کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

وتەیەک بە یادی گیانبەختکردوانی مەعدەنی خەڵوزی بەردی زەمستان یۆرت

رۆژی هەینی ١٣ ی مانگی گوڵان ساڵیادی تەقینەوەی کانی زەمستان یۆرت ی ئازاد شار بوو لە ئوستانی گوڵستان. لە ئاکامی ئەو تەقینەوەیەدا دەیان کرێکار لە قوڵایی ١٣٠٠ میتری ژێر زەوی لە فەزایەکی پڕ لە گازی ژاراویدا گیریانخوارد. هێزەکانی ئیمداد تەنیا توانیان تا قوڵایی ٨٠٠ میتری بچینە پێشێ و لە حاڵێکدا خۆیشیان لەبەر مەترسی گازە کوشەندەکاندا بوون، بریندار بوون و عەمەلیاتی ڕزگار کردن بەبێ ئاکام مایەوە. کاربەدەستانی ڕژیم لە ماوەی رۆژەکانی دوای تەقینەوەکە ئاماری جۆراو جۆرایان سەبارەت بە ڕێژەی تەلەفات ڕادەگەیاند. بەڵام سەرئەنجام دوای بێ ئاکام بوونی عەمەلیاتی یارمەتی گەیاندن رۆژی ١٦ ی گوڵان ڕاگەیەندرا کە ٤٣ کرێکار لە قوڵایی زەویدا گیانیان لەدەست داوە و دەیان کریکاریش لە جەریانی عەمەلیاتی یارمەتی گەیاندندا بریندار بوون. پەیکەری گیانبەختکردوان رۆژی ١٩ ی گوڵان لە کانەکە دەرهێندران. کاتی تەقینەوە زیاتر لە ٥٠٠ کرێکار لەم کانەدا کاریان دەکرد. کرێکاران و بنەماڵەی گیانبەختکردوان کاربەدەستانی دەوڵەتیان بۆ پێکهێنانی کوموسیۆنی دۆزینەوەی ڕاستی خستە ژێر گوشارەوە. ئەم کوموسیۆنە پێکهات و سەرئەنجام رۆژی ١٥ ی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردو ئاکامی تویژینەوە و بەدوادا چوونەکەی خۆیان ڕاگەیاند. بەپێی ئەو تەحقیقاتە، خاوەنکار بە هۆی کەمتەرخەمی لە دروست کردنی سیستمی ئەمنیەتی لەم مەعدەنەدا بە خەتابار زاندرا. لە ئاکامی ئەم توێژینەوەیەدا دەرکەوت کە لە کانێکدا کە کرێکاران لە قوڵایی ١٣٠٠ میتری زەویدا کاریان دەرکرد، تەنانەت یەک سنسوری تەشخیسی گازی تێدا دانەندرا بوو تا ڕێژەی بوونی گازە ژاراویەکانی نێو کانەکە ئەندازە بگرێت و لەکاتی پێویستدا هۆشداری بدات. بە جوڵەی لوکوموتیوەکان بەسەر ڕەیلەکان بە مەودا و قوڵایی زەویدا، بەردەوام جریقەیان لێ دەبێتەوە، ئەگەر سنسوری حەساسیەت سەنج بوونی نەبێت، کۆبوونەوەی گاز لە شوێنێکدا دەتوانێ ببێتە هۆی روودانی تەقینەوە و داخرانی ڕێگای دەرچوون لە مەعدەنەکە. لەگەڵ ئەوەدا کانێک بەم قوڵاییەوە بونبەست بووە و تەنیا یەک ڕێگای دەرچوونی هەبووە.

توێژینەوەکانی دواتر نیشانیدا کە کرێکارانی ئەم کانە، سەرەڕای بارودۆخێکی دژوار کە تێیدا کاریان کردوە، لە بەرانبەر رووداوەکاندا بیمە نەبوون و ٦ مانگ حقوقی دواخراویشیان لای خاوەنکار هەبووە. رۆژی ١٧ ی مانگی گوڵان حەسەن روحانی چوو بۆ بازدیدی ئەو کانە، بەڵام ناڕەزایەتی توندی کرێکاران ناچاری دەکات بازدیدەکەی بە ناتەواوی بێڵێتەوە و شوێنەکە بەجێبێڵێ.

بەڵام حاڵ و رۆژی کرێکارانی ئەم کانە لە ساڵیادی ئەم رووداوەدا چۆنە؟ رۆژنامەی ئێران ی چاپی تاران لە زمان یەکێک لە هەواڵنێرەکانیەوە بە بۆنەی ساڵگەردی ئەم رووداوەوە بابەتێکی داناوە کە گۆشەیەک لە ماهیەتی دژی ئینسانی سەرمایەداران و دەوڵەتی پشتیوانیان ئاشکرا دەکات. هەواڵنێری ئەو رۆژنامەیە دەنووسێ:

” بەڕواڵەت هەموو شتێک گەڕاوەتەوە بارودۆخی ئاسایی خۆی و کرێکارانی مەعدەنەکە دەچنە سەر کار و ئێوارە بە ماندویی و تەپەتۆزاوی دەگەڕێنەوە بۆ ئاوییەکانیان. مەعدەنکاران دڵێکی پڕ لە ئێش و ئازاریان لە رووداوەکانی ڕابردو هەیە، دەترسن قسەیەک لەبارەیەوە بکەن. دەترسن کە لە کار بێکار بکرێن. دەڵێن لە ناخی بەهەشتدا کار دەکەن بە بارودۆخێکی دۆزەخ ئاساوە! ئەوان حقوقی مانگی بەفرانبار و ڕێبەندان و خاکەلێوە و جێژنانەشیان هێشتا وەرنەگرتوە. پێیان دەڵێن ئەگەر زیاتر کار بکەن و زیاتر ئیستخراج بکرێت، حەقوقەکان وەردەگرن دەنا دەبێ چاوەڕوان بن و پەلەیان نەبێت بۆ وەرگرتنی حه‌قده‌سته‌كانیان. کەسیش مافی ناڕەزایەتی دەربڕینی نییە دەنا دەردەکرێت.” ئەو لە دەرێژەدا دەنووسێ:

” هێشتا چەند وێنەیەک زیاترم نەگرتبوو کە یەکێک لە کرێکارەکان دەڵێ:” ئاغا سەرئێشەمان بۆ سازمەکە.” هاوکارەکەی بە تەنزەوە دەڵێ:” هیچکوێت دیار نییە. کێ دەزانێ ئەوە وێنەی کاممانە. ئێستا بەم شێوەیە بچیتە لای خزمەکانیشت دەتناسنەوە؟”

یەکێک لە کرێکارەکان دەڵێ:” نزیک بە ١٨ ساڵ دەبێت لەنێو مەعدەندا کار دەکات، دەست دەکات بە دەردی دڵ کردن:” بارودۆخی ئێرە فەرقی نەکردوە. دوای چەند مانگ داخران لەبەر تەقینەوە کە، زۆرێک لە هێزی کاری پێشویان لەبەر ناڕەزایەتیەک کە پارەکە دەریانبڕیبوو ئیتر نەهێنایەوە سەر کار. حقوقی من مانگانە یەک ملیۆن و سەد هەزار تمەنە کە هێندێک مانگ ٧٠٠- ٨٠٠ تمەنی ئەدەن. حقوقی مانگی ١٠ و ١١ و مانگی یەکی ئەمساڵ و جێژنانەشمان وەرنەگرتوە.” هەواڵنێرەکە لە درێژەدا دەنووسێ:” گلەیی مەعدەنکارەکان لە بارودۆخەکە دڵ هەژێنە. بۆنمونە دەڵێن دەبێ کەلوپەلی وەک کڵاو و چراقوە و چەکمە و لیباس و ماسک خۆیان بە هەزینەی شەخسی تەهیەی بکەن و ئەگەر کانەکە هەر کەلوپەلێکیان بداتێ، لە مانگانەکەیانی دەبڕێت.”

یەکێک لە مەعدەنکارەکان بنی چەکمەکەی پیشان ئەدات کە چۆن دڕاوە:” هەر دو مانگ جارێک چەکمە و لیباسەکانمان دەدڕێن. مەعدەن هیچمان ناداتێ و دەبێ چەکمە و دەستکێش و لیباس خۆمان بیکڕین.”

بەڵام داستانی مەعدەنی بەردی خەڵوزی زەمستان یورت، نمونەی بارودۆخی سەرجەم شوێنەکانی ڕەنج و کار و چەوساندنەوەیە لە ئێراندا. سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان لەبەر تەماحی کەڵەکە کردنی سود، تەنیا شتێک کە بیری لێ ناکەنەوە، ئەمنیەتی کرێکارانە. ئەوان تەنیا بیر لە سود و قازانج دەکەنەوە و نە نیگەرانی لەدەست دانی گیانی کرێکارانن لە ئاکامی رووداوی شوێنی کاردا و نە نیگەرانی ئەوەن کە کرێکاران لەترسی گیانیان شوێنی نا ئەمنی کار بەجێبێڵن. ئەوان بە پشت بەستن بە ملیۆن کرێکاری بێکار، کە لەپشت دەرگای کارگا و کارخانەکان و ناوەندەکانی دۆزینەوەی کاردا ڕیزیان گرتوە، بەم شێوەیە یاری بە گیان و ئەمنیەتی کرێکاران دەکەن.

لە بەرانبەر وەها وەحشیگەریەکدا کە گیان و بژیوی ژیانی کرێکارانی بە گرەوگان گرتوە، دەبێ چی بکرێت؟ ڕێگایەک کە دەبێ بگیرێتە بەر روون و ئاشکرایە: تا کاتێک کە ئاخێزی شۆڕشی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بەساتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و نیزامی سەرمایەداری تێکەوە نەپێچاوە، ئەوە خودی کرێکارانن کە دەبێ لەبیری خۆیاندا بن و بە پشت بەستن بە خەباتی ڕێکخراوی خۆیان خاوەنکاران و دەوڵەت وادار بە دابین کردنی ئەمنیەتی شوێنی کاریان بکەن.

بابەتی پەیوەندیدار

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-