کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
بابه‌تی گه‌یشتوو

کارگەیەک بە بێ خاوەنکار: ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری کرێکاران لە ئەرژەنتین

نووسەر:  ماریاتریگۆنا

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: لاوێن ئەمانی

کاری ئێمە مژدەبەخشی گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە شێوازی بەڕێوەبردنی کارگەکاندا. ئێمە کۆمەڵێک پەیوەندی‌ کۆمەڵایەتی نوێمان لە کارگەدا جێخستووە. لەگەڵ زانکۆکان، ڕێکخراوەکان و یەکێتییەکانی کرێکارانی بێکار بووینەتە هاوپەیمان. “زانۆنبە هیچ شێوەیەک ئەزموونێکی دەگمەن یا بیرۆکەیەکی شێتانە نییە، بەڵکوو ئەزموونێکی لێکگرێدراوی بەردەوامە کە بەشێک لە کرێکاران بە کردەوە بەدییانهێناوە. کەسانێکی زۆر زانۆن وەک تاقیگەیەک بۆ تاقیکردنەوەی خەونەکانی کرێکاران دەبینن. بەڵام ئێستاکە کە پێنج ساڵ بەسەر ئەم ئەزموونەدا تێپەڕ دەبێت دەبێ بوترێت کە ئێرە چیتر تاقیگە نییە: ئێمە لە بەرامبەر مۆدێلی سەرمایەداریدا، بەدیلیکی ئابووریمان نیشان داوە.

ئالیخاندرۆ کیرۆگا، یەکێک لە کرێکارانی زانۆن

کارگە خۆبەڕێوەبەرەکانی ئەرژەنتین نموونەیەکیان خستووەتە پێش چاوی سەرجەم کرێکارانی جیهان کە نیشانی ئەدات کرێکاران بە بێ بوونی بەڕێوەبەر و خاوەن کارگە، باشتر دەتوانن کەسپ و کارەکان بەرەو پێش ببەن. ئەم دیاردەیە کە کرێکاران بەڕێوەبردنی شوێنی کاری خۆیان بگرنە ئەستۆ لە ساڵێ ٢٠٠٠ەوە دەستی پێکرد و لە ساڵی ٢٠٠١دا گەیشتە لووتکە، واتا ئەو کاتەی کە ئەرژەنتین خراپترین قەیرانی ئابووری خۆی تێپەڕ دەکرد. هەر لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا بە هەزاران کارگە داخران و بە ملیۆنان کریکار بێکار بوون. ئەو سەرچەشنەی کە لە ئەرژەنتیندا خوولقا، ئاماژە بە خەباتێک دەکات کە بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی بێبەری لە چەوساندنەوە و سەرکوت لەسەر ڕێمانە.

کارگەی کاشی سیرامیکی زانۆن گەورەترین کارگەیەکە کە کرێکاران وەریانگرتووەتەوە و لە ساڵی ٢٠٠١ەوە لە ژێر دەستی خۆیاندایە. ئەم کارگەیە لە پارێزگای نێئۆکێنە لە پاتاگۆنیا و لە ئێستادا (٢٠٠٥) ٤٧٠ کەس کاری تێدا دەکەن. زانۆن و ١٨٠ کارگەی دەستبەسەرداگیراوی تر توانیان زیاتر لە دە هەزار هەلی کار بئافرێنن. ئەم ئەزموونە خاڵی بنچینەیی وەبەرهێنانی سەرلەنوێ پێناسە کردەوە: خاوەنکارەکان بە بێ کرێکاران توانایی بەڕێوەبردنی هیچ کەسپ و کارێکیان نییە، بەڵام کرێکاران بە بێ خاوەنکار باشتر دەتوانن کارەکان ئەنجام بدەن. ئەگەرچی ئەم چەشنە ئەزموونانە ناچارن لە هەناوی بازاڕی سەرمایەداریدا درێژە بە کاری خۆیان بدەن، لێ دواجار ئاسۆیەک لە کلتورێکی کاریی نوێمان بەڕوودا دەکەنەوە.

لە ساڵی ٢٠٠١دا خاوەندارانی کارگەی زانۆن بڕیاریاندا کارگەکە دابخەن و بە بێ پێدانی قەرەبوو یان تەنانەت حەقدەستی دواکەوتووی چەندین مانگەیان، سەرجەمی کرێکارەکانیان دەرکرد. ساڵێک بەر لەوە، کرێکارەکان لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەرکردنی بەکۆمەڵ و داخرانی ژمارەیەکی زۆر لە هێڵەکانی وەبەرهێنان دەستیان بە خۆپیشاندان کردبوو. خاوەنی کارگەکە، لوئیس زانۆن، کە زیاتر لە ٧٥ ملیۆن دۆلار بە خاوەن قەرزە دەوڵەتی و تایبەتییەکان قەرزدار بوو، تەواوی کرێکارەکانی دەرکرد و لە ساڵی ٢٠٠١دا کارگەکەی داخست. لە ئۆکتۆبەری ٢٠٠١دا کرێکارەکان ڕایانگەیاند کە کارگەکە دەبێت بەوان بدرێت. چوار مانگ لە دەرەوەی کارگەکە خێمەیان هەڵدا و مانەوە، نامیلکەیان بڵاوکردەوە و بەشێک لەو شاڕێگەیەیان داخست کە دەچوویەوە سەر ناوەند واتە نێئۆکێن. ئەو کاتەی کە کرێکارەکان لە دەرەوەی کارگەکە خێمەیان هەڵدابوو، دادگا بڕیاری دا کە لە بری حەقدەستە پێنەدراوەکانیان، پاشماوەی پشکەکان بە کرێکارەکان بدرێت. لە ٢ی مانگی مارسی ٢٠٠٢، ئەنجومەنی کرێکاران بڕیاری دا کە بە بێ بوونی بەڕێوەبەر وەبەرهینان بخەنەوەگەڕ.

یاسامەندییانڕەوایی

کارگەکە بۆ ماوەی چوار ساڵ بە بێ ئەوەی دۆخێکی یاسایی ڕوونی هەبێت درێژەی بە کاری خۆی دا. کرێکارەکان بە دەستبەسەرداگرتن و بەڕێوەبردنی کەسپ و کارێکی جێهێڵراو، ئەویش بە بێ ئەوەی هیچ جۆرە پاڵپشتییەکی یاساییان هەبێت، لەڕاستیدا مەنتقی خاوەندارێتی تایبەتیان بردە ژێر پرسیارەوە. پرسیاری کرێکارەکان ئەوە بوو کە کام یەک لەمانە ڕەواییان هەیە: مافی کرێکاران بۆ بەرگری کردن لە پیشەکانی خۆیان یان خۆ مافی خاوەندارێتی تایبەتی خاوەندار کە لە ڕێگەی سووبسیدی دەوڵەتی و چەوساندنەوەی کرێکارانەوە بەدەست هاتووە؟ چالاکی سیاسی ڕاستەوخۆ و پێشێل کردنی مەنتقی خاوەندارێتی تایبەت یەکێک لە تاکتیکە سەرەکییەکان بووە کە لە لایەن زۆرێک لەو کەسپ و کارانەی کرێکاران وەریانگرتوونەتەوە، بۆ بەدەستهینانی مۆڵەت و متمانەی یاسایی بەکار هێنراوە، کەسپ و کارگەلێک کە درووشمیداگیرکاری، بەرخۆدان و وەربەرهێنانسەرچەشنی ئەوان بووە. کاتێک لە ڕائۆ کلێرمەنیان پرسی کە زیاتر لە بیست و پێنج ساڵ لەو کارگەیەدا کاری کردبوو، بۆچی ئەندامانی جڤاکی خۆجێیی پێویستە بەرگری لە بەردەوامی کارکردن لە کارگەی زانۆندا بکەن، لە وەڵامدا وتبووی: ” لەبەر ئەوەی کە ئەم کارگەیە هی خەڵکە و ئێمە بەرگری لە کارەکانمان دەکەین“.

لەو ڕۆژەوەی کە کرێکاران دەستیان بەسەر زانۆندا گرتووە، داواکاری بەردەوامیان ئەوە بووە کە خاوەندارێتی ناوەندەکانی کەسپ و کار دەبێ بە کرێکاران بسپێردرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، هاوتەریب لەگەڵ ئەم داخوازییەی کرێکاراندا خەباتێکی دیکەشیان خستووەتە ڕێ: ئەوان لە ڕێی چالاکییە سیاسییە بێ‌هەژمارەکانی خۆیانەوە هەوڵیان دا کە دادگای فیدراڵ ناچار بکەن تاوەکوو فاسین‌پەت (کارگەی بە بێ خاوەنکار) بە یاسایی بناسێت.

پێویستیی خۆبەڕێوەبەرێتییەکە ئەوە بووە کە کرێکارەکان بۆ بەرگریکردن لە کارگەکەیان خۆیان ڕێکبخەن. بڕبڕەی پشتی جووڵانەوە ڕادیکاڵەکان و بەردەوامبوونی وەبەرهێنان لە زانۆندا هەر ئەم بەرگریکردنە بووە لە خۆیان لە بەرامبەر هێرشە تووندوتیژەکاندا.  لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا دەوڵەت زۆر کاردانەوەی تووندوتیژی لە خۆی نیشان داوە و جۆرەها تاکتیکی بۆ دەرکردنی کرێکارەکان لە کارگەکە بەکارهێناوە. دەوڵەت تاکوو ئێستاکە پێنج جار پۆلیسی هێناوەتە مەیدان بۆ چۆڵکردنی کارگەکە. دوایین هەنگاویشی بۆ وەدەرنانی کرێکاران لە ٨ی ئاپریلی ٢٠٠٣دا بوو کە لەگەڵیدا زیاتر لە ٥ هەزار کەس لە خەڵکی نێئۆکێن بۆ پشتیوانی لەم کارگەیە هاتنە سەر شەقامەکان. لەگەڵ ئەوەشدا هەڕەشەیان لە کرێکارەکان کرد و هێرشیان کردە سەریان. لە مارسی ٢٠٠٥دا گرووپێکی چوارکەسی هێرشیان کردە سەر ژنی یەکێک لە کرێکارەکان و ئەویان ڕفاند. بە زۆر ئەویان خستە ناو ترۆمبێلێکی فۆرد فالکۆنی سەوزەوەهەمان ئەو مۆدیلەی کە هێزە ئەمنییەتییەکان لە سەردەمی دیکتاتۆری (خۆرخێ ڕافئاویدلا) بۆ ڕفاندنی چالاکانی سیاسی کەڵکیان لێوەردەگرتتاوەکوو بە زیندووکردنەوەی بیرەوەری تووندوتیژیی هێزە نیزامییەکانی ئەو سەردەمە پەیامێکی تۆقێنەر بگەیەنن. ئەم ژنەیان ئەشکەنجە کردبوو و بە چەقۆ لە ڕوخسار و دەست و سنگیان دابوو. لە جەرگەی تەواوی ئەم ڕووداوانەدا، کرێکارەکان بە یەکدەنگ وڵامیان دەدایەوە کە دەست هەڵناگرن لە مافی ڕەوای خۆیان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و کارگەکەیان.

لە ئۆکتۆبەری ٢٠٠٥دا فاسین‌پەت لە شەڕێکی یاساییدا براوە بوو و دادگای فیدراڵ ناچار بوو ئەم کارگەیە لە ڕووی یاساییەوە بە فەرمی بناسێت و چالاکییەکانی بۆ ماوەی ساڵێک بە یاسایی ڕابگەیەنێت. لە ئۆکتۆبەری ٢٠٠٦دا و لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی چۆڵکردنی کارگەکە، ئەنجوومەنی کرێکاران بڕیاریدا جارێکی تر هێزەکانی خۆی تەیار بکات. لە ٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٦دا کرێکارەکان لە شەڕێکی یاسایی درێژماوەدا سەرکەوتوو بوون و  ئەم جارەیان دەوڵەت چالاکییەکانی فاسین‌پەتی بۆ ماوەی سێ ساڵ بە فەرمی ناسی.

چینی کرێکاری ئەرژەنتین سەرکەوتنی کاتیی زانۆنیان جەژن گرت. ئەمجارەکە فاسین‌پەت بەم مۆڵەتە یاساییە نوێیەوە دەیتوانی سەرنجی خۆی لەسەر پلانداڕێژی بۆ وەبەرهێنان چڕ بکاتەوە، دۆخی کارکردن باشتر بکات و پڕۆژە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی بەرفراوان بکات. زانۆن بۆ ڕێزلێنان لەم سەرکەوتنە بەرنامەگەلێکی جیاوازی بەڕێوە برد. یەکێک لەوانە ئەوە بووە کە بانگهێشتی کرێکارەکانی تریشی کردووە بۆ ئەوەی سەردانی زانۆن بکەن و بە چاوی خۆیان ببینن کە خۆیان بە بێ خاوەنکار و بەڕێوەبەر دەتوانن کار بکەن. ئەنجوومەنی کرێکارانی زانۆن گەیشتوون بەو ئەنجامەی کە ئێستاکە لە پێگەیەکدان بتوانن لەم ئەزموونە پێنج ساڵە لە خۆبەڕێوەبەریدا شتگەلێکیش فێری کەسانی تر بکەن.

خۆبەڕێوەبەری کرێکاران

چەمکیخۆبەڕێوەبەریلە دەستەواژەی ئیسپانیauto-gestión” وەرگیراوە و بەم واتایە دێت کە کۆمەڵ یا گرووپێک دەتوانێت خۆی لەمەڕ کاروبارەکانی خۆی بڕیار بدات؛ بەتایبەتیش ئەو بڕیارانەی کە پەیوەندی بە پڕۆسەی پلانداڕێژی و بەڕێوەبەرێتییەوە هەیە. کرێکارانی زانۆن شێوازێک لە خۆڕێکخستنیان بەدیهێناوە کە تێیدا دەرکردنی تەواوی بڕیارەکان لە ئەستۆی کرێکارەکانە. بەم شێوەیە، ناوەندە خۆبەڕێوەبەرە کرێکارییەکان لە ئەرژەنتین تۆوێک دەچێنن کە نەوەکانی داهاتوو بتوانن مەنتقی سەرمایەداری تێک بشکێنن و مەنتقیک بخوولقێنن کە بە پێی ئەو وەبەرهێنان بۆ کۆمەڵگە ئەنجام دەدرێت، نەک بۆ بەدەستهێنانی قازانج، مەنتقێک کە بە پێی ئەو کرێکاران لە جیاتی ئەوەی کە بچەوسێنەوە، بەهێزتر دەبن. زانۆن بەشێکە لە بزووتنەوەی داگیرکردنی ناوەندەکانی کەسپ و کار، بزووتنەوەیەک کە بەدیلە دیموکراتیکەکان و خۆبەڕێوەبەری کرێکارانی بە کردەوە دەستەبەر کردووە.

کەسپ و کارە خۆبەڕێوەبەرەکانی ئەرژەنتین یەکجار فرەچەشنن و هەر کامەیان مۆڵەتی یاسایی تایبەت بە خۆیان هەیە و شێوەیەکی تایبەت لە ڕێکخستنیی وەربەرهێنانیان گرتووەتە بەر. بەنزیکەیی لە هەموو نموونەکاندا کرێکاران دەستیان گرتووە بەسەر ئەو کەسپ و کارانەدا کە لە گەرمەی قەیرانی دارایی ئەرژەنتین لە ساڵی ٢٠٠١دا بەجێهێڵرابوون و خۆیان ئەرکی بەڕێوەبردنیان گرتوونەتە ئەستۆ. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، خاوەندارەکان وەبەرهێنانیان ڕاگرتبوو، حەقدەستیان نەدەدا و مایەپووچ ببوون. لەمڕووەوە، بڕیاری کرێکارەکان بۆ دەست گرتن بەسەر کارگەکانی خۆیاندا لە پێویستییەکەوە سەرچاوەی دەگرت و نەک لە پشتبەستن بە جۆرێک لە ئایدۆلۆژی. لەڕاستیدا ئەم نیگەرانییە ئاشکرایە کە چۆن دەکرێت بەرگری لە کاری کرێکارەکان بکرێت، پاڵنەری سەرەکی دەستبەسەراگرتنی کارگەکان و وەگەڕخستنەوەی وەبەرهێنان بوو بە بێ بوونی بەڕێوەبەر یان خاوەندار.

داگیرکردنی کارگەکان لە بەستێنی گەشەی بێکاری، نەمانی سەرمایە و مایەپووچ بوونی کار و پیشەکاندا ڕووی دا. ئەرژەنتین لە ساڵی ٢٠٠١دا لەگەڵ دژوارترین قەیرانی ئابووری خۆیدا ڕووبەڕوو بوویەوە. ڕێژەی بێکاری گەیشتبوویە بەرزترین ئاستی خۆی، زیاتر لە ٢٠ لە سەدی خەڵک بێکار ببوون و ٤٠ لەسەدی تریشیان چیتر توانایی دۆزینەوەی کارێکی گونجاویان نەبوو. ئەرژەنتین کە یەکێک لە جەمسەرەکانی پیشەسازیی ئامریکای لاتینە، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠١ و ٢٠٠٢ بۆ دابینکردنی بژێوی خەڵکەکەی بە تەواوی لە ژێر گوشاردا بوو و نزیکەی ٥٣ لەسەدی دانیشتوانەکەی لە ژێر هێڵی هەژاری ژیانیان بەسەر دەبرد. لە ساڵی ٢٠٠٦دا ئاستی بێکاری لەسەر ڕێژەی لەسەدا ١٢٬٥بە جێگیری مایەوە  و نزیکەی ٥٬٢ ملیۆن کەس کە پێشتر نەیاندەتوانی کارێک بە حەقدەستی گونجاوەوە بدۆزنەوە، ئەمجار دەیانتوانی پێداویستییەکانی خۆیان لە مانگدا دابین بکەن.

بەدیهاتنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی نوێ لە بەستێنی خۆبەڕێوەبەری کرێکاراندا

هاوکات لەگەڵ ئەوەدا کە کرێکاران بە بێ بوونی بەڕێوەبەر و خاوەنکار دەستیان بە وەبەرهێنان کرد، پەیوەندییە ناوخۆییەکانی ناو کارگەکەیان سەرلەنوێ داڕشتەوە و ڕیزبەندیی ڕێکخراوەیی، نامۆ بوون و چەوساندنەوەیان سڕییەوە. بەر لە دەستبەسەراگرتنی کارگەکە لە لایەن کرێکارانەوە، مەنتقی وەبەرهێنان ئامانجی بە لووتکە گەیاندنی سوودی کارگەکە بوو، ئەویش لە ڕێگەی کەمکردنەوەی حەقدەستەکان بۆ لانیکەمی حەقدەست، پشتگوێخستنی هەندێک لە ستانداردەکانی پاراستن و هەروەها زەخت خستنەسەر کرێکاران بۆ کارکردنی زیاتر. بەم شێوەیە، بە کەمترین هێزی کاری وەرگیراوەوە، وەبەرهێنانیان لە بەرزترین ئاستیدا ڕادەگرت.

لە دوای یەکگرتنی کرێکاران و دەستبەسەراگرتنی کارگەکە لە لایەن ئەوانەوە، ئەم مەنتقە بە تەواوی ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات. پەیوەندییە ناوخۆییەکانی ناو کارگەکە بەکۆمەڵ کرا و کلتورێکی نوێ هاتە ئاراوە: کلتوری هاوڕێیەتی (camaraderie).

ماتە (جۆرێک خواردنەوەی فۆلکۆرە هاوشێوەی چا) و کۆمدۆر (ساڵۆنی نانخواردنی کارگەکە) ڕۆڵێکی گرینگیان لە بەدیهاتنی ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە نوێیەدا گێڕا. یەکەمین یاسای نوێی ئەنجوومەنی کرێکاران ئەوە بوو کە کرێکاران ئازاد بن لەوەی کە لە کاتی کارکردندا لەسەر هێڵی وەبەرهێنان ماتە بخۆنەوە. ماتە یەکێکە لە کۆڵەکەکانی کلتووریی ئەرژەنتین: ئەم خواردنەوە گەرمە بە شێوەی بەکۆمەڵ و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا ئامادە دەکرێت و دەخورێتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی کرێکارەکان خواردنەوەی ماتە نەک هەر بزاڤی کاری ئەوانی هێواشتر نەکردەوە، بەڵکوو بوو بە هۆی ئەوەی کە کرێکارەکان لێک نزیکتر ببنەوە و لە ژینگەیەکی ئارامدا کێشەکانی سەرکار لەگەڵ یەکتردا باس بکەن.

دۆخی کار بەرلەوەی کە کرێکارەکان بەڕێوەبردنیی بگرنە ئەستۆ، بە جۆرێک بوو کە هەموو مانگێک بەشێوەی مامناوەند لە نێوان بیستوپێنج تاکوو سی ڕووداوی نەخوازراو ڕوویدەدا و ساڵی کرێکارێکیش گیانی خۆی لەدەست دەدا. لە کاتی دەستبەسەراگرتنی زانۆنەوە ڕووداوەکانی شوێنی کار گەیشتووەتە کەمترین ئاستی خۆیان و تەنیا چەند دانە ڕووداوی بچووک ڕوویانداوە. یەکێک لە کرێکارەکان دەڵێت: “کاتێک خاوەندار بوونی هەبێ، مرۆ بەردەوام نیگەران و لەژێر گوشاردایە. بە بێ بوونی بەڕێوەبەر باشتر کار دەکرێت و دەتوانرێت ئاگایانە بەرپرسیارێتی زیاتر لە ئەستۆ بگیردرێت“.

ڕێکخستن و سەندیکالیزم

بەڕێوەبەری پێشوو، کرێکارەکانی لە یەکتر جیا دەکردەوە و بەم شێوەیە ئەوانی بەرامبەر بە یەک نامۆ دەکرد. ئەو یاسایەکی دەرکردبوو کە بەو پێیە کرێکارەکانی هەر هێڵێکی وەبەرهێنان ناچاربوون یونیفۆرمێکی ڕەنگیی تایبەت بە بەشەکەی خۆیان لەبەر بکەن و لەگەڵ یەکتردا تێکەڵییان نەبێت. بۆ نموونە کرێکارانی هێڵی شین بۆیان نەبوو لەگەڵ کرێکارە بێجی پۆشەکان قسە بکەن. کرێکاران نەیاندەتوانی بە ئازادی لە هۆڵەکانی نانخواردندا لەگەڵ یەکدی بدوێن، هاموشۆی ژوورەکانی تر بکەن و یان ئەوەتا لە ڕێڕەوی بەشەکانی تری کارگەکەوە بێنە ناو کارگەوە. نامۆ بوونی کرێکاران لەگەڵ یەکتردا کەرەسەیەک بوو بۆ کۆنتڕۆڵ کردنیان کە ڕێگەی نەدەدا کرێکاران بۆخۆیان یەکێتییەکی سەربەخۆ بەدەر لە بەرژەوەندی کارگەکە بەدیبهێنن.

کارلۆس ویلامۆنت یەکێک لە کرێکارە ئاساییەکانی زانۆن، لە کۆتاییەکانی دەیەی نەوەددا بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی یەکێتی ناوخۆیی کارگەکەدا دەستی دابوویە ڕێکخستنێکی نهێنی. “ئەو کات زۆر بە زەحمەت دەکرا بچیتە ناو یەکێتی کارگەکەوە، چوونکە ناچار بووین بە نهێنی چالاکی بکەین. سیستەمی کارگەکە یەکجار سەرکوتگەر بوو. ئیزنیان نەدەدا کە سەردانی بەشەکانی تر بکەین، لەگەڵ کرێکارەکانی تردا قسە بکەین و یان تەنانەت بە ئازادی تەوالێتەکان بەکاربهێنین. زۆربەی کاتەکان ناچار بووین بە دزییەوە نووسراوەگەلێک لە کافەتریاکاندا ئاڵوگۆڕ بکەین و یان لە کاتی تێپەڕ بوون بە بەردەم بەشەکانی یەکتردا، بە نهێنی لەگەڵ یەکدی کاتی هەڤدیتن دیاریبکەین. بەڵام ئێمە ڕێگەگەلێکمان دۆزییەوە کە دەتوانرا خۆ لە چاوەدێری تووندوتۆڵی خاوەنکار و یەکێتییە بوروکراتیکەکەی بدزینەوە“. یەکێک لەم ڕێگایانە دامەزراندنی تیپی دووگۆڵی سیرامیک‌سازەکان بوو. کرێکارەکان لەو هەلانەی کە لە کاتی ڕاهێنان، یاری و خولە جۆراوجۆرەکاندا بەدی دەهات کەڵکیان وەردەگرت و پلانیان دادەڕشت بۆ سەرکەوتنی کرێکارانی هێڵی وەبەرهێنان لە یەکێتییەکەدا.

پێشخانی خەبات لە زانۆندا دەگەڕێتەوە بۆ پێش دەسبەسەراگرتنی کارگەکە. بزووتنەوەی کرێکارانی ئاسایی لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٨دا توانی ببێتە براوەی هەڵبژاردنی یەکێتیی ناوخۆیی و یەکێتییە بوروکراتیکە کۆنەکەی پێشتر کە تایبەت بوو بە کەسانی ئاست بەرزی کارگەکە، بخاتە لاوە. ساڵی ٢٠٠٠ کۆمەڵێک نوێنەر لە نێوان کرێکارانی ئاساییدا لە هەڵبژاردنی پارێزگاکەدا سەرکەوتن و چوونە ناو یەکێتی سیرامیک‌سازانی نێئۆکێن. هەر لەم کۆتاییانەدا یەکێتی سیرامیک‌سازانی نێئۆکێن بڕیاریدا کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە یاساکانی خۆیدا بەدیبهێنێت و یاسا و پێڕەوی دیموکراتیکتری ڕۆنا.

لە قسەی زۆرێک لە کرێکارەکانەوە ئاماژە بەوە دەکرێت کە هەوڵی کرێکارەکان بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی یەکێتییەکەدا یارمەتیدەر بوو بۆ گەیشتن بە ئاستی پێویست لە ڕێکخراوبوون بۆ دەستبەسەراگرتنی کارگەکە. عومەر ویلابلانکا لە وتوووێژێکیدا کە لەگەڵ یەکێک لە ڕێکخەرانی کرێکاری لە بۆینس ئایرێسی گەورەدا بوویەتی، پێداگری لەسەر گرینگی ڕێکخراوبوونی کرێکاران لە چوارچێوەی یەکێتییەکاندا دەکات: “زانۆن بۆیە بوو بە زانۆن، چونکە کرێکاران توانییان یەکێتی ناوخۆیی کارگەکە بگرنە دەست. ئەگەر ئەو کاتە یەکێتییەکەمان نەگرتبایەتە دەست، کرێکارەکان نەدەبوونە خاوەنی زانۆن. کرێکارانی زانۆن لە یەکێتییە ناوخۆییەکە و وتووێژ لەگەڵ کرێکارانی تردا گەلێک شت فێر بوون“.

لە ساڵی ٢٠٠٠دا، مردنی دانیێل فراس، کرێکارێکی بیست و دوو ساڵان کە لە هێڵی وەبەرهێناندا کاری دەکرد، کەشی یەکێتییەکەی یەکجار گرژ و ئاڵۆز کرد. کارگەکە هیچ پەرەستار و ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتنی نەبوو و نەبوونی ئەم یارمەتییە سەرەتاییە پزیشکییانە بووە هۆی مردنی فراس. کرێکارەکان هەشت ڕۆژ مانیان گرت و کارگەکەیان ناچار کرد ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتن بۆ کارگەکە دەستەبەر بکات. ماوەیەکی کەم دوای دەستبەسەراگرتنی کارگەکە، کرێکارەکان کۆمەڵێک لەوحی سیرامیکیان بۆ ڕێزگرتن لە بیرەوەری فراس درووست کرد، بۆ وەبیرهێنانەوەی هاوڕێیەک کە دۆخی چەوسێنەرانەی کارگەکە بوو بە هۆی گیانلەدەستدانی. ئەوان ئەم لەوحانەیان لە کۆمەڵە بەشێکی جیاوازی کارگەکە هەڵواسی تاوەکوو وەبیرهێنەرەوەی ئەو چارەنووسە نەگریسە بن کە چالاکی ڕاستەوخۆ و ڕێکخراوبوونی کرێکاران کۆتایییان پێ هێنا.

تام وێتزل لە وتارێکدا بە ناویڕزگاری کرێکاران و ناوەندە خۆبەڕێوەبەرەکاندەنووسێت: “ئەگەر بڕیار بێت کۆمەڵگەیەک بخووڵقێنین کە تێیدا مرۆڤ ڕاستەوخۆ بەڕێوەبردنی ژیانی خۆی لە ئەستۆ بێت و لەهەر پیشەسازییەکدا کرێکاران خۆیان بەڕێوەی ببەن، ئەوا پڕۆسەی ئەم خۆبەڕێوەبەرییە دەبێ لە هەناوی ڕیکخراوە بەکۆمەڵ و خۆبەڕێوەبەرەکانی کرێکارانەوە سەرهەڵبدات“.  خەباتی کرێکاران بۆ گرتنە دەستی یەکێتییەکە بەستێنێکی بۆ ڕێکخستنی خەبات لە ناو دڵی کۆمەڵگەی سەرمایەدارانەدا خوولقاندبوو و بووە هۆکارێک تاکوو ئەوان بڕوا بێنن بە توانایی و هێزی خۆیان لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکاندا.

یەکێتی سیرامیک‌سازانی نێئۆکێن هەروەها ڕۆڵێکی گرینگ لە ڕێکخستنی فاسین‌پەتدا دەگێڕێ، لەگەڵ ئەوەشدا کە کرێکارانی سێ کارگەی سیرامیک‌سازی تریش لەم یەکێتییەدا ئەندامن و ئەم کارگەیە هێشتاکەش لە ژێر چاوەدێری خاوەنکار دایە و بە پێی ڕێساکانی سەرمایەداری کار دەکات. ئەم یەکێتییە ساڵی پێشوو یاسایەکی نوێی پەسەند کرد کەنۆسترا لوچا، ڕۆژنامەی ناوخۆیی زانۆن بە پڕۆژەیەکی شۆڕشگێڕانە ناوی برد. بە پێی ئەم یاسا نوێیە، حەقدەستی نوێنەرانی یەکێتییەکە و کرێکارانی ئاسایی یەکسان دەبێت، ناوەندی سەرەکی ڕێکخستن هەمان کۆمەڵەی گشتی دەبێت و پەیوەست بوون بە یەکێتییەکە و پێدانی حەقی ئەندامێتی، هەردووکیان بە شێوەی دڵخواز دەبن.

پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە دیموکراتیکەکان

کارلۆس ساودرا، یەکێک لەو کرێکارانەی کە زیاتر لە دە ساڵە لە یەکێک لە هێڵەکانی ڕووکەش کردنی کارگەکەدا کاری کردووە، دەڵێت کە هەموو کرێکارەکان لەگەڵ یەکدا یەکسانن: “کرێکاران بڕوایان وایە کە سەرجەم بڕیارەکان دەبێ لە ئەنجوومەنی گشتیدا پەسەند بکرێن و ئەم ئەنجوومەنە تەنیا ژێدەری فەرمی کارگەکەیە. چیتر نابێت وەک شێوازی بەڕێوەبەڕێتی پێشوو بڕیاردان لە دەست بەڕێوەبەرەکان، ئەندامانی یەکێتییەکە یان تاقە نوێنەرێکدا بێت“. حەقدەستی سەرجەم کرێکارانی زانۆن یەکسانە و تەنیا نموونەی ئاوارتە لێرەدا، ئەو بڕەپارە کەمەیە کە وەک حەقدەستی پێشەنگایەتی دەدرێت بە کەسانێک کە لە بەرامبەر خاوەنکاری پێشوو و دەرکردنی کرێکاراندا ڕاوەستانەوە و لە دەستبەسەراگرتنی کارگە و پاراستنیدا بەشدار بوون.

کرێکارانی زانۆن لە بابەتی دامەزراندنی کرێکاراندا تێڕوانینێکی تەواو سیاسییانەیان هەیە. ئەم کارگەیە لە ئێستادا ٤٧٣ کرێکاری هەیە کە زیاتر لە ٢٣٠ کەسیان لە دوای دەستبەسەراگرتنی کارگەکەوە دامەزراون. لە دوای دەستبەسەراگرتنی کارگەکە، ئەو کرێکارانەی کە پێشتر دەرکرابوون دیسانەوە گەڕێندرانەوە بۆ سەر کارەکانیان. پاش ماوەیەک کرێکارەکان هەوڵیاندا هەلی کاریی نوێ بۆ کەسانی دیکەش بڕەخسێنن و بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ ڕێکخراوی کرێکارانی بێکاریپیکترۆهاوکاریان کرد.

کرێکارەکان بۆ ڕێکخستنی وەبەرهێنان و بەڕێوەبردنی کاروباری کارگەکە لە شێوازێکی نوێ بۆ دەستەبەرکردنیی هاوئاهەنگی کەڵکیان وەرگرت. بە جۆرێک کە هەر هێڵێکی وەبەرهێنان بە گرووپێک دادەنرێت و هەر گرووپێکیش دەبێ ماوەی جارێک بە هەڵبژاردن کەسێک وەکوو ڕێکخەری خۆی هەڵبژێرێت. ئەم کەسانە، بابەت، هەواڵ و کێشەی بەشەکانی خۆیان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ڕێکخەرەکانی دیکەدا پارڤە دەکەن و هەواڵی گرووپەکانی دیکەش بە گرووپەکەی خۆیان دەگەیەنن. سەرەڕای ئەوەش کرێکارانی هەر دانێکی کاری لەگەڵ یەکتردا کۆبوونەوەی هەفتانە پێک دەهێنن و هەموو مانگێکیش کۆبوونەوەیەکی گشتی لە کارگەکەدا بەڕێوە دەبەن. لە کاتی بەڕێوەبردنی ئەم کۆبوونەوانەدا، وەبەرهێنان ڕادەگیرێت تاکوو هەمووان بتوانن بەشداری بکەن و لە مەڕ بابەتگەلی جۆراوجۆردا بڕیار بدەن.

هەموو مانگێک بەرپرسێکی نووسینگە، ڕاپۆرتێکی ورد لەسەر سوود و تێچووەکانی کارگەکە ئامادە دەکات و کرێکارەکان لە کۆبوونەوە گشتییەکاندا بڕیار دەدەن کە قازانجە بەدەستهاتووەکان چ تێچوویەکیان هەبووە. لە یەکێک لەم کۆبوونەوانەدا، بە هۆی ئەوەی کە سوودی مانگی جوونی ٢٠٠٦ لە ئاستی چاوەڕوانییەکان زیاتر بوو، ئەنجوومەن بڕیاریدا کە هەمووان پاداشتیان پێ بدرێت. سەرەڕای ئەوەش کرێکارەکان بڕیاریاندا ١٥ کرێکاری نوێ دابمەزرێنن. پێوەری دامەزراندن، پێویستی ئابووری بنەماڵەی ئەو کەسە، دەروەستی سیاسی ئەو بۆ خەبات و ئەزموونی تەکنیکی ئەو بوو. یەکێک لەم لایەنگرانە ئەم پێشنیارەشی گەڵاڵە کردبوو کە کرێکارەکان بە شێوەی خولی لە بەشە جیاوازەکاندا کار بکەن تاوەکوو لایەنە جۆراوجۆرەکانی بەڕێوەبردنی کرێکاری ناس بکەن.

پێوەندییە ڕەگەزییەکان

لە ساڵی ٢٠٠٤دا لە دوای بەڕێوەبردنی کۆنگرەی نەتەوەیی لەسەر ڕەگەز و یەکسانی کە لە شاریمار دێل پلاتابەڕێوەچوو، کرێکارە ژنەکانی کارگەی زانۆن کۆمیسیۆنی ژنانیان (Comision de Mujeres de Zanon) دامەزراند. ئەوان دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی هەواڵنامەیەکی ناوخۆیی کە بەسەر تەواوی ٤٧٠ کەسەکەی کارگەکەدا بڵاودەکرایەوە. ئەم کۆمسیۆنە ئامانجی ئەوەیە کە ژنانی کارگەکە خاوەنی کەشێکی تایبەت بە خۆیان بن و لەوێدا بتوان کۆببنەوە و لە مەڕ ئەو بابەتانە بدوێن کە لە کۆمەڵگەیەکی پڕاوپڕ لە هەڵاواردنی ڕەگەزییدا ئەزموونی دەکەن. زۆرێک لە ژنانی فاسین‌پەت، ڕۆڵێکی سێ ڕەهەندیان هەیە کە لە پێگەی ژنێکی کرێکار، دایک و چالاکێکی سیاسییدا لەگەڵ کێشەگەلێک بەرەوڕوو دەبنەوە کە بە ناچار هەموو ژنێک لەگەڵیاندا دەستەویەخەیە. زۆرێک لەوان لەو باوەڕەدان کە کۆمیسیۆنی ژیان، کەشێکی  ڕەخساندووە بۆ باسکردن لە تەنگ و چەڵەمەکانی شوێنی کار، کێشەگەلێک کە لەگەڵ لابردنی خاوەنکاریش هێشتاکە بوونیان هەیە. وێڕای ئەوەش، کۆمیسیۆنی ژنان ئەرکێکی تریشی هەیە کە ئەویش دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گشتییە بۆ ئەو کێشانەی لە کارگەکەدا ڕوودەدەن، لە بابەتگەلی سیاسییەوە بگرە تا کێشەی تایبەت بە وەبەرهێنان. کۆمیسیۆنی ژنان، کۆمەڵێک چالاکی تریشی هێناوەتە ئاراوە، بڵاوکردنەوەی مۆمی سیرامیکی ڕازاوە لە ناوەندی شاردا، چاوپێکەوتن لەگەڵ ژنانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی تردا و هەروەتر چالاکیگەلێکی دیکەی وەکوو پێشکەشکردنی لێدوان و وتاری تایبەت لەسەر بابەتی تووندوتیژی بنەماڵەیی لە کارگەکەدا؛ ئەم وتارە لە ٢٥ی نۆڤەمبەردا واتە لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژ بە ژنان ئەنجام درا.

فێربوونی سەرلەنوێێ وەبەرهێنان

لە دوای دەسبەسەراگرتنی کارگەکە هیچکام لە بەڕێوەبەران و کەسە پسپۆڕەکان لە کارگەکەدا نەمانەوە. کرێکاران جگە لەوەی کە دەبوو سەرلەنوێ پڕۆسەی وەبەرهێنان فێر ببنەوە، هاوکات دەبوو پێ بنێنە ناو کۆمەڵێک بوارەوە کە وەک باکگراوند دەچنە خانەی بەڕێوەبەرێتییەوە، بوارگەلێکی وەکوو فرۆشتن، بەرپرسیارێتی نووسینگە و پلانداڕێژی بۆ وەبەرهێنان. هەر بۆیەش کرێکارانی زانۆن زۆربەی کات لەو ژمێریار و پارێزەر و کەسانە هاوکاری وەردەگرن کە جێگەی باوەڕی ئەوانن، بەڵام بڕیارەکان لە ئەستۆی ئەم کەسانە نییە. لەمەڕ بابەتە تەکنیکییەکاندا، ئەنجوومەنی کرێکاران بڕیاردەرە. ئەم پسپۆڕانە خولی تایبەتی فێرکردنیشیان بۆ کرێکارەکانی زانۆن بەڕێوە بردووە. بە هەموو ئەمانەشەوە، زۆربەی هەرە زۆری کەسپ و کارە دەستبەسەرداگیراوەکان لە لایەن کرێکارانەوە، لەگەڵ کەمی هێزی پسپۆڕی جێ متمانە بەرەڕوون.

لە جوونی ٢٠٠٦دا ئاستی وەبەرهێنانی کارگەکە گەیشتە ٤١٠ هەزار مەتری چوارگۆشە کاشی سیرامیک کە بەرزترین ئاست بوو لە دوای سەرلەنوێ وەگەڕخستنەوەی کارگەکە. بەرپرسی هاوئاهەنگی کاروباری وەبەرهێنانی کارگەکە، فرانسیسکۆ مۆریلۆ کە پانزە ساڵە لە زانۆندا خەریکی کارە دەڵێ: “کۆنتڕۆڵی کوالێتی ئەرکی هەموو کرێکارەکانە“. کارگەکە توانیوییەتی لە بازاڕی ناوخۆییدا کە ڕوو لە گەشەیە، زۆر بە باشی پێشبڕکێ بکات. کارگەی سیرامیکی زانۆن یەکێک لە گەورەترین و سەردەمییانەترین کارگەکانی کاشی‌سازی ئامریکای لاتینە. خاوەنداری پێشووی کارگەکە زیاتر لە هەشتا لەسەدی بەرهەمەکانی هەناردە دەکرد، بەڵام فاسین‌پەت بەرهەمەکانی خۆی لە بازاڕی ناوخۆییدا دەفرۆشێ.

کڕیارانی پیشەیی بە پێی کات تێگەیشتن کە کرێکاران بەرهەمێکی هەرزان و هاوکات کوالێتی بەرز بەرهەم دێنن، ئەویش لە بازاڕێکدا کە وەبەرهێنەرەکان بە زۆری بەرهەمەکانی خۆیان هەناردە دەکەن.

زۆرێکلەکرێکارەکانوتوویانەکەدۆخییاساییکارگەکەبوارێکیبۆئەوانڕەخساندووەتاوەکوولەڕێگەیلابردنینێوەندگیرەکانەوەکاریگەرییانلەسەربازاڕهەبێت. بەمدواییانە فاسین‌پەت توانیوییەتی کە هەموو پسووڵەکانی فرۆش، پێدان و وەرگرتنیی خۆی بە مۆری یاسایی کارگەکەوە بخاتە بەردەست. لەگە ئەوەشدا ئەم کارگەیە داهێنانێکی تریشی کردووە کە لە نێوان کارگەکانی تردا بەو شێوەیە باو نییە. ئەوان ساڵۆنێکیان بۆ نمایش کردنی ڕاستەوخۆی سیرامیک تەرخان کردووە و کڕیارەکان دەتوانن ڕاستەوخۆ بچنە کارگەکە و بەرهەمی دڵخوازی خۆیان بە داشکاندنەوە وەدەست بخەن.

توانامەند کردنهێزدار کردن

خۆبەڕێوەبەری بەو مانایەیە کە کاری وەبەرهێنانی هزری و جەستەیی بە یەکسان دابەش بکرێت تاوەکوو هەموو ئەندامەکان لێی ببەهرەمەند بن. ئەنجوومەنی کارگەکە هەوڵ دەدات ئەرکە هزری و جەستەییەکان بە شێوەی خولی لە نێوان کرێکارەکاندا دابەش بکات. لە گەرمەی بەڕێوەبردنی کەسپ و کارێکدا و لە هەوڵ و تەقەلادا بۆ سەرکەوتن لە کێشمەکێشە یاساییەکاندا، پلانداڕێژیی درێژماوە بۆ وەبەرهێنان و فێرکردنی کەسەکان بە زۆری وەک پاشکۆ سەیر دەکرێت. بەڵام لە زانۆندا لە دوای بردنە سەرەوەی تونایی خۆی کە گەشەی وەبەرهێنانیشی بەدواوە بوو، یەکەمین هەنگاوەکانی بۆ پلانداڕێژی و فێرکاری هەڵێناوە. ئەم بابەتەی کە سەرجەمی کرێکاران بتوانن لە فێرکاری و شارەزایی پێویست بەهرەمەند بن، بڕیارێکی تەواو سیاسییە.

کۆمەڵێک لە کرێکارانی فاسین‌پەت  سەرنجیان داوەتە سەر باشترکردنی داهێنەرانەی فێرکارییەکان و یەکێک لە بیرۆکەکانیشیان دامەزراندنی کتێبخانەیەکە. ئەنجوومەنەکە بەتەمایە لەسەر کردنەوەی کتێبخانەیەک لە ناو کارگەکەدا بڕیار بدات و بەم شێوەیە کتێبی تەکنیکی و فێرکاری، مێژوویی و هتدبۆ کرێکارەکان دابین بکات. سەرەڕای ئەوەش وا بڕیارە کە کتێبخانەکە ببێتە شوێنێک بۆ خوێندنەوەی بەکۆمەڵی کرێکارەکان تاکوو بتوانن تواناییەکانیان لە بواری خوێندنەوە، نووسین و پێشکەشکردنی وتار لەبەردەم کۆمەڵدا ببەنە سەرێ. کۆمەڵێکی دیکەش لە کرێکارەکان لە هەوڵی ئەوەدان کە بە هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە زانکۆ دەوڵەتییەکانی نیئۆکێندا بە ناوی کۆماهۆ، خولی فێرکاری بۆ پلانداڕێژیی وەبەرهێنان و توانا تەکنیکییە جۆراوجۆرەکان بکەنەوە. لە ئێستادا فاسین‌پەت لەگەڵ پەیمانگە نەتەوەییەکانی ئەندازیاری و ئابووریی بۆینس ئایرێس و زانکۆی کۆماهۆ هاوکاری هەیە.

جۆرج بێرمۆدز، ئەندازیاری چاوەدێری کارگەکە ئاواتی ئەوەیە هەموو کرێکارانی فاسین‌پەت دەرفەتی فێربوونیان بۆ بڕەخسێت. “سەرنجڕاکێشترین شت ئەوەیە کە تەواوی هاوڕێیان بتوانن بە شێوەی خولی لە سەرجەم بەشە کارییەکانی کارگەکەدا کار بکەن، فێر بن و لە بوارێکی تەکنیکی تایبەتدا ئەزموون بەدەست بێنن“. هاوکات دەڵێ لە کارگەیەکی خۆبەڕێوەبەردا، کرێکارەکان لە هەمبەر باشترکردنی دۆخی کارگەکە هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن، بە بێ ئەوەی کە بەردەوام بیر لە بەرژەوەندی تاکەکەسی خۆیان بکەنەوە. “یەکێک لە باشییەکانی خۆبەڕێوەبەری کرێکاران و حەقدەستی یەکسان ئەوەیە کە کاتێک کرێکارەکان بەپرسیارێتی کارێک دەگرنە ئەستۆ بە مەبەستی فێربوونی شتێکی نوێیە نەک بۆ بردنە سەرەوەی پێگەی کاری و حەقدەستی خۆیان“.

هەڵبەتە کارەکە هێندەش سانا نییە. ئەنجوومەنی زانۆن هێشتاکەش نەیتوانیوە بەشداری سیاسی هەموو کرێکارەکان لە بڕیاردان و چالاکییەکانی سەر شەقام دەستەبەر بکات. هەندێکجار کرێکارە کۆن و نوێیەکان، خواستێکی ئەوتۆیان نییە کە لە دوای تەواوبوونی کاتی کارەکەیان بەشداری لە چالاکییە سیاسییەکاندا بکەن. لێرەدایە کە کۆبوونەوەکانی یەکترناسین گرینگییەکی زۆریان دەبێت و یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی کە کرێکارە نوێیەکان تێبگەن لە کوێدا کار دەکەن، لەگەڵ مێژوو و پێشینەی خۆبەڕێوەبەری کرێکاریی ئاشنا بن و لەوە تێبگەن کە بۆچی گرینگە کرێکارەکان چارەنووسی خۆیان بگرنە دەست. فێرکاری و کۆبوونەوەکانی یەکترناسین دەتوانن هاوپشتی و دەروەستی زیاتر بەدی بێنن.

پێیوەندییە گشتییەکان

کارگەکە ڕێکاری زۆری گرتووەتە بەر تاکوو دڵنیا بێتەوە کە هەموو بەشەکانی کار لە لایەن کرێکارەکان خۆیانەوە ئەنجام دەدرێت، بە تایبەتیش بەشی پێوەندییە گشتییەکانی کارگەکە. ئەنجومەنی گشتیی کرێکاران ماوەیەکی کەم دوای دامەزرانیی، بڕیاریدا کۆمیسیۆنێکی هەواڵگری دابمەزرێنێ. گرووپێکی بچووکی کرێکارەکان ئەرکی گەیاندنی هەواڵ و کۆمەڵێک ئەرکی تریان گرتە ئەستۆ، لە گەیاندنی هەواڵی سیاسی و چالاکییەکانی زانۆن بۆ بەرگری لە خۆی بە میدیا ناوچەییەکانەوە بگرە تاکوو ئاگادار کردنەوەی کرێکارەکان لە دوایین هەواڵەکانی کارگەکە. ئەم کۆمیسیۆنە دوای ماوەیەک گەورەتر بوویەوە، ئەگەر لە پێشدا گرووپێکی بچووک بوون کە کۆمەڵێک چالاکی سنوورداری وەک ئامادەکردنی هەواڵ و نامیلکەی ناوخۆییان هەبوو، ئێستاکە ئیتر جەمسەرێکی سیاسی یەکجار گرینگی کارگەکەیە کە بەرنامەی تایبەت بۆ ڕادیۆ، ڕۆژنامە، وێبسایت و ڤیدیۆ ئامادە دەکات.

نۆسترا لۆچاڕۆژنامەی زانۆن بە مەبەستی فۆکەس خستنە سەر خەباتەکانی چینی کرێکار، لە ساڵی ٢٠٠٢دا دەستی بە کار کرد. ئەم ڕۆژنامەیە بە چاپی ٨هەزار دانە لە مانگدا، یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکانی هاوئاهەنگی خەباتە کرێکارییەکان لە ئاستی نەتەوەییدا بوو، بەڵام ساڵی ٢٠٠٦ بە هۆی هەبوونی هەندێک کێشە لە بواری چاپ و بڵاوکردنەوەدا، ڕاوەستا. بەمەشەوە، کۆمیسیۆنی میدیایی فاسین‌پەت دەستی کردووە بە پڕۆژەگەلێکی نوێ بۆ ئەنجومەن و کرێکارەکان.

فاسین‌پەت هەموو حەوتوویەک دوو پڕۆگرامی ڕادیۆیی لە ڕادیۆ خۆجێییەکاندا بەڕێوە دەبات. پرۆگرامەکە لەبارەی هەواڵەکانی ناو کارگەی زانۆن، هەواڵی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە خۆجێییەکان، وتووێژ، پەیوەندی گرتنی ڕاستەوخۆی بیسەران و بڵاو کردنەوەی مۆسیقای ڕاکە. کۆمیسیۆنی هەواڵگری زانۆن بە چڕی هەوڵی بۆ ئەوە داوە کە سەرەڕای پرۆگرامی ڕادیۆیی، بەرنامەیەکی دەنگیڕەنگیش ئامادە بکات تاکوو کرێکارەکان بتوانن بە بێ یارمەتی دۆکیومێنتاریست و بەرهەمهێنەرە بیانییەکان، لە چیرۆکەکانی خۆیان فیلم هەڵگرن و ئێدیتی بکەن. گرووپێکی ئەنتەرنێتی بە ناویگرووپۆ ئالاویوکە ئەرکی ئاڕاستەکردن و ئەرشیف کردنی چالاکییە سیاسییەکانیی لە ئەستۆیە، کۆمەڵێک خولی فێرکاری بۆ بەرهەمهێنانی ڤیدیۆ لە کارگەکەدا بەڕێوەبردووە. کۆمەڵێک لە کرێکارەکان بۆ بانگەشەی کۆنسێرتەکانی مۆسیقای ڕاک کە بە بەردەوامی لە کارگەکەدا بەڕێوە دەچێت، چەند دانە کاری ڕیکلامیان بۆ کەناڵە تەلەفیزیۆنییە خۆجێیەکان درووست کردووە. هەروەها کرێکارەکانی کارگەکە هەرخۆیان ئەرکی فیلم هەڵگرتن لە کۆنسێرتە گەورەکەی گرووپیڕاتا بلانکایان گرتە ئەستۆ. لەوەش گرینگتر، بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی کارگەکە هەوڵی داوە بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییەکان کۆمەڵە چالاکییەکیش لە ناوخۆی کارگەکەدا بەڕێوە ببات. هەواڵنامەکان بەسەر هەموو کرێکارەکاندا بڵاو دەکرێنەوە تاکوو ئەوانیش لە دوایین کێشمەکێشە یاساییەکانی کارگەکە و هەروەتر هەواڵە تایبەتەکانی هێڵی وەبەرهێنان، دوایین هەواڵە دارایی و هەواڵی بەشە جۆراوجۆرەکانی تر ئاگادار بن. سەرەڕای هەموو ئەمانەش، هێشتاکە بۆی هەیە کە ئەم جۆرە چالاکییانە زیاتر بکرێن.

وەبەرهێنان بۆ کۆمەڵگە

کارگەی زانۆن، وێڕای بەرهەمهێنانی سیرامیک خۆی بە بەرپرسیار زانیوە تاوەکوو کۆمەڵێک پڕۆژەی تریش بەرەو پێش ببات، بۆ وێنە بەشینەوەی سیرامیک بەسەر ئەنجوومەنەکانی شاردا، درووستکردنی ماڵ بۆ بنەماڵە کرێکارییەکان، سەردانی قوتابیان بۆ کارگەکە و درووستکردنی پیتی ئەلفوبێی سیرامیکی بۆ قوتابخانەکان. عومەر ویلابلانکا لە گفتوگۆیەکدا دەڵێ: “یەکێک لە درووشمەکانی ئێمە ئەوەیە کە دەرگاکانی ئەم کارگەیە بە ڕووی خەڵکدا کراوەیە. ئێمە دەرفەتی سەردانمان بۆ قوتابییەکان ڕەخساندووە تاکوو لە نزیکەوە ببینن کە وەبەرهێنان لەم کارگەیەدا چۆن ئەنجام دەدرێت و تێبگەن لەوەی کە دەکرێت کۆمەڵگەیەکی دیکە بخوولقێنن“. نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی کارگەکە پڕە لەو پۆستەرانەی کە قوتابییەکان بە دەستی خۆیان نەخشاندوویانن بۆ ڕێزلێنان لە کارگەکە. سەردانکردنی زانۆن بۆ زۆرێک لە قوتابییەکان ئەزموونێکی سەمەرە و سەرنجڕاکێشە. ویلابلانکا ئاماژە بەوە دەکات کە قوتابییەکان گەلێک پرسیار گەڵاڵە دەکەن. “یەکەمین پرسیارێک کە دەیکەن ئەوەیە بۆچی هیچ بەڕێوەبەرێک لە کارگەکەدا بوونی نییە؟ئەم سەردانانە ڕۆڵێکی گرینگیان لە ئاگاکردنەوەی گشتی لەسەر زانۆن هەبووە، بەو پێیەی کە زۆربەی مناڵەکان لەکاتی نانخواردندا باسی لێوە دەکەن.

لە ساڵی ٢٠٠٦دا کرێکارانی زانۆن بۆ بنەماڵەیەک کە لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا ماڵەکەیان لەدەستدا بوو ماڵێکیان درووستکرد و لە مەڕاسیمێکدا پێشکەشیان کردن. زۆربەی ئامادەبووان لەوەی کە بۆخۆیان نەیانتوانیبوو ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن، گەلێک خەمگین ببوون. فاسین‌پەت بڕیاری دا خۆی هەستێت بە درووستکردنی ماڵەکە. ئەوان ئێستاکە بەوە گەیشتوون کە کرێکاران دەبێ کێشەکانی خۆیان بە بێ پشتبەستن بە دەوڵەت، حیزبە سیاسییەکان و ناوەندەکانی تر چارەسەر بکەن، چوونکە دەوڵەت مەبەستی نییە نایەکسانی لەناو ببات.

زانۆن کۆنسێرت و پێشانگەی زۆری بەڕێوەبردووە کە بەشداری تێیاندا بۆ هەمووان ئازاد بووە. بەڕێوەبردنی کۆنسێرتی گەورە ڕۆڵی گرینگی لە بەدەستهێنانی پاڵپشتی لە کەسپ و کارە دەسبەسەرداگیراوەکاندا هەبووە. بەم کارە ئەوان لە سەرەوەی هەواڵەکاندا جێ‌دەگرن، ئەویش لە کاتێکدا کە میدیاکان خواستێکی ئەوتۆیان بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی تایبەت بە کەسپ و کارە دەسبەسەرداگیراوەکان نییە. لە سێپتەمبەری ٢٠٠٦دا زیاتر لە پانزە هەزار کەس لە لایەنگرانی گرووپی هێڤی مێتاڵیڕاتا بلانکالە کۆنسێرتێکدا کە لە ئەنباری زانۆن بەڕێوە چوو، بەشداریان کرد. بەڕێوەبردنی کۆی ئەم کۆنسێرتە لە ئەستۆی کرێکارانی کارگەکە بوو، لە درووستکردنی ستەیجی گەورەوە بگرە تاکوو بڵاوکردنەوەی پۆستەر و فرۆشی بلیتی هەرزان.

یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی زانۆن ئەوە بووە کە توانیوییەتی خەباتی کرێکاری لەگەڵ تەواوی کۆمەڵگەدا گرێ بداتەوە. ویلابلانکا پێی وایە کە بابەتەکە تەنیا ئەوە نییە کە کارگەکە لە مەترسیدایە: “یەکەم شت ئەوەیە کە سەرجەمی ئەم پیشانە لە مەترسیدان، لەگەڵ ئەوەدا تەواوی ئەو کارە بەکۆمەڵانەی کە ئێمە ئەنجاممان داون بە بێ ئەم کارە دەستەبەر نەدەبوون، ئەزموونێک کە لەم پێنج ساڵەشدا فێری بووین لەدەست دەچوو، ئەزموونێک کە بۆ تەواوی کرێکاران لە ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا پڕبایەخە“.

لە بەشی چوونە ژوورەوەی کارگەکە کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانکۆی هونەر، لەوحەیەکیان بە پارچە سیرامیک درووستکردووە کە مێژووی خەباتەکانی زانۆن باس دەکات. لە ماوەی ئەو مانگانەدا کە کرێکاران لە دەرەوەی کارگەکە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی مانیان گرتبوو، هاوسێکان،  خوێندکاران و کرێکارانی بزووتنەوەی پیکترۆ پاڵپشتی خۆیان بۆ ئەوان نیشان دا و پارە و خۆراکییان پێ دەگەیاندن. ئەو بەندکراوانەی کە لە زینداندا پشتگیری کارگەکە بوون و ژەمە خۆراکییەکانی خۆیان بە کرێکارەکان دەدا. ڕێکخراوە مەدەنییەکانی وەکوودایکانی پلاتزا دۆ مایۆهاوپشتی خۆیان ڕاگەیاند و تەنانەت ئەو ژنانەش کە تەمەنیان لە حەفتا ساڵ زیاتر بوو ڕایانگەیاند کە بە گیان و بە دڵ بەگری لە کارگەکە دەکەن.

زانۆن توانی هاوپشتییەکی چەندلایەنە لە نێوان خەڵکانی خۆجێیی، ئەو کرێکارانەی لە خەباتدان و کەسپ و کارە دەستبەسەرداگیراوەکانی تر لە ئاستی نێونەتەوەییدا بەدی بهێنێت. بە پێچەوانەوەی کارگە خۆبەڕێوەبەرەکانی تر لە بۆینس ئایرێس و مێکا یەکێکی تر لە شارە گەورەکانی ئەرژەنتین، نیئۆکێن سەرەڕای بچووکییەکەی بەڵام پشتگیری لە زانۆن کرد. بەتایبەت کە لە ساڵانی ڕابردوودا و لە دوای قەیرانی ساڵی ٢٠٠١ زۆر بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی لەم ناوچەیە سەریانهەڵدا. خوێندکاران، مامۆستایان، کرێکارانی کەرتی گشتی، کرێکارانی بێکار و کۆمەڵە خۆجێیە ناڕازییەکان بە بەردەوامی لەگەڵ ڕقی ڕوو لەگەشەی بزووتنەوەی جەماوەریی نێئۆکێن (MPN) کە حیزبی ڕاستڕەوی زاڵە لە نێئۆکێندا، بەرەڕوو بوون. زانۆن وەک دڕکێکە لە چاوی دەوڵەتدا. جۆرج سوبیچ، پارێزگاری نێئۆکێن چەندین جار هەوڵی داوە کرێکارەکان لەوێ دەربکات، بەڵام پشتیوانییە خۆجێیەکان شکستییان بە بەرنامەکانی ئەو هێناوە.

پەیوەندی لەگەڵ کارگە دەسبەسەرداگیراوەکانی تردا

کارگەی زانۆن کە ئێستاکە ناوی فەرمی ئەوفاسین‌پەتە وەک کارگەیەکی یاسایی سەربەخۆ و خۆبەڕێوەبەر کار دەکات، بەڵام هاوکات بەشێکیشە لە یەکێتی سیرامیک‌سازانی نیئۆکێن. زانۆن تەنیا کارگەی دەسبەسەرداگیراوە کە بەشێوەی سەربەخۆ داخوازیی خۆبەڕێوەبەرێتی کارگەکەی هەیە. لەڕاستیدا گرووپێکی گەورەتر لە کەسپ و کارە دەسبەسەرداگیراوەکان بوونی هەیە بە ناوی “MNER” (بزووتنەوەی نەتەوەیی کەسپ و کارە دەسبەسەرداگیراوەکان)، بەڵام فاسین‌پەت لەوێدا ئەندام نییە. زیاتر لە چل کەسپ و کاری خۆبەڕێوەبەری کرێکاری ئەندامی ئەم گرووپەن، بۆ نموونە هۆتێلیبوئێن، کارگەی ڕەنگیچیلاورت، هۆتێل و سپای پیسمانتا، کارگەی پێچانەوەی گۆشتیلا فۆرستا، دارتاشیمادێررا کوردوباوو تراکتۆرسازیزانێللو“. گرووپی “MNER” گرووپێکی پێرۆنیستی (لایەنگری سەرکۆماری پێشووی ئەرژەنتین پێرۆن)ن  و ئێدواردۆ مارئوا سەرۆکیانە. ئەو ڕۆڵێکی کاریگەری لە دۆزینەوەی ڕێکاری یاسایی بۆ دەسبەسەراگرتنی کارگەکە هەبووە. زانۆن زۆربەی کات چالاکی هاوبەش لەگەڵ کەسپ و کارەکانی دیکەی ئەندام لە “MNER” ئەنجام دەدات.

هۆتێلی بۆئێن، چیلاورت و زانۆن بۆ پەسەند کردنی یاسای نەتەوەیی لەمەڕ دەسبەسەراگرتنی کارگە داخراوەکان لەگەڵ یەکدا هاوپەیمانییەکیان پێک هێنا. دەوڵەت تا ئێستاکە تەنیا پشتی بەستووە بە ڕێگەچارەی کورتماوە و ڕێگەی داوە کرێکارەکان بۆ ماوەیەکی کاتی بەڕێوە بردنی شوێنی کاری خۆیان بگرنە دەست. ئەم شێوە مۆڵەتانە بە گشتی لە نێوان دوو تا پێنج ساڵ بووە. لە کاتێکدا کە پێدانی خاوەندارێتی فەرمی دەبێتە هۆی ئەوەی کە کرێکارەکان پارێزراوی کارییان هەبێت و بتوانن هێزی خۆیان بۆ باشتر کردنی بەرهەم و پڕۆژە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان تەرخان بکەن.

هۆتێل بۆئێن لە ناوچەکەی خۆی نموونەیەکی جێ‌ئاماژە لە ناوەندێکی کرێکارییە کە لە بەدیهێنانی هاوپەیمانی جۆربەجۆردا گەلێک سەرکەوتوو بووە. ئەم هۆتێلە نۆزدە نهۆمییە کە کرێکارەکان گرتوویانەتە دەست، بووەتە ناوەندی سیاسی ڕێکخراوە کرێکارییەکان و لەم نێوانەشدا زانۆن. ڕووبەری هۆتێلەکە بەو کاشییە سەرنجڕاکێش و کوالێتی بەرزانە داپۆشراون کە بەرهەمی زانۆنن. کرێکارانی زانۆن و چالاکە مەدەنییەکانی دیکە زۆربەی کات لەم هۆتێلەدا چالاکییەکانی خۆیان بەڕێوە دەبەن و هەر کاتێک دەچن بۆ بۆینس ئایرێس لەم هۆتێلەدا دەمێننەوە.

هاوپشتی نێونەتەوەیی

زۆرێک لە کرێکارانی زانۆن ئەم دەرفەتەیان بۆ ڕەخساوە کە بۆ وڵاتەکانی دەرەوە سەفەر بکەن و ئەزموونی خۆیان لەگەڵ کەسانی تردا پارڤە بکەن.

لە ٢٨ و ٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٥دا، یەکەمین کۆنگرەی ئامریکای لاتین لە بارەی کەسپ و کارە دەسبەسەرداگیراوەکان لە کاراکاس بەڕێوەچوو. ئەم کۆنگرەیە بە ئیرادەی کارگە و کەسپ و کارە خۆبەڕێوەبەرەکانی ئەرژەنتین، ئۆرۆگۆئە، ڤەنزوێلا و بەڕازیل بەڕێوەچوو و نوێنەرەکانیان هەوڵیان دا بگەن بە کۆمەڵە ستراتیژییەکی هاوئاهەنگ بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی دەوڵەت و یاسا هۆڤانەکانی بازاڕ. وتاری دەستپێکی کۆنگرەکە لە لەلایەن هۆگۆ چاوێزەوە سەرۆککۆماری ڤەنزوێلا و لە بەردەم هەزاران کرێکاری سەر بەم ناوەندە خۆبەڕێوەبەرانە پێشکەش کرا، ئەو کرێکارانەی کە درووشمیداگیرکاری، بەرخۆدان و وەبەرهێنانیان بە کردەوە دەرهێنابوو. ئەم کۆنگرەیە بوو بە سەرەتایەک بۆ بەدیهێنانی پەیوەندی ئابووری و پاڵپشتی دوولایەنە لە نێوان زیاتر لە سێ هەزار کەسپ و کاری خۆبەڕێوەبەر لە ئامریکای لاتیندا.

هاوکاری نێوان کەسپ و کارە دەسبەسەرداگیراوەکان یەکێک لە کاریگەرترین کارەکان بووە. کەسپ و کارە دەسبەسەرداگیراوەکان لە ئامریکای لاتینیش پێویستە بزانن کە تەنانەت لە ڤەنزوێلاش کرێکاران نابێت بۆ بەرەو پێشبردنی کاروبارەکانیان پشت بە دەوڵەت ببەستن. ئەم کارگە و ناوەندە دەسبەسەرداگیراوانە سەرقاڵی خۆڕێکخستن و بەرفراوانکردنەوەی ستراتیژییەکانیانن بۆ بەرگری کردن لە کرێکارەکانی ئامریکای لاتین، ئەو کرێکارانەی کە یان کارگەکەیان مەترسی داخرانی لەسەرە و یان ئەوەتا لە دۆخێکی کاری یەکجار دژواردا بەسەر دەبەن.

کێشەی خۆبەڕێوەبەری و ئۆتۆنۆمی

کرێکارانی زانۆن لەگەڵ ئەوەدا کە هەروا لەسەر هەڵوێستی خۆیان لەمەڕ ئۆتۆنۆمیی سوورن، بەڵام هاوکات بۆ یاسایی بوونەوەی هەلومەرجەکەیان ناچارن پشت بە دەوڵەت ببەستن و لە بازاڕێکدا کە هاوتای مەنتقی سەرمایەدارییە درێژە بە وەبەرهێنان بدەن. زانۆن ئەزموونێکی یەکجار گرینگە لەمڕووەوە کە کرێکارەکان سەردەمێک مۆدیلی خۆبەڕێوەبەری و ئۆتۆنۆمییان کردەیی کردەوە کە هێشتاکە ئەم چەمکانەیان نەدەناسی. ئەوان لە ڕووی زەروورەتێکەوە بەم بیرۆکەیە گەیشتن. لە زانۆندا لەگەڵ چینێکی کرێکارییدا ڕووبەڕووین کە ناسنامەیەکی یەکجار بەهێزی هەیە، بە واتایەکی تر ئەوان خۆیان بە بەشێک لە خەباتی ڕزگاریخوازی چینی کرێکار دەزانن. لە ڕوانگەی ئەوانەوە شەڕ لەگەڵ سەرمایەداریدا دەلاقەیەکە بەرەو ڕزگاری چینی کرێکار. یەکێک لە کرێکارەکان دەڵێت: “زانۆن سەرکەوتنێکە بۆ چینی کرێکار و نیشانی دەدات کە دەکرێت کۆمەڵگە بە شێوەیەکی تریش بەڕێوە ببرێت: بە بێ بوونی خاوەنکار و بەڕێوەبەر و بە بێ ئەوەی کە پێویست بێت مرۆڤ بۆ کەسێکی تر کار بکات تاکوو لە کۆتاییدا تەواوی پارەکان حەپەلووش بکات و ئەوانی تریش بە دەست بەتاڵی بمێننەوە“.

کرێکارانی زانۆن بۆ گەیشتن بە ڕزگاری ڕاستەوخۆ کەوتوونەتە خۆ و داواکارییەکانیان چیتر لەوەدا سنووردار نەماوەتەوە کە تەنیا خوازیاری بەشێکی بچووک لە مافەکانی کرێکاران بن. ئەوان پێشنیارێکی شۆڕشگێڕانەیان گەڵاڵە کردووە: خۆتان لە دەست بەڕێوەبەرەکان قوتار بکەن و لێگەڕێن کرێکارەکان بە پێی پێوەرەکانی خۆیان بچنە پێش. بێگومان دەوڵەت ناتوانێت وەها مەنتقێک قبووڵ بکات.

زانۆن توانی بە باشی بەسەر ئەو کۆسپانەدا زاڵ بێت کە دەوڵەت لەسەر ڕێگەیانی دانابوو، زۆر کۆسپی وەک کێشمەکێشی یاسایی و هێرشە هۆڤانەکانی دەوڵەت. لە ڕێی ئەم خەباتانەوە فاسین‌پەت بوو بە فاکتەرێکی کۆمەڵایەتی کاریگەر لە پارێزگای نیئۆکێندا. دەوڵەتی خۆجێیی ئێستاکە لەگەڵ کۆمەڵە گرووپێکی ڕێکخراو کە پاڵپشتی یەکترن بەرەو ڕووە. خۆبەڕێوەبەری کرێکاران لە نیئۆکێندا هاوکات یارمەتی بەهێزتربوونی جەماوەریی بزووتنەوە ناوچەییەکانی داوە.

سەرەڕایشەڕەیاساییەکان،تەگەرەیەکیترکەئەمناوەندەخۆبەڕێوەبەرانەلەئەرژەنتینلەگەڵیدابەرەڕوون،ڕاوەستانەوەیەلەبەرامبەرململانێکانیبازاڕدابەبێبەهرەمەندبوونلەپشتیوانییدەوڵەتی. بەهۆی نەبوونی ژێرخان و کارکردن بە تەکنەلۆژییە کۆنەکانی وەبەرهێنان، کەسپ و کارە خۆبەڕێوەبەرەکان شانسێکی کەمیان بۆ بەرگەگرتن لە کێبڕکێی ناو بازاڕەکانی سەرمایەدارییدا هەیە. بەشێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی زانۆن، بەرفراوانیی کارگەکە و تەکنەلۆژییا سەردەمییانەکانێتی. لەگەڵ ئەوەشدا کرێکارەکانی زانۆن تواناییەکی زۆریان لە بازرگانی سیرامیکدا هەبووە و هەر ئەم بابەتە بوو بە هۆی ئەوەی کە ئەنجوومەنە کرێکارییەکە ئاسانتر بتوانێ بەسەر بابەتە تەکنیکییەکانی وەک ڕاگرتن و چاککردنەوەی مەکینەکان و بەرهەمهێنانی بەرهەمی کوالێتی بەرزدا زاڵ بێت. بە خۆشحاڵییەوە کارگەی زانۆن بەشێکی تایبەتی بۆ چاککردنەوەی ئامێرەکان هەیە و ئەمە یارمەتی کرێکارەکان دەدات تاکوو پارچە ئامێرە جێگرەوەکان هەر لەوێ بەرهەم بهێنرێن و زۆرێک لە کۆسپەکان تێپەڕێنرێت.

باشترین رێگە بۆ مانەوەی کەسپ و کارە خۆبەڕێوەبەرەکان درووستکردنی بازاڕێکی بەدیلە بۆ ئەو بەرهەمانەی کە ئەم کارگانە بەرهەمیان دەهێنن. مامەڵەی گەرماوگەرم لە نێوان ئەم ناوەندە خۆبەڕێوەبەرانە و ڕێکخراوە خۆجێییەکاندا دەبێتە هۆی ئەوەی کە وەبەرهێنان هەم بۆ تەواوی کۆمەڵگەکە و هەم بۆ کرێکارەکان قازانجهێن بێت. درووستکردنی بازاڕێکی بەرفراوان بۆ مامەڵەی پتەو دەتوانێت ڕێگەیەک بێت بۆ خۆدزینەوە لە بازاڕی سەرمایەداری و سوودەکەشی ڕاستەوخۆ بۆ کۆمەڵگە بێت.

بە نزیکەیی تەواوی بەرهەمە سیرامیکییەکانی زانۆن لە بازاڕێکدا بە مەنتقی سەرمایەدارییەوە دەفرۆشرێن. بەم دواییانە ئەنجوومەنی کرێکاران لەم کارگەیەدا سەرنجیان خستووەتە سەر ئەو بابەتە کە ڕەنگە پێویست بێت کۆمەڵێک بەرهەمی تریش بەرهەم بهێنرێن کە بە سوودی ئەو کۆمەڵگەیەیە کەوا تێیدا دەژین، ئەگەرچی هەر ئێستاکەش کاشییە سیرامیکە بەرهەمهێنراوەکان لە درووستکردنی ماڵ، قووتابخانە و نەخۆشخانەدا بەکاردەهینرێن. ئامانجی هەنووکەیی فاسین‌پەت ئەوەیە کە لە سوودی بەدەستهاتووی بازاڕ، پڕۆژە کۆمەڵایەتییەکان بەرەو پێش ببات.

ڕێگە چارەیەکی تریش بۆ ئۆتۆنۆمیی ئەوەیە کە هەر ئەم ناوەندە داگیرکراوانە، بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە دەوڵەت پشتگیری کەسپ و کارە دەسبەسەرداگیراوە نوێیەکان بکەن تاکوو ئەوانیش بتوانن کارەکانی خۆیان دەست پێ بکەن. ئەمڕۆکە پێویستییەکی زۆر سەبارەت بەم کەسپ و کارانە دەبینرێت. بزووتنەوەی کەسپ و کارە دەسبەسەرداگیراوەکان دەتوانن بە دامەزراندنی سندووقێکی گشتی پشتگیرییان لێ بکەن. بە هەر ڕادەیەک کە کرێکارەکان دڵنیاییەکی زیاتریان هەبێت، ئیرادەیەکی زیاتریشیان دەبێت بۆ بەدەستەوە گرتنی بەڕێوەبردنی شوێنی کارەکەیان.

سوبێکتیڤیتە و کلتوورێکی کاری نوێ

کەسپ و کارە دەسبەسەرداگیراوەکان نەک تەنیا ڕێ لە لەناوچوونی پیشەکان دەگرن، بەڵکوو کلتوور و سوبێکتیڤیتەی نوێش دەخوولقێنن. خۆبەڕێوەبەری، باوەڕبەخۆبوون بۆ کرێکارەکان دەگەڕێنێتەوە و کرێکارەکان هەست دەکەن کە لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیاندا کاریگەرن. خۆبەڕێوەبەری کرێکاری بووەتە هۆی ئەوەی کە زۆرێک لە کرێکارەکان لە هێزی خۆیان تێبگەن، هێزێک بۆ ئەوەی کە شێوازی نوێ بەدیبێنن بۆ ڕزگاری و شەڕ لە دژی چەوساندنەوە. کرێکارەکانی زانۆن زۆربەی کات ئاماژە بەوە دەکەن بەدەستەوە گرتنی کارگەکە تێڕوانینی ئەوانی بەرانبەر بە جیهان و هەروەتر بەرانبەر بە خۆیان وەک بەشێک لە چینی کرێکار گۆڕیوە. ئەوان چیتر دەزانن کە بۆ بەڕێوەبردنی کارگەیەک یان کۆمەڵگەیەک پێویستییان بە سەرۆک نییە.

لەو کاتەوەی کە کرێکارەکان بەڕێوەبردنی کارگەکەیان گرتووەتە ئەستۆ، کارگە یان خۆ شوێنی کار بووە بە ژینگەیەکی بەرجەستە بۆ ڕزگاری. لە زۆربەی ئەم شوێنانەدا، کلتوورێکی کاری نوێ بەدیهاتووە. درووستکردنی ناوەندی کلتووری و بەڕێوەبردنی کۆنسێرت ستراتیژییەکی گرینگ بووە بۆ چینی کرێکار تاکوو شکۆ و ئازادی خۆی وەرگرێتەوە. ڕائول گۆدی، نوێنەری یەکێتیی کرێکارانی زانۆن، لە هەمبەر زیاتر لە دە هەزار کەسدا کە بۆ سەیرکردنی کۆنسێرتەکە هاتبوون، بەخێرهاتنی خەڵکەکەی کرد و ڕێزی لەم ڕووداوە گرت کە ئەم کۆنسێرتە لە کارگەیەکی بێ خاوەنکاردا و بە بێ بوونی هێزە ئەمنییەکانی وەک پۆلیس بەڕێوە چووە. کرێکارانی زانۆن بە بەڕێوەبردنی چالاکی گەلی کلتووری خۆبەڕێوەبەر، ئەم پەیامەیان بە هەمووان گەیاند کە چینی کرێکار دەتوانێت کلتوور و هوونەری تایبەت بە خۆی بخوولقێنێت.

داگیرکردنی کارگەکان بۆ زیاتر لە سەدەیەک ئامڕازێک بووە بۆ ڕزگاری چینی کرێکار. بەم حاڵەشەوە، لە زۆریک لەم خەباتە مێژووییانەدا ئامانجی ئەم کارە تەنیا گەیاندنی دەنگی داخوازی کرێکارەکان بە گوێی بەڕێوەبەرەکان بووە، نەک خۆبەڕێوەبەری کرێکاری. چینی کرێکاری ئەرژەنتین لە سی ساڵی ڕابردوودا لە ژێر گووشاری تووندی سیاسەتە نێئۆلیبرالییەکاندا بووە. ئەم نەزمە نێئۆلیبرالییە لە لایەن دیکتاتۆرێکی نیزامی هاتە ئاراوە کە لە نێوان ساڵانی ١٩٧٦١٩٨٣ توانی ٣٠هەزار چالاکی کرێکاری و خوێندکاری لەناو ببات. لە دۆخی هەنووکەییدا کە چینی کرێکاری ئەرژەنتین لە دژی یاساکانی کار و بە تایبەتیکردندا دەستی داوەتە داگیرکردنی کارگەکان، زانۆن مۆدیلێکی ڕادیکاڵی نوێی لە بەرانبەر مۆدیلە سەرمایەدارانەکاندا هێناوەتە ئاراوە. ئەم کارگەیە مۆدیلیکی لە وەبەرهێنان بە کردەوە دەرهێناوە کە لەسەر بناغەی یەکسانی، دیموکراسی ڕاستەوخۆ و هاوپشتیی بنیات نراوە. فاسین‌پەت سوبێکتیڤیتەیەکی نوێیە بۆ چینی کرێکار لە سەرتاسەری دنیا.

ئەزموونی زانۆن هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆسەر دەوڵەت بووە. ئەو پڕۆسەیەی کە بووەتە هۆی پێکهێنانی گۆڕانکاری لە سۆبێکتیڤیتەدا ناتوانرێ هەروا بە ئاسانی لەناو ببرێت؛ هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە دەوڵەت و سیستەمی سەرمایەداری هەموو هەوڵی خۆی دەدات تاکوو ڕێگری لە کرێکارەکان بکەن و نەهێڵن شکۆ و ئازادیی شیاوی خۆیان وەربگرنەوە. فاسین‌پەت نموونەیەکی بەرچاوە لەبەردەم کرێکارانی سەرتاسەری جیهاندا و وێنایەکی بچووکە لە شێوازی بەڕێوەبردنی جیهان لە دوای ڕووخانی سەرمایەداری.

وێڕای کۆسپە سیاسییەکان و تەگەرەکانی بازاڕ، کەسپ و کارە دەسبەسەرداگیراوەکانی ئەرژەنتینی ستراتیژییەکی پێشکەوتوویان بۆ بەرگریکردن لە چینی کرێکار و هەروەتر بۆ بەربەرەکانێ لە دژی سەرمایەداری و نێئۆلیبرالیزم بە ئێمە نیشان داوە. کەسپ و کارە خۆبەڕێوەبەرەکان خەباتی خۆیان بۆ بە یاسایی کردنەوەی خۆیان درێژە پێدەدەن تاکوو بتوانن بەرگری لە پیشەی کرێکارەکان بکەن و دەرگا یاساییەکان بۆ کەسپ و کارە دەسبەسەرداگیراوەکانی تر واڵا بکەن. زۆرێک لەم کارگانە توانیویانە هاوپشتییەکی بەرفراوان لە نێوان سێ هەزار ناوەندی خۆبەڕێوەبەری ئامریکای لاتیندا بەدیبهێنن. زۆربەی هەرە زۆری ئەم ناوەندانە لە وڵاتەکانی ئەرژەنتین، ڤەنزوێلا، بەڕازیل و ئۆڕۆگۆئەن.

بزووتنەوەی کارگە دەسبەسەرداگیراوەکان لە ئەرژەنتین هەلی کاری زۆری بەدیهیناوە، هاوپشتییەکی بەرفراوانی لە نێوانیاندا درووست کردووە و گەلێک پڕۆژەی کۆمەڵایەتیی خستووەتە گەڕ. ئەزموونی فاسین‌پەت لە بواری خۆبەڕێوەبەری و خۆڕێکخستنی کرێکارییدا ڕاستەوخۆ پێکهاتەکانی سەرمایەداری کردووەتە ئامانج، بەو هۆیەوە کە خاڵی سەرەکی کە خاوەندارێتی تایبەتە (ئامێرەکانی بەرهەمهێنان) دەباتە ژێر پرسیارەوە، کرێکارەکان بەو زانستەی کە لێیان زەوت کراوە تەیار دەکاتەوە و وەبەرهێنان بۆ کۆمەڵێک ئامنجی دیکەی جگە لە بەدەستهێنانی قازانج ڕێک دەخات. ڕۆزا ڕیۆزا کە پانزە ساڵە لە زانۆن کار دەکات دەڵێ: زانۆن تەنیا خەباتێک نییە کە بۆ ٤٧٣ کرێکار سەری هەڵدابێت. بەڵکوو خەباتێکە بە قازانجی تەواوی کۆمەڵگا و بۆ شۆڕشیکی کۆمەڵایەتییە. “ئەگەر کارگەکان داخران و جێهێڵران، کرێکارەکان مافی خۆیانە داگیری بکەن و سەرلەنوێ بیخەنەوە گەڕ و بە قیمەتی گیانیان بەرگری لێبکەن.

سەرچاوە:

Marie Trigona “FASINPAT (FACTORY WITHOUT BOSS): An Argentine Experience in Self-management” in Real Utopia: Participatory society for the 21 Century, ed. Chris Spannos, AK Press: Oakland, Edinburgh, West Virginia, 2008

بابەتی پەیوەندیدار

ئێران بۆ ھێرش دەکاتە سەر ھەولێر؟

د.شێرکۆ کرمانج

شەرە جنێوی هیتلەرەکان، پەیوەندی بە مافی ستم لێکراوانەوە نییە ؟!

-

جارێکی دیکە دەستی چەپەڵی تیرۆری کۆماری ئیسلامی له هەرێمی کوردستان !؟

-

‏تێبینیەک له سەر هەڵوێست گرتن بەرامبەڕ شەڕی‎ ئیسڕائیل و حەماس

-

خەڵاتی مافی مرۆڤی ئورووپا بۆ ژینا سەرکەوتنێکی دیکە بۆ شۆڕشی ژن؛ ژیان؛ ئازادی

-

سەبارەت بە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەقەڵەمی هاوڕێ ئیبراهیم عەلیزادە

-