رۆژی هەینی ٥ی مانگی خەزەڵوەر لەباری حقوقیەوە خاڵی کۆتایی لەبەردەم کێشمەکێشەکانی نێوان دەوڵەتی ناوچەیی کاتالۆنیا و دەوڵەتی ناوەندی ئیسپانیا دانرا. پاڕلمانی دەوڵەتی میللی لە جەلەسەی رۆژی هەینی خۆیدا پێکهاتنی “کۆماری کاتالۆنیا”ی ڕاگەیاند. هاوکات سێنای ئیسپانیا هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی کاتالۆنیای پەسند کرد. سەرۆک وەزیری ئیسپانیا کاتژمێرێک دوای بڕیاری سێنا، پەسەند کراوەکەی خستە بواری کرداریەوە، سەرۆکی دەوڵەت، وەزیرانی دەوڵەتی هەرێمی و هەروەها سەرۆکی پۆلیسی کاتالۆنیای لەسەر کار لادا و جێگرەکەی خۆی بە شێوەی ڕەسمی وەک بەرپرسی بەڕێوەبردنی کاتالۆنیا تا هەڵبژاردنی داهاتوو کە رۆژی ٢١ی دیسامبری ئەمساڵ بەرێوە دەچێت دانا. دادستانی گشتیی ئیسپانیا ڕایگەیاند کە سەرۆکی دەوڵەتی ناوچەیی بە تاوانی “ڕاپەڕین” دەکەوێتەبەر بەدوادا چوون. بە پێی قانونی ئیسپانیا لانی زۆری سزا بۆ ڕاپەڕین ٣٠ ساڵە. لە ڕاستیدا رۆژی هەینی کۆتایی کێشە حقوقیەکان بوو و ئێستا وادیارە ئەوە خیابانە کە دەبێ ئەم بابەتە یەکلایی بکاتەوە لە نێوان بارسلۆن و مادرید. بەڵام لە یەکلا کردنەوەشیدا کۆمەڵێک هێزی جیاواز بە ویست و داخوازی جۆراوجۆرەوە بوونیان هەیە. سەرەڕای ئەوەیکە ئەم داخوازیانە لێرە و لەوێ دەچنە پاڵ یەکتر، بەڵام دەبێ واوەتر لە تەبلیغاتی مێدیای گشتی و گوفتمانی زاڵ، ئەوەی کە بە شێوەی واقعی لە ئارادایە لەبەرچاو بگرێت.
ئەوەی کە پێوەندی بە کاتالۆنیاوە هەیە لە گشتی ترین شێوەدا دەتوانێ بە دوو بزوتنەوە، یەکێکیان سەربەخۆ خواز و ئەویتر بزوتنەوەی پەرەدان بە حاکمیەتی خەڵک و دیموکراسی ناو بەرین. ئەگەر لە ڕێبەریی یەکەمیاندا ئەحزابی مەوجود لە کاتالۆنیا و دەوڵەتی ئیئتیلافی ئەم حیزبانە بێجگە لە حیزبی ڕادیکاڵی چەپ بوونیان هەیە، لە دووهەمیاندا حیزبی چەپی ڕادیکاڵ، یەکێتییە کرێکاریەکان، کۆمیتە ناوچەییە و ڕێکخراوە مەدەنیەکان، بەڵام بەبێ ڕێبەریەکی یەکدەست حوزوریان هەیە. ئەگەر بۆ یەکەمیان دەستەبەر بوونی هەرچی خێراتری سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە ئیسپانیا ستراتیژی ناوەندی پێکدێنێ، لە دووهەمیاندا پتەو بوونی دیموکراسی، دژایەتی کردن لەگەڵ سیاسەتە نیئۆلیبڕالیەکان و خەبات لەدژی بێکاری ناوەرۆکی سەرەکی بزوتنەوەکەن.
بەڕێوەچوونی ڕیفڕاندۆم و دروستکردنی فەزای تەبلیغاتی، ئامرازی فشارێک بوو کە بەڕێوەبەرانی بزوتنەوەی سەربەخۆیی لە ئاست بەرەوپێش بردنی ستراتیژی خۆیدا گرتیانە پێش. سەرکوتی وەحشیانەی پۆلیس و گاردی تایبەتی نێردراو لە لایەن دەوڵەتی ناوەندیەوە و سیاسەتە دژی دیموکراتیکەکان هۆکارێکی گەلێک گرنگ بوو بۆ ئەوەی بەشێکی تر لە خەڵک کە نەیاندەویست لە گشت پرسیدا بەشداری بکەن و لە ڕاستیدا سەربە بزوتنەوەی دووهەم بوون بکێشنە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان. بە تایبەت خاڵی جێی سەرنج گەشەی بەشداران لەو گەڕەکە کرێکاریانەی کە “پێشتێنەی سور”ی پێدەڵێن بە بەراورد لەگەڵ باقی گەڕەکەکانی بارسیلۆن و تەنانەت کاتالۆنیادا بوو. ئەمەش بە تایبهت خۆی زیاتر لە هەمەوان لە مانگرتنی گشتی ٣ی ئۆکتۆبر کە لە ئاکامیدا سەرجەم کاتالۆنیا و بە تایبەت بارسیلۆن پەکی کەوت، نیشاندا. ئەم ماگرتنە گشتیە لە لایەن “میزگردی دیموکراسی” یەوە ڕێکخرابوو کە کۆمەڵێک لە سازمان و رێکخراوە گەورە مەدەنیەکانی وەک یەکێتیە کرێکاریەکان، کۆمیتەکانی گەڕەک، ئەنجومەنی کاری ئازاد، کرێکارانی کشتوکاڵی و خاوەنانی کارگا چکۆلەکانەوەیە کە سەربە بزوتنەوەی دووهەمن. خودی مانگرتن دەرخەری ئاڕاستە گرتنێکی تر بوو لە کێشەمەکێشەکانی نێوان دەوڵەتی هەرێمی و دەوڵەتی ناوەندیدا و هەڵبەت ئەمەش چەندان بە دڵی ڕێبەرانی بزوتنەوەی سەربەخۆیی خوازەکان نییە. لەگەڵ ئەوەدا دەبێ بوترێت کە چینی کرێکاری کاتالۆنیا لە ئاستێکی بەرین و جەماوەریدا لە بزوتنەوەی سەربەخۆیی کاتالۆنیادا بەشدار نین. گەلێک فاتۆری جۆراوجۆر لەم بەشداری نەکردنەدا بوونیان هەیە. یەکێکیان قەرار گرتنی حێزبەکانە لە ئاستی ڕێبەریی ئەم بزوتنەوەدا کە کەم و زۆر بەڕێوەبەرانی سیاسەتە نیئۆلیبڕاڵیەکان بۆ ساڵانێکی دوور ودرێژ لە کاتالۆنیادا بوون کە کرێکاران لێیان ڕازی نەبوون.
فاکتۆڕی دووهەم پێکهاتەی نەتەوەیی چینی کرێکارە لە کاتالۆنیا. بەم واتایە کە زۆربەیان لە باقی شوێنەکانی ئیسپانیاوە هاتون بۆ کاتالۆنیا و دەستیان کردوە بەکار و زیاتر بە زمانی ئیسپانیایی قسە دەکەن تا بە زمانی کاتالۆنییەکان، کەوایە زۆر هەستێکی نزیکیان لەگەڵ ئەم بزوتنەوەیەدا نییە. بەپێی ئاماری توێژینەوەکانی کاتالۆنیا” گرایشی سەربەخۆیی خوازی پیوەندی ڕاستەخۆیان بە ئاستی داهاتی بنەماڵەکانەوە هەیە. بە شێوەیەک کە تەنیا ٣٣ لەسەد لە توێژی کەم داهاتی کۆمەڵگە گرایشیان بەرەو بزوتنەوەی سەربەخۆیی خوازی هەیە. خودی ئەمەش نیشانی ئەدات کە بۆچی بزوتنەوەی سەربەخۆیی خوازی قەت نەیتوانیوە زۆربەی کۆمەڵگا بە شوێن خۆیدا بکێشێت. لەبەر ئەوەی کە بۆ ئەم چینە تەنیا داخوازی سەربەخۆیی وڵامێک نەبووە بە کێشە و گرفتەکانیان، کەوایە ئەنگیزەیەکیان بۆ بەشداری کردن لەم بزوتنەوەیەدا تێدا بەدی ناهێنێت. ئەگەر بزوتنەوەی سەربەخۆیی خوازی بیتوانیبایە داخوازی کۆمەڵایەتی لە ستراتیژی خۆیدا جێبکاتەوە بێ گومان دەبووە خاوەنی پشتیوانی گەلێکی بەرین تر. ڕاگەیاندنی بەڕواڵەتی تەعەهود بە هێندێک لە داخوازییە کۆمەڵایەتیەکان لە مەنشوری بزوتنەوەی سەربەخۆیی خوازیدا و دروستکردنی تەوەهوم لەم ڕوەوە کە بە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی هەموو شتێک باشتر دەبێت، ناتوانێ دەلیلێکی زۆر قانع کونەندە بێت بۆ حوزوری بەرینی چینی کرێکار و توێژی خوارەوەی کۆمەڵگە لەم بزوتنەوەیەدا. وێڕای دژایەتی زۆری دەوڵەتی ناوەندی و پشتیوانی نەکردنی یەکێتی ئوروپا، دیار بوو کە لە مەودایەکی زەمەنی نە زۆر دووردا کاتالۆنیا نەیدەتوانی هەمان توانایی ئابووری بپارێزێت کە ئێستا بە تەنیایی یەک لەسەر پێنجی بەرهەمی ناخالیسی میللی ئیسپانیای بەخۆی تایبەت داوە.
فاکتۆڕە گرنگەکانی دیکە هیچ کەم ئەهمیەت تر لە دوو فاکتۆرەکەی دیکە نەبوون، پێداگری لە سەر سەربەخۆیی بەبێ ئامادەگی پێویست لە سەرجەم کۆمەڵگای ئیسپانیادا بوو. کۆمەڵگای ئیسپانیا کۆمەڵگایەکی پڕ جوڵە و کۆمەڵگایەکە کە لە ساڵانی ڕابردوودا و لە جەریانی قەیرانی جیهانی سەرمایەداری دا بزوتنەوەیەکی گەورەی ناڕەزایەتیی تێدا لە ئاراد بوو. نە تەنیا چینی کرێکاری ئیسپانیا بەڵکوو بە ملیۆن کەس لە خەڵک مەیدان و گەڕەکەکانیان داگیر کرد و کۆمەڵێک کۆمیتەی بەهێزیان لەم مەیدان و گەڕەکانەدا دروست کردبوو. لە ناخی ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیانەدا بوو کە جەریاناتی چەپی پوداموس سەری هەڵدا. گشت ئەمانە بەو واتایە بوو کە خودی کۆمەڵگای ئیسپانیاش پێویستی بە ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی هەیە. پێویستی بەوە هەیە کە خۆی لە ژێر باری تەرحە ڕیازەتیە ئابووریەکان دەربکێشێ. بە تایبەت ئەوەیکە بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی چەند ساڵی ڕابردوو نیشانی دابوو کە پوتانسیەلێکی گەورە بۆ ئاڵوگۆڕ لە کۆمەڵگادا بوونی هەیە. لەم گۆشە نیگایەوە بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتیی سەرتاسەری بەدی هێنا. لەگەڵ ئەوەشدا کە هێشتا مۆتەکەی فاشیزمی فرانکۆ بەسەر کۆمەڵگای ئیسپانیاوە قورسایی دەکات. هاتنە مەیدانی ڕەوتە فاشیستیەکان لەم حەفتانەی ڕابردودا فاکتۆڕێکی کەم ئەهمیەت لە بەسیجی خەڵک لە سەرتاسەری ئیسپانیادا لەدژی بزوتنەوەی سەربەخۆیی خوازی کاتالۆنیا نەبوو. رووخانی فرانکۆ بە واتای لەنێوچوونی ئیدئۆلۆژی فاشیستی لە ئیسپانیا نەبووە. هێشتاش گەلێک لە دامەزراوەکانی ئیسپانیا نەیاتوانیوە خۆیان لە فرانکۆ ئیزم داببڕن، هەروەک ئەوەی کە لە ئاڵمانیش گەیشتنی حیزبی فاشیستی و ڕاسیستی ئاڵترناتیو بۆ ئاڵمان وەک سێهەمین حیزبی بەهێز بە پاڕلمان دەرخەری بە ئاشکرای بوونی ئیدئۆلۆژی و گرایشاتی فاشیستی لەنێو خەڵک ودامەزراوەکان دایە.
بزوتنەوەی سەربەخۆ خوازی کاتالۆنیا بە شێوەیەک سەبارەت بە بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان لە سەرتاسەری ئیسپانیادا بێگانە بوو کە نە تەنیا ڕێبەری حیزبی چەپ گەرای پوداموس چووە پاڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا و لەدژی سەربەخۆیی کاتالۆنیا هەڵوێستی گرت، بەڵکوو تەنانەت نوێنەرانی ئەم حیزبە لە پارلمانی کاتالۆنیا لە رۆژی هەینیدا دەنگی نەرێنیاندا. گشت ئەم فاکتۆڕانەی باسیان کرا گەلێک دەرسی بەنرخی نە تەنیا بۆ بزوتنەوەکانی سەربەخۆیی خوازی لە باقی وڵاتانی ئوروپایی بەڵکوو زیاتر لە هەموان بۆ نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا تێدایە. ئەوەیکە خەباتی دژی لاچوونی ستەمی نەتەوایەتی چینی کرێکاری نەتەوە ژێر ستەمەکان لەکوێدا قەرار دەگریت، ئەوەیکە بزوتنەوەی سڕینەوەی ستەمی نەتهوایەتی کام مناسبات لەگەڵ بزوتنەوە ناڕەزایەتیە سەرتاسەریەکان لەم وڵاتانەدا بەدی دێنێ و لە کۆتاییدا ئەوەی کە کام ستراتیژی مەسیری بەرەوپێش چوونی ئەم بزوتنەوەیەی وێنا کردوە و چ هێزێک هیدایەتی دەکات، فاکتۆڕە حەیاتیەکانی ئەو بزوتنەوانەن.
بێ گومان دەبێ بوترێت چارەنووسی بزوتنەوەی سەربەخۆ خوازی لە کاتالۆنیا ئیستا دوای کۆتایی هاتنی کێشمەکێشە حقوقیەکان لە مەیدانی نەبەردی خیابانەکانی کاتالۆنیا و سەرتاسەری ئیسپانیادا یەکلایی دەبێتەوە. لەبەر ئەوەی کە پشت بەستن بە یاسای بنەڕەتی و یان قانون گەرایی وڵامی ئەو داخوازیانە نییە کە بە ناوەرۆکی جۆراوجۆرەوە دەخرێنە پێشەوەی سەحنە.