کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕژیم کە ترس وەلەرزەی خستووە ناتوانێ ئاگری توڕەیی جەماوەر دامرکێنێتەوە

رۆژی سێشەممە ١٩ی مانگی بەفرانبار جەمعیەتێکی زۆر لە خوێندکاران و خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی شاری تاران بە مانگرتنی بنەماڵەی گیراوەکانی ئاخێزی سەرتاسەری ئەم دوو حەفتەی دواییەوە پەیوەست بوون و بە دەنگی بەرز خوازیاری ئازادی سەرجەم زیندانیانی سیاسی بوون. خۆ پیشاندانی خەڵکی ناڕازی سەرەڕای حوزوری پڕ ئەژماری هێزە ئەمنیەتیەکانی ڕژیم و هێرشیان بۆسەر ڕیزی ناڕازیان تا درەنگانێکی شەو درێژەی هەبوو. بەپێی وتەی شاهیدانی عەینی مەئمورانی ئەمنیەتی و سەرکوتگەری ڕژیم بە هێرش کردنەسەر خەڵکی ناڕازی و بنەماڵەی گیراوەکان، ئەوانیان دایەبەر ئەزیەت و ئازار. بەڵام خەڵکی ناڕازی بەبێ ئەوەی کە لە بەرانبەر کرداری داپڵۆسێنەرانەی هێزە سەرکەتگرەکاندا ترسابێتن بە دانی دروشمی ” بترسن، بترسن، ئێمە هەموو پێکەوەین” بەرەنگاریان بوونەوە. خەڵکی ناڕازی لە جەریانی ئەم روو بەروو بوونەوەیەدا کە فیلمەکەی لە تۆڕە کۆمەلایەتیەکاندا بە شێوەیەکی بەرین بڵاو بۆوە گەلێک سەحنەی شکۆداریان لە خۆڕاگری لە بەرانبەر هێزەکانی دوژمندا لە خۆیان پیشاندا. 10

خەبات بۆ ئازادی گیراوەکانی ئاخێزی سەرتاسەری ئەم دواییە و زیندانیانی سیاسی لە حاڵێکدا درێژەی هەیە کە دوای بڵاو بوونەوەی هەواڵی مەرگی سینا قەنبەری لە قەرەنتینەی زیندانی ئوین، کاربەدەستانی قەزایی ڕژیم لە ئوستانی مەرکەزی مەرگی یەکێکی دیکە لە گیراوەکانیان بەناوی وەحید حەیدەرییان تەئید کرد و لە لایەکی دیکەوە کەسوکاری موحسن عالی، خەڵکی دزفول، یەکێکی دیکە لە گیراوەکانی ئەم دواییە دەڵێن کە مەئمورەکان ڕایانگەیاندوە ئەو لە زینداندا خۆی کوشتوە. لەم رۆژانەدا دزە کردنی هەواڵی کوژرانی لانیکەم ٣ کەس لە گیراوانی ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییە بۆ دەرەوەی زیندان، نیگەرانی تێکرار بوونەوەی کارەساتی کوشتارگای “کەهریزەکی” لە زەینی خەڵکدا زیندو کردەوە. لەم پێوەندیەدا سازمانی چاودێری مافەکانی مرۆڤ بە بڵاو کردنەوەی بەیانیەیەک سەبارەت بە چارەنووس و گیان و سڵامەتی زیندانیانی ئەم دواییە لە ئێران نیگەرانی دەربڕیوە و وتویەتی کە ” ترسی ئەوە هەیە ئەزمونی مەترسیداری گرتوخانەی کەهریزەک جارێکە دووپات بێتەوە”. ئەم نیگەرانیانە لە حاڵێکدایە کە مەحمود سادقی نوێنەری مەجلیسی ئیسلامی ڕژیم دانی پێدا ناوە کە لانیکەم ٣ هەزار و ٧٠٠ کەس لە جەریانی خۆپیشاندانە سەرتاسەریەکانی دوو حەوتوی ڕابردودا گیراون کە زیاتر لە ٨٠ شاری ئێرانی گرتەوە و هێشتاش لە زۆرێک لە شارەکان حکوموتی نیزامی ڕانەگەیەندراو بەرقەرارە.

ئەم شەپۆلە لە گرتن و زیندانی کردن لە حاڵێکدا زیاتر بووە کە خامنەیی ئیدیعای ناسراو و سواوی دیکتاتۆرەکان تێکرار دەکاتەوە و ئاخێزی جەماوەری بە بەرهەمی ” پول، چەک، سیاسەت و دەزگای ئەمنیەتی دوژمنانی” دەرەکی زانیوە. خامنەیی رۆژی سێ شەممە ١٩ی مانگی بەفرانباریش لە سوخەنڕانی دووهەمیدا سەبارەت بە ناڕەزایەتیە سەرتاسەریەکان، سازماندەهی ناڕەزایەتیە دژی حکومەتیەکانی بە ئەمریکا، ئیسرایل و ناڕاستەوخۆ بە عەرەبستان نیسبەتدا. روحانیش لە درێژەی هەڵوێستەکانیدا بە پەیڕەوی لە وەلی فەقیە، خەڵکی ناڕازی بە ژامارەیەک ئاژاوەچی ناو برد کە لەسەر داوای دەوژمنان و نەیارانی نیزامی ئیسلامی سوکایەتی بە پیرۆزی و ئاڵای وڵات دەکەن. فەرماندەی سپای پاسدارانیش لە ترسی ئەوەی کە مەبادا کۆنترۆڵی بە تەواوەتی دۆخەکە لەدەست بدەن هاوکات لەگەڵ دەست پێکردنی ئەم هەڕەشە و جوێنانە، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی داخست و هێزەکانی ساراللە و بەسیجی خستە گیانی خەڵک. هیزەکانی سپا و ئەمنیەتی ڕژیم بە هێرش کردنەسەر ڕیزی خۆپیشاندەران لە یەکەم ساتی دەستپێکەوە تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ کەسیان کوشتوە، سەدان کەسیان بریندار و بە هەزاران کەسیشیان گرتوە. کاردانەوەکانی تا ئێستا نیشانی ئەدەن کە سەرەکی ترین بژاردەی کادری ڕێبەریی سپا و باقی سەرانی ڕژیم بۆ بەرەو روو بوونەوە لەگەڵ ئەم بارودۆخە نوێیەی کە لە ئێران هاتۆتە پێش، بەردەوام توند کردنەوەی فەزای ئەمنیەتی و بەکارهێنانی سیاسەتی سەرکوتە.

دیکتاتۆرەکان لە مێژوو دەرس وەرناگرن. سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە لە هەمان سەرەتاوە حکومەتەکەیان لەسەر بنچینەی ترس و خۆف بنیاد نراوە، ئێستا خۆشیان لەژێر کاریگەری ئەم شێوازە نیهادینە بووەدا، لە فەزایەتی پڕ لە ترس و خۆفدان. سەرانی ڕژیم تەنانەت لە ساتێکەوە کە بە توڕەیی هاواردەکەن و هەڕەشە دەکەن، خۆشیان لەترسان ئەلەرزن. سەرانی ڕژیم نایانەوەێ باوەڕ بکەن کە لەوە زیاتر ناتوانن بە پشت بەستن بە شێوازی فریو و سەرکوت درێژە بە دەسەڵاتیان بدەن. ئاخێزە جەماوریەکان کە بە خێراییەکی سەرسوڕ هێنەر سەرتاسەری بوونەوە تەنیا گۆشەیەک لەو ئاڵوگۆرانەی کە لە ئاگاهی جەمعی و بارودۆخی رۆحیی جەماوەردا روویداوە پیشاندا. ئەم ئاڵوگۆڕانە کە بە قوڵی لە بارودۆخی مادی ژیانی خەڵکدا ڕیشەی هەیە ناتوانێ بە هێز و سەرکوت لەنێو ببریت.

ڕژیم دەبێ بزانێ کە ئەگەر لەژێر سەرنێزە و بە پشت بەستن بە شەپۆلی زۆر و سەرکوت بتوانێ بە شێوەیەکی کاتی شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان دامرکێنێتەوە، بەڵام ناتوانێ ئاگری توڕەیی جەماوەری وەگیانهاتوو کپ بکاتەوە. بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ئەم شەپۆلەی سەرکوت و پاشکشە کردن بە ڕژیم لە شێوازێک کە هەڵیبژاردوە ڕێگایەک بێجگە لە پەرەدان بە ناڕەزایەتی کرێکاری و جەماوەری بوونی نییە. خۆپیشاندانی جەمعیەتێکی زۆر لە خوێندکاران و خەڵکی ئازادیخوازی تاران لە بەردەم زیندانی ئوین بە دانی دروشمی ” بترسن، بترسن، ئێمە هەموو پێکەوەین” و هەروەها مانگرتنی کرێکاری لەم چەند رۆژەی دواییدا نیشانیدا کە ڕژمێک کە سەرتا پێی کەوتۆتە ترس و نیگەرانیەوە لەوە زیاتر ناتوانێ خەڵک بترسێنێ. رۆژی ١٩ ی مانگی بەفرانبار هاوکات لە کۆبوونەوەکەی بەردەم زیندانی ئوین، زیاتر لە هەزار کەس لە کرێکارانی ماشێن سازی شیرکەتی هیپکۆ لە ئەراک کە رۆژی ٥ ی ئەم مانگە لە ناڕەزایەتی و مانگرتندا بوون، بەرەو ئوستانداری ڕێپێوانیان ئەنجامدا و لەنێو پێشوازی خەڵکدا داخوازیەکانیان بە دەنگی بەرز دەوتەوە. لەم رۆژەدا کرێکارانی شیرکەتی ئێران قوتی قەزوێن و کرێکارانی کارخانەی رۆنی پارس قو بۆ بەدوادا چوونی دخوازیەکانیان، دەستیان دایە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی. کرێکارانی سەدی ” شەفارود” لە ئوستانی گیلان لە رۆژی ١٧ تا ١٩ ی ئەم مانگە بۆ دەستەبەر کردنی داواکاریەکانیان مانیان گرت. ١٨ ی مانگ سەدان کەس لە کرێکارانی شیرکەتی گوازستنەوە و گەیاندنی کەنداوی فارس، کرێکارانی کارخانەی ژمارە یەکی نەساجی قائیمشار و کرێکارانی کارخانەی چینی ئیسفەهان لە ناڕەزایەتی بە خوسوسی سازی، نەبوونی ئەمنیەتی پیشەیی و نەدرانی دواکاریەکانیان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان ساز کرد. ڕەوتی روو لە پەرەگرتنی مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاری، هاوکات لەگەڵ شەپۆلی سەرکوتەکان ، لە بارودۆخێکدا کە سەرانی ڕژیم وای نیشان ئەدەن کە مەترسیەکەیان تێپەڕاندوە، دەتوانێ بزوتنەوەی ناڕەزایەتی و جەماوەری بخاتە فازێکی تازەوە.