رۆژی هەینی دووی فیوریە، سیزدەی مانگی رێبەندان، سێهەمین رۆژی مانگرتنی ٢٤ کاتژمێری لە پیشەسازی فلز و ئێلكترۆنیك لە ئاڵمان کۆتایی هات. لە ڕاستیدا لە کاتی دەست پێکردنی وتووێژەکانی ئەمساڵەوە بۆ بەستنی قەراردادی بە کۆمەڵ لە نێوان یەکێتی فلزکاران و خاوەنکاران لە رۆژی ١٧ ی ژانویە، ٢٧ ی مانگی بەفرانبارەوە مانگرتنێکی سنورداری چەند کاتژمێری لە بەشێک لەم پیشەسازیهدا دەستی پێکردبو. ئەم مانگرتنە سنوردارە، تاکتیکێکی روتینە کە هەموو ساڵێک لەگەڵ دەست پێکردنی وتووێژەکان لە لایەن یەکێتیە کرێکاریەکانەوە بۆ نیشاندانی توانایی خۆیان بەکار دێت.
وتووێژی نێوان سهندیكاكان و خاوەنکاران بۆ بەستنی قەراردادی بە کۆمەڵ بابەتێکی باوە لە ئاڵماندا. بەم واتایە کە بە کۆتایی هاتنی ماوەی قەراردادێکی بە کۆمەڵ کە بە شێوەی ئاسایی بۆ ماوەی یەک تا دوو ساڵە، هەردولا دەست دەکەن بە وتووێژ بۆ بەستنی قەراردادی بەکۆمەڵی دەورەی داهاتوو بە لەبەرچاو گرتنی بارودۆخی گۆڕاو. لەم نێوانەدا چوارچێوەی قەراردادی بە کۆمەڵی کرێکارانی فلزکاری ئاڵمان بە دوو ملیۆن و ٢٦٢ هەزار ئەندامەوە وەک گەورە ترین یەکێتی ڕشتەیەکی دیاریکراو لە سەرتاسەری دنیادا و هەروەها وەک ڕادیکاڵ ترین بەشی چینی کرێکاری ئاڵمان دەورێکی ڕێنوێنیدەری وتووێژەکانی نێوان باقی یەکێتیەکان و خاوەنکارانی لە ئەستۆیە.
یەکێتی فلزکاران ئەمساڵ بە دوو داخوازی سەرەکیەوە واتە زیاد کرانی ٦ لەسەدی حەقدەستەکان و کەم کردنەوەی کاتژمێری کاری بۆ ٢٨ کاتژمێر لە حەفتەیەکدا بۆ ئەو بەشە لە کرێکاران کە کارەکانیان سەخت و دژوارە و یان ئەوەیکە ناچارن بۆ ماوەیەک وەک پەرستار ئاگاداری لە یەکێک لە کەسوکاریان بکەن، چووبوو بۆ وتووێژ. پێشنیاری خاوەنکار زیاد کرانی حەقدەستی لە نێوان دوو تا سێ و نیو لەسەد لە کۆمپانیا جۆراو جۆرەکاندا و دەژایەتی بەتەواوەتی لەگەڵ کەم کردنەوەی کاتژمێری کار بوو. خاوەنکاران دەڵێن کە زیاد کرانی لەوە زیاتر توانایی ڕقابەتی کۆمپانیاکان لە بەرانبەر ڕەقیبەکانیاندا کەم دەکاتەوە و هاوکات پەنایان بردۆتە بەر شگردی هەمیشەییان واتە هەڕەشە دەکەن کە ئەگر وابێت ناچارن کارخانەکەیان بگوازنەوە بۆ وڵاتێکی تر. لە پێوەند لەگەڵ دژایەتی لەگەڵ کەم کرانەوەی کاتژمێری کار ئەمجارە خاوەنکاران لە نەخشی داکۆکیکار لە کرێکاران دەرکەوتون و کەم کرانەوەی کاتژێری کاری بۆ بە شێک لە کرێکاران بە هەڵاواردن لە نێوان کرێکارانی تهواو وهخت و کرێکارانی نیوە وەختدا دەزانن. جێی پرسیارە ئەگەر خاوەنکار ئەوەند نیگەرانی هەڵاواردنە بۆچی دوای تێپەڕ بوونی٢٧ ساڵ لە تێکەڵ بوونەوەی هەردوو ئاڵمان هەروا هەڵاواردنێکی ئاشکرا لە نێوان حەقدەست، ساعاتی کار و حوقوقی خانە نشینانی کرێکاری لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای ئاڵماندا بوونی هەیە.
بە شکست هێنانی دەوری پێنجەمی وتووێژەکانی هەردوو لا لە رۆژی ٢٧ ی ژانویە بۆ یەکێتیە کرێکاریەکان ڕێگایەک بێجگە لە چوونە فازێکی ترەوە لە خەبات نەمایەوە. لەم روەوە سهندیكای كرێكارانی فلز مانگرتنێکی ٢٤ کاتژمێری لە رۆژی ٢١ ی ژانوییه و ئەوەڵ و دووهەمی فێوریەی ڕاگەیاند و ئەوە یەکەم جارە دوای ٢٠ساڵ کە یەکێتی فلزکاران بانگەوازێکی ٢٤ کاتژمێری بۆ مانگرتن بڵاو دەکاتەوە. ئەم مانگرتنە بە نۆبە دەبێ لە ناوچە جۆراو جۆرەکانی ئاڵمان بەرەو پێش بچێت و بەم جۆرە لە رۆژی چوارشەممەی حەوتوی رابردوەوە زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەس لە ئەندامانی یەکێتیەکە لە زیاتر لە ٢٨٠ کارگادا لەم مانگرتندا بەشدار بوون. ئەگەر لە باشوری ئاڵمان هاوکات چەرخی بەرهەمهێنان لە پیشەسازیەکانی ماشین سازی مێرسیدێس، بی ئێم وێ، و پورشە وەستاون لە باکوری ئاڵمانیش ئەوە پیشەسازی کەشتی دروست کردن، فرۆکە سازی ئایرباس و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کامیۆن و ئوتوبوس و ناوەندە سەرەکیەکانی کۆمپانیای فۆلۆکس واگۆن بوون کە بەرەو رووی مانگرتن بوونەوە. لە هەموو ئەم ناوچانەدا هاوکات کرێکارانی هێڵی بەرهەمهێنانی شیرکەتەکانی بەرهەمهێنەری کەلوپەلی یەدەکی بۆ ئەم کۆمپانیا گەورانەیان وەستاند.
نوێنەری یەکێتی فلزکاران ڕایگەیاند کە ” بیلانی مانگرتن دوای ٣ رۆژ گەلێک فەوقولعادە و نائاساییە”. قسەکانی نوێنەری یەکێتیەکە لە عەینی حاڵدا پەیامێکی ئاشکراشە بۆ خاوەنکاران. ئەو وتی:” رۆژی دووشەممە ٥ ی فێوریە بە قازانجی خاوەنکارە کە بە پێشنیاری باشترەوە بێتە سەر مێزی وتووێژ.” نوێنەرانی خاوەنکاران بە شێوەیەکی سروشتی باروخۆخەکە بە جۆرێکی تر دەبینن. ئەوان باس لە بە ملیۆن یۆرۆ زەرەر دەکەن کە بەر ئابووری ئاڵمان کەوتوە. هاوکات لە سەرجەم ویلایەتەکان بۆ ڕاگرتنی خێرای مانگرتن شکایەتیان بردۆتە بەر دادگا ئیالەتیەکانیان. سەرۆکی یەکێتی فلزکاران لە بەرانبەر ئەم کردارەی خاوەنکاردا وتی کە ” تەوافوقات سەبارەت بە قەراردادی بە کۆمەڵ ناتوانێ لە ڕێگای دادگاوە چارەسەر بگرێت. ئەم کردارە تەنیا بەنزین کردنە بە ئاگری توڕەیی کرێکاراندا.”
هەرچەند کە ڕێبەرانی یەکێتیەکە ئەساسەن لەسەر دوو داخوازی زیاد کرانی حەقدەست و کەم کرانەوەی ساعاتی کار بۆ بەشێک لە کرێکاران چڕ بونەتەوە بەڵام لەم خەباتهدا کە لە سێ حەوتو لەوەپێشەوە بە ئاکسیۆنی سنوردار تا مانگرتنی ٢٤ کاتژمێری بەڕێوەچوە، داواکاری تر لەوانە کاتژمێری کار، حەقدەست و حقوقی خانەنشینی وەک یەک لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای ئاڵماندا و هەروەها گۆڕانی قەراردادە نیوە وەختەکان بە تەواو وەخت و دامەزراندنی کار ئاموزان دوای کۆتایی دەورەی ئاموزش بە شێوەی جیدی ترح کراون.
ڕاستیەکەی ئەوەیە کە دەورانێک کە ڕێبەریی بوروکراتیکی یەکێتیەکانی کرێکاران و خاوەنکاران لە پێهاتنێکی نەنووسراودا ئەوەیان تەبلیغ دەکرد کە کارئاموزان و کرێکارانی نیوە وەخت باشترە سەریان داخەن تا مەوقعیەتیان نەکەوێتە مەترسیەوە، لە حاڵی تێپەڕ بووندایە. هەردووی ئەم بەشە لە کرێکاران بە وشیاری و مەتمانە بەخۆیی زیاترەوە داخوازیەکانیان تەرح کردوە و لە خەباتی ئێستادا بەشداریان کردوە. بۆ هەردووی ئەوان سازماندانی داهاتویان گرنگە. ئهوان ڕازی نابن بە داهاتویەکی نادیار و هەژاری لە پیریدا و یان خەبات بە ئامانجی دەستەبەر کردنی سەهمێکی هەرچەند کەم لە سەروەتێک کە بەرهەمی دێنن. لەخۆڕا نییە کە ئەوان لە جەریانی خەباتی ئەم دواییەدا نەتەنیا چالاکانە بەشدارن بەڵکو بە تایبەت لاوان لە گەلێک لە کاتەکاندا بە وزەیەکی زۆر و داخوازی ڕادیکاڵ ترەوە دێنە نێو مەیدانەوە. ئەوان بە دروستی داوا لە ڕێبەرانی یەکێتیە کرێکاریەکان دەکەن کە داواکاریەکانی ئەوانیش بخەنە لێستی قەراردادی بە کۆمەڵەوە. ئەم ئاڕاستە گرتنە بێ گومان گەلێک گرنگە لەبەر ئەوەی کە رۆحیەی هاوپشتی و وەحدەت لەنێوان کرێکارانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای ئاڵمان و کرێکارانی قەدیمی و لاودا بەهێز دەکات و توانایی بەرەنگار بوونەوەیان لە بەرانبەر خاوەنکاردا دەباتە سەرێ.
ڕاستیەکی تر ئەوەیە کە هێزی چینی کڕێکار لە چەندایەتی و ڕیکخراو بوونیدا دەردەکەوێ. ئەگەر بەشێک لەم ڕاستیە هاوپشتی و وەحدەتی یەک بەیەکی چینی کرێکارە، بەشێکی دیکەی دەرکی ئەم بابەتە گرنگەیە کە چینی کرێکار، یەکێتی خۆیان وەک سازمانی خەبات و تێکۆشان بۆ دەستەبەر کردنی داخوازیەکانیان بزانن و نەک سازمانی ڕێکخستنی نەزمی شوێنی کار، وەک ئەوەی کە خاوەنکاران و ڕێبەرانی بوروکراتیکی یەکێتیە کرێکاریەکان دەیانەوێ. ئێستا کە ئەم قۆناغە لە خەبات کۆتایی هاتوە و رۆژی دووشەممە سەرلەنوێ نوێنەرانی خاوەنکاران و سهندیكاكان لەسەر مێزی وتووێژەکان دادەنیشنەوە نابێ بێڵن کە رۆحیەی خەباتکارانە و باوەڕ بەخۆیی دەستەبەر بوو لەم رۆژانەی ڕابردودا کەم بێتەوە. نابێ بێڵن کە سەرانی یەکێتی كرێكاران لەسەر مێزی وتووێژ بە لانیکەمی دیاریکراو لە لایەن خاوەنکارانەوە ڕازی بن. نیشاندانی ئامادەیی بۆ چوونە نێو مانگرتنێکی بەرین، بێ سنور و سەرتاسەری و نەک کاتی و ناوچەیی باشترین چەکی کرێکارانە لە کاتی ئێستادا بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ خاوەنکاراندا و داسەپاندنی داواکاریەکانیان بەسەریاندا.