بە پێی ڕاگەیاندنی سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحیدی ئوتوبوسڕانی تاران و دەوروبەر کە ڕۆژی سێشەممە یەکی جۆزەردان بڵاو کراوەتەوە” وهزارەتی کاری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و خانەی کارگەر لە نوێترین پیلانیاندا لەدژی سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحید، بۆ دیداری سەندیکا و تەشکیلاتی سەربوخۆی کرێکاری لەگەڵ نوێنەرانی ڕێكخراوی جیهانی کار “ئای ئێڵ ئۆ” کە چووبونە ئێران، بەربەستیان درووست کردووە.” بهپێی ڕاگەیاندنی سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحید، کاربەدەستانی دەوڵەتی بە تەرح کردنی پیلانێکی نوێ ئەمجار ئاغای سەعید تورابیان و حەسەن میرزایی، ئەندامانی پێشوی سەندیکا کە ساڵانێکە لە دانیشتن و چالاكییهكانی سەندیکادا ئامادە نەبوون و بە بۆچونی گشت ئەندامانی سەندیکادا هیچ پلە و بەرپرسیاریەتییەکیان لە سەندیکادا نییە، وەک نوێنەری سەندیکا ناردووە بۆ بینینی نوێنەرانی ڕێكخراوی جیهانی کار و بەم کارە پڕۆژەیەکی نوێیان بۆ ئاوەژوو نیشاندانی ڕاستییەکان دەست پیکردووە.” وەزارەتی کاری ڕژیم لە حاڵێکدا ئەم پیلانەی گەڵاڵە کردووە کە به پێی ڕاگەیاندنی سەندیکای شیرکەتی واحید ئەم دوو کەسە نە تەنیا لە چالاكییهکانی سەندیکادا بەشدار نەبوون، بەڵکوو ” لە ساڵانی دواییدا بە ڕێکخستنی وەزارەتی کار، خانەی کارگەر، شوڕای ئیسلامی کاری ئوستانی تاران و هێزە ئەمنییەتییەکان لە بەرانبەر ناڕەزایەتیی کرێکاران لەدەوری داخوازی مەسکەن و بۆ داسەپاندنی شوڕای ئیسلامی کار بەسەر کرێکارانی شیرکەتی واحید دا لەگەڵ مودیریەتدا هاوکاری چڕوپڕیان هەبووە.”
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە حاڵیکدا بۆ بەرگرتن لە دیداری نوێنەرانی سەندیکای شیرکەتی واحید و باقی ڕێكخراوه سەربهخۆ کرێکارییەکان لەگەڵ نوێنەرانی ڕێكخراوی جیهانی کار “ئای ئێڵ ئۆ” پێلان دەگێڕێ کە سەد و حەفتاههمین کۆنفڕانسی ڕێكخراوی جیهانی کار بە بەشداری نوێنەرانی ئەندامی ئەم ڕێكخراوهیه لە ٢٨ ی مەیەوە تا ٨ ی ژوئهن بەرابەر لەگەڵ٧ تا ١٨ی مانگی جۆزهردان بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە شاری ژێنێڤ مقەڕی ئوروپایی ڕێكخراوی نهتهوهیهكگرتووهكان بەڕێوەدەچێت. هەڵبەت ئەم فریوکاریەی وەزارەتی کاری ڕژیم بەبێ هاوکاری سیستماتیکی نوێنەرانی ڕێكخراوی جیهانی کار ئیمکان پەزیر نەبووە، دەنا ئەوان دەیانتوانی ڕاستەخۆ لەگەڵ سەندیکای شیرکەتی واحید پێوەندی بگرن. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێرییەکان قەرارە هەیئەتێکی پێکهاتوو لە نوێنەرانی دەولەتی ڕووحانیی، نوێنەرانێک لە لایەن ڕێكخراوه دژی کرێکارییەکانی سەربە ڕژیم و نوێنەرانێک لە لایەن خاوەنکارانی بەشی خوسوسی و دەوڵەتییەوە بە سەرۆکایەتی عەلی ڕەبیعی وەزیری تعاون، کارو ڕیفاهی کۆمەلایەتییەوە لە ئیجلاسی ساڵانەی ڕێكخراوی جیهانی کاردا بەشداری بکەن.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەولانە، ٥ ڕێكخراوی سەندیکایی لە فەرانسە لە هەنگاوێکی نمادیندا بانگەوازیان کردووە کە بۆ پشتیوانی لە بزوتنەوەی کرێکاری ئێران ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی مانگی مەی خۆپیشاندانی ڕاوەستان بە پێوە لە بەرانبەر نووسینگهی ڕێكخراوی جیهانی کار لە ژێنێڤ بەڕێوەبچێت. سەندیکای فەرانسەوی: “سێ. ژێ. تێ، سی. ئێف. دی. تی، ئێف. ئێس. ئۆ، ئەوسا و سۆلیدێر، سەرجەم ڕێكخراوه کرێکارییەکانی بەشدار لە ئیجلاسی ساڵی ٢٠١٨ ڕێكخراوی نێونەتەوەیی کار لە ژێنێڤ بانگەواز کردوە تا بۆ : ئازادی سەندیکالیستە زیندانی کراوەکان لە ئێران، دروست کردنی سەندیکای سەربەخۆ، حوزوری نوێنەرانی ڕێكخراوی دێمۆکراتی سەربەخۆ لە ڕژیم کرێکاران لە هەیئەتی نوێنەرایەتی ئێران لە کۆنفراسی نێونەتەوەیی ڕێكخراوی جیهانی کار بە خۆپیشاندانی بە پێوە وێستان لە مەیدانی ملەل پەیوەست بن.
سەد و حەوتەمین کۆنفرانسی ڕێكخراوی جیهانی کار کە یەکێک لە دەستور جەلەسەکانی هەڵسەنگاندنی ” توندووتیژی و ئازار و ئەزیەت لەدژی ژنان و پیاوان لە دنیای کار” دایە، لە بارودۆخێکدا بەڕێوەدەچێت کە یاساکانی کار کە لە ڕوانگهی بەرژەوەندی سەرمایەدارانەوە مۆناسباتی نێوان کار و سەرمایە تاریف دەکات لە هەموو جێگایەک و لەوانە لە وڵاتانی پێشکەوتوی سەرمایەداری بە زیانی کرێکاران گۆڕاون. دەوڵەتانی سەرمایەداری بە ئیجرای بەرنامەی ڕیازەتی ئابووری و دانانی یاسای گەلیک دژی کرێکاری تر لە پێشو، خزمەتگوزاری ڕیفاهی و کۆماڵایەتی کرێکاران و جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگای گەیاندۆتە نزم ترین ئاستی مومکین. زیاد کردنی تەمەنی خانەنشینی و کەم کردنەوەی حقوقی خانەنشینان، بێکار سازی کرێکاران و چەق بەستنی حەقدەستەکان و کەم کردنەوەی حقوقی یەکێتییە کرێکارییەکان لە عەناسوڕی کلیدی بەرنامە ڕیازەتی ئابووریەکانن کە لە هەموو جێگایەک ژیانی بنەماڵە کرێکاریەکانی خستۆتە ژێر گوشارەوە. پەرەسەندنی توندووتیژی و ئەزیەت و ئازار لەدژی ژنان و پیاوان لە ئۆردوی کاردا ئاسەواری ئیجرای بەرنامە ڕیازەتی ئابووریەکان و توند بوونەوەی چەوساندنەوەی کرێکارانە.
ڕێكخراوی جیهانی کار کەسانێک لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە وەک نوێنەری کرێکارانی ئێران لە ئیجلاسی ساڵانەی خۆیدا قەبوڵ دەکات کە نەتەنیا نوێنەری کرێکاران و داکۆکی کاری مافی چینی کرێکار لەم ئیجلاسەدا نین، بەڵکوو بەشێکن لە کاربەدەستانی حکومەتی کە هەوڵ ئەدەن حەقدەستەکانی چوار جار لەژێر هێڵی هەژاری، بێبەشی چینی کرێکار لە مافە سەرەتاییەکانی وەک مافی دروست کردنی ڕێكخراوی سەربەخۆی کرێکاری و مافی مانگرتن و بەدوادا چوون و زیندانی کردنی هەڵسوراوانی کرێکاری ڕەد دەکەنەوە و پەردە پۆشی بکەن. ئەوان هەروەک لە ڕابردووشدا نیشانیانداوە، نەتەنیا لەدژی قانونی کاری دەژی کرێکاری لە کۆماری ئیسلامیدا قسەیەک ناکەن ونەیان کردووە، بەڵکو ئەگەر لە لایەن هەیئەتەکانی تریشەوە پرسیارێک لەم بارەیەوە بێتەگۆڕێ، دەستدەکەن بە پاساو هێنانەوە بۆ بێمافیەکان و ساردنەوەی راستییەکان.
ڕێكخراوی جیهانی کار لە حاڵێکدا نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی لەم ئیجلاسەدا قەبوڵ دەکات کە بە باشیی دەزانێت ئەم ڕژیمە پایبەندی هیچکام لە پەسند کراوەکانی ئەو ڕێكخراوه نییە. لە ئێران هەڵسوڕاوانی ناسراوی داکۆکی کاری مافە سەرەتاییەکان و قەبول کراوی کرێکاران لە لایەن ئەم سازمانەوە، دەکەونە بەر بەدوادا چوون، لە زیندان دهخرێن و ئەشکەنجە دەکرێن. خانەی کارگەر کە وەک نوێنەری کرێکارانی ئێران لەم ئیجلاسەدا ئامادەیە، تەشەکولێکی زەرد و دەوڵەتی و جێگای نەفرەتی چینی کرێکاری ئێرانە. لەگەڵ ئەوەی کە سازمانە کرێکاریەکان لە ئاستی دنیادا تا ئێستا گەلیک جار کۆماری ئیسلامییان لەبەر ئەو پێشێل کاریانەی بەرانبەر بە کرێکاران دەیکات، مەحکووم کردووە، بەڵام لە بەرانبەردا، ڕێكخراوی جیهانی کار بەبێ گوێدان بەم هەموو ناڕەزایەتیانەی لە ئاستی نیونەتەوەیدا هەن، بە ڕەواڵی ساڵانی پێشو کۆمەڵێک کەسی حکومەتی لەگەڵ ژمارەیەک خاوەنکاری سەرمایەدار و چەند کەس لە خانەی کارگەریەکان و کەسانی تری وەک ئەوانی بەناوی نوێنەری کرێکاران لە ئیجلاسەکەیدا قەبوڵ دەکات تا لە ئامادە کردنی قەرار و قەتعنامە دژی کرێکاریەکانیدا دەوریان هەبێت.
لەم ڕووەوە كه ڕێكخراوی جیهانی کار ئەساسەن بەشوێن دابین بوونی بەرژەوەندی دەوڵەتانی سەرمایەداری ئەندامی ئەم سازمانەوەیە، هەیئەتەکانی کۆماری ئیسلامیی بە باوەشی ئاوهڵاوە لە ئیجلاسی ساڵانەیدا قەبوڵ دەکات. ئەم ڕێكخراوه جیهانیە نوێنەرانی ڕژیمی دژی کرێکاری کۆماری ئیسلامیی و ناوەندەکانی سەربەو وەک نوێنەری کرێکاران لە قسەوباسەکاندا دەخاڵەت ئەدات و لە بڕیارەکانی ئیجلاسیشدا بەشداری پیدەکرێن و بەم جۆرە ئەم سازمانە بەکردهوە لە پێشێل کرانی مافی کرێکارانی ئێران لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەستی تێکەڵاو کردووە.