بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێرییەکان، ڕۆژی شهممه ٢١ی مانگی ڕەزبەر بەرابەر لەگەڵ ١٢ی ئۆکتۆبر لە شاری بەڕلین، پێتەختی ئاڵمان، بەسەدان هەزار کەس لەدژی زیاد بوونی بیانی ئازاری و تەمایلاتی ڕاست گەرایانەی ئیفراتی لەم وڵاتەدا ڕێپێوانیان ئەنجام دا. زیاتر لە ٤ هەزار و ٥٠٠ حیزب و ڕێكخراو و کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ بەشداری کردن لەم حەرەکەتە ناڕەزایەتییەدا بانگەوازیان کردبوو. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێرییەکانی ئۆرووپا، جەمعیەت ئەوەندە بەرین و بەربڵاو بووە کە بانگەوازدەرانیش، کۆبوونەوەی خەڵکیان لە وەها ئاستێکدا پێشبینی نەدەکرد. پۆلیس کە مەعمولەن ژمارەی خۆپیشاندەران کەمتر لە ڕادەی ڕاستەقینەی ڕادەگەیەنێ، باسی لە بەشداری لانی کەم ٢٤٠ هەزار کەس لەم خۆپیشاندان و ڕێپێوانەدا کردووە.
ئەم ڕووداوە لە حاڵێکدایە کە گەلێک ڕووداو لە کردار و کاردانەوەی پەنابەران و کۆچبەران بیانی دانیشتوی ئاڵمان ڕۆژانە بڵاو دەبێتەوە. ئەم ڕووداوانە نیشانەی قەیرانێکی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە لەم وڵاتە دایه. لە لایەکی دیکەوە وەها ماڕشێکی گەورە و بەهێز بۆ پشتیوانی لە پەنابەران و کرێکارانی بیانی دانیشتوی ئاڵمان دەبیندرێت و لە لایەکی دیکەوە حیزبی دەستە ڕاستی و دژی کۆچبەرانی” ئاڵترناتیو بۆ ئاڵمان”، کە پارەکە وەک گەورە ترین فراکسیۆنی نەیاری حیزبی حاکم بۆ یەکەم جار توانی بچێتە مەجلیسی ئاڵمانەوە. لەو هەڵبژاردنەدا، حیزبی ئاڵترناتیو بۆ ئاڵمان بە دەستەبەر کردنی نزیک بە ٢٥ لەسەدی دەنگەکان، زیاتر لە ٩٠ کورسی مەجلیسی میللی مسۆگەر کرد.
شپۆلی نوێی خاریجی ئازاری لە ئاڵمان دوای ئەوە هاتە ئاراوە، کە لە ساڵی ٢٠١٥ لەسەر بڕیاری ئانگێلا مێرکل بۆ قەبوڵ کردنی بەشی زۆری ئاوارە سوورییەکان، نزیک بە یەک ملیۆن پەنابەر چوونە نێو ئاڵمانەوە. چوونی ئەم ڕێژەیە لە کۆچبەران بۆ وڵاتی ئاڵمان، لە ماوەیەکی زەمانی کورت دا، بوو بە هۆی گەشە کردنی گرایشی دەژی بیانی لە نێو بەشێکی نوێ لە کۆمەڵگای ئاڵماندا و نزیک بوونەوەی بەشەکانی دیکەی خەڵک لە حیزبی ڕاستی” ئیفڕاتی ئاڵترناتیو” بۆ ئاڵمان.
ئەگەرچی ڕەقەمی ٢٥ لەسەدی دەنگەکان بۆ حیزبێکی دەستەڕاستی لە پاڵ زیاد بوونی کرداری ڕاسیستیدا، بە جێگای خۆی جێی نیگەرانییە، بەڵام کاردانەوەی زۆرینەیەکی گەورەش کە هەروا لەسەر ئەرزشە ئینسانییە جێ کەوتوەکان لە کۆمەڵگای ئەم وڵاتەدا پێداگری دەکەن جێگای دڵخۆشیە. ئەفکاری گشتی ئاڵمان هێشتا بە دەست برینێکەوە کە حیزبی نازی و فاشیتەکان لە شەڕی دووهەمی جیهانیدا لە جەستەی ئەم کۆمەڵگایەدا دروستیان کرد ئازار دەکێشێ. خۆپیشاندانی گەورەی شاری بەڕلین نیشانی دا کە زۆربەی کۆمەڵگای ئاڵمان لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی سەرنەوێی ئەحزابی توندڕەو و ئیفڕاتیدا نین.
بەڵام بەهێز بوونی پێگەی ڕاستە ئیفڕاتییەکان لە پاڕلمانی ئەو وڵاتەدا، تەنیا بە چوونی شەپۆلی پەنابەران بەرەو ئەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠١٥ بەرتەسک نابێتەوە. ئەم بارودۆخە بەرهەمی ئەو سیاسەتانەیە کە ئەحزابی حاکم خۆیان بوارەکانیان بۆ خۆش کردووە. چاو لە درووشمە تەبلیغاتیەکانی حیزبی سوسیال دێمۆکرات و دێمۆکرات مەسیحی و ئەحزابی هاوشێوەیان بکەن، ڕەگەیەک لە ڕیاکاری و حیلەگەری بۆرژوایی تێدا بە روونی دەبیندرێت. ئەم جۆرە تەبلیغاتە وڵام بە نیازەکانی سەرمایەداری ئاڵمانە. سەرمایەداری ئاڵمان، هەم پێویستی بە هێزی کاری لاو هەیە و هەم دەیەوێ ئەم نیازە بە هەرزان ترین شێوە دابین بکات. هەر ئێستا لە پاڕلماندا یاسایەک لەبەر دەست دایە کە لە ڕەش نووسەکەیدا هاتووە:” حکومەتی فیدڕاڵی ئاڵمان پێویستی بە قانونێکی نوێ هەیە سەبارەت بە کۆچبەران تا لەم ڕێگایەوە بتوانن کرێکارانی حیرفەیی و شارەزای زیاتر بێننە ئەم وڵاتەوە.” بەهۆی ئاستی لە خوارەوەی بێکاری و جەمعیەتی ڕوو بە پیریی ئەم وڵاتە، شیرکەتەکان بەرهوڕووی کەم بوونی کارمەندی شارەزا بوونەتەوە بۆ پڕ کردنەوەی پۆستە بەتاڵەکان. لەم سەنەدەدا هەروەها هاتووە:” تەنانەت فەراهەم کردنی دەرفەتی زیاتر بۆ کرێکارانی و کارمەندان لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئۆرووپاش گرفتی کەمبوونی هێزی کار لە ئاڵمان چارەسەر ناکات، کەوایە ئاڵمان “پێویستییەتی کە لە بەشی ڕاکێشانی کارمەندانی پسپۆڕ و شایستە لە وڵاتانی سێهەمەوە دەستکەوتێکی بەرچاوی هەبێت.” مەبەست لە “وڵاتانی سێهەم” وڵاتانی دەرەوەی یەکێتیی ئۆرووپان.
بەڵام سەرمایەداری ئاڵمان لە عەینی حاڵدا دەیەوێ بە کەمترین هەزینە بۆ پەروەردە کردنی پەنابەران لە ڕاستای وڵامدانەوە بە نیازەکانی پیشەسازی ئەم وڵاتە هەوڵ بدات. کەوایە دەبێ یەکم، پەنابەران لە فیلتێرێکی بە ڕواڵەت یاسایی بدرێن، تا ئەو جێگایەی ئیمکانی هەیە کەسانی جێی سەرنج بۆ دابین کردنی وەها سیاسەتێک بمێننەوە و مابەقی ڕەد بکرێنەوە. بەم واتایە دەوڵەتی ئاڵمان خۆی ئاگاهانە پەرە بە گەشە کردنی ڕەوتەکانی دژی خاریجی و پەنابەری ئەدات لە ئاستێکی کۆنترۆڵ کراودا، تا بتوانێ لەپاڵیدا پەنابەرانی پڕ هەزینە دەر بکات، یان بەر بە چوونیان بۆ نێو خاکی ئاڵمان بگرێت. لە عەینی حاڵدا ئەوانەشی کە دەمێننەوە، لەبەر خاتری گۆیا لوتفێک کە پێیان کراوە، مل کەچ و ڕام باربێنێ. لە ڕەش نووسی یاسای پەنابەری ئاڵمان کە لە مانگی ئوتی ئەمساڵدا لە پارلمانی ئاڵمان تەرح کرا، بە روونی هەرچی زیاتروە وتراوە کە:” کەسەکان بۆ هاتن بۆ ئاڵمان بەپێی شایستەگی و شارەزایی کاری، تەمەن، شارەزایی زمانی، پسپۆڕی و توانایی دابین کردنی بەڕێچوون هەڵدەبژێردێن.”
بەڵام ماڕشی گەورەی ڕۆژی ڕابردوو لە شهقامهکانی بێرلین، واوەتر بوو لە حیساباتی بۆرژوازی ئەم وڵاتە. ئەنگیزە ئینسانی و پێشکەتوانەکان ئەم حەرەکەتەیان هیدایەت دەکرد. ئەم ئاکسیۆنە گەورەیە لهڕێگای خۆشناوترین گرووپە مەدەنییە چالاکەکان لە ئاڵمان ڕێکخرا بوو. ئەم گرووپانە هەر ئەوانە بوون کە لە ساڵی ٢٠١٥ لەسەرتاسەری ئاڵماندا ناوەندی کاتییان بۆ یارمەتی گەیاندن بە پەنابەرانی شەڕلێدراوی سوری بەرپا کرد و دڵخوازانە شەو و ڕۆژ خەریکی یارمەتی گەیاندن و ڕێپێوان بوون. ئەم شەپۆلەی ئینسانییە پێشڕەوه لە ئاڵمان، یەکێک لەو نمونانەیە کە نیشانی ئەدات، داهاتوی ئەم دنیایە بە دڵی سەرمایەداران نابێت.