کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دەوری دووهەمی تەحریمەکان، ئاگرێک کە دوکەڵەکەی دەچێتە چاوی خەڵکەوە

251

شەپۆلی دووهەمی تەحریمەکانی ئەمریکا لەدژی ئێران لەمڕۆ دووشەممە ٤ی مانگی خەزەڵوەر، ٥ی مانگی نۆوامبرەوە دەست پێکدەکەنەوە. ئەم شەپۆلە لە تەحریمەکان دوو ئامانجی، کەم کردنەوەی داهاتی دەوڵەتی ئێران لە فرۆشتنی نەوت و ڕاگرتن یان کەم کردنەوەی ئاڵوگۆری بانکی و ماڵی ئێران لە لەگەڵ دنیای دەرەوەی هەیە. لە حاڵێکدا کە کڕینی نەوتی هەرزان لە ئێران بە قازانجی کڕیاران دەشکێتەوە، هه‌ر چه‌نده‌ش هه‌رزان بێت، دانی ئەرزی بە دەست هاتو لێیەوە، بۆ دەوڵەت حەیاتیە.

تازەترین پێش بینیەکان، فرۆشتنی نەوتی ئێران تا کاتی دەست پێکرنەوەی دەوری دووهەمی تەحریمەکان لە چواردەی مانگی خەزەڵوەردا بە لانیکەم یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار بۆشکە ڕاگەیاندراوە. ئاسەوارەکانی ئەم بابەتەش بێ گومان لێک هەڵوەشانی ئابووری ئێران خێرا تر دەکات. بە تایبەت ئەگەر سەرنج بدەین کە هەناردەی نەوتی دەورێکی مێحوەری لە ئابووری ئێراندا هەیە. هەناردەی نەوتی ئێران بەر لە کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام زیاتر لە دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بۆشکە بووە لە رۆژدا. داهاتی نەوتی ئێران لە ساڵی ڕابردوی زاینیدا بەرابەری ٥٥ میلیارد دۆلار بووە کە ٥٤ لەسەد زیاتر بووە لە ساڵی پێشتری. لە حەوت مانگی سەرەتای ئەم ساڵی میلادیشدا داهاتی نەوتی ئێران گەیشتە ٤١ میلیارد دۆلار. بەڵام لە مانگی ٨ بەم لاوە ئەم ڕەوتە ١٩ لەسەد دابەزی. ئەگەر ئێران بتوانێ تا کۆتایی ئەمساڵ یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار بۆشکە نەوتی خۆی بە داشکاندن بە مامناوەندی نرخی ساڵی ڕابردو بفرۆشێت، ئەگەری هەیە داهاتی ئێران لەمساڵی ١٣٩٧ دا بگاتە ٤٥ میلیارد دۆلار. و ئەگەر ئەم ڕەوتەش درێژەی هەبێت لە ساڵی ١٣٩٨ دا داهاتی ئێران ٣٢ ملیارد واتە کەمێک زیاتر لە نیوەی ساڵی پێشتری دەبێت. و ئەگەر لە درێژەی تەحریمەکاندا هەناردە کردنی نەوتی ئێران بگاتە کەمتر لە یەک ملیۆن بۆشکە واتە ئاستی دەوری یەکەمی تەحریمەکان بەر لە قەراردادی بەرجام، ئەوکات داهاتی ساڵانەی ئێران بە زەحمەت دەگاتە ٢٣ میلیارد دۆلار. بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە تەنیا ٥٠ و نیو لەسەد لەم داهاتی سالانەیە ڕاستەخۆ دەچێتە بەردەست دەوڵەت، کەوایە تەنانەت ئەگەر نرخی ڕەسمی نەوت تا کۆتایی ساڵ پارێزراو بێت، دەوڵەتی روحانی لە ساڵی ١٣٩٧ دا له‌گه‌ڵ کەسری داهاتێکی زیاتر لە ١١ هەزار میلیارد تمەن بەرەو روو دەبێتەوە. ئەم ڕەقەمە بەرابەری ١١ لەسەدی بوودجه‌ بۆ دانی حقوق و حەقدەستی کارمەندانی دەوڵەتە.

ئەگەر بێت و هەناردە کردنی نەوتی ئێران لە ساڵی داهاتودا لە نێوان ٩ سەد هەزار تا یەک ملیۆن بۆشکە لە رۆژدا بەردەوام بێت، ئەوجار سەرچاوە دۆلاریەکانی بوودجه‌ لە خۆشبینانەترین حاڵەتدا دەگاتە ١٦ و نیو دەهومی میلیارد دۆلار و کە ٣٠ تا ٥٠ لەسەد بە بەراورد لەگەڵ ئەمساڵدا کەم دەبێتەوە.

هاوکات ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیسی ڕژیم گەشەی ئابووری ئێرانی لە ساڵی ١٣٩٧ ی بە لەبەرچاو گرتنی گەمارۆکانی ئەمریکا لەنێوان مەنفی نیو و مەنفی ٢ و ٨ دەهومی لەسەد پێش بینی کردوە. بەم جۆرە لە مانگەکانی داهاتوی ئەمساڵدا، دەوڵەت ناچارە تا بە قەرز کردن لە بانکی ناوەندی و یان هەڵگرتن لە سندوقی زەخیرەی ئەرزی بەرەنگاری کەسری هاوسەنگ کردنی بوودجه‌ بێتەوە و ئەمەش خۆی واتە زیاد بوونی تەوەڕوم و یان بە زمانێکی تر دابەزینی توانایی کڕینی خەڵک.

لە وەها بارودۆخێکی فەلاکەتباری ئابووریدا، ڕووحانی لە جەریانی ناساندنی هەر ٤ وەزیرەکەیدا ڕایگەیاند کە بارودۆخی ئابووری وڵات لەژێر کۆنترۆڵ دایە و “ئه‌به‌ر ته‌وه‌ڕۆم”مان نییە. ئابووری ناس و مامۆستایەکی زانکۆ بە ئاماژە بەم وتەیەی روحانی روونی کردەوە کە تەوەڕومی ٣٠ و ٤٠ لەسەدی ئێستا لەگەڵ تەوەڕومی کەڵەکە بووی ساڵلانی پێشو هەمان” گەورە تەوەڕوم”ە و ئینکاری دەوڵەت تەنیا شێوازێک له‌ ” وتار دەرمانی”یە بۆ هەڵاتن لە ڕاستیەکان. ئەو بە ئاماژە کردن بە ڕاپۆرتی ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ڕژیم سەبارەت بەوەی کە هەر ١٠ لەسەد بەرز بوونەوەی نرخی ئەرز بەرابەری ٢ لەسەد بەرز بوونەوەی نرخی تەوەڕومە، وتی بەم شێوەیە ئێمە لەگەڵ تەوەڕومێکی ٥٠ تا ٦٠ لە سەدیدا بەرەو رووین کە هیچ شتێک نییە بێجگە لە ” ئەبەر تەوەڕوم”.

لە رۆژی ١٨ ی مانگی گوڵانی ئەمساڵەوە کە ترامپ کشانەوەی لە بەرجام ڕاگەیاند، دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە تا بتوانێ لە ڕێگای مابەقی ئەو لایەنانەوە کە بەرجامیان مۆر کردوە و بەرەنگاری تەحریمەکانی ئەمریکا بێتەوە. لەگەڵ ئەوەدا کە ئوروپا بۆ مانەوەی ئێران لە بەرجامدا وتبوی کە کاناڵێکی ماڵی دیاری کراو بۆ ” بازرگانی یاسایی” لەگەڵ ئێران دەکەنەوە بەڵام تا ئەم کاتە هیچکام لە وڵاتانی ئوروپایی مایل نین میوانداری ئەم کاناڵە بن. لە عەینی حاڵدا کاردانەوەی ئوروپا لە بەرانبەر شەپۆلی نوێی ته‌حریمەکاندا بێجگە لە دەربڕینی بەداخەوە بوون لە بڕیارەکەی ئەمریکا و وتنی ئەوەی کە ئوروپا هەوڵەکانی بۆ دروست کردنی سازوکاری ماڵی نوێ لەگەڵ ئێران چڕ تر کردۆتەوە، هیچی تر نەبووە. تەنانەت گرنگ ترین مشتەریەکانی نەوتی ئێران وەک ژاپۆن، هێند، کورەی باشور و چین لە مانگەکانی ڕابردودا هاوردە کردنی نەوتیان لە ئێران کەم کردۆتەوە.

وڵامی ڕژیم بە ئاسەوارەکانی دەست پیکردنی شەپۆلی نوێی تەحریمەکان لاف و گەزاف بووە کە تەنیا و تەنیا دەتوانێ لە خزمەت بەرز کردنەوەی ورەی ڕیزه‌كانی ڕژیمدا بێت. قسەکانی خامنەیی رۆژی شەممە، ئەوپەڕی ئەم لاف و گەزافەیە کاتێک کە قسە لە ” سەربەخۆیی سەنعەتی” دەکات و ئەوەیکە گۆیا” میللەتی ئێران ئێستا عادەتیان کردوە بچن بەدوای بەرهەمهێنانی هەموو شتێکدا”. روون نییە کاتێک زیاتر لە ٥٢ لەسەدی لە دامەزراوە سەنعەتیەکان و بەرهەمهێنان بە زەرفیەتی کەمتر لە ٣٠ لە سەدەوە کار دەکەن، کاتێک سەد هەزار کەس لە کرێکارانی کەرتی قەتعەسازان لەسەر کار دەرکراون، کاتێک هاوردە کردنی کشتوکاڵی لە ١٠ ساڵی ڕابردودا ٣٠٠ لەسەد زیادی کردوە، خامنەیی قسە لەکام ” بەرهەمهێنانی هەموو شتێک” دەکات.

بەشوێن خامنەییدا، وەزیری دەرەوەی ڕژیم بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیاندنێک بە ئاماژە کردن بە ” ڕژیم”ی ئەمریکا ڕایگەیاند کە دەوڵەتی ئێران” جارێکی تر سەرنجی هەموانی بەرەو مەترسیەکانی ئەو ڕژیمە دژی یاسایە کە بۆ ئینسانیەت، داهاتوی نەوەکانی بەشەر و ژینگەی ئینسانی لەسەر گۆی زەوی، ڕاکێشاوە و لەسەر ئەو بڕوایەیە کە دەبێ گەلێک لە دەوڵەتانی موتەعهد و بەرپرسیار لە دنیادا هاوکاری لە ڕاستای کۆنترۆڵ کردنی هەڕەشەکانی ئەم ڕژیمە بخەنە دەستوری کاریانەوە.” بێ گومان ئیمپڕیالیزمی ئەمریکا لە سەرو جەنایەتکار ترین، فاشیستی ترین و شەڕ ئەنگێز ترین دەوڵەتانی دنیا دایە و ئەگەر قەرارە ئیدیعانامەیەک لەدژی ئەم دەوڵەتە ئامادە بکرێت، ئەوە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نییە کە دەبێ تەنزیمی بکات. لەبەر ئەوەی کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی خۆی یەکێک لە کۆنەپەرست ترین دەوڵەتەکانی دنیایە کە نەتەنیا ٤٠ ساڵە کە هەموو جۆرە حەرەکەتێکی ئازادی خوازانە لە ئێران سەرکوت دەکات، نەتەنیا بەملیۆن ئینسانی بەرەو ژێر هێڵی هەژاری بردوە و کۆمەڵگای گەیاندۆتە لێواری هەڵدێر، بەڵکو یەکێک لە یاریكه‌رانی سەرەکەی شەڕە نیابەتیەکانە لە ناوچەکەدا و لێک هەڵوەشاندنی شیرازەی ئەم وڵاتانە. کەوایە نە دەوڵەتی ئیمپریالیستی ئەمریکا و نە ڕژیمی تا سەر ئێسقان کۆنەپەرست و سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی لە ئاستیکدا نین کە بەناوی دیفاع لە” ئینسانیەت” ئیدیعانامە لەدژی یەکتر دەربکەن.

گۆمانی تێدا نییە کە دەست پێکی تەحریمەکانی ئەمریکا سەرەتای دەورێکی تر لە شەڕ و کێشەی نێوان هەردوو دەسەڵاتی کۆنەپەرستە. ئەم شەڕە هیچ پێوەندیەکی بە قازانج و بەرژەوەدنی خەڵکی ئێرانەوە نییە و دوکەڵەکەی دەچێتە چاوی ئەو خەڵکەوە.