کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
بابه‌تی گه‌یشتوو

قسه‌وباسیک له‌سه‌ر بارودۆخی ناوچەكە و گشت پرسی لە هەرێمی كوردستانی عێڕاق

38

2017-10-24 | ۱۳۹۶-۰۸-۰۲

وتووێژی گۆڤاری جیهانی ئیمروز لەگەڵ ئیبڕاهیم عەلیزادە

38

 

 

وەرگیر: سەعید ئەمانی
جیهانی ئیمروز: ئەو ئاڵوگۆڕە نوێیانەی كە لە بارودۆخی سیاسی رۆژهەلاتی ناوەراست بەدی هاتون كامانەن؟ ئەگەر ئیمكانی هەیە جیا لە وێنایەكی گشتی بە شێوەیەكی دیاریكراو ئاماژەیەك بە خاڵە دیارەكان سەبارەت بەو وڵاتانەی كە بوونەتە ناوەندی قەیرانەكان بكەیت.

ئیبڕاهیم عەلیزادە: ناوەندەكانی قەیرانی ناوچە یەك و دوو نین. چاو لەهەر گۆشەیەكی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بكەی یان كارەساتێك لە ئارادیە و یان خەریكی ئامادەكاری بۆ كارەساتێكن. لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی نێواڕاستدا كۆمەڵێك دەوڵەتی تا سەر ئێسقان، گەندەڵ، فریوكار، كۆنەپەرست، لەگەڵ باندە زێدە خوازە خاوەن سەروەت و سەرمایەكان ڕێكەوتون و شیرەی گیانی خەڵكی بێ ئەنوا دەكێشن و بەم حاڵەشەوە، ئەمنیەت و مافی ژیانیان لێ كردوونەتە ئاواتێكی دوورە دەست. چاو لە لیبی، فەلەستین، لوبنان، یەمەن، سوریە، عێڕاق، توركیە و ئەفغانستان، بكەن، ئەگەر قسە لەسەر هیوا و ئاوات بێت ڕاستیەكەی ئەوەیە كە ئەم تەویلەیە تەنیا دەبێ بە شۆڕشێكی بناغە هەڵتەكێن خاوین بكرێتەوە. بەڵام بەهەر حاڵ بنیادەم لەم ناوچەیەدا ئەگەر نەچێت بەگژ ئەو كۆسپانەدا كەوتونەتە سەر ڕێگای ژیانی، تەنانەت گەلێك زیاتر لە ئێستا توشی خەسارەت ئەبێت. وەك نمونە ئینسانێكی تێكۆشەر دەبێ بیر لە ڕەنج و ئازارەكانی گشت خەڵكێكی بێبەش جا سەربە هەر نەتەوە و قەوم و ئاینێك بێت بكاتەوە. جیا لە لایەنە ئینسانیەكەی ئەم بابەتە، قەیرانەكانی ئەم ناوچەیە تێك تەندراون و لە ئاستێكی ڕئاڵ پۆلەتیكیش لەم ناوچە پڕ لە گێژاوەدا، سیاسەتی شەنگی خۆ لە قوڕاو دەركێشان، وڵام دەرەوە نییە. لەم روەوە جەخت لەسەر ئەوە دەكەمەوە كە بە تایبەت پەیوەست دەبێتەوە بەوەی لە كوردستاندا لە ئارادایە. ناكرێت دنیا ئاو بیبات و ئێمەش خەو.

با تەنیا وەك نمونە كە وڵامێكێش بێت بە پرسیارەكەی تۆ، سەرجێك بخەینەسەر چەند ناوەندێكی شەڕ و قەیران لەو ناوچەیەدا كە باسی لە بارەوە دەكەین. ئەوەی كە مەسەلەن لە وڵاتی یەمن لە ئارادایە، سەرەڕای كارەسات بوونی لە سەردێڕی هەواڵەكانی رۆژ وەلا نراوە، بەڵام ئەم فەراموشكارییە مێدیاییە هیچ لە قەیرانی یەمەن وەك یەكێك لە قەیرانە ئاڵۆزەكانی رۆژهەلاتی ناوەراست كەم ناكاتەوە. ڕەنج و ئازارەكانی ئەم خەڵكە لە شكست خواردنی بزوتنەوەی دیموكراسی خوازی ناسراو بە بەهاری عەرەبییەوە دەستی پێكرد. دوای ئەوەی كە دیكتاتۆڕی حاكم لەم وڵاتە وەدەر نرا و هەڵات، خەڵكێك كە خوازیاری ئازادی و ژیانێكی باشتر بوون، خەباتی خۆیان دەرێژە پێدا، و ئەمەش بە دڵی عەرەبستانی سعودی و دەوڵەتی ئیمارات نەبوو. وەك گەلێك لە شوێنەكانی تر میلیتاریزە كردنی گۆڕەپانی سیاسی وەك ڕێگا چارەیەك بۆ بەرگرتن لە درێژەی خەباتی ماف خوازانەی خەڵك و بە تایبەت لاوان گیرایەبەر. لەگەڵ بەر ڕێژنەی گوڵلە دانی خۆپیشاندانی ئاشتی خوازانەی خەڵك كە تێیدا خەڵكانێك بە پێكهاتەی قەموی و مەزهەبی جۆراو جۆرەوە لەگەڵ یەك خەڵتانی خوێن بوون، كلیدی جەنگی كردنی فەزای سیاسی یەمەن لێدرا. قەبیلەكانی باشور كە زیاتر شیعە مەزهەبن و خوازیاری سەهمی زیاتر بوون لە دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندیدا، كەوتنە تۆڵە ئەستاندنەوە و كۆنترۆڵی شاری سەنعایان بەدەستەوە گرت. بەم جۆرە ڕێگا بۆ دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی عەرەبستان و ئیمارات و ناڕاستەوخۆی كۆماری ئیسلامی خۆش بوو. ئەمجار ئیتر فاكتورە دەرەكیەكان دەوری یەكلا كەرەوەیان پەیدا كرد. دەوڵەتی ئەمریكا و رۆژئاوایەكانیش بە گشتی خاوەنی كۆمەڵێك بەرژەوەندی بوون. كێشە لەسەر كۆنترۆڵ كردنی باب المەندەب یەكێك لە ڕێگا ئاویە گرنگە نێونەتەوەییەكان كە بەشێكی زۆری نەوتێك كە لە رۆژهەڵاتی نێوەراستەوە بەرەو رۆژئاوا دەچێت بەوێدا دەڕوات، كێشە لەسەر كۆنترۆڵ كردنی ئەو سەرچاوە نەوتیانەی كە هێشتا دەر نەهێندراون، دەستی پێكرد. شەڕ سەرەتا نیابەتیە. ئیماراتیەكان و بە تایبەت قەتەر پشتیوانی لە ئەلقاعیدە دەكەن، كۆماری ئیسلامی پشتگیری شیعە حوسیەكان و عەرەبستانی سعودی پشتی دەوڵەتی ئێستای گرتوە. بەڵام كاتێك شەڕی نیابەتی وڵامدەرەوە نییە، عەرەبستانی سعودی بە هەموو توانای هێزی ئاسمانی خۆیەوە دێتە نێو گۆڕەپانەكەوە و ئەم وڵاتە دەكاتە وێرانە. لەگەڵ گشت ئەمانەدا ناتوانێ هاوسەنگیەكە ئەو جۆرەی خۆی ئەیەوێ بگۆڕێت. كوشتار، برسیەتی، پەرەدان بە نەخۆشیە ئیپیدیمیكیەكان، سەرتاپای ژیانی خەڵكی گرتۆتەوە. لە بارودۆخی ئێستادا دوورە دیمەنێك بۆ كۆتایی هاتنی ئەم شەڕ و دەرگیریە خوێنایانە بە زەیندا نایەت، تەنیا لە ئاكامی دابەش بوونی یەمەن بەسەر دوو وڵاتی جیاوازدا لە ئاكامی پێكهاتنێكی محەللی و ناوچەیی و نێونەتەوەییدا ئیمكانی هەیە، كە ڕەنگە ئەویش زۆر هاسان نەبێت.

لە بارەی فەلەستینەوە، رووداوەكانی سوریە كە زۆری لەبارەوە قسە كراوە، ئیمكانی ئەوەی بە دەوڵەتی ئیسرایل دا كە بۆ ماوەی نزیك بە ٧ ساڵ، مەسەلەی ستەم لەسەر خەڵكی فەلەستین پەڕاوێز بخات و لەپاڵ ئەم بارودۆخەدا، پەرەی بە دروست كردنی شارۆچكە یەهودی نشینەكان و بەرتەسك كردنەوەی زیاتری مەیدانەكە لە خەڵكی فەلەستین و تەواو كردنی دیواری جیاكەرەوە و كردنی لێوارەی غەززە بە كۆڕستان و درێژەدان بە هەوڵەكانی بدات بۆ بە چۆكدا هێنانی نەتەوەیەك. ئێستا كە بەرهەر شێوەیەك قەیرانی سوریە بەرەو هێور بوونەوە دەچێت و بە ناچار ڕێگا چارەیەكی بۆ ئەدۆزرێتەوە، خەریكی خۆش كردنی ئاگری قەیرانێكی دیكەیە تا لە پەنایدا ئەم سیاسەتەی دیسان لە ڕێگای ماجەرا جووی و توند كردنەوەی قەیران لە عێراقدا درێژە پێبدات.

سەبارەت بە توركیە، ئاڕاستەی سیاسەتەكانی دەوڵەتی ئۆردوغان روونە. پەڕاویز خستنی نەیارانی سیاسی خۆی لە ئاستی سەرتاسەریدا، لاواز كردنی بزوتنەوەی خەڵكی كوردستان و شكست پێهێنانی، دەخاڵەت كردن لە قەیرانی ناوچەیی لە سوریە و سۆمالیەوە گرتویەتی تا قەتەر و عێڕاق و شوێنەكانی تر، بۆ پتەو كردنی مەوقعیەتی ناوچەیی و نیوخۆیی. بەڵام لەم نێوانەدا سەبارەت بە مەسەلەی كورد كە بەردەوام خەونەكانی ئۆردوغانی زڕاندوە، گەلێك ڕێگای ئاڵۆز تر و پیلان گێڕانەتر دەگیرێتە پێش. لە لایەكەوە هەوڵ ئەدات بە میلیتاریزە كردنی فەزای سیاسی شارەكانی كوردستان، بەر بگرێت لەوەی خەڵك لە بەشداری كردنی چالاكانە لە پڕۆسەی سیاسیدا ئامادە بن. ئەندێشەی بێ سەمەر بوونی هەوڵە مەدەنیەكان بۆ دەستەبەر كردنی مافەكانیان لە لای ئەم خەڵكە بكاتە بێ هیوایی و بەم جۆرە خۆی لە سەر ئێشەی بزوتنەوە بەرینە مەدەنیەكان ڕزگار بكات. شەڕ لەگەڵ پ. ك. ك ش تا ئەو جێگایەی بۆی دەكرێت بەرێتە دەرەوی سنورەكانی و بیكێشێتە نێو عێڕاق و سوریەوە. سەبارەت بە سوریە، وادیارە كە زل هێزەكانی ئەمریكا و روسیە لە بواری قەیرانی سوریە لە ئاستی كەڵاندا پێكهاتون و مەسەلەكە تەنیا لەسەر ئەوەیە كە ئەم پێكهاتنە لە سەرئەرزی واقع چۆن بەكردەوە دەردێنن. ئایا لەژێر سێبەری پێكهاتنی ئەواندا شاهیدی دەورێكی تر لە شەڕ و دەرگیری دەبین، یان سەرئەنجام دەرەجەیەك لە ئارامی ڕێژەیی لەم وڵاتەدا دێتە ئاراوە؟ سەبارەت بە ئیمكانی ئاڵوگۆڕ لە سنورەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا و بەناو یەك سایكس- پیكۆ ی نوێ كە بە تایبەت لە لایەن هێندێك لە رووناك بیرانی كوردەوە دەوترێت، بەبێ ئەوەی كە بێجگە لە خەیاڵات و ئارەزوی خۆیان، هیچ نیشانەیەك لە وەها ئاڵوگۆڕێك نابیندرێت.

بەڵام لەگەڵ ئەگەری پێكهاتنی روسیە و ئەمریكادا سەبارەت بە داهاتوی سوریە چەند فاكتۆڕێكی گرنگ بوونیان هەیە كە دەتوانن لە بەرەو پێش بردنی بارودۆخی داهاتودا لە سوریە یارمەتی دەرمان بێت.

یەكەم، ئەوەیكە گوروپی خەلافەتی ئیسلامی ( داعش)، دوای موسڵ دووهەمین پێگەی سەرەكی خۆی لە ڕەقە لە دەستداوە و ئیتر نە لە عێڕاق و نە لە سوریە هێزێكی یەكلاكەرەوە نابێت و حوزوری لە ئاستی كۆمەڵێك كرداێكی تیرۆریستیدا تا ماوەیەكی تر درێژەی دەبێت. گوروپە ئیسلامیەكانی دیكەش لە ئاكامی شكستی نیزامی و بەرتەسك بوونەوەی سەرچاوە ماڵی و تەسلیحاتیەكانیان گیرۆدەی چارەنووسێكی وەك داعش دەبن. ڕیشە كێش كردنی داعش و یان هەر ڕەوتێكی هاو شێوەی، دەبەسترێتەوە بەوەی كە تا چ ڕادەیەك ڕیشەی ماددی و كۆمەڵایەتی نفوزی ئەم ڕەوتانە، كە هیچ شتێك نین بێجگە لە نەفرەت و بێزاری خەڵكی سوننی مەزهەب لە عێڕاق و سوریە لە دەوڵەتی بەشار ئەسەد و لە دەوڵەتی شیعە لە بەغدا، وشك بكرێت.

دووهەم، هێزەكانی سوریەی دیموكراتیك، لە ژێر ڕێبەری پ. ی. د دا بە سەركەوتنە نیزامیەكانیان بەسەر داعشدا لە پێگەیەكدان كە داهاتوی سوریە بەبێ لەبەرچاو گیرانی خواست و داواكاریەكانی ئەم هێزە و جەماوەری خەڵكێك كە پشتیوانیانن، دیاری ناكرێت. لایەنە پێشڕەو و پێشكەوتوەكانی بزوتنەوەكەیان لە بواری بەشداری دانی چالاكانەی خەڵك لە بەڕێوەبردنی ناوچە ئازاد كراوەكان، بە یاسایی كردنی بابەتی یەكسانی ژن و پیاو، دروست كردنی پێوەندی ئاشتی خوازانە و ئینسانی لە نێوان خەڵكدا لە پێكهاتەی قەومی و مەزهەبی جیاواز، پێكهێنانی ئەڕتەشێكی جەماوەری و چەكدار كردنی گشتی بۆ دیفاع لە دەستكەوتەكان، پشتیوانیەكی سیاسی و مەعنەوی جیهانیشی بویان بەدی هێناوە.

سێهەم، دەوڵەتی توركیە كە هەوڵئەدات شەڕ لەگەڵ پ. ك. ك بەرێتە دەرەوەی سنورەكانی توركیە بیكێشێتە نێو سوریە و عێراقەوە، دەخاڵەت و پیلانەكانی پشتی پەردەی لەدژی پ. ی. د درێژەی دەبێت. ڕادەی سەركەوتنی دەوڵەتی توركیە لە بەدوادا چوونی سیاسەتەكانیدا دەبەسترێتەوە بە سازشی نێوان ئەمریكا و توركیەوە. چوارەم، دەوڵەتی بەشار ئەسەد بە پشتیوانی روسیە و كۆماری ئیسلامی و حیزب اللەی لوبنان دەسەڵاتەكەی دەپارێزێ، بەڵام ئەم دەوڵەتە و شەخسی بەشار ئەسەد لەم قۆناغەدا وەك سیمبولی هاوسەنگی هێزێكی نوێ دەمێنێتەوە و لە كۆتاییدا لە سوریە داهاتویەكی نییە و كاتێك هەستیاریەكانی پێوەندیدار بە هاوسەنگی هێزە تازەكە كەم بۆوە، جێگای خۆی ئەدات بە پێكهاتەیەكی دیكە.

بێ گومان پێكهاتنی نێوان زل ‌هێزەكان لە قەیرانی سوریەدا ناتوانێ سەرچاوەی ئاسایش و ئارامی بێت لەم وڵاتە شەڕ لێدراوەدا. بەڵام لە بارودۆخی ئێستادا نەفسی كۆتایی هاتنی شەڕ و تێكهەڵچونەكان، ناتوانێ خاڵی دەست پێكێك بێت بۆ ڕزگار بوونی خەڵكی سوریە لە كابوسێك كە تێیدا گیریان خواردەوە. كورت كردنەوەی دەستی هێزە دەرگیرەكان لەم قەیرانەدا، مەرجی پێویستی دروست كردنی فەزایەكە كە تێیدا خەڵك بتوانن بیر لە دیاری كردنی چارەنووسی سیاسی خۆیان بكەنەوە. لە ئاوا بارودۆخێكدایە كە دەكرێت هیواداربین خەبات بۆ دابین بوونی ئاشتیەكی سەقامگیر، بۆ دەستەبەر بوونی ئازادی و باشتر بوونی بارودۆخی ژیان لە دۆخێكی لەبار تردا دەست پێبكرێتەوە.

سەبارەت بە عێڕاق، ئەوەی كە ئایا عێڕاق وەك وڵاتێك دەمێنیتەوە یان بەسەر چەند یەكەی جوغڕافی و حاكمیەتی جیاوازدا دابەش دەبێت، هێشتا روون نییە. بەڵام ڕاستیەكەی ئەوەیە كە تا كاتێك كە هێزە بۆرژواییەكان و جەریاناتی كۆنەپەرستی محەلی ئاگر خۆشكەری گۆڕەپانی سیاسی بن لە عێڕاقدا، بە هۆی ڕقابەتی ڕژیمەكانی ئێران و عەرەبستانی سعودی و توركیەوە، بەهۆی ئەو تەفرەقە و دوو بەرەكیانە لەم كۆمەڵگایەدا پەرەیان پێدراوە و دوژمنایەتیەكی خوێناوی كە دروستیان كردوە، ئیجرای هەر جۆرە گەڵالەیەكی دابەش بوونی جوغڕافیایی عێڕاق بە ئەگەری زۆرەوە كێشمەكێشێكی خوێناوی دیكەی بەشوێنەوە دەبێت.

دەوڵەتی ئەمریكا لە عێڕاق بە پێچەوانەی سوریە لەگەڵ ڕقابەتی جیدی روسیە بەرەو روو نییە. بەڵام لە هەمان كاتدا خاوەنی هێز و نفوزی ڕابردوش نییە بۆ یەكلا كردنەوەی كێشەكان. دیاردەكان نیشانی ئەدەن كە دەوڵەتی ئەمریكا هێشتا ئیستراتیژیەكی كۆتایی و روونی سەبارەت بە داهاتوی عێڕاق نییە. بەڵام بە دانی زیاتر لە چوار هەزار كەس كوژراو ونزیك بە ٥٠ هەزار بریندار و كەم ئەندام و سەرفی هەزاران ملیۆن دۆلار پارە، بە هاسانی دەست لە كۆڵ عێڕاق، وڵاتێك كە خاوەنی پێگەیەكی ژئۆپۆلۆتیكی گرنگ و هاوسنوری كۆماری ئیسلامی ئێرانە، ناكاتەوە. نفوزی لابی دەوڵەی ئیسرایل لە ناوەندەكانی بڕیار لە ئەمریكا دەورێكی گرنگیان لە دیاری كردنی سیاسەتەكانی ئەمریكا لە عێڕاقدا هەیە. بەرژەوەندی دەوڵەتی ئیسرایل لەوە دایە كە دوای یەكلا كرانەوەی كێشەكان لە سوریە كانونی قەیران دەگوازرێتەوە بۆ عێڕاق و بۆ ماوەیەكی تر و تا كامڵ بوونی پرۆژەكانی ئیسرایل لەدژی خەڵكی فەلەستین، ڕوانینەكان لە فەلەستینەوە دێنە سەر ئەم ناوچەیە.

كورت كردنەوەی دەستی كۆماری ئیسلامی لە عێڕاق لە ئەولەویەتەكانی سیاسەتی ئەمریكا لە عێڕاقە. لەم روەوە دەوڵەتی عێڕاق هان ئەدات كە بۆ قەرەبوی وێرانەیكان لە عێڕاق خۆی لە دەوڵەتانی دەوڵەمەندی عەرەب، لەوانە عەرەبساتنی سعودی نزیك بكاتەوە.

بەڵام دەوڵەتی ناوەندی عێڕاقیش دەوڵەتێكی تا سەر ئێسقان كۆنەپەرست و گەندەڵە. دارودەستەكانی شیعەی حاكم لە بەغدا پاوان خوازن و نە تەنیا لەگەڵ خەڵكی كوردستان، بەڵكو لەگەڵ هاو ئاینە موسڵمانە سوننیەكانیشیدا ناسازێ لە سەر دابەش كردنی دەسەڵات. بەشێك لە خەڵكی ناوچەكانی ناوەند و باشوری عێڕاق كە پێگەی سوننەتیی حیزب و گوروپە سیاسیە شیعەكان بوون، بەرە بەرە لێیان دوور دەكەونەوە. لە ڕاستیدا ئەمە تەنیا ڕەوتێكی هیوا بەخشە كە بۆ داهاتوی عێڕاق دەتوانێ پێش بینی بكرێت. ناڕەزایەتی دوو ساڵی ڕابردوو لە سەرەتاوە هێندێك هیوای بەدی هێنا، بەڵام بەداخەوە هەڵپەرستان لە قاڵبی ئوپوزسیۆندا كۆنترۆڵیان كرد، سەرەتا ئەویان لە مەسیری خۆی بەلاڕێدا برد و دواتر كپ و خامۆشیان كردەوە. سەبارەت بە رۆژەهەڵاتی نێوەڕاست ئەگەر بمانەوێ وردتر قسە بكەین دەبێ كتێبێك بنووسین و ئەم وتووێژە ناكرێ لەوە زیاتر درێژ بكەینەوە.

جیهانی ئەمرۆ: لەرۆژی ٢٥ ی سیپتامبر گشت پرسی بۆ سەربەخۆیی كوردستانی عێڕاق سەرەڕای گوشارەكانی ئەمریكا و وڵاتانی دراوسێ لەگەڵ عێڕاق بەڕێوەچوو. ئەم گشت پرسیە لە ڕوانگەی ئێوەوە چ جێگا و شوێنێكی هەیە؟

ئیبڕاهیم عەلیزادە: گشت پرسیەك كە لە هەرێمی كوردستانی عێڕاق بەڕێوەچوو، هیچ شتێك نییە بێجگە لە دەربرینی مەیلی زۆربەی هەرە زۆری خەڵك بۆ هاتنەدی ئاوات و ئارەزویەك كە ساڵانێكە ئەم خەڵكە لە پێناویدا خەبات دەكەن. هەڵبەت بە گشت پرسی و بەبێ گشت پریسیش كەسێك سەبارەت بە بوونی ئەم مەیلە گومانێكی نەبوو. وەك حیزبێكی سیاسی كە ئەولەویەتی كاری خۆمان ناوچەیەكی دیكە دیاریكردوە و ئەو ئیمكاناتە سازمانی و كرداریەمان لە كوردستانی عێڕاقدا نییە كە بەرپرسیاریەتی ئاسەوارەكانی سەرچاوە گرتوو لە دیاری كردنی تاكتیك و سیاسەتێكی دیاریكراو وەئەستۆ بگرین، دیاری كردنی رۆژ و مانگ و ساڵی بەڕێوەچوونی ئەم ڕیفڕاندۆمە و داوەری كردن سەبارەت بە وادەی دیاریكراو، كاری ئێمە نییە. لەم روەوە ئێمە تەنیا لە پێویستی سەربەخۆیی كوردستان و لە سەرەتای گشت پرسی وەك مافێكی دیموكراتیك بۆ دەربڕینی بۆچوونی خەڵك داكۆكیمان كردوە. من شەخسەن لەگەڵ ئەوەدا كە لەسەر ئەو بڕوایەم كە سەربەخۆبوونی كوردستان لە دەوڵەتی ناوەندی عێڕاق پێویستیەكە، بەڵام بارودۆخەكەم بۆ ئەنجامدانی گشت پرسی بە لەبار نەدەزانی. وتووێژ لەگەڵ خراپترین دوژمنەكانیش دەتوانێ بەشێك بێت لە خەبات لەدژی ئەو. دەكرێ لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیدا وتووێژ بكرێت و ئیمتیاز وەربگریت. بەڵام ناكرێت لەسەر دەنگی خەڵكێك كە بە ئامانجی دەستەبەر كردنی سەربەخۆیی چوونە بەردەم سندوقەكانی دەنگدان، سازش بكرێت. لەم روەوە گشت پرسی ناتوانێ وەك ئامرازێكی گوشار بۆ سازش لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی بەكار بهێندرێت.

دیفاعی ئێمە لە سەربەخۆیی كوردستانی عێڕاق نە تەنیا لە گۆشەنیگای مافی دیاریكردنی چارەنووسەوە، بەڵكو لە هەمانحاڵدا بە لەبەرچاو گرتنی هەڵسەنگاندنێكی عەینی كە لە بارودۆخی سیاسی واقعی عێراق و ماهیەتی دەوڵەتی ناوەندیە. لە ڕوانگەی ئێمەوە دیفاع لە مافی جیا بوونەوە بەو واتایە نییە كە لە هەموو بارودۆخێكدا جیا بوونەوەمان لا بە قازانجە. بەڵام سەبارەت بە حاڵەتی دیاریكراوی عێڕاق، یەكێتی لەگەڵ دەوڵەتێكی مەزهەبی، دیكتاتۆڕ و پاوان خواز كە تەنانەت توانایی هەڵكردن لەگەڵ خەڵكی عەرەبی سوننی مەزهەبی هاو ئاینی خۆیشی نییە، دەوڵەتێك كە فەتواكانی مەڕجەعیەتی تەقلیدی شیعە سیاسەت و ڕێبازی دیاری دەكات، دەوڵەتێك كە نوقمی گەندەڵی دارایی و ئیدارییە، دەوڵەتێك كە لە ئاسۆی سیاسی ئەودا تروسكاییەكی هیوا بۆ ئاڵوگۆر نابیندرێت، ناتوانێ بە هیچ شێوەیەك دڵخوازی خەڵكی كوردستان بێت. لەگەڵ ئەوەشدا سەرئەنجام دەبێ مەسەلەی نەتەوەیی لەم كۆمەڵگایەدا چارەسەر بكرێت تا ڕێگا بۆ بەرەوپێش چوونەكانی دواتر، بەرەو گەشەی سیاسی و سازمانی چینی كرێكار، بەرەو ژیانێكی ئازاد، یەكسان، ئینسانی وخۆشگوزەران، واتە كۆمەڵگایەكی سۆسیالیستی خۆش بكرێت. ئەم بابەتە روونە كە سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانی عێڕاق خۆی لە خۆیەوە بە واتای دیموكراتیزە بوونی ئەم كۆمەڵگایە و بارودۆخی ئابووری باشتری ژیانی خەڵكەكەی نابێت. ئەمە ئاسۆیەكە كە لەبەردەم خەباتی داهاتوی خەڵكدایە.

سەبارەت بە مافی دیاریكردنی چارەنووس بۆ هەرێمی كوردستانی عێڕاق، كار گەیشتۆتە جێگایەك كە جیابوونەوە تەنیا ڕێگا چارەی ئەم بابەتەیە. مەسلە تەنیا لەسەر بارودۆخێكە كە تێێدا ئەم مافە سەلمێندراوە و ئەم پێویستیە بەكام ئیستراتیژی و لە كەم ئازار ترین و كەم زیان ترین ڕێگاوە بەكردەوە دەربێت. قسە و باس لەم بارەیەوە لە ڕاستیدا لەسەر ئامادەكاری پێویست لە ئاستێكی مەتڵوبدا، بۆ دابین كردنی ئەم دۆخەیە. بەڵام لەگەڵ گشت ئەمانەدا گشت پرسی بەڕێوەچووە و لەمرۆدا دەبێ لە حەقانیەت و ڕەوابوونی دەنگی زۆرینەی خەڵك دیفاع بكرێت. ڕاستیەكەی ئەوەیە كە لە بارودۆخی ئێستای عێڕاقدا و بە لەبەرچاو گرتنی ئاڕایشی هێزە لۆكاڵی و جیهانیەكان و قازانج و بەرژەوەندیە ناكۆكەكانی ئەم هێزانە، لە گشت پرسیەوە تا دەستەبەر كردنی سەربەخۆیی هێشتا ڕێگایەكی تا ڕادەیەك دوور و درێژ لە پێشدایە كە دەبێ بپێورێت. لەبەر ئەوەی یەكەم، ئەو ڕەوتانەی كە لە ڕێبەریی ئەم بزوتنەوانەدان خۆیان لەگەڵ گەلێك كێشە و گرفتی نێوخۆیی و دەرەكی بەرەو روون و بەرژەوەندی گوروپە حاكم و خاوەن هێز و سەرەوەتەكان بەسەر قازانج و بەرژەوەندی جەماوەری ستەم دیتو و بێبەشدا دەشكێتەوە. دووهەم، ئەگەر لە ئێستادا هۆكارە دەرەكیەكانیش لەبەرچاو نەگرین، لانیكەم دەزانین كە دەوڵەتێكی وا لە بەغدا لەسەر كارە دەسەڵات خوازتر و پاوان خوازتر لەوەیە كە بە هاسانی ڕازیبێت بە دابەش بوونی عێڕاق. هەر ئێستا بە سەربەخۆییەوە و بەبێ سەربەخۆیی، مەترسی شەڕ و دەرگیری لە چوارچێوەی عێڕاقی ئێستاشدا لەسەر كۆنترۆڵ كردنی ناوچە خاوەن نەوتەكانی كەركوك و هیتر بەسەر سەری خەڵكی ئەم ناوچەیەوە دەسوڕێتەوە. مەسەلەی حاكمیەت لە ناوچە تێكەڵەكاندا، تەنانەت لە چوارچێوەی ئەم حكومەتە فیدڕاڵەشدا یەكلایی نەكراوەتەوە. دەوڵەتی عێڕاق قانونی ئەساسی سەبارەت بەم ناوچانەی پێشێل كردوە و هەموانیش دەزانن، هێزە نیزامیەكانی دەوڵەتی عێراق خۆیان بۆ داگیر كردنەوەی ئەم ناوچانە دوای كۆتایی هاتنی شەڕ لەگەڵ داعش ئامادە دەكرد و ئەمەش هیچ پێوەندیەكی بە مەسەلەی گشت پرسیەوە نەبوو. پێكهاتەی ئەم ناوچانە كە لە نەتەوەكانی كورد و تورك و عەرەبە بارودۆخەكەی ئاڵۆز تر كردوە و ڕێگای بۆ شكڵ گرتنی پیلانە جەنایەت كارانەكان خۆش كردوە. لە كۆتاییدا دەبێ بڵێین كە نە دیفاعی زارەكی دەوڵەتی ئیسرایل لە سەربەخۆیی كوردستان و نە دژایەتیەكانی ئەمریكا و دەوڵەتانی تر هیچكامیان ناتوانن رەوا بوونی بڕیارێك كە خەڵكی كوردستان لە گشت پرسی رۆژی ٢٥ ی سیپتامبر دایان، بەرنە ژێر پرسیار.

جیهانی ئەمڕۆ: بەشوێن ڕاگەیاندنی رۆژی ٢٥ ی سیپتامبری ٢٠١٧، بۆ بەڕێوەچوونی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی كوردستان گەلێك دەژایەتی لەگەڵ ئەم حەرەكەتە بەرەو رووی خەڵكی كوردستان و حكومەتی هەرێم بۆوە. دەوڵەتی توركیە، ڕژیمی ئیسلامی ئێران لەپاڵ دەوڵەتی ناوەدنی عێڕاقدا، یەكێتی ئوروپا، دەوڵەتی ئەمریكا و هاو پەیمانەكانی لە شەڕی داعشدا، بە گشتی زاریان بە دژایەتی و لۆمە كردن و هەڕەشە كردۆتەوە. ئێوە پێگەی ئەم شەپۆلە دژایەتیانە لە لایەن ئەم ناوەندانەی دەسەڵاتەوە چۆن دەبینن؟ ئیبڕاهیم عەلیزادە: تا ئەو جێگایەی بۆ خەڵكی كوردستانی عێراق دەگەرێتەوە، بەرینایی ئەم دژایەتیانە بە واتای دژواریی ڕێگایەكە كە لە مەسیری دەستەبەر بوونی سەربەخۆییدا لەبەر دەمیان دایە.

ئەوەی كە ئەم هەڕەشانە تا چەند بە كردەوە دەردێن یان ڕێكخەران و ڕێبەرانی ئەم حەرەكەتە تاكوێ لەسەر ئامانجە ڕاگەیەندراوەكانیان و بابەتی سەربەخۆیی پێداگری دەكەن، بابەتێكە پێوەندی بە داهاتوەوە هەیە. بەڵام ئەگەر ٩٢ لەسەدی خەڵكێك كە دەنگ بە سەربەخۆیی ئەدەن كاری خۆیان بە كۆتایی هاتوو بزانن و بڕۆنەوە بۆ ماڵەكانیان، ئەگەر پێداویستی سەركەوتنی خۆیان بە خەبات و تێكۆشان لە گشت بوارەكانی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە كۆمەڵگەی كوردستاندا دەستەبەر نەكەن، ئەگەر خەڵكی بەشەكانی دیكەی كوردستان بۆ دیفاع لە خەڵكی هاوچارەنوسیان لە كوردستانی عێڕاق هەنگاو نەنێن، ئەگەر هاوپشتیەكی جیهانی وەك ئەوەی بۆ بزوتنەوەی رۆژئاوا، لەسوریە، بە تایبەت لە جەریانی خۆڕاگری كۆبانیدا لە ئاستی دنیادا دروست نەبێت، گوشار و پیلانەكان پوچەڵ نابنەوە.

تا ئێرەی مەسەلەكە، ڕیفڕاندۆم ڕواڵەتی دوژمنانی ئاشكرا و شاراوەی خەڵكی كوردستانی باشتر دەرخستوە. ئەو كاردانەوانەی كە لەم رۆژانەی ئاخردا لە پێوەند لەگەڵ ئەم مەسەلەیە پیشاندرا، دەتوانێ گەلێك ئاموزەندە بێت. ئەو هێزانەی تا دوێنێ لە لایەن حیزبە دەسەڵاتدارەكانەوە وەك دۆست و پشت و پەنای خەڵكی كورد دەناسێندران، ڕواڵەتی واقعی خۆیان وەك دوژمنێكی سوێند خواردوی سەرسەخت نیشاندا. لەم نێوانەدا دەوڵەتانی كۆماری ئیسلامی و توركیە و ئەمریكا دیار ترینیانن..

هەڕشەكانی كۆماری ئیسلامی ڕاشكاوانە تر و بێ پەردەتر لەوانی دیكەیە. لەم ساڵانەی دواییدا كۆمەڵێك مەحفەل لە هەرێمی كوردستانی عێڕاق هەوڵیاندا تا ڕواڵەتێكی نا واقعی و رازاوە لە كۆماری ئیسلامی لە پێوەند لەگەڵ خەڵكی كوردستانی عێڕاق پێشكەش بكەن. ڕیفڕاندۆم پەردەی ئەم دوو رووییەی لادا. لە راستیدا ئەگەر تا ئێستاش كۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە گشت زەرفیەتەكانی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵكی كوردستانی عێڕاق و لەگەڵ حكومەتە هەرێمیەكەی بخاتە كار، تەنیا هاوسەنگی هێزی واقعی و ئاڕایشی سیاسی ناوچەكە نەیهێشتوە.

دەوڵەتی توركیەش لە دەربڕینی دژایەتی و هەڕەشەدا دەستی كەمی لە كۆماری ئیسلامی نییە. گشت ئەو تەبلیغاتانەی كە لە كوردستانی عێڕاق هەوڵی داوبوو وێنای دراوسێیەكی دۆست و هاو پەیمانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە خەڵك پیشان بدات، لە شەوێكدا بوو بە بڵقی سەر ئاو.

سیاسەتی ڕیاكارانەی دەوڵەتی ئامریكاش بۆ خەڵكی كوردستان دەرسێكی ئاموزەندەیە. ساڵانێكە ئەحزابی سیاسی لەم ناوچەیەدا وەعدە ئەدەنە خەڵكی كوردستانی عێڕاق كە گۆیا دەوڵەتی ئەمریكا پشت و پەنای ئەوانە. لەم رۆژانەی دواییدا دەوڵەتی ئەمریكا هەڕەشەكانی لەدژی سەربەخۆیی كوردستان لە چوارچێوەی دڵسۆزیدا دەردەبڕێت، بەڵام لە ڕاستیدا بە پشتیوانی كردن لە دەوڵەتی ناوەدنی عێڕاق، بە كردەوە دەستی ئەم دەوڵەتەی لە گوشار خستەنە سەر خەڵكی كوردستان كراوەتر دەكات. گشت پرسی هەر ئاكامێكی لێ بكەوێتەوە، تا ئێرەی بابەتەكە، گەلێك دەرس و ئەزمونی بە نرخی بۆ خەڵكی كوردستان هەبووە. ئەم دەرسانە نابێ لەبیر بكرێن.

جیهانی ئیمروز: ئەو هەڕەشانەی كە حكومەتی ناوەندی عێڕاق لە دژایەتی لەگەڵ ئەم گشت پرسیە لەخۆی پیشان ئەدات چۆن دەبینن و بە لەبەرچاو گرتنی ناوچە جێ ناكۆكەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی بە بۆچوونی ئێوە ئەم هەڕەشانە تا چ ڕادەیەك دەتوانێ لەسەر بارودۆخی عێڕاق و كوردستان كاریگەری هەبێت؟

ئیبڕاهیم عەلیزادە: هەڵبەت ئەم هەڕەشانە جیدین. لەبەر ئەوەی دەوڵەتی عێڕاق هەموو ئەو ئامڕازانەی بە دەستیەوەن بێ گومان هەوڵ ئەدات یەكە بە یەكە و بەرە بەرە بەكاریان بێنێت. لەم بارەیەوە نابێ گومانێك هەبێت. دەوڵەتی عێڕاق بەبێ یارمەتی كۆماری ئیسلامی ئێران و دەوڵەتی توركیەش تواناییەكی دیاریكراوی لە گوشار خستنەسەر حوكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە. بەكار هێنانی زۆر و لەشكر كێشی بۆسەر كوردستان یەكێك لەو ئامرازانەیە. بەڵام سەدام حسێن بە هەموو هێز و تواناییەكەوە كە بووی ئەم ڕێگایەی پێوا و وەك تاقی كردنەوەیەك بۆ حكومەتی ئێستای جیهێشتوە. هەرچەند بەبێ گومان وەها شەڕێك بۆ خەڵكی كوردستانیش پڕ تەلەفات ئەبی، بەڵام شكستی نیهایی دەوڵەتی عێڕاقی تێیدا حەتمییە. لەم روەوە گومان ناكرێت كە دەوڵەتی عێڕاق لەم ئاستەدا دەست بداتە وەها كارێك. بەڵام بەدەستەوە گرتنی كۆنترۆڵی ناوچە نەوتیەكانی كەركوك كارێكە كە ڕەنگە وەسوەسە بێت بۆ ئەنجام دانی. ئەم حەرەكەتەی دەوڵەتی عێڕاق تەنیا ناگەرێتەوە بۆ مەسەلەی گشت پرسی. هەر ئەو جۆرەی كە بۆ كۆنترۆڵ كردنی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش شەڕ دەكات، بۆ وەرگرتنەوەی ئەو ناوچانەش كە لە كوردستان، لە ئاكامی هێرشی داعشدا لەدەستی داوەن، شەڕ دەكات. بەبێ گشت پرسیش ئەوان بیانویان بۆ وەها هێرشێك دەست دەكەوێ.

بەڵام بەكردەوە دەرهێنانی زیاتری هەڕەشەكان پێوەندیدارن بە ڕادەی هاوكاری دەوڵەتی ئێران و توركیە، لەگەڵ دوڵەتی عێڕاق كە خاڵە گرنگە سەرەكیەكانی هەرێمی كوردستان لە سنورە هاوبەشەكان لەگەڵ ئەواندایە. بۆ نمونە ئەگەر ئەم دەوڵەتانە خۆیان ئەم سنورانە دابخەن و یان ئیجازە بە دەوڵەتی عێڕاق بدەن، هێزەكانی لەنێو خاكی ئێران و توركیەدا لە بازگەكانی كۆنترۆڵی مەرزی جێگیر بكات، لەم ئەگەردا گوشارەكان لەباری ئابووریەوە جیدی دەبێت. بە لەبەرچاو گرتنی بارودۆخێكی ئابووری نابەسامان كە هەرێمی كوردستان هەیەتی و پشت بەستن بە تەنیا سەرچاوەی نەوت، بارودۆخی ئێستا لە باری بابووریەوە نابەسامان تر دەبێت. لەم روەوە لە رۆژانی داهاتودا دەبێ چاوەڕوان بین تا تەكلیفی كردارەكانی بەكردەوەی دەوڵەتانی ئێران و توركیە لەم بارەیەوە روون بێتەوە. هۆكارێكی كاریگەر كە دەتوانێ بەر بەم هاوكاریە سێ لایەنەیە بگرێت، ناڕەزایەتی جەماوەری لە كوردستانی توركیە و ئێران و پشتیوانی بەكردەوەی بزوتنەوەی رۆژئاوایە.

جیهانی ئیمروز: دوای بەڕێوەچوونی ڕیفڕاندۆم ئێمە بەرو رووی شەپۆلێك لە هاوپشتی لە شارەكانی كوردستانی ئێران بووین. بە بۆچوونی ئێوە ڕەوتی سەربەخۆیی كردستانی عێراق تا چە ڕادەیەك كاریگەری لەسەر مەسەلەی كورد لە ئێران هەیە؟

ئیڕاهیم عەلیزادە: لە ڕوانگەیەكی ستراتیژیكیەوە، داهاتوی كوردستانی ئێران و ڕەوتی دەست ڕاگەیشتنی خەڵكی كورد لە كوردستانی ئێران بە مافە نەتەوەیی و داخوازیەكانی دیكەی، بەرلەوەی كە كاریگەری لە ئاڵوگۆڕ لە كوردستانی عێڕاق وەربگرێت، لەژێر كاریگەری ئەو رووداو و ئاڵوگۆرانە دایە كە لە تاران و لە ئاستی سەرتاسەری لە ئێراندا روو ئەدەن. بەڵام نەفسی ئەوەی كە لە مەودایەكی ئاوا كورتدا ئەم ئاستە لە هاوپشتی و پشتیوانی لە گشت شارەكانی كوردستان لە چواچێوەی خۆپیشاندانی خیابانی و جێژن و شادیدا دەردەبڕدرێت، نیشانەی هەستی هاو چارەنووسییە وەك نەتەوەیەكی ستەم دیدە لە لایەكەوە و پەیامێكی روونە لە لایەن خەڵكی كوردستانی ئێرانەوە بۆ ڕژیمی كۆماری ئیسلامی كە زمانی زۆر و هەڕەشەی لە پێوەند لەگەل مەسەلەی گشت پرسی بەكار هێناوە. درێژەی ئەم پشتیوانیانە هەم لە پوچەڵ كردنەوەی گوشارەكانی ڕژیمی ئێران لەسەر هەرێمی كوردستان گەلێك كاریگەر و یەكلا كەرەوە دەبێت و هەم یارمەتی دەری بەرز بوونەوەی ئاستی خەباتی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵكی كوردستان دەبێت.

جیهانی ئیمروز: بەشێك لە هێزە سیاسیەكانی ئێران، چ چەپ و چ ڕاست دژایەتی بەڕێوەچوونی ئەم گشت پرسیەیان كرد. هەڵوێستی شۆوینیستی هێزە ڕاستەكان تا ئاستێكی زۆر ئاشكرایە. بەڵام ئێمە لە ئاستێكی بەرتەسكدا لەنێو هێزە چەپەكانیش لە حاڵێكدا كە مافی نەتەوەكان بۆ دیاریكردنی مافی چارەنووسیان بە ڕەسمی دەناسی بەڵام لەگەڵ ئەم ڕیفڕاندۆمە دژایەتیان هەبوو و ئەویان بە سەرەتایەك بۆ توند بوونەوەی قەیران لە ناوچەكەدا زانیوە و لەگەڵ ئەوەشدا ئامانجی ڕێبەریی ڕیفڕاندۆمیان بە هۆكارێك بۆ نادروست بوونی ئەم گشت پرسیە لێكداوەتەوە. ڕای ئێوە چییە؟

ئیبڕاهیم عەلیزادە: دژایەتیەكان هەموویان لە یەك ئاست دانین.. بەشێكیان دڵسۆزانەیە و لە نیگەرانیەكەوە سەرچاوە دەگرێ كە بۆ ئاكامەكانی گشت پرسی هەیانە.ئەم نیگەرانییە قابیلی دەركە و پێویستە بە هێند وەربگیرێ. لە خودی كوردستانی عێڕاقیش كۆمەڵێك گوروپ و گەلێك لە رووناك بیران هەبوون كە لە گۆشە نیگای نیگەرانیەكانیان بۆ داهاتو، لەگەڵ بەڕێوەبردنی گشت پرسی لە كاتی دیاریكراودا نە بوون. ئایا هەرێمی كوردستان بۆ روو بە روو بوونەوە لەگەڵ دوا هاتەكانی وەها بڕیارێك لەباری نیزامی، لە باری ئابووری، لە باری ئینسجامی دەرونیەوە، لە باری پێوەندی خەڵك دەسەڵاتەوە، ئامادەیی هەیە. وڵامی جیاواز بە ئاوا پرسیارێك ئەدرایتەوە. هەڵبەت ژمارەیەكیش بە ڕوانگەی شۆوڤنیستیەوە، بە شێوازێكی شاراوە یان ئاشكرا ، لە روانگەی ئەگەری مەترسی سەربەخۆیی كوردستانی عێراق بۆ یەكپارچەیی خاكی ئێران، دژایەتی دەكەن. ئەم دەستەیەی كە ئێوە ئاماژەیان بۆ دەكەن كە زیاتر ئوپوزسیۆنی كۆماری ئیسلامیشن، لەم بارەیەوە بە كردەوە لەگەڵ ڕژیمی ئێران هاو ئاڕاستە بوون و هێندێك جار بە ڕاوێژ و وتاری توند و ڕوشێنەر و ناشیرین تر لە ڕژیمیش قسە دەكەن.

هەموو ئەم جۆرە بۆچونانە ناكرێ بكەیتە كاسەیەكەوە. بەلام ئیستا ئەو باسە، پێوەندی بە ڕابردۆوە هەیە. ریفراندۆم كراوە و ئەمرۆ ئێمە لە بەرانبەر ئەمرێكی واقع داین. گشت پرسی بەڕێوەچووە و درگا بە رووی گوشار و پیلان و دوژمنایەتیەكاندا كراوەتەوە. ئەو مەترسیانەی كە لەمرۆدا هەڕەشە لە كوردستانی عێڕاق دەكەن، تەنیا روویان لە ئەحزابی دەسەڵاتدار نییە لەم ناوچەیەدا، ژیان، ئەمنیەت، بەڕێچوون و ئازادی خەڵك لە مەترسی جیدی دایە. لەمرۆدا دەبێ لەم بارەیەوەقسە بكرێت و لە هەڵسوكەوت لەگەڵ بارودۆخێكی نوێدا كە هاتۆتە پێشێ، دەبێ چ‌ون بێت، ڕێگا چارەسەر بدۆزرێتەوە. بەرخورد بەم بارودۆخە نوێیە، لە عەینی حاڵدا سەنگی محەكێكیشە بۆ لێك جیا كردنەوەی هەڵوێستی دڵسۆزانە و بەرپرسانەی بەر لە گشت پرسی لە هەڵوێستی شۆوڤنیستی. وردبینی تیئۆریك سەبارەت بە نەزەریەی ” مافی نەتەوەكان بۆ دیاریكردنی چارەنووسیان”، لەم بارەیەوە دەردێك دوا ناكات، ڕەوتی رووداوەكان كۆمەڵێك پێوانەی واقعی تر لەم بارەیەوە ئەدەن بە دەستەوە.

جیهانی ئیمروز: كۆمەڵە، ( ڕێكخراوی كوردستانی حیزبی كومونیستی ئێران) كە بەشێك لە هێزەكانی لە كوردستانی عێراق جێگیرن چ دەور و نەخش و ئەركێكی لەم پێوەندیەدا و لەم ڕەوتەدا بۆ خۆی دیاری كردوە و بە شێوەیەكی گشتی كاریگەری ئەم ڕەوتە بۆ هێزە سیاسیەكانی كوردستانی ئێران كە لەم ناوچەیەدا جێگیرن بە بۆچوونی ئێوە لە مانگەكانی داهاتودا چی دەبێت؟

ئیبڕاهیم عەلیزادە: لە رۆژانی پێش لە بەڕێوەچوونی گشت پرسیدا كۆماری ئیسلامی بەشێك لە هەڕەشەكانی خۆی لەدژی ڕیفڕاندۆم بەرەو هێزەكانی ئوپوزسیۆنی كورد لە هەرێمی كوردستان ئاڕاستە كرد. عەلی شەمخانی دەبیری شوڕای باڵای ئەمنیەتی نەتەوەیی لەم بارەیەوە وتی كە ” ( ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوپۆشی لە بەڕێوەبردنی گشت پرسی نەكات)، ئێران لە چوارچێوەی دابین كردنی ئەمنیەتی سنورە هاوبەشەكانی بە شێوەی جیدی بە ئاڕاستەی خۆیدا بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ حوزور و چالاكی دژی شۆڕشی ئێرانیدا دەچێتەوە كە لە هێندێك لە ناوچەی كوردستانی عێڕاقدا لە هاتوچۆدان و بە شێوەگەلی بەتەواوەی جیاواز بە بەراورد بە ڕابردو هەڵسوكەوت دەكات.” ئەگەرچی لەشكر كێشی ڕاستەوخۆی كۆماری ئیسلامی بۆ قوڵایی خاكی كوردستانی عێراق هەڕەشەیەكی پوچ و بێ ناوەرۆكە و هیچی تر بەڵام بێ گومان وەك تۆڵە ئەستاندنەوە لە خەڵكی كوردستان گوشارەكانی لەسەر سنورەكان زیاتر دەكات كە دوكەڵەكەی دەچێتە چاوی خەڵكی ئاواییەكانی ئەم ناوچەیەوە. لەگەڵ ئەوەدا بۆ ئەنجام دانی كرداری تیرۆریستی لەدژی ئوپوزسیۆن لە كوردستانی عێراق بە بەراورد بە ڕابردو دەستی كراوەتر دەبێت. لەگەڵ گشت ئەمانەدا، ئێمە بەش بە حاڵی خۆمان گشت حاڵەتە جیاوازەكانمان هەڵسەنگاندوە و بۆ هەركامەیان بەرنامە دادەنێین. لەم بارەیەوە لەگەڵ هێزەكانی دیكەی ئوپوزسیۆن لە كوردستانی عێراق پێوەندی دەگرین و هێندێك هاوكاریش لە بواری پوچەڵ كردنەوەی پیلانەكانی كۆماری ئیسلامیدا لەبەرچاو دەگرین.

تێبینی: ئەم گوفتوگۆیە لە رێكەوتی 3 ئۆكتۆبری 2017، واتە دوو هەفتە پێش هێرشی دەوڵەتی عێراق بۆ سەر هەرێمی كوردستان كراوە.