کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

گرفتەکانی شۆڕشی کرێکاری ڕووسییە بە بۆنەی سەدەمین ساڵی ئەم شۆڕشەوە “بەشی دووهەم”

شۆڕشی کرێکاری رووسییە لە هەمان سبەی ڕۆژی سەرکەوتنیەوە بەرەوڕووی گەلێک کێشەوگرفتی گەورە بوویەوە:

یەکەم گرفتێک کە لە هەمان سبەی ڕۆژی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی سەرتاسەری شوڕاکان هاتە سەر ڕێی حکومەتی تازە پێكهاتوو، پێویستی خێرای کۆتایی هێنان بە شەڕ بوو. کۆمەڵگای رووسییە بۆ پتەو کردنی دەسەڵاتی حکومەتی کرێکاری، پێویستی بە ئاشتی خێرا هەبوو، بەڵام لە هەمانحاڵدا ئاشتی بەبێ دانی ئیمتیاز بە دەوڵەتانی ئاڵمان و ئوتڕیش، مۆیه‌سه‌ر نەبوو. بەشێک لە ڕێبەرانی حیزب مایل بوون شەڕ بەردەوام بێت تا بتوانن ئەو سەرزەویانەی کە ئەڕتەشی رووسییەی تزاری لە سەرەتای شەڕی جیهانی یەکەم لە مەودای ساڵەکانی ١٩١٤ تا ١٩١٧ ی زاینی لە دەستی دابوون، سەرلەنوێ وەربگرنەوە. یەکەم ناکۆکی لە نێوان ڕێبەرانی حیزبی بۆلشویکدا و تەنانەت ئەحزابی کۆمۆنیستی ئۆرووپادا، لەسەر ئەم بابەتە سەری هەڵدا. لێنین و هاوڕێکانی لەوانە ترۆتێسکی یەکێک لە ڕێبەرانی شۆڕش بەسەر ناکۆکییە نێو خۆییەکاندا زاڵ بوون و سەرئەنجام لە ڕێكه‌وتی ٣ی مارسی ١٩١٨ دا دوای وتووێژێکی دژوار و دوورودرێژ، قەراردادی ئاشتی لەگەڵ ئاڵمان و ئوتڕیش مۆر کرا.

گرفتی دووهەم، لەشکرکێشی زلهێزە سەرمایەدارییەکانی ئۆرووپا و خۆڕاگری کۆنەپەرستانی نێوخۆ بۆ تێکشکاندنی حکومەتی کرێکاری لە رووسییە بوو. هەر زوو دوای کۆتایی هاتنی شەڕی جیهانی یەکەم لە ساڵی ١٩١٨زاینیدا، ١٤ دەوڵەتی ئۆرووپایی، لە ترسی پەرەسەندنی شۆڕشی کرێکاری بەرەو وڵاتەکانیان، لە هێرش بۆسەر رووسییە و تێکشکاندنی دەوڵەتی کرێکاری یەکیانگرت. ئەڕتەشی دەوڵەتانی ئۆرووپایی لە هەموو لایەکەوە لە سنوورەکانی رووسییە نزیک بوونەوە. هاوکات هێزە دژی شۆڕشەکانی نیوخۆی رووسییە لەژێر ناوی ” ئەڕتەشی سپی”دا، بە پارە و ئیمکاناتێک کە دەوڵەتانی ڕوژئاوایی خستبویانە بەردەستیان، هێندێک ناوچەیان داگیر کرد. ڕێبەرانی شۆڕش بە خێرایی ئەڕتەشێکی پێکهاتوو لە بە ملیۆن کرێکار و زەحمەتکێشی رووسییەیان بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەم هێرشە پێکهێنا. نەبەردێکی چارەنووس ساز، خۆڕاگرییەکی لێبڕاوانە و حەماسی تا ئاستی مردن، بۆ دیفاع لە حکومەتی کرێکاری دەستی پێکرد. کرێکارانی ئۆرووپایی بۆ پشتیوانی لە هاو چارەنووسەکانیان لە رووسییە راپەڕین. ئەڕتەشە ڕۆژئاواییەکان، هەم لەژێر گوشاری ناڕەزایەتیی و مانگرتنی کرێکاران لە ئۆرووپا، کە مەترسی پەرەسەندنی شۆڕشیان بەرەو وڵاتەکانیان هەست پێکردبوو، و هەم لە ئاکامی خۆڕاگری “ئەڕتەشی سوور”دا، دوای ٤ ساڵ لە درێژەدان بە شەڕی داگیرکارانە، سەرئەنجام لە ساڵی ١٩٢٢ پاشەکشەیان کرد لە بەرەکانی شەڕ و هێزەکانی ” ئەڕتەشی سپی”ش، کە پشتیوانی دەرەکی خۆیان لەدەستدا بوو، لە بەرانبەر خۆڕاگری و تێکۆشانی “ئەڕتەشی سوور”دا دەوامیان نەهێنا و تێکشکان.

گرفتی سێهەم، وشکە ساڵی و قاتوقڕی کارەساتبار لە رووسییە بوو بەدوایدا. کەم بوونی باران بە تایبەت لە ساڵەکانی ١٩٢٠ و ١٩٢١ بوو بە هۆی کەم بوونەوەی زۆری بەرهەمە کشتوکاڵیەکان. دەوڵەتانی سەرمایەداری ئۆرووپا کە لە نەبەرد لەگەڵ ئەڕتەشی سووردا شکستیان خوارد و سەر شۆڕانە پاشەکشەیان کردبوو، گەمارۆیەکی ئابووری جەنایەتکارانەیان لە قۆناغی قاتوقڕی و وشکە ساڵیدا بەسەر خەڵکی ئەو وڵاتەدا سەپاند. گەمارۆی ئابووری و شەڕ، توند بوونەوەی ئەم کارەساتەی دوو هێندە کردبوو. حکومەتی کرێکاری ناچار بوو کۆمەڵێک سیاسەتی سەختگیرانە بۆ دابەش کردنی دادپەروەرانەی پێداویستی خۆراکی زەرووری بگرێتەبەر، کە ئەمەش خۆی کۆمەڵێک گیروگرفتی نوێی بەداوادا هات. لەم ساڵە دژوارانەدا، بە ملیۆن کەس لە ئاکامی قاتوقڕی و نەخۆشی واگیرداردا مردن.

گرفتی چوارەم، خۆڕاگری چینی مامناوەند بوو. وەرزێرانی موڕەفە، ئامادە نەبوون زیادەی بەرهەمەکانیان بنێنە ئیختیار دەوڵەتەوە و ئەوانیان زەخیرە دەکرد لە کۆگای شاراوەدا. لە بەشی پیشەسازیشدا مودیرانی کارخانەکان هەڵاتبوون و کۆنترۆڵی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان درابووە دەست ” کۆمیتە کرێکارییەکان”، بەڵام کەسی شارەزا و ئەندازیاران ئامادە نەبوون کە شارەزایی و تواناییەکانیان بخەنە ئیختیار ئەو کۆمیتانەوە. لە بەرانبەر ئەو گوشارانە کە لە ئاستێکی بەرین و جەماوەریدا دەخرایە سەر حکومەتی کرێکاری، دەوڵەت لەبەرانبەرخۆڕاگری چینی مامناوەند دا دەستی دایە پاشەکشەیەکی تاکتیکی. سیاسەتی سەخت گیرانەی ناسراو بە ” کۆمۆنیزمی جەنگی” کە لە ساڵەکانی نێوان ١٩١٧ تا ١٩٢١ گیرابوویەبەر، هەموار کرایەوە. کۆمەڵێک ئیمتیزیان دایە چینی مامناوەند لەژێر ناوی ” سیاسەتی نوێی ئابووری”، تا خۆراگرییەکەیان پوچەڵ بکرێتەوە. بە هۆی ئەم سیاسەتەوە جووتیارانی دەوڵەمەند دەیانتوانی بەرهەمەکانیان لە بازاڕی ئازاد دا بفرۆشن. حقوق و ئیمتیازاتیی زیاتر درا بە تیکنیسێن و ئەندازیارەکان. ئەم ئیمتیازانە لە ناوەرۆکی واقعی خۆیدا سەرمایەدارانە و پاشەکشەیەک بوو لە ئاڕمانی سۆسیالیستی چینی کرێکار و لە قانونی ئەساسی پەسند کراوی نوێنەرانی سەرتاسەری شوڕاکان.

لەگەڵ گشت ئەم گرفتانەدا، حکومەتی کرێکاری رووسییە، بە هیمەتی بە ملیۆن ئینسان کە تا دوێنێ سوکایەتیان پێدەکرا و مافەکانیان پێشێل دەبوو، وەک کۆیلەکانی سەرمایە کاریان پێدەکرا، و لەمرۆدا لە پێگەی ڕێبەریی کۆمەڵگادا بوون ، هیوا بە ڕزگاربوونیان لە ناخی بە سەدان ملیۆن ئینسانی کرێکار و خەڵکی بێبەش و ستەم دیتو لە سەرتاسەری دنیادا زیندو کردبۆوە، پایەدار مایەوە. ئەم سەرکەوتنە سەرەتاییە، کە سۆسیالیزمی زانستی چرای ڕێگای بوو و ئێستا ئاماژە بە دەستکەوتەکانی دەکەین، بە گیانبازی و لەخۆبوردوییەکی بێ وێنە لە مێژودا، مسۆگەر بوو. حکومەتی کرێکاری لە دەورەکانی دواتردا تووشی هەر چارەنووسێک هات، تا ئێرە بوو بە خاڵێکی ئەرێنی لە مێژووی بەشەریەتدا. لە چوارەمین ساڵیادی شۆڕشی کرێکاری رووسییە، لێنین لە سوخەنرانیەکدا بەم بۆنەیەوە وتی:

” ئەم یەکەم سەرکەوتنە هێشتا سەرکەوتنی کۆتایی نییە و ئەم سەرکەوتنەی شۆڕشی ئۆکتۆبری ئێمە بە گەلێک دژواری و ناهەمواری نەبیندراو و ڕەنج و ئازاری نەبیستراو و زنجیرەیەک ناکامی و هەڵەی گەورەدا کە ئێمە کردومانە، بەدەست هاتووە و لە بنەڕەتدا مەگەر دەکرا کە خەڵکێکی دواکەوتوو بتوانێ بەبێ ناکامی و بەبێ هەڵە بەسەر شەڕە ئیمپڕیالیستیەکانی بەهێزترین وڵاتانی ڕۆژئاوای گۆی زەویدا سەربکەوێ! ئێمە پێی لێدەنێین کە هەڵەمان بووە و نایشارینەوە و وشیارانە لێیاندەڕوانین تا شێوازی چارەسەر کردنی ئەم هەڵانە فێربین. ئێمە ئەم کارەمان دەست پێکردووە، بەڵام ئەوەیکە ئایا کەی و لە چ ماوەیەکدا و پرولیتاریای کام نەتەوە ئەم بابەتە بەسەرئەنجام دەگەیەنێ، مەسلەیەکی بنەڕەتی نییە. بابەتی سەرەکی ئەوەیە کە سەهۆڵەکە درزی بردووە و لە جێگای خۆی خزیوە، ڕێگا کراوەتەوە، ڕێگاکە دەست نیشان کراوە.”

بابەتی پەیوەندیدار

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-