هەرجار ناجارێک هەواڵی درانەبەر ڕەگباری گوللەی کەسانێکمان دهگاته گوێ، کە بۆ دهست خستنی بژیوی ڕۆژانەی بنەماڵەکانیان، لەڕووی ناچارییەوە کۆڵبەریی لەسەر سنوورەکانیان کردووهتە پیشە. بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاو کراونەتەوە لە ماوهی ئهم ڕۆژانەی دواییدا دوو کۆڵبەری دیكه به تەقەی هێزە ئینتیزامییەکان لە سنوورەکانی ورمێ و سەلاسی باوەجانیی گیانیان لەدەستداوە. بە پێی ئەم هەواڵانە کاتێک کە کۆمەڵێک كۆڵبهر لە ناوچەی سنووریی ” سۆمابرادۆست ی سەر بە ورمێ” دەکەونە کەمینی هێزە چەکدارەکانی ڕژیمەوە، لە ئاکامی تەقەی ئەم هێزانەدا كۆڵبهرێك بەناوی” حەسەن ئەمینی” گیانی لەدەست دەدات. هەروەها هێزە ئینتیزامییەکانی ڕژیم بەبێ دهنگدان و ئاگادارکردنەوە، کۆڵبەرێک بەناوی ” ئەحمەد نەزەری” دەدەنەبەر گوللە و دەیکوژن. بەپێی ڕاپۆرتێکی دیكه، چهند ڕۆژ لەمهوبهر و له ئێوارەی ٢١ی مانگی ڕەزبەریشدا، هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی ئیسلامیی لە شوێنێک بەناوی ” بەردەزووران” تەقە لە کاروانی کۆڵبەرەکان دەکەن کە لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی خەڵکی پیرانشار بەقورسیی بریندار دەبێت و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێر لە هەرێمی کوردستان دەکرێت.کۆڵبەران ئەو ئینسانە شەریف و زەحمەتکێشانەن کە بۆ دابینکردنی بژیوی خۆیان و بنەماڵەکانیان پێیان ناوەتە سهر ڕێگهكانی مەرگەوە. کاری کۆڵبەریی تەنها لەسەر سنووری کوردستان باوە. کارێکی سەخت و دژوار و پڕمەترسیی کە بۆ دابین بوونی پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیان هەروا درێژەی هەیە. هەڵبەت جیا لە سەختیی و تاقەت پڕووکێن بوونی کارەکە، ئەوەیکە زیاتر لە هەر شتێکی دیکە هەڕەشەیه بۆسهر خەڵکی زەحمەتکێش، جەنایەتێکە کە بەردەوام لە لایەن مەئمورەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە لەسەر سنوورەکاندا ڕوو دەدەن و به هۆی ههر تهقهكردنێكیشهوه، ژمارەیەکیان بەداخەوە گیانیان لە دەست دەدەن.
بۆ کەسانێک کە کەمتر شارەزای ناوچە سنوورییەکانی کوردستانن، ڕەنگە ئەم پرسیارە بێتەگوڕێ کە بۆچی ئەم خەڵکە ڕوو دەکەنە کارێكی لهم چهشنه كه تا ئهم ڕادهیه پڕ مەترسییه؟ ڕاستییەکەی ئەوەیە کە لە بارودۆخێکدا کە ڕێژەی بێکاریی لە ناوچە کوردنشینەکانی ڕۆژئاوی ئێراندا گەلێک بەرزە و کرێکاران و زەحمەتکێشانی ناوچە سنوورییەکان کەمتر لە هەر شوێنێکی دیکەی ئێران شانسی دۆزینەوەی کاریان هەیە، مهعلوومه کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەم ناوچانە لەڕووی ناچاریی و بۆ دابینکردنی بژیو و پێداویستییەکانی ژیان، ڕوو دەکەنە ئەمجۆرە کارانە و كوێرەڕێگای سەخت و هەڵدێر، مەیدانی مین و کەمینگا جۆراوجۆرەکانی نێوان پایەگا نیزامییەکان کە هەر کامەو گوزەرگایەکن بۆ مەرگ، بە نیگەرانییەوە تێدەپەڕێنن و بارێکی قورس بەهەزار ترس و هیواوە بۆ ماوهی چەندین سهعات بە کۆڵەوە دەگرن، ههتا بهشكهم لەم ڕێگایەوە بتوانن وڵامدەرەوەی دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان بن. حاکمییەتی ڕژیمی ئیسلامیی ڕێگایەکی دیکەی بۆ ئەم خەڵکە نەهێشتووهتەوە.
ئەم زەحمەتکێشانە بۆ زەمانەتکردنی بەردەوامبوونی ئەمکارە پڕمەترسییەش، دەبێ بتوانن لەهەر بارودۆخێکدا شتومهكی خاوەن بار و تاجر و بازرگانهكان، بە سڵامەتیی بگەیەننە مەقسەد. تەنها ئەو کاتەیە کە لەبری ئهمکارە پڕ مەترسیی و مەرگبارە، هەقدەستێکی کەمیان دەدرێتێ. بەڵام ئەمکارە زۆرجار ناگاته ئهم ئهنجامه و جیا لە سەخت و دژواربوونی کارەکە، هێزە بهناو سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیش بە شێوەی جۆراوجۆر خەڵکێکی زەحمەتکێش کە لە ڕێگای کۆڵبەرییەوە خەریکی دابینکردنی بژیوی ژیانیانن، ئەزیەت و ئازار دەدەن، باجیان لێدەستێنن، بارەکانیان تاڵان دەکەن و هەر جار ناجارێکیش بە ئامانجی سیاسیی و بە مەبەستی نانەوەی ترس و وەحشەت و نائەمنیی لە ناوچەکەدا، دهیاندهنه بەر ڕەگباری گوللە و دەیانکوژن. كاتێكیش كه کالا و شتومهكهكانیان تاڵان كرا، لە لایەن دەڵاڵ و دهستوپێوهندهكانی ئەم هێزانەوە لە بازاڕەکانی سەرسنووردا جارێکی دیكه دەفرۆشرێنەوە. گەلێک جار ئەو کۆڵبەرانەی کەوتونەتە کەمینەوە، ناچارن بۆ ڕزگاربوون لە دەست باجگیرانی هێزە نیزامییەکانی ڕژیم جێگیر لە پایهگا و مەسیرهكانی ڕێگا، بەشێک لە داهاتە کەمەکەیان بۆ ڕزگاربوونی خۆیان و بارەکانیان بدەن بە بەكرێگیراوانی ڕژیم.
کۆڵبەریی ئەمکارە سەخت و تاقەت پڕوکێنەی كه سهرهڕای گشت دژاوریی و مەترسییەکانی، بۆ خەڵکێک کە هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان نییە، وەک ” کار” بەحیساب دێت و جەماوەرێکی زۆر لە خەڵکی ناوچەکە ڕوویان تێکردووە. لهسهرهوهبوونی ئاستی بێکاریی و هەژاریی، ئەم ” کارەی” بەسەر خەڵکی ئەم ناوچەیەدا سەپاندووە. تەیفێکی بەرین لەوان بە ژن و پیاو و پیر و لاو، یان تەنانەت تازە لاویشەوە، خەریکی ئەمکارە سەخت و پڕمەترسییەن. لە نێو کۆڵبەرەکاندا تازەلاوی کەمتر لە ١٥ ساڵ و پیری بانتر لە ٦٥ ساڵیش دەبیندرێن. ژمارەیەکی زۆر لە کاسبکارانی سەرسنوور و کۆڵبەرانی لاو، ئەو کەسانەن کە خوێندنی زانکۆیان تەواو کردووە و ههتا ئێستا نەیانتوانیوە کارێک بدۆزنەوە. “کۆڵبەر” لهڕاستیدا كهسێكه کە لەسەر سنوورەکان خەریک به کاری گواستنەوەی کەلوپەله ، لە ڕاستیدا هێزی کاری كرێگرتهی ئەو تاجر و دەڵاڵانەیه کە بەو دەفتەر و دەستەکەی كه لە شار و گوندهكانی سەرسنوور دایانمهزراندووه، کالاكان لە خاڵێکی سنوورییەوە ڕەوانە دهكهن یان وەردهگرن و لهم ڕێگهیهوه زۆرترین سوود و قازانج دهخهنه گیرفانیانهوه، بەبێ ئەوەیکە هەڕەشەی هیچ مەترسییەکیشیان لەسەر بێت و له ئاخریدا، هەقدەست و كرێیهكی کەمیش دەدەن بە کۆڵبەرەکان.
به هۆی ئهوهشهوه کە لە کوردستان ڕێژهی بێکاریی هەروا ڕووی لە ههڵكشانه، ڕۆژانە بە ژمارەی ئەو کەسانەوە زیاد دهبێ کە ڕوو دەکەنە ” کاری” مەترسیداری کۆڵبەریی. ئینجا لهبهر ئهوهشکە ئەمکارە نە ڕەسمییە و نە یاسایی و نە لە چوارچێوەی هیچ کارێکی ناسراو دا پێناسه كراوه، بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ هەر ڕووداوێک، لێکهەڵوەشانی شیرازەی ژیانیانی بەشوێنەوە دەبێت. ئەم دۆخە سەخت و دژوارەیکە ڕژیم بەسەر زەحمەتکێشانی سەر سنووریدا سەپاندووە، گۆشەیەک لە دواهاتەکانی سیاسەتە شۆڤێنیستییەکانی کۆماری ئیسلامییە لەدژی خەڵکی کوردستان کە لە ماوەی زیاد لە سێ دەیەی ڕابردوودا و بە پشتیوانهی میلیتاریزەکردنی ئەم ناوچەیە و پەیڕەوکردنی سیاسەتی سەرکوتگەرانە و ئەمنییەتی کردنهوهی فەزای شارەکان بەرەوپێشی بردووە. ئەم سیاسەتە و پێداگریی حاکمییەتی کۆماری ئیسلامیی لەسەری، زەمینەی ئامادەکاری بۆ بزوتنەوەیەکی بەهێزی سیاسی لە کوردستان فەراهەم کردووە. بزوتنەوەیەکی ڕادیکاڵ کە ئەم بێبەشیی و بێمافییانە بە چارەنووسی حەتمی و چارهههلنهگری خەڵکی ستەمدیتووی کوردستان نازانێ و دەیەوێ کۆتایی بەم گشتە بێبەشی و بێمافییانە بێنێ. گومان لهوهشدا نییە کە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لە کوردستان، لەم خەبات و تێکۆشانەیاندا بەتەنیا نین و کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی باقی ناوچەکانی ئێرانیشیان لهگهڵه و پشتیوانیان دهبن، لهبهر ئهوهیکە ئەوانیش بهدهست حاکمییەتی ئیسلامییهوه وەگیان هاتوون.
لەمڕۆدا ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لەگەڵ گەلێک قەیران و ئاسهنگیدا بەرەوڕوویە، لهوهها بارودۆخێكیشدا، دەستەبەربوونی گۆشەیەک لە ویست و داواکاریی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لە گرەوی پەرەدان بە خەباتی کرێکاریی و جەماوەریی لە ئاستێکی سەرتاسەریدایە. گەشەی وشیاریی چینایەتیی، پێکهێنانی تەشەکۆلی چینایەتیی و جەماوەریی و دەستەبەربوونی ئاسۆیەکی ڕوونی سیاسیی لەسەر بهستێنی ئەم خەبات و تێکۆشانە، ئەو پێشمەرجانەن کە دەتوانن بەرەوپێشچوونی خەبات بۆ پاشەکشەکردن بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی، لە دەستگرتن بەسەر گیان و ژیانی خەڵکدا زەمانەت بکەن. ههر بۆیه لهڕێگهی دابینکردنی پێداویستییەکانی بەرەوپێشبردنی خەباتی کرێکاریی و جەماوەرییە کە دەکرێ زیادكرانی هەقدەستەکان پێ به پێی دابینبوونی ژیانێکی ئینسانیی و بیمەی بێکاریی مۆكفی بۆ هەموو كهسێكی ئاماده بهكار، بەسەر ڕژیمدا بسەپێ و لە کوردستانیش کۆتایی بە دیاردەی پڕ مەترسیی کۆڵبەریی بێت.