ئەمرۆ شەممە یازدەی مانگی خهرمانان، ساڵرۆژی پێکهاتنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانە. ٣٤ ساڵ لەوە پێش لە وەها رۆژێکدا کۆنگرەی دامەزرێنەری حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کۆتایی بە كارهكانی خۆی هێنا و بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندنێک پێکهاتنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانی ڕاگەیاند. لە ساڵرۆژی دامەزرانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا ڕێز لەیاد و بیرەوەری گیانبازی ئەو هاوڕێ و هاوسەنگەرانەمان دەگرین کە لە ڕیزەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا، چ لە زیندان و لەژێر وەحشیانە ترین ئەشکەنجەکان و یان بە پەتی داری ئێعدامەوە و لە بەرانبەر دستڕێژی جەنایەتکارانی کۆماری ئیسلامیدا و چ لە سەنگەرەکانی خەبات و خۆڕاگری شۆڕشگێڕانە لە کوردستان، لە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە نەبەردی ڕووبەروو لەگەڵ دوژمن، گیان و ژیان و هەستیی خۆیان لە ڕێگای ڕزگاری ئینسانی چەوساوە و ستەم لێکراودا بەختکرد. سڵاو دەنێرین بۆ بنەماڵە خۆڕاگر و سەربەرزەکانیان. لەم رۆژەدا هەروەها سڵاو و دروودی خۆمان ئاڕاستەی پایەداری و خۆڕاگری کرێکاران و کۆمۆنیستە بەندکراوەکان و سەرجەم زیندانیانی سیاسی دەکەین کە بۆ دیفاع لە ئارمانەکانیان، بە دیل گیراون و ڕێز لە خەبات و خۆڕاگریان دەگرین.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە یەکێک لە هەستیار ترین ساتەکانی حەیاتی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی ئێراندا پێی نایە گۆڕەپانی سیاسیەوە. ئەم حیزبە لە بارودۆخێکدا پێکهات کە شۆڕشی ئێران لەژێر زەربەکانی دژی شۆڕشی ئیسلامیدا ئاخرین هەناسەکانی هەڵدەکێشا. هێزە چەپ و ڕادیکاڵەکان گەلێک توشی شپرزەیی و سەرلێشێواوی ببوون. سەرکوتە خوێناویەکان، گرتنی بەرین، ئێعدامە زۆر و بەکۆمەڵەکان، بەشێک لە سازمانە چەپکانی بەکردەوە لێک هەڵوەشاندبۆوە. لە ئاوا باردوۆخێکدا پێکهاتنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە لایەن بەشێک لە کۆمۆنیستەکانی ئێرانەوە، وڵامێکی شۆڕشگێڕانە بوو بە بارودۆخێکی نابەسامان. لە ئاوا بارودۆخێکدا چارەسەری گەلێک لە بابەتە نەزەری و سیاسی و هەروەها بەهێز کردنی پایە و ئەساسی کرێکاری ئەم ڕەوتە دەبوو دابندرێت بۆ دەرفەتێکی گونجاو تر و بەر لە هەموو شتێک وڵامێکی شۆڕشگێڕانە و کاریگەری بەم بارودۆخە دیاریکراوە دایەوە. بە وەها ئاڕاستە گرتنێک بوو کە پەلە کردن لە پێکهێنانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێڕان ببووە زەرورەتێکی ئانی. بەم جۆرە لە حاڵێکدا کە حکومەتی ئیسلامی لە هەموو جێگایەک هەڵوەشانەوەی سازمانە سیاسیەکانی تەبلیغ دەکرد، حێزبێکی تازە و پڕ شور، خاوەن ورە و هیوادار پێکهات.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە کوردستان پشتی بە بزوتنەوەیەکی جەماوەری بەرین بەستبوو و خاوەنی پێگەیەکی کرێکاری بە هێز بوو لەم ناوچەیەدا. پێهاتنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ڕەزمەندەگی و شور و شەوقی شۆڕشگێڕانەی لەنێو ڕیزەکانی تەشکیلاتی کوردستاندا بەرزتر کردەوە و ئیجازەی نەدا پاشەکشە نیزامیەکانی بزوتنەوەی کوردستان ئاسۆی سیاسی تێکۆشەرانی تاریک و لێڵ بکات و یاریدەدەری کۆمەڵە بوو بۆ تێپەڕاندنی سەرکەوتوانەی قۆناغێکی سەخت و دژوار.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ دامەزراندنی نیزامێکی سۆسیالیستی خەبات دەکات. لە ڕوانگەی ئەم حیزبەوە دەستەبەر بوونی وەها ئامانجێک بە مەسیری شۆڕشێکدا دەڕوات کە تێیدا چینی کرێکار ئاسۆی خۆی کردبێتە ئاسۆی زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوانی کۆمەڵگە و وەک چینێکی کۆمەڵایەتی دەسەڵاتی سیاسی بە دەستەوە دەگرێت. چینی کرێکار دوای بە دەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسی بەبێ ڕاوەستان و بە خێرایی گونجاو لەگەڵ هێزێک کە جوڵانەوەکەی بەسیجی کردوە، بە دامەزراندنی خاوەنداریەتی و مالیکیەتی جەمعی و بە کۆمەڵ بەسەر ئامرازی بەرهەمهێناندا، بە هەڵوەشاندنەوەی کاری کرێگرتە، کۆتایی هێنان بە چەوساندنەوەی ئینسان بە دەستی ئینسان، هەنگاو دەنێت بەرەو بونیادنانی کۆمەڵگایەک کە ئینسانەکان تێیدا ئازاد و یەکسان و لە ڕیفاهی تەوادا دەژین، واتە بەرەو سۆسیالیزم. هەوڵی ئەم حیزبە بۆ دەستەبەر بوونی ئەم ئامانجە پشتی بە چوار سەندی بنەمایی ” بیانیە”، ” بەرنامە”، ” ستراتیژی” و ” ئەساسنامە ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەستوە. ئەم بەڵگانە ناسێنەری هۆویەت، ئامانج، پێگەی سیاسی و خەت و مەشی خەباتاکارانەی ئەم حیزبەن. ئەم بەڵگانە پشتیان بە جیهانبینی زانستی، ماتریالیزمی دیالکتیک و ماتریالیزمی مێژوویی و ئەزمونە مێژووییەکانی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی جیهانی بەستوە. ئەم بەڵگانە لەسەر بنەمای باسە تیئۆریکەکانی ماڕکس نووسراون و خاوەنی ڕاستی و حەقانیەتێکی زانستین و هەر بە هۆی ئەم پشتیوانە زانستیەوە لە مەسیری گەشە و تەکامولدان. لەسەر بنەمای ئەم خەت و ڕێبازە، حیزبی کۆمۆنیستی ئێڕان شێلگیرانە هەوڵ ئەدات تا لە گشت ساتەکانی خەباتی ئازادی خوازانە و چینایەتی ئێستای ئێراندا دەور و نەخشی شایستەی خۆی بنوێنێ و ئەرکەکانی سەرشانی بەجێبێنێ. هاوتەریب لەگەڵ ئەم خەت و ڕێبازە، هەر ئینسانێکی ئازادی خواز، هەر نەتەوەیەکی ستەمدیتو، هەر ژنێکی ئازادی خواز، هەموو لاوێکی ماف خواز، هەر هونەرمەندێکی خاوەن هەڵوێست و خاوەن تەعەهود، دەتوانێ پێگەی ئینسانی خۆی لە ڕیزی ئەم حیزبە و یان لە پێوەند لەگەڵ ئەم حیزبەدا بدۆزێتەوە.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە ستراتیژیەکی رۆشن کە هەیەتی، بۆ ئەنجامدانی ئەرک و ڕیسالەتێکی گرنگ کە لەم قۆناغەدا وەئەستۆی گرتوە، بە عەزمێکی لێبڕاوانە هەموو زەرفیەتەکانی خۆی بۆ یارمەتیدانی رێکخستن و بەسیجی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگا بەکاردێنێ. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەپێی پێشینەی ئەم سێ دەیەی رابردوو و پێبەند بوونی بە دیفاع لە قازانج و بەرژەوەندی کرێکاران، بەپێی پێوەندیەکی قوڵ کە لەگەڵ کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ستەمدیتوی کوردستان هەیەتی، بە پێی ئیعتیبارێک کە لەنێو هێزەکانی بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی ئێراندا لێی بەهرەمەندە، بە پێی وڵامێکی روون کە بە چی دەبێ بکرێ کانی داوەتەوە؛ دەتوانێ ببێتە ئامراز و زەرفی سازمانیابی و چالاکی ڕێبەران و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری ئێران. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە عەزم و ئیرادەیەکی پتەوەوە هەوڵ ئەدات بۆ خێراتر بوونی ئەم ڕەوتە زەرفیەتەکانی لە هەموو بوارەکاندا بەرێتە سەرێ و ببێتە هەوێنی یەکگرتویی و وەحدەتی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی ئێران.