانی ئه‌و ولاتدا هه‌بێت.
له هه‌رێمی كوردستان،ئه‌گه‌ر چی له‌و هه‌رێمه به‌پێی بارودۆخێكی له‌بار كه ڕه‌خسا بوو، ئه‌و هه‌رێمه ده‌یتوانی ببێته ئهزمۆنێكی ڕێ نیشانده‌ر بۆ هه‌موو عێراق و ناوچه‌كه و پاشه‌كشه به نه‌زمی كۆنهپهڕهستانهی دژ به ژن و نیزامی ریشه‌داری پێاومهزنی بكات. به‌داخه‌وه فرسه‌ته‌كان به‌باشی كه‌ڵكیان لێ وهرنهگێراو و ئهوهێكه به ده‌ست هاتووه گه‌ڵێك له‌چاو ئه‌و خه‌ون و ئاواته‌ی كه له‌دڵی ژنانی ئه‌و هه‌رێمه دایه، ئه‌و ئازادی و مافه‌ی كه به حه‌ق شایسته‌ی ئه‌وه‌ن كه لێی به‌هه‌ره‌مه‌ند ببن،كه‌متره. به‌ڵام سه‌ڕه‌ڕای ئه‌وانه‌ش ژنان به‌رانبه‌ر به بێ مافكردنیان بێ ده‌نگ نه‌بوون. هیوا به تێك شكاندنی به‌ربه‌سته‌كان به‌رزه‌و مه‌یدانی خه‌بات له‌م بۆاره‌دا چۆڵ نه‌بۆه. لێره له‌هه‌ریمی كوردستان شه‌رێكی دیار و نادیار، موقاوهمهتێكی پڕ له ڕه‌نج و فیداكاری، بۆ دابین بوونی مافی یه‌كسان لهئاڕادایه. ئاواتی ژیانێكی ئازاد و سه‌ربه‌ست و به‌خته‌وه‌ڕانه خوڵیای زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ژنانی هه‌رێمی كوردستانه. لێره ئێتر ژن ئه‌و مه‌وجوده ژێرده‌سته‌و بێ ده‌سه‌ڵاته نێیه كه حكۆمه‌ت و نێزامی پێاومهزن و داب ونڕێتی پرتۆكاوی ناو كۆمه‌ڵگا به‌ئاسانی به‌سه‌ریدا تێ په‌رێ و لهبهڕانبهریدا ته‌سلیم بێت.
ڕاده‌ی چاوه‌ڕۆانی ژنان بۆ ژیان و بۆ مافه‌كانیان له‌چاو دوو ده‌یه‌ی ڕابردوو به‌شیوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رز بۆته‌وه.
ده‌وری ژنان له كوردستانی باكوریش بۆ دیفاع له مافی خۆیان و له ڕێزه‌كانی بزوتنه‌وه‌یه‌كی موقاوه‌مه‌تی بهڕێنی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه له‌دژی ده‌وڵه‌تی ئێسلامی ئۆردو‌غان له‌ئارادایه، حاشای لێ ناكرێت. ژنانی كوردستانی توركیه له خه‌باتی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و چه‌كدارانه‌دا دژ به حكۆمه‌ت و ئه‌رته‌شی توركیه، به‌رده‌وام له ڕیزی پێشه‌وه‌دا بوون.
ژنانی رۆژئاوا بونه‌ته گوڵی سه‌ر تۆپی خه‌بات به یه‌كسانی و سه‌ری هه‌موو ژنانی رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستیان به‌رز كردۆه‌ته‌وه. ئه‌مڕۆ هه‌موو جێهان ده‌زانن كه ژنانی رۆژئاوا چ ده‌وڕێكی گرێنگیان له پێشكه‌شكردنی نمۆنهیهكی هێوابه‌خش له خه‌بات بۆ دابینكردنی ژیانێكی یه‌كسان و سه‌ربه‌رزانه له‌كۆمه‌ڵگاكه‌یاندا بینێوه. ئه‌وان له‌ناو جه‌رگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه كۆنهپهڕهستی و دواكهوتۆیی بۆه‌ته مه‌یداندار و له شكل و شیوه‌ی توند رهو و میانهرهودا خۆی به سه‌ر چاره‌نووسی ئه‌و ناوچه‌یه‌دا سه‌پاندۆه، ژنانی رۆژئاوا قۆڵی هێمهتیان لێ ههلمالیوه و ڕێگایه‌كی جێاوازیان پێشانی هه‌موو ژنان و پێاوانی یهكسانیخۆاز له‌ناوچه‌كه داوه.
به‌شداریكردنی چاڵاكانه له‌دامه‌زراندنی نیزامێكی شۆرایی، به‌شداریكردنی په‌نجا به په‌نجا له هه‌موو بۆاره‌كانی ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردنی وڵات ، تێگه‌یشتنی قۆڵ له ڕه‌نج و ئامانجی هاوبه‌شی هه‌موو پێكهاته ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، پێكهێنانی هاوپشتی ئێنسانی له‌نێوانیاندا، به‌شداری كردنیان به یه‌كسان له‌هه‌موو بۆاره كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌كاندا، ئه‌مانه ئه‌رك گه‌لێكن كه ژنانی رۆژئاوا تێیدا پێشڕه‌و و پێش ئاهه‌نگ بوون. كاتێك كات گه‌یشته موقاوه‌مه‌تی لێبراوانه له‌مه‌یدانی شه‌ردا، ئاوازه‌ی جه‌ساره‌ت و خۆڕاگڕێ ژنانی ناوچاوان كراوه و ده‌م به پێكه‌نین، هه‌موو جێهانی داگرت. به په‌سندكردنی یاسای مافه‌كانی ژن، نه‌ریت و سوونه‌ت و كۆنه‌په‌رستی و پیاومهزنیان توڕ هه‌ڵدا. به‌م جۆره نه‌ته‌نیا ئاسۆی یه‌كسانی ژن و پیاویان به رووی خه‌ڵكی كورد له كانتۆنه‌كانی كوردستانی سوریادا كرده‌وه، به‌ڵكو ژنانی به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیش به سۆز و به شانازییه‌وه چاو له‌و دهستكهوتنانه ده‌كه‌ن. خه‌باتی جه‌ماوه‌ری و پراوپری رۆژئاوای كوردستان نیشانی‌دا كه ژنان كاری گه‌وره‌یان له ده‌ست دێت. با له رۆژی جیهانی ژن‌دا په‌یمان ببه‌ستین ئه‌و دهسهكهتانه، لانی كه‌می ئامانجمان بن و به‌ره‌و كۆتایی هێنانی یه‌كجاری به سته‌مه و نایه‌كسانی هه‌نگاو بنێین.
به‌ڕێزان!
ئه‌و نمونانه ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت كه ته‌سلیم بوون به نایه‌كسانی و بێ عه‌داله‌تی چاره‌نووسی چارهه‌ڵنه‌گری ئێمه نێیه. ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه پێمان ده‌ڵێن كهپێگهیهكی باش و پته‌ومان بۆ تێپه‌ربوون له‌و قۆناغه و بهڕهووپێش چوون به‌ده‌ست هێناوه. دیاره ته‌ئكید له‌سه‌ر ئه‌م پێگه‌یه به‌واتای ئه‌وه نێیه ته‌نیا دڵمان بهوهێكه تا ئێستا به‌ده‌ستمان هێناوه خۆش بكه‌ین و پاڵی لێ بده‌ینه‌وه. هێشتا بۆ رزگاری یه‌كجاری رێگایه‌كی دوورمان له پێشه.
كۆتا قسه ئه‌وه‌یه: ئه‌گه‌ر چی خه‌باتی یهكسانیخۆازانهی ژنان و پێاوان ده‌توانی گه‌ڵێك ده‌ستكه‌وتی به‌نرخ له‌پێناوی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازاری سته‌مكاری به‌ده‌ست بێنێت، به‌ڵام ئه‌و سته‌مكاری و هه‌ڵاواردنه وه‌ها به‌ناخی كۆمه‌ڵگادا چۆته خۆاری كه ریشه‌كێش كردنی به‌بێ ده‌ستبردن بۆ بناغه‌ی هه‌موو سته‌مێك واتا كۆتایی هێنان به چه‌وساندنه‌وه‌ی ئێنسان به ده‌ست ئێنسان، ئێمكانی نێیه.كه وابێت بانگه‌وازی ئێمه بۆ هه‌موو ژنانی وڵات ئه‌وه‌یه كه خه‌باتی خۆیان بۆ رزگاری له سته‌م، به‌خه‌باتی كرێكاران و كۆمۆنیسته‌كانه‌وه گڕێ بده‌ن. بێ گۆمان ئه‌وه سه‌رڕاستترین رێگایه و سه‌ركه‌وتن تێیدا مسۆگه‌ره.
هه‌ر شاد و سه‌رفه‌راز بن