کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
بابه‌تی گه‌یشتوو

پەیامی کومیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هاوڕێیانی خەباتکار ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەشداربوانی هێژا

 

بە ناوی کومیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمانەوە یادی ٤٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە ئێوە بەڕێزان و هەموو ئەندامان و خەباتکارانی حیزبەکەتان پیرۆزبایی دەکەین و ڕێز لە خەبات و قوربانیدانتان لە ماوەی چوار دەیە تێکۆشانی شۆڕشگێڕانە بەرانبەر بە فاشیزم و کۆنەپەرەستی و ستەمکاریی زاڵ بەسەر چارەنووسی گەلانی ئێراندا دەگرین.
گومان لەوەدا نیە کە خەباتی هاوبەش و هەمەلایەنەی خەڵکی کوردستان و هەموو نەتەوە ستەملێکراوەکانی  ئێران لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانەوە پێویستی بە هاوئاهەنگی و ئیرادەی هاوبەش و ڕێکخستنی ئامانجدار و یەکگرتوانەی هەموو هێز و لایەنە خەباتکارەکانی کۆمەڵگای سیاسیی ئێران هەیە و بوونی ئێوە لە گۆڕەپانی خەباتی چالاکانە و ئەزموونە سیاسییەکانی ڕابردووتان و نەخشەڕێگاتان بۆ بنیاتنانی داهاتوو، دەتوانێ گوڕوتینی زیاتر بە ڕەوتی ئەو خەباتە بدات.
حیزبی ئێمە وەکوو پرەنسیپێکی نەگۆڕ و لەمێژینەی خۆی باوەڕی قووڵی بە پێویستیی پتەوترکردنی ئەو هاوخەباتییە هەیە و پێی وایە دەتوانین و دەبێ خاڵە لاواز و بەهێزەکانی پێوەندییەکانمان لە ڕابردوودا بکەینە ئەزموونێک بۆ تێکۆشانی هاوبەشی داهاتوو و هەوێنی یەک هەڵوێستی لە بەردەم ئاڵوگۆڕە چارەنووس سازەکانی داهاتووی کۆمەڵگاکەماندا.

بەڕێزان!
هەروەک دەزانن، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا سەرهەڵدانی جەماوەریی گەلانی ئێران بە پێشەنگایەتیی نەتەوەی کورد و لە ژێر دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”دا تەنگی بە دێوەزمەی دیکتاتۆری و کۆنەپەرەستیی کۆماری ئیسلامی هەڵچنیوە و ڕێژیمی لە هەر دوو ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بەرەوڕووی قەیرانێکی قووڵ و پێکهاتەشکێن کردووە و بۆتە ترووسکەی هیوایەک بۆ ئازادی و ڕزگاری لە دڵی خەڵکی وەزاڵەهاتووی وڵاتەکەماندا.
لەو نێوانەدا، پۆتانسێل و ڕۆڵی بزووتنەوەی سیاسیی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و پێگەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بەهێزی ئەو بزووتنەوە ڕەوایە لە نێو خەڵکدا فاکتەری هەرە شوێندانەر لە هەڵگێرسان و پەلهاوێشتن و پەرەسەندنی شۆڕشی ژینادا بوو. ئەو شانازییە هەروەها بەرهەمی دیسکۆرسی پێشکەوتنخوازانە، قوربانیدان و یەکگرتوویی لایەنەکان لە گوتار و کردەوەدا بوو کە سەرەڕای دڕندایەتیی لەڕادەبەدەری هێزی سەرکوتکەر، تا هەنووکەش ورەی شۆڕش و ڕۆحی بەرەنگاریی لە نێو چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵکدا بە زیندوویی ڕاگرتووە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاراستن و پتەوترکردنی بنەماکانی ئەو هاوپێوەندییە شۆڕشگێڕانەیە لەگەڵ هەموو لایەنەکان بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێت و لەو سۆنگەیەوە کە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە هاوسەنگەر و پشتیوان و هاوخەباتێکی خاوەن ڕابردوو و تەیار بە پرەنسیپی سیاسی دەزانێت، پێداگری لەسەر گرینگیی پەرەپێدانی پێوەندی و دۆستایەتی لەگەڵ حیزبە تێکۆشەرەکەتان دەکات.
لە کۆتاییدا جارێکی دیکە یادی ٤٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەرز ڕادەگرین و هیوای سەرکەوتنتان لە بەرەوپێشبردنی ئەرکە شۆڕشگێڕییەکانتاندا بۆ دەخوازین.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کومیتەی گشتیی ئاڵمان
١٧ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی
٨ی سێپتامبری ٢٠٢٣ی زایینی

بابەتی پەیوەندیدار

وتارێکی لنین بە بۆنەی یەکی ئایارەوە کە لە ساڵی ١٩٠٤ دا نووسراوە لە فارسیەوە: هیوا مەجید زادە

-

ڕۆژی یەکی ئەیار، بە ڕیوایەتی” رۆزا لۆکزامبۆرگ” سەرچاوە: ئاڕشیوی دەنگی شۆڕشی ئێران

-

ئێران بۆ ھێرش دەکاتە سەر ھەولێر؟

د.شێرکۆ کرمانج

شەرە جنێوی هیتلەرەکان، پەیوەندی بە مافی ستم لێکراوانەوە نییە ؟!

-

جارێکی دیکە دەستی چەپەڵی تیرۆری کۆماری ئیسلامی له هەرێمی کوردستان !؟

-

‏تێبینیەک له سەر هەڵوێست گرتن بەرامبەڕ شەڕی‎ ئیسڕائیل و حەماس

-