کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

گرانی نان لە ڕێ دایە، با بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئامادە بین

شەپۆلێکی نوێ لە گران بوونی پێداویستیەکانی رۆژانەی خەڵک، بازاڕەکانی ئێرانی داگرتوە. لەم نێوانەدا سەرۆکی یەکێتی نانەواکان پێش بینی کردوە کە بە زوویی نرخی هەموو جۆرەکانی نان ٣٥ لەسەد بەرز دەبێتەوە. ئەو بە دیفاع لە پێویستی زیاد بوونی نرخی نان دەڵێ:” بە سه‌رنجدان بە زیاد بوونی هەزینەکانی ئێستا و سەقامگیری نرخی نان لە ماوەی ئەم سێ ساڵەی دواییدا، چوونه‌سه‌ر‌ی نرخی ئەم کالا ئەساسییە بە زەروری دەزاندرێت. “ئەو لە دیفاع لەم بە ناو زەرورەتەدا پەنا دەباتە بەر ” عوزری خراپتر لە گوناه” و دەڵێ:” ئەگەر نرخی نان بەرز نەبێتەوە، نانەواکان بۆ قەرەبووی زیاد بوونی هەزینەکانیان، ناچارن گونكە هەویرەکان چکۆلە بکەنەوە و برژاندنی نان بە کرێکارانی نا شارەزا بسپێرن.” بەم جۆرە هەموو دیاردەکان ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێن کە بەزوویی شاهیدی گران بوونی نرخی نان تا ئاستی ٥٠ لەسەدیش بین. ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە ساڵی ١٣٩٣دا، نرخی نان تا ٥٠ لەسەد بەرز بۆوە و لەو کاتەوە تا ئێستا نه‌هاتوه‌ته‌ خوارێ.

بڵاو کرانەوەی ئەم جۆرە هەواڵە لە لایەن سەرچاوەی نا ڕەسمی ڕژیمەوە بەشێک لە ئامادە سازی ڕەوانی ڕای گشتییە بۆ گران کردنی نرخی نان. شگردی ڕژیم لە ڕابردوودا ئەوە بووە کە لە ترسی ناڕەزایەتیی خەڵک سەرەتا زیاد بوونی نرخی نانی بە شێوەی ئازمایشی لە چەند ئوستان بە کردەوە دەرهێناوە و دواتر سەرتاسەری کردۆتەوە. له‌ ڕاستی دا نان خۆراکی سەرەکی زۆربەی خەڵکی ئێران پێکدێنێ. بەبێ نان سفرەی گەلێک لە بنەماڵەکان، خاڵی دەبێت. گران بوونی نان، واتە برسی بوونی زیاتری کرێکاران و جەماوەری بێبەشی ئەم کۆمەڵگایە. هەر ئێستا لەنێو توێژی کەم داهاتی کۆمەڵگادا، بە هۆی بەهرەمەند نەبوون لە سەرەتایی ترین و پێویست ترین مادە خۆراکیەکانی وەک گۆشت، سەوزی، میوە، دانەوێڵە، هێلکە و هیتر، شاهیدی بڵاو بوونەوەی گەلێک نەخۆشی و چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ڕێژەی مەرگ و میری پێش وەختین. بە گران بوونی نان ڕێژەی کەمبودە خۆراکیەکان دیسانیش زیاتر و ئاسەوارەکانی سەرچاوە گرتوو لە بەد خۆراکی گەلێک زیاتر دەبێت.

شەپۆلی نوێی گرانی تەنیا بە نرخی نان بەرتەسک نابێتەوە. لەم دواییانەدا نرخی چەند قەڵەم کالای خۆراکی دیکە زیادیان کردوە و لەوانە دەکرێ ئاماژە بە گۆشتی سور، گوشتی مریشک و برنج بکرێت. سەرۆکی یەکێتی فرۆشیارانی مریشک و ماسی باسی لە بەرز بوونەوەی گۆشتی مریشک کردوە و وتویەتی کە هەر ئێستا نرخی هەر کیلۆیەک گۆشتی مریشک لە ٨ هەزار و ٥٠٠ تمەن تێپەڕیوە. هه‌روه‌ها نرخی گۆشتی مەڕ لە کیلۆی ٢٣ هەزار تمەنەوە گەیشتۆتە ٤٠ هەزار تمەن.

روحانی لە دەورەی هەڵبژاردندا وەعدەی دابوو کە هەم دۆخی کرێکاران باشتر دەکات و هەم دەرفەتی باشتر بۆ خاوەنکارانی کەرتی تایبەت فەراهەم دەکات. لەگەڵ شەپۆلێکی نوێ لە گرانی ئاشکرایە کە وەعدە پڕ لە ناکۆکیەکانی بە قازانجی خاوه‌نكاران و به‌ زیانی کرێکاران بە کردەوە دەرهاتوون. کارنامەی دەوڵەتی روحانی هیچ شتێک نییە بێجگە لە توند بوونەوەی فەلاکەتی ئابووری بۆ زۆربەی خەڵکی ئەم کۆمەڵگایە، بێجگە لە خزمەتگوزاری گشتی گەلێک نزم تر، بێکاری گەلێک زیاتر، ئاوسانی بەرز تر، گرانی دیسانیش زیاتر، هەژاری زۆر بەربڵاو تر، و خەسارە کۆمەڵایەتیەكان بەرینترە، هیچی تر نەبووە. ئەوەیە ڕاستی و واقعیەتی وەعدەکانی روحانی بە خەڵکێک کە دەنگیان پێداوە.194

بەڵام وەبیر هێنانەوەی بە کردەوە دەرنەهاتنی وەعدەکانی روحانی و کەسانی دیکەی وەک ئەو دەردێک دەوا ناکات. لە هەمان سەرەتاشەوە هیچ شتێک لەوە زیاتر لە دەوڵەتی روحانی چاوەڕوان نەدەکرا. هێرشی تازەی ڕژیم بۆسەر ئاستی ژیان و بەڕێچوونی کرێکاران و خەڵکی هەژار، دەبێ وڵامی شایستەی خۆی وەربگرێتەوە. نابێ ڕێگه‌ بدرێت کە ڕژیم ئەم دەستدرێژە ئاشکرایە بۆسەر ژیان و بەڕێچوونیان بە بەبێ باج و بە هاسانی تێپەڕێنێ و قەیرانی ئابووری خۆی چاره‌سه‌ر بكات و هەزینەی ئۆرگانە سەرکوتگەرەکانی لەنێو خۆی وڵاتدا و ده‌ستدرێژه‌كانی له‌ ناوچه‌كه‌دا، بە قیمەتی توند بوونەوەی چەوساندنەوەی کرێکاران و دزینی نانی سەر سفرەی زۆربەی خەڵکی ئەم وڵاتە دابین بكات.

ئەوەی کە ئەمرۆ لەم وڵاتەدا روو ئەدات، چارەنووسی چار هەڵنەگری خەڵکێک نییە کە خوڵقێنەری هەموو سەروەت و نێعمەتەکانی ئەم کۆمەڵگایەن و لە سەر زەویەکدا دەژین کە پڕە لە هەموو ئیمکاناتێکی ژیانێکی ئاسودە و پڕ لە ڕیفاه‌. لە ئاوا بارودۆخێکدا و وەک هەمیشە بۆ ڕزگار بوونی جەماوەری هەژاری کۆمەڵگە لە ژێر باری قورسی ئاسەوارەکانی سەرچاوە گرتوو لە فەلاکەتێکی ئابووری کە ڕژیم بەسەر خەڵکیدا سەپاندوە، ڕێگایەک بێجگە لە ناڕەزایەتیی ده‌ربڕین و خەبات لەبەر دەمدا نییە. تەنیا ڕێگای بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ئەم هێرشە ئاشکرایە بۆسەر ئاستی بەڕێچوونی بێبەشانی کۆمەڵگە حه‌ره‌كه‌تی یەکپارچە و ڕیکخراوی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشە. لە کۆمەڵگایەکدا کە قیمەتی نان لە شەوێکدا زیاتر لە سی لەسەد بەرز دەبێتەوە، بۆچی حەقدەستەکان هەروا سێ جار لەژێر هێڵی هەژاریدان؟ خەبات لەدژی ڕەوتی روو لە سەری نرخی نان و باقی پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیان، خەبات لەدژی بێکاری و ئاستی لەخوارەوەی حەقدەستەکان، لە زومرەی مەیدانە گرنگەکانی بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەم ڕژیمە دژی خەڵکیەن.

هیچ کەس نابێ بەدەست کەم بوونی مادەی خۆراکیەوە ئازار بکێشێ و بەهۆی ئەم کەمبودانەوە هەڕەشەی مەرگی لەسەر بێت. نابێ هیچ کەس لەبەر نەبوونی نان و دەرمان و مەسکەن گیان لە دەست بدات. بۆ کۆتایی هێنان بە گشت ئەم بێبەشیانە دەبێ یەکپارچە و یەکگرتوانە بێینە مەیدان. دابین بوونی نان و مەسکەن و بێهداشت و سڵامەتی و خزمەتگوزاری دەرمانی، مافی سەلمێندراوی گشت هاوڵاتیانه‌. ئەم مافە سەرەتاییانە دەبێ لە گەروی ئەم ڕژیمە دەربکێشرێن.