کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
بابه‌تی گه‌یشتوو

په‌یامی کۆمیتەی لاوانی شۆڕشگێری سووری مەهاباد

ئێمە هەزاران کەس بووین، هەزاران کەس لە ئێمە گیانیان بەخت کرد یان لە زیندانەکان ڕزان. هەزاران کەس لە ئێمە پشتیان دە مەیدانی شۆڕش کرد. هەزاران کەس لە نیوەی ڕێگا بەجێ مان. بەڵام ، ئێمە هێشتا هەزاران کەسین.
پەیامی خۆمان بە یاد و ناوی هاوڕێی زینده‌یاد کاک عەزیز یوسفی دەست پێ دەکەین؛
سەرەتا پەیامی هاودڵی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەکانی سەربەرزی شەهیدانی شۆڕشی ژینا دەکەین و لەگەڵ ئەوان یادی هاوڕێیانی نەمرمان بەرز ڕادەگرین و جارێکی دیکە بەڵێن دەدەین کە بنەماڵەی شەهیدانمان بەجێ ناهێڵین و ناهێڵین یاد و ناوی شەهیدەکانمان لە یاد بچنەوە. دواتر وەکوو گەلی کوردستان جارێکی دی پەیامی یەکگرتوویی و هاودڵیمان بە گوێی هەموو گەلان و چینی چەوساوەی ئێران دەگەیێنین و باوەڕمان وایە کە چارەنووسی هەموو چەوساوەکان لێک گرێ دراوە و چەوساوەکان بێجگە لە ئیرادە و هێزی خۆیان هیچ پشتیوانێکیان نیە و ئەو ڕەوتە پاوانخواز و فاشیستانەش ڕسوا دەکەن کە لەو سەری ئۆقیانووسەکان لە نێو کۆشکە لوکسەکانی کالیفۆرنیا دەیانهەوێ بڕیار بۆ ژیان و چارەنووسی ئێمە بدەن. جارێکی دیکە ئەو ڕاستیە بە گەلانی چەوساوە سەلما کە ئێمپریالیزمی جیهانی دڵسۆز و ڕزگاریدەری هیچ گەلێک نیە و ئەوەی بۆوان بایەخی هەیە ئەو سوودەیە کە لە ڕێی دەوڵەتە کۆنەپەرەستەکانی ناوچە پێیان دەگا، نەک ویست و خولیاکانی ئێمە.
لە درێژە دا لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو ڕووداوە تاڵەی لە مەقەڕی سازمانی زەحمەتکێشان دا ڕوویدا، ئێمە وەکوو هێندێک لە لاوانی شۆڕشگێری کوردستان، ئەو کردەوە بە توندی مەحکووم دەکەین و ئەو کارە لە ڕاستای ئامانج و خواستەکانی گەلی کوردستان نابینین و نەفرەت دەکەین لەو ڕیبازە کە لوولەی تفەنگی بەرەو تاکی شۆڕشگێری گەلی چەوساوە دەسووڕێنێتەوە و داوامان ئەوەیە کە مەسئوولانی ئەو دوو جناحە وڵامدەر بن لە ئاست کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
لە درێژە دا ڕوو لە لاوانی خوێن گەرمی کوردستان، بەتایبەت مەهاباد دەکەین کە مەتن و ناوەرۆکی ئەو شۆڕشە پێشڕەوە لە یاد نەکەن و هەوڵ بدەن ڕەوتی پیشڕەوی ئازادی‌خوازی و یەکسانی‌خوازی کوردستان بەرفراوانتر بکەنەوە و سەنگەرەکان ئاودیوی سنوورەکانی کوردستان بکەن و لە بەرتەسک کردنەوەی ئەو شۆڕشە و بە حیزبی کردنی خۆ ببوێرن. ئەوە هەلێکی زێڕینە بۆ هەموو چەوساوەکان، بۆ ژنان، بۆ نەتەوەکان و بۆ چینی کرێکار و زەحمەتکێش کە بە پەرەپێدان و ڕادیکاڵ کردنەوەی مەتنی ئەو شۆڕشە، هەموو چەشنە ستەمێکی چینایەتی، ڕەگەزی و نەتەویی بۆ هەمیشە لە ناو ببەن. ئەو دڵنیاییەش دەدەین بە خەڵکی چەوساوە کە ئەو شۆڕشە کپ ناکرێ و کۆماری سێدارە وادەزانێ بە سەرکوتی حیزبەکان لە دەرەوەی سنوورەکان دەتوانێ خەڵکی ناڕازی بێدەنگ بکا. خەیاڵی خاوە و نازانێ کە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی خەڵک، نە حیزبەکان بەڵکوو نابەرابەری، هەڵاواردن، هەژاری، بێکاری، گرانی، خەفەقان و فەسادە و ئەوانە هێشتا نەک لە جێی خۆیانن بەڵکوو خەریکە ڕۆژ بە ڕۆژ بەڕێچوونی خەڵک سەختتر دەبێ و کەرامەتی ئینسانەکان پێشێل دەکرێ. ئەوەی کە کوماری سێدارە نایهەوێ ددانی پێ داگرێ ئەوەیە کە هێزی بڕیاردەر نەک لە کۆیە و ئالبانی و زرگوێز، بەڵکوو لێرە لە کارخانەکان، لە مووچە و مەزراکان، لە نێو دەستە کارگەرە فەسڵیەکان، لە نێو کوورەخانەکان، لە نێو تەعمیرگاکان، لە پەراوێزی شارەکان، لە زانکۆکان و لە شەقامەکانن. ئەوەیە هێزی لەبڕان نەهاتووی گەلی چەوساوە کە هیچ مووشەکێک نایبەزێنێ. بە شاهیدی مێژوو، ئەو شایەی بە دەستووری ئامریکا ببووە ژاندارمی ناوچە و بە ئێف شازدەکان لە خۆبایی ببوو هەر بە دەست حەڵەبی ئابادیە پێخواسەکان تەخت و تاجی تێکڕووخا و لە چوار قوڕنەی دنیا جێی نەدەبۆوە. کۆماری سێدارەش ئەو وەهمەی هەیە کە ئێستا ئامریکا تەوافوقی لەگەڵ کردووە و پووڵ و ئیمتیازی داوەتێ دەتوانێ دەنگی شۆڕشی یەکسانیخوازی و ئازادیخوازی گەلانی ئێران سەرکوت کا بەڵام لەو لایە نە توانیویەتی بوحڕانی مەشڕووعیەت چارە بکا و نە بوحڕانەکانی ئابووری. ئەوەی کۆماری سێدارە ماویەتی گوللە و زەبروزەنگە. بە شاهیدی ئەو ٤٤ ساڵەش، دیتوومانە کە نە گوللە، نە زیندان و نە سێدارە نەیتوانیوە وناتوانێ دەنگی شۆڕش کپ بکا.

سەرکەوێ شۆڕشی گەلانی چەوساوەی ئێران
بەرقەرار سۆسیالیزم و ئیدارەی شووڕایی

بابەتی پەیوەندیدار

وتارێکی لنین بە بۆنەی یەکی ئایارەوە کە لە ساڵی ١٩٠٤ دا نووسراوە لە فارسیەوە: هیوا مەجید زادە

-

ڕۆژی یەکی ئەیار، بە ڕیوایەتی” رۆزا لۆکزامبۆرگ” سەرچاوە: ئاڕشیوی دەنگی شۆڕشی ئێران

-

ئێران بۆ ھێرش دەکاتە سەر ھەولێر؟

د.شێرکۆ کرمانج

شەرە جنێوی هیتلەرەکان، پەیوەندی بە مافی ستم لێکراوانەوە نییە ؟!

-

جارێکی دیکە دەستی چەپەڵی تیرۆری کۆماری ئیسلامی له هەرێمی کوردستان !؟

-

‏تێبینیەک له سەر هەڵوێست گرتن بەرامبەڕ شەڕی‎ ئیسڕائیل و حەماس

-