کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
بابه‌تی گه‌یشتوو

ژیانی جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێش ، هه‌ر سالێك خه‌راپتر له پار

2016-12-19 | ۱۳۹۵-۰۹-۲۹

نشریه پیشره و

 

دەوڵەتی ڕۆحانی لایەحەی بودجەی ساڵی ١٣٩٦ی پێشکەشی مەجلیسی ئیسلامی کرد. دەقی بەشە ئاشکراکانی لایه‌حه‌كه‌ لە ڕاگەیەنەرەکانی نێوخۆدا بڵاو بۆتەوە. ئەگەرچی ئەم بودجەیە بڕیاره‌ کە خه‌رج و مه‌خارجی ساڵێکی کۆماری ئیسلامی تەنزیم بکات و ئەگەرچی بە ڕواڵەت بەرنامەگەلی گه‌شه‌ی ٥ ساڵەش له‌ ئیران به‌رێوه‌ ده‌چێت، بەڵام ئەساسەن بەهۆی شپرزەیی و قەیرانێکی ئابووری چەند لایەنە کە داوێن گیری ڕژیمی ئیسلامی بووە و بە هۆی زۆری ناوەندەکانی بڕیاردانی ئابووری کە لەژێرچەترێکدا نین، ئابووری کۆماری ئیسلامی نەک ئەوەی لەسەر بنەمای بەرنامەیەکی درێژ ماوە ئامادە کرابێ بەڵکوو لە ڕێگای بەخشنامەو بریارگه‌لێكی كاتییه‌وه‌ بەڕێوەدەچێت. بەڵام له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بە چاوگێڕانێک بەسەر هەر ئەم لایەحەیەی بودجەی ساڵی ١٣٩٦ی دەوڵەتی رۆحانیشدا ، هه‌م ئه‌ولیه‌ته‌كانی ساڵی داهاتوی كۆماری ئیسلامی تێدا ده‌بینینه‌وه‌ و هه‌م ناككۆكییه‌كانی ده‌قی ئه‌م گه‌ڵاله‌یه‌.

لە موقەدەمەی لایەحەی بودجەدا هاتووە کە پشت بەستنی پێش لە داهاتە نەوتیەکان بە داهاتی ماڵیاتە و دواتر لە دەقی بودجەدا هێندێک پێشبینیش لەم بوارەدا کراوە. دەزانین کە داهاتە ماڵیاتییەکانی دەوڵەت دوو جۆرن، ماڵیاتی ڕاستەوخۆ و ماڵیاتی ناراستەوخۆ. ماڵیاتی ڕاستەوخۆدا له‌ داهاتی شەخسی و شیرکەتەکان وەردەگیرێ. بەڵام کەسێک کە لەگەڵ ئاستی گەندەڵی لە کۆماری ئیسلامیدا ئاشنا بێت، دەزانێ کە لەم سیستمەدا وەر گرتنی ماڵیات لە داهات بەهیچ شێوەیەک کارێکی هاسان نییە. بەشی زۆری بازاڕیان و کەسانی خاوەن سەروەت و سەرمایە، لەژێر ناوی دانی “وجوهاتی مەزهەبیدا وەک خومس و زەکات و سەهمی ئێمام”، لە دانی ماڵیاتی ڕەسمی خۆیان دەبوێرن و ڕاستەوخۆش لە لایەن بەیتی ڕیبەریەوە پشتیوانیان لێدەکرێت. دامەزەراوەکانی ژێر کۆنترۆڵی سپای پاسداران و ناوەندەکانی هاوتەرینی، کە زیاترین بەشی ئابووری ئەم وڵاتەن، لە دانی هەر چەشنە ماڵیاتێک معافن. دەبێ بەم حاڵەتانەوە ڕشوە خۆری و گەندەڵی ماڵی بۆ ده‌رچون له‌ دانی مالیات کە لە کۆماری ئیسلامیدا جێ كه‌وتۆه‌، ئیزافە بکرێت. کەوایە ئەم ئیدیعایە کە گۆیا سەرچاوەی سەرەکی دەوڵەت ماڵیاتە، بێ بنەمایە. بەڵام ماڵیاتە ناڕاستەخۆکەی لە داهاتێکە کە به‌كارهێنه‌رانی لە ڕێگای کڕینی کالای جێی پێویستیان دەبێ پەرداختی بکەن. دەستی دەوڵەت لەم بوارەدا کراوەیە و لەهەر جێگایەک کە کەم بێنێ نیازەکانی خۆی بە گران کردنی کالاکان لە گیرفانی خەڵک دابین دەکات و ئەمە تەنیا واتای واقعی پشت بەستنی دەوڵەت بە داهاتی ماڵیاتە. وێڕای کەسری دیکەی بوجەش دەبێ لە لایەن جه‌ماوه‌ری خه‌لكه‌وه‌‌ قەرەبوو بکرێتەوە. لەوانە بودجەی ساڵی ٩٦ لەسەر بنەمای نرخی هەر بەرمیلێک نەوت ٥٠ تا ٥٥ دۆلار و هەر دۆلارێکیش ٣٣٠٠ تمەن رێكخراوه‌. نرخی نەوت کە لە هەڵکشان و داکشان دایە و لەوانەیە بە شێوەی ئاسایی کەمتر لەم ڕەقەمانەش بێت و نرخی دۆلاریش لە ئێستادا ٤ هەزار دۆلارە. لەم روەوە لە ئێستاوە دیارە کە بودجەی ساڵی داهاتوی دەوڵەتی رۆحانی هەم په‌رپێده‌ری ئاوسان و هه‌م گرانی دێنێت. گرانیش بەرلە هەموان بەسەر شانی چینی کرێکار کە لانیکەمی حەقدەستی دیاریکراوی لە لایەن ئەم دەوڵەتەوە سێ جار لەژێر هێڵێ هەژاریدایە، قورسایی دەکات.

با بزانین لە بواری کەم بوونەوەی بێکاری و خزمەتگوزاری گشتیدا بودجەی ساڵی داهاتو چ دیارییەکی بۆ کرێکاران و توێژی کەم داهاتی کۆمەڵگه‌ پێیە. لە حاڵێکدا کە بە بەراورد لەگەڵ بوجەی ساڵی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی لە باری داهاتی نەوتیەوە لە بارودۆخێكی باشتر دایە و بە لاچوونی بەشێک لە تەحریمەکان ڕێژەی فرۆشتنی نەوتی ئێران بۆتە دوو بەرابەری پێشو، لە گشت بوارە خزمەتگوزاریەکاندا نە تەنیا بوجە زیادی نەکردوە بەڵکوو کەمتریش بۆتەوە. محەممەد باقر نەوبەخت یەکێک لە دارێژارانی گه‌لاله‌ی بودجە بە هه‌واڵنێری “فارس”ی وتووە کە بودجەی بێهداشت و دەرمان و ئاموزش و پەروەرش، بە هەمان رێژەی ساڵی ٩٥ پێشبینی کراوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ساڵی ٩٥ لە باری بێهداشت و دەرمانەوە یەکێک لە خراپترین ساڵەکانی تەمەنی ڕژیمی ئیسلامی بووە و لە بواری ئاموزش و پەروەرشێشدا بە پێی ڕاپۆرتی هەوڵنێری تەسنیم لە زمان وەزیری ئاموزش و پەروەرشەوە، ئەم وەزارەت خانەیە تا کۆتایی مانگی ڕەشەممه‌ی ئەمساڵ تەنانەت بودجەیەکی بۆ دانی جه‌ژنانه‌ی حقوق بگیرانی خۆیشی لەبەردەستا نەبووە. بە لەبەرچاو گرتنی زیاد بوونی ژمارەی قوتابیان و موعەلیمان و سابت مانەوەی بودجەی ئاموزش پەروەرش دەکرێ پێشبینی بکرێت کە لەم بوارەشدا چ بارودۆخێکی فەلاکەتبار لە ڕێدایە. واتە کاتێک یەك ملیۆن و ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتیان بە نرخی هەرزان لە بازاڕی قاچاقدا دەفرۆشت و ئێستا کە زیاتر لە دوو بەرابەر واتە ٢ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار بۆشکە نەوت بە نرخی ڕەسمی و لە بازاڕدا بە یاسایی دەفرۆشن، خزمەتگوزاریەک کە پێشکەشی خەڵکی ئەکەن کەمترە لە ساڵی ڕابردوو.

بەڵام ئەو گوشارانەی کە بۆسەر زۆربەی خەڵک لە ڕێگای ئەم بودجەیەوە دێت زیاتر لەوانەیە. بەپێی ئەم بودجەیە نرخی گازۆئێل ٢٠ لەسەد گران دەبێت. گران بوونی نرخی گازۆئێل واتە گران بوونی نرخی گواستنەوە و گەیاندن، واتە ئەوەیکە ئەم ٢٠ لەسەدە لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە بەسەر شانی خەڵكدا سەرشکێن دەکرێت. بەپێی ئەم بودجەیە کۆمەک هەزینە دەوڵەتیەکان بۆ پڕۆژەی مەسکەنی مێهر نیوە بووە. بێجگە لەوەی کە ئەم پرۆژەیە خۆی تووشی ئیفلاس بۆه‌، بڕانی یارمەتیە دەوڵەتیەکان به‌م پرۆژه‌یه‌ خۆی ده‌بێته‌ هۆی گران بوونی مەسکەن بۆ کەسانێک کە خاوەنی سەرپەنایەک نین. دیسان بەپێی ئەم بودجەیە نرخی به‌رق لە ٣٠ ڕیاڵەوە بۆ هەر کیلووات دەبێتە ٥٠ ڕیاڵ.

ئێستا دەبێ بزانین لە حاڵێکدا کە داهاتی نەوتی ئێران دوو بەرابەر بووە، لە حاڵێکدا لە ئاکامی ڕێككه‌وتنی هەستەیی و بەرجامدا بەشێک لە گوشارە دەرەکیە ئابووریەکانیش لاچون، ئایا دەوڵەت داهاتی ئیزافی خۆی سەرفی ڕەخساندنی هەلی کار و گەشەی ئابووری دەکات؟ لەم بوارەدا لە گه‌ڵاله‌ی بوجەی ساڵی داهاتودا هیچ ئاماژەیەکی روون بوونی نییە. کارناسانی خودی ڕژیمیش باس لە ناکۆکی ئەم بوجەیە لەگەڵ بەرنامەی ٥ ساڵەی گه‌شه‌دا دەکەن. پرسیار ئەوەیە کەوایە ئەم داهاتە زیادیانە بۆکوێ ئەچێ. ڕۆژنامه‌ و سایتە نێوخۆییه‌كان وڵات لەژێر هیدایەتی دەوڵەتدا لەم بارەیەوە خۆیان لە لێکدانەوە و روون کردنەوەی ڕەقەمەکان دەپارێزن. بەڵام ‌ سرنجدانێكی ورد به‌و بودجەیە ده‌ریده‌خات کە داهاتە ئیزافیەکان دەڕژێتە گیرفانی ناوەندە نیزامی و ئه‌منییه‌تییه‌كانه‌وه‌. بۆ نمونە بوجەی سپای پاسداران و بسیج ٥٠ لەسەد زیادی کردوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە سپا هەم لە بودجەی ڕەسمی بەهرەمەندە و هەم لە سەرچاوەی ئابووری سەربەخۆی خۆی. رۆحانی لە قسەکانیدا لە مەجلیس، کاتی پێشکەش کردنی لایەحەی بودجە وتی کە لەم بوجەیەدا بێهداشت و دەرمان و ئاموزش و پەوەرش و دیفاع و ئەمنیەت لە ئەولەویەتدان. بەڵام دەبینین کە بەپێی ئەو ڕەقەمانەی كه‌ لە خودی لایەحەکەدا دانراون، بەشی ئەوەڵی قسەکانی رۆحانی درۆ و بەشی دووهەمیشی ڕاستە.

بەم جۆرە واتای بەکردەوەی بودجەی ساڵی داهاتوی دەوڵەتی رۆحانی هیچ شتێک نییە بێجگە لە خزمەتگوزاری کەمتر، گەندەڵی ماڵی و ئیداریی زیاتر، بێکاری و خه‌ساره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بەرین تر. بۆ ڕزگاربوونی جەماوەری هەژاری کۆمەڵگە لەژێر باری قورسی ئاسەوارەکانی سەرچاوە گرتوو لە وەها بارودۆخێک کە ڕژیمی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامی بەسەر خەڵکیدا سەپاندوە، ڕێگایەک بێجگە لە خەباتێکی هەمە لایەنە و هاوئاهەنگ لەژێر ڕێبەریی هێزە پێشڕەو و کرێکاری و کومونیستیەکاندا، بە شێوەیەک کە نە تەنیا ئەم کۆمەڵگایە لە نه‌هامه‌تییه‌كانی کۆماری ئیسلامی ڕزگار بکات، بەڵکو پێداویستی بەرپا بوونی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیش فەراهەم بکات و مژدەدەری دامەزرانی کۆمەڵگایەکی ئینسانی و یەکسان و پڕ لە ڕێفاە و خۆش بژیوی سبەی رۆژ بێت، نییه‌.

بابەتی پەیوەندیدار

دۆخی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە کوردستان و بەشێک لە وڵاتانی دنیا لە ئامادەکردنی پەیمان

وتارێکی لنین بە بۆنەی یەکی ئایارەوە کە لە ساڵی ١٩٠٤ دا نووسراوە لە فارسیەوە: هیوا مەجید زادە

-

ڕۆژی یەکی ئەیار، بە ڕیوایەتی” رۆزا لۆکزامبۆرگ” سەرچاوە: ئاڕشیوی دەنگی شۆڕشی ئێران

-

ئێران بۆ ھێرش دەکاتە سەر ھەولێر؟

د.شێرکۆ کرمانج

شەرە جنێوی هیتلەرەکان، پەیوەندی بە مافی ستم لێکراوانەوە نییە ؟!

-

جارێکی دیکە دەستی چەپەڵی تیرۆری کۆماری ئیسلامی له هەرێمی کوردستان !؟

-