خەباتی دلێر و ئازایانەی خەڵک لەدژی ڕژیمی ئیسلامی و بۆ دەرکێشانی مافە سەرەتاییەکانیان لە چنگ ئەم ڕژیمە بە شێوەیەکی بوێرانە و شێلگیرانە لە ئارادایە. توندتیژی و سەرکوت، گرتن و زیندانی کردن نەیتوانیوە پاشەکشە بە خەباتی خەڵک بکات. مەحمود سادقی نوێنەری مەجلیس ئاماری گیراوەکانی ئەم دواییەی نزیکەی ٣ هەزار و ٧٠٠ کەس لە سەرتاسەری وڵاتدا ڕاگەیاندوە. هاوکات کۆمەڵێک راپۆرت سەبارەت بە درێژەی ئەشکەنجە و ئازاری جەستەیی و ڕەوانی زیندانیان بڵاو بۆتەوە. بە شوێن ئاشکرا بوونی هەواڵی گیان لەدەستدانی ” سینا قەنبەری”، لە زیندانی ئوین، هەواڵی گیان لەدەستدانی دوو تێکۆشەری دیکە کە لە جەریانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەدا گیرابوون، بڵاو بۆتەوە. هەواڵی کوژرانی ” وەحید حەیدەری” لە لایەن عەباس قاسمی، دادستانی گشتیی ئوستانی مەرکەزیەوە، رۆژی سێ شممە ١٩ ی مانگی بەفرانبار بڵاو بۆوە. هاوکات هەواڵ دەگات کە زیندانیەکی تر بە ناوی ” موحسین عادلی” لە زینداندا گیانی لەدەست داوە. ئەو داستانانەی کە لەلایەن کاربەدەستانی ڕژیمەوە دروست دەکرێن و ئەم قەتڵانە بە خۆ کوشتن ڕادەگەیەنن، بێ ناوەرۆکتر لەوەن کە کەس فریبدات. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ئەم زیندانیانە لەژێر ئەشکەنجەدا مردون و مەترسی گیانی هەڕەشە لە باقی زیندانیانی سیاسی دیکەش دەکات. بنەماڵەی گیراوەکان، بە ئاگادار بوون لەم مەترسیە، چەندین رۆژە کە لەبەردەم زیندانی ئوین بە ئامانجی ئاگادار بوون لە چارەنووسی ئازیزانیان دەستیانداوەتە کۆبوونەوە و مانگرتن. لەم پێوەندەدا ڕێکخراوی “دایکانی پارکی لالە”ش بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیاندنێک سەبارەت بە چارەنووسی تێکۆشەرانی بەندکراو هۆشداری داوە. لەم ڕاگەیاندنەدا هاتووە:
کۆماری ئیسلامی بە گرتنی هەڵسوڕاوانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پەروەندە سازی و تاوانی قورس، بە بەبارمتە گرتنی وەسیقەی قورس و کەفالەت و زەمانەت، دەیەوێ لە لایەکەوە ئەوان و بنەماڵەکانیان بخاتە سەر دەمی تیخ تا بێدەنگ بن و لەم رێگەیەوە گەلێک لە هەڵسوڕاوان لە ماڵەوە دیل بکات و لە چەرخەی چالاکی وەدەریان بنێت و لە لایەکی دیکەوە بە تەبلیغاتی بەرین، ئازاد کران و لێبوردن لە زیندانیان، وەک شانۆیەکی دیموکراسی پیشان بدات. هەرچەند ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییە نیشانیدا کە ئەم سیاسەتە سەبارەت بە خەڵکی وەگیان هاتوو ئیتر وڵامدەرەوە نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نابێ ئەشکەنجە گەرانی ڕژیم منداڵەکانمان کە تاوانێکیان بێجگە لە داواکردنی مافەکانیان و ئازاد بوون لە بەندی دیکتاتۆڕی نییە، لە زینداندا بەتەنیا بێڵێنەوە.
ڕاستیەکەی ئەوەیە کە تەنیا بە خەباتی یەکگرتوانە و ناڕەزایەتی بەرینی جەماوەری دەکرێت ڕژیم بۆ دەست کێشانەوە لەم جۆرە کردارە دژی ئینسانیانە بخرێتە ژێر گوشارەوە. ئەگەر ڕژیم گوشار بۆسەر زیندانیان بە ئامانجی ترساندنی خەڵک لە دەرەوەی زیندانەکان پەیڕەو دەکات، پێویستی دیفاع لە زیندانیانی سیاسی و ناچار کردنی ڕژیم بە پاشەکشێ لەم مەیدانەدا دوو هێندە دەبێتەوە. لەم روەوە دروشمی ” زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت” پێویستە لە گشت جێگایەک بەدنگی بەرز بوترێتەوە. نابێ ئیجازە بدرێت ئەو ئینسانانەی کە بۆ دیفاع لە ئامانجی سیاسییان، بۆ دیفاع لە بیرو بۆچوونیان، بۆ ناڕەزایەتی لەدژی ستەم و سەرکوت، چەوساندنەوە و هەڵاواردن، دەزی و گەندەڵی، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەدژی دیکتاتۆڕی حاکم، کەوتونەتە زیندان، وا هەست بکەن کە بە تانیا ماونەتەوە. دەنگدانەوەی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک لە دەرەوەی زیندانەکان هێزی خۆڕاگری و ئیرادەی زیندانیان لە پشت میلەکانی زیندانەوە چەند قات بەرزتر دەکاتەوە.
نابێ کەس بە تاوانی خەبات لەپێناو مافەکانیدا، بە تاوانی ناڕەزایەتی لەدژی فەلاکەت و ئەو ستەمگەریانەی لە ئارادان، بە تاوانی هەبوونی بیروباوەڕی جیاواز و ئەنجامدانی چالاکی سیاسی بگیرێت و زیندانی بکرێت. ئەگەر قەرارە کەسێک لە کۆشەی زینداندا بێت، ئەوە عاملان و سەبەبکارانی بارودۆخی ئێستان کە دەبێ بکەونە زیندان، واتا هەمان ئەو کەسانەی کە منداڵەکانی خەڵک دەبەن و زیندان و ئەشکەنجەیان ئەدەن، ئەو کەسانەی کە جگەر گۆشەکانی خەڵک دەکوژن و لە گۆڕی بێ ناو و نیشاندا دەیانێژن، یانی ئەوانەی کە سەروەتی کۆمەڵگە بە تاڵان دەبەن و ئەم بارە قورسە لە ڕەنج و ئازار و بێبەشی و بێمافیان خستۆتە سەرشانی خەڵک. ڕژیمێک کە ناتوانێ وڵامدەرەوەی سەرەتایی ترین داواکاریەکانی جەماوەری خەڵک بێت، نابێ جارێکیتر دەرفەتی ئەوەی هەبێت کە بە چەکی زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام دۆخی نێو زیندانەکان بگوازێتەوە بۆ نێو کۆمەڵگە و خەڵک بخاتە ترس و خۆفەوە، لەمرۆدا ئەوە شور و شەوقی خەباتی ستەم دیتوانی کۆمەڵگایە کە گوازراوەتەوە بۆ نێو زیندانەکان و ورەی خۆڕاگری لە بەرانبەر وەحشی گەریەکانی مەئمورانی کۆماری ئیسلامیدا بەرز کردۆتەوە.
با هەموو هێز و ئیمکاناتی خۆمان بۆ ڕزگار کردنی ئەو ئینسانە هەڵکەوتوو و تێکۆشەرانەی کە لە چنگ جەنایەتکارانی کۆماری ئیسلامیدا دیلن بخەینەکار و یەکەم داخوازی، ” ئازادی زیندانیانی سیاسی” بەسەر ڕژیمدا بسەپێنین.