کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
بابه‌تی گه‌یشتوو

“کاتێ رێ نوێن هەتاو بێت”

 

بومەلێڵی ئێوارەیە، لە هەیوانی ماڵەکەوە و لە تەنیایی خەیاڵی خۆمدا دانیشتووم و لە خۆرەتاوم دەڕوانی  کە لە نێوان پەلک و گەڵای دارهەناری حەوشەکەوە خەریکی کۆکردنەوەی تاڵی ئاڵی ئاڵتوونیی خۆی بوو. لەناکاوێک تیشکی تیژی ڕوناکیەکی بەهێز، ناچاری کردم کە چاوەکانم بۆ چەندجارێک بتروکێنم. دووبارە ڕوانیمە ئەو ڕوناکییە بەهێزە، دەتکوت بەتەمایە قسەم بۆ بکات. لەوکاتەدا کە لە زەینی پەشۆکاومدا بووم، دەنگێکی نەرمونیان بە ئەسپایی بانگی کردم و پێی وتم دەستت بخەرە دەستەمەوە! وە من بێ ویستی خۆ و بەبێ ئاگا هەردوو دەستم بەرەو لای ئەو بەڕی کرد. لە چاولێکنانێکدا خۆم لە پشتی کورسیەکدا دۆزیەوە کە زۆر ئاشنا بوو بۆم. بەڵێ! ئەوە ئەو کورسیەیە کە لەسەری فێری ئەلف و بێی ژیان بووم، بەڵام چی دەکەم من لێرە!؟

لە چواردەورم کە دەڕوانی، کۆمەڵێک قوتابیم بینی لەناو قوڕسایی قوڵی بێدەنگیەکدا تێڕامابوون لە تەختە ڕەشی سەر دیوار. لێم ڕوانی!

مامۆستایەک لەبەردەم تەختەڕەشەکە ڕاوەستابوو و منداڵەکانی فێر دەکرد کە چۆن خۆرەتاوێک لەناو دڵی تەختەڕەشدا بکێشنەوە تاکوو شەمشەمەکوێرەکان بترسێنێ و ڕاویان بنێ. پرسیام کرد لە ڕوناکیی: ئێرە کوێیە؟

وتی: لەسەر پۆلی وانە گوتنەوەی “ئەبولحەسەنی خانعەلی”دا دانیشتووین. لە ناکاوێک فرمسێک لەهەردوو چاومەوە جۆگەلەی بەست. باسی “خانعەلی”یان بۆ کردبووم کە چۆن شەمشەمەکوێرەکانی ساواک کۆبوونەوەی مامۆستایانیان بە ئامریکاوە بەستەوە و لە ئاکامدا خەنجەری تیژی شەمشەمەکوێرەکان، سینگی پڕ لە تیشکی ئەو مامۆستایەیان کە قوتابیەکانی فێر دەکرد چلۆن خۆرەتاو لەناو دڵی تاریکیدا بکێشنەوە، هەڵدڕی.

کای وانە کۆتاییهات و منیش لەسەر جێگەکەی خۆم کەوتمە سەر پێ. قوڕگم لە گریان پڕ ببوو، وتم با بگەڕێینەوە!، ڕوناکیی شێوە ئاڵتونیش لە وڵامی مندا وتی هێشتاش وانەیەکی ترمان ماوە و دەبێ لە پۆلدا حازر بین. مامۆستا هاتە سەر پۆل و قوتابیەکان کتێبەکانیان لەسەر کورسی بەردەمی خۆیان دانا، بە دەنگێکی دڵڕفێنەوە مامۆستا وتی کتێبەکانتان وەلانێن ئەمڕۆ چیرۆکێکتان بۆ دەگێڕمەوە. مناڵەکان سەرخۆش لەوەی پێویست نیە ناوەڕۆکی ووشکی کتێبەکەیان بخوێنن لەسەرتاپێ هەموو گوێ بوون بۆ بیستنی چیرۆکی مامۆستاکەیان.

مامۆستا هەر بەو دەنگە دڵڕفێنەی خۆیەوە دەستی پێکرد؛ منداڵەکان ئەمڕۆ دەمەوێ چیرۆکی پیرەماسیەک بگێڕمەوە کە چیرۆکی بێچووە ماسیەکی بچووکی بۆ دوانزە هەزار بێچووە ماسی بچووکی تر دەگێڕاوە.

بەڵێ، ماسیە بچکۆلانەی ناو چیرۆکەکەی ئێمە …

لەناکاو و بە حەزەوە سەرم بەرەولای ڕوناکیی وەرسوڕاند و پێموت ئەم چیرۆکە زۆر ئاشنایە.

ڕوناکییەکە زۆر لەسەرخۆ سەرێکی جوڵاند و وتی: بەڵێ، ئەوە “سەمەدی بێهرەنگی”ە!

هەر ئەو مامۆستایەی بەردەوامی و بزوتنی فێری قوتابیەکان دەکرد. ئەو مامۆستایەی فێری کردن نەترسان ئازایی نییە، بەڵکوو شوێنکەوتنی ئامانجەکانە و سەرخستن و سەرکەوتنیانە سەرەڕای هەموو ترسەکان. هەر ئەو کەسەی کە وەخەبەرهاتن و بەخەبەرمانەوەی فێری ماسیە رەشە بچکۆلەکە کرد تاکوو بەردەوامی تێکۆشان و خەبات بۆ داهاتوو بەجێ بهێڵێت. ڕوناکیی وتی: ئێستا ئیتر کاتی ڕۆشتنە.

دووبارە خۆم لەهەیوانی ماڵەکەدا دۆزیەوە و هەستی تەنیایی و دڵتەنگیەکانیشم نەمابوو، وە هەستێکی نامۆم هەبوو. دەتوت لەناخی هەستی تەنیام و خەم و تاسە، دەستەوئەژنۆ ڕاپەڕیوم تا لەم کۆت و بەندە ڕزگارم بێت. سەرم هەڵهێنا و ڕوناکیی لەدووروەڕا کۆتا تیشکی خۆی دەهاویشت. لەبەرخۆوە وتم بەڵێ! ئەو قوتابیانەی دوێنێکە لەناو پۆلی “خانعەلی”دا خۆرەتاویان لەناو سینگی تاریکیی دەکوتا، هەر مامۆستا جوامێرەکانی ئەمڕۆکەن. ماسیە بچکۆلە ڕەشەکەی “سەمەد”ن کە ئەمڕۆکە وانەی ئازایەتی و پرسیار کردن فێری قوتابیەکانی خۆیان دەکەن. بەڵێ، مامۆستاگەلێک دەناسم کە ئەمڕۆکە وانەی پرسیار کردن بە قوتابیەکانیان دەڵێنەوە، لەگەڵ ئەوەی لە سیاچاڵ و لە زینداندانن! کەچی پۆلی وانە و دەرسەکانیان بەردەوامە. قوتابیکان وانەکانی مامۆستایان کردۆتە سەرپشکی داهاتووی خۆیان و دەپرسن بۆچی مامۆستا لە کاغەز و لە قەڵەم بێبەشە، ئەویش لەم جیهانەی هەموو پەیوەندی کۆمەڵایەتی مرۆڤانە نوقم بووە لە سەهۆڵاوی حیساباتی خۆپەسەندانەی سەرمایەداران! بۆچی دەبێ مامۆستایەک لە زیندان بێت کاتێک ئەوان تەنیا ئامانجیان ئەوەیە نرخ و ڕێزی مرۆڤەکان بگێڕنەوە کە بەداخەوە ئەمڕۆکە بۆتە نرخی ساتوسەودا! بەڵێ ئەوان ئەمڕۆ وانەی پرسیار کردن دووپات دەکەنەوە کە بۆچی قوتابیەکانی “خانعەلی و سەمەد” کەوتونەتە گۆشەی زیندان. ئەو “بۆچی” و بێئەژمان “بۆچیانەی”تر ئێمەی خستۆتە ئەو خواستەی کە تێبگەین، چۆن “مێژوو دووبات دەبێتەوە، جاری یەکەم بەشێوەی کارەسات و دووهەمجار ،کۆمێدی” ئیستا دەزانین کە مادامێک هەتاو ڕێ نوێنە، نابێ ترسمان لە تاریکی هەبێت…

 

کەژاڵ کەریمی هاوسەری مامۆستای بەندکراو؛ شەعبان موحەمەدی

جۆزەردنی ١٤٠١

وەرگێڕان لە فارسیەوە: هێمن ئەمانی

بابەتی پەیوەندیدار

ئێران بۆ ھێرش دەکاتە سەر ھەولێر؟

د.شێرکۆ کرمانج

شەرە جنێوی هیتلەرەکان، پەیوەندی بە مافی ستم لێکراوانەوە نییە ؟!

-

جارێکی دیکە دەستی چەپەڵی تیرۆری کۆماری ئیسلامی له هەرێمی کوردستان !؟

-

‏تێبینیەک له سەر هەڵوێست گرتن بەرامبەڕ شەڕی‎ ئیسڕائیل و حەماس

-

خەڵاتی مافی مرۆڤی ئورووپا بۆ ژینا سەرکەوتنێکی دیکە بۆ شۆڕشی ژن؛ ژیان؛ ئازادی

-

سەبارەت بە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەقەڵەمی هاوڕێ ئیبراهیم عەلیزادە

-