کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هێرشی شه‌وانه‌ بۆسەر ماڵی کرێکارانی نەیشەکەری هه‌فت تەپە

هاوکات لەگەڵ درێژەی ناڕەزایەتیی کرێکارانی شیرکەتی کشت و سەنعەتی هه‌فت تەپە، هێزەكانی پۆلیسی ئەمنیەتیی لە کاتژمێر ٢١ی شه‌وی سێشەممە ٣ی مانگی گەلاوێژدا هێرشیان کرده‌سەر ماڵی کرێکارەکان و ١٥ کەسیان لێ دەستبەسه‌ر کردن. سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری هه‌فت تەپە بە بڵاوکردنەوەی بەیانییەیەک، ناڕەزایەتیی خۆی سەبارەت بەم هێرشە شەوانەیه‌ بۆسەر کرێکاران دەربڕی و خوازیاری ئه‌وه‌ بوو كه‌ هەرچی خێراتر گیراوەکان ئازاد بكرێن. لە ڕاگەیاندنی ئەم سەندیکایەدا هاتووە کە” ئەم هێرشە شەوانەیە بەدوای ناڕەزایەتیی ئەم دواییەی کرێکارانی شیرکەتی کشت و سەنعەتی نەیشەکەری هه‌فت تەپەدا و به‌ستنی جاددەی نێوده‌وڵه‌تی ئەندیمشک ــــ ئەهواز ڕوویدا کە لە لایەن ئەو کرێکارانەوە ئەنجامدرا”. لە ڕاگەیاندنی ئەم سەندیکایەدا هاتووە کە “کرێکارانی نەیشەری هه‌فت تەپە لەم چەند ساڵەی دوایدا بۆ دەستەبەر کردنی داخوازییەکانیان زۆر جار دەستیان داوەتە دەربڕینی ناڕەزایەتیی و مانگرتن. ناڕەزایەتی ئەم دەورەیەی کرێکاران و خانەنشینكراوانی نەیشەکەری هه‌فت تەپە تا ئێستا دەبێ بە کاربەدەستانی نیشان دابێت کە ئاوڕنەدانەوە لە داخوازی کرێکاران و پێڕانەگەیشتن پێیان جێگای قەبوڵ کردن نییە.”

ناڕەزایەتی کرێکاران و خانەنشینكراوانی شیرکەتی کشت و سەنعەتی نەیشەکەری هه‌فت تەپە لەم دەورەی دواییدا بۆ پێڕاگەیشتنی خێرا بە نەدرانی حەقدەستە دواخراوەکان لە مانگی خاکەلێوەوە تا مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ و درێژ نەکرانەوەی دەفتەرچەی بیمەكانیان، بە هۆی نه‌درانی هەزینەکان لە لایەن خاوەنکارەوە دەستی پێکردۆتەوە. نەدرانی ٤ لەسەد حەقی خاوەنکار بە کرێکارانی خانەنشینکراو کە دوایین لیستیان لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٥ دا خانەنشین بوون، یەکێکی دیكه‌ لە داخوازییەکانی کرێکارانە. لە ڕاستیدا هەڵسوڕاوانی کرێکاری شیرکەتی کشت و سەنعەتی نەیشەکەری هه‌فت تەپە بە هۆی خەبات بۆ دەستەبەر کردنی ئەم داخوازییە ڕەوایانە لە ماڵەکانیاندا لە کاتی شەودا هێرشیان کراوەتەسەر.

کرێکارانی نەیشەکەری هه‌فت تەپە لە درێژەی خەباتی خۆیاندا، ڕۆژی سێشەممە له‌ڕێگه‌ی به‌ستنی جاددەی نێوده‌وڵه‌تی ئەهواز- ئەندیمشک و به‌ڕێوه‌بردنی کۆبونەوەیەکی ناڕەزایەتیی یەکپارچە لە حەوشەی ئه‌م کارخانەکەدا بەرەوڕووی هێرشی هێزە ئینتیزامییەکان بوونه‌وه‌ و دیمه‌نێكی شكۆداریان لە خەبات و تێکۆشان پێشاندا. بەدوای ئەم ناڕەزایەتیی و تێک هەڵچونانەی کرێکاران لەگەڵ هێزە ئینتیزامییەکاندا بوو کە لە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە دادستانی شووش، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی و خودی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی کارخانەکە ناچار بوون سەبارەت بە ڕووداوێک کە لە حەوشەوی کارخانەدا ڕوویدابوو لە ڕێگای ڕاگەیەنەرەکانەوە هەڵوێست بگرن.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی لە کردارێکی فریوکارانەدا باسی لە پشت سەرنانی گەلێک ڕۆژی تاڵ و دژوار لە نەیشەکەری هه‌فت تەپە دا و پاراستنی سەربەرزی کرێکاران و بنەماڵەکانیان کرد. بەڵام کاتژمێرێک دواتر و لەوپەڕی ڕیاکاریدا مەئمورانی ئەمنییەتی لە شەودا هێرشیان کردە سەر ماڵی کرێکارەکان و لە نێو قین و توڕەیی و ناڕەزایەتیی هاوسەر و منداڵاکانیاندا دەستیان کرد بە گرتنی ١٥ کەس لە کرێکاران. لە درێژەی گرتنی ئەم ١٥ کەسەدا، ڕۆژی چوارشەممەش ٥ کەسی دیکەیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزی حەراسەت و به‌ڕێوه‌به‌ری شیرکەت و لە لایەن هێزە ئه‌منییه‌تییه‌کانەوە بە هاوکاری هێزی ئینتیزامی گرت. هاوكات بە درێژەدان بە گرتن و زیندانی کردنی کرێکاران، كه‌ش و هه‌وای شیرکەتی نەیشەکەری هه‌فت تەپەیان بە توندی ئەمنییەتی کردووە و هەیئەت مودیرەی سەندیکایان بە هۆی بەدواداچوون بۆ داخوازی کرێکاران خستۆتە ژێر گوشارەوە. بەڵام سەرەڕای گەشت ئەم گوشارانە کرێکارەکان هەروا لەسەر درێژەی خەبات بۆ دەستەبەر بوونی سەرجەم داخوازی و ئازادی هەرچی زووتری کرێکارانی زیندانیکراو پێداگری دەکەن. لە ئاکامی پێداگری کرێکاران لەسەر داخوازییەکانیان بوو کە ڕۆژی چوارشەممە ٤ی مانگی گەلاوێژ قایم مه‌قام و جێگەری بەرپرسی کارخانە بە ئامادە بوون لە نێو کرێکاراندا و بە ڕاگەیاندنی هەواڵی دانی ٥٠ لەسەدی مانگێک حەقدەستی کرێکارانی ڕەسمیی، هەوڵیدا کەلێن بخانە نێوان کرێکارانەوە. ئەو هەروەها سەبارەت بە پاداش و بەهرەبەرداری ساڵەکانی ٩٤ و ٩٥ ی کرێکارانی ئەم کۆمەڵگەیە وتی، ” شیرکەتێک کە زیانی وێکەوتوە پاداش و بەهرەبەرداری نییە و پاداش و بەهرەبەرداری بە کرێکارانی شیرکەتێک دەدرێت کە قازانجی هەبووبێت”. ئەو لە درێژەی قسەکانیدا داوای لە کرێکاران کرد تا بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان، بەڵام کرێکاران ئامادە نەبوون بچنەوە سەر کار و هەروا درێژەیان بە مانگرتن دا و سور بوون لەسەر درێژە پێدانی.184

ناڕەزایەتیی و مانگرتنی بەردەوامی کرێکارانی شیرکەتی کشت و سەنعەتی نەیشەکەری هه‌فت تەپە نیشانی ئەدات کە کرێکاران بە تەجروبە بۆیان دەرکەوتووە کە بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ بارودۆخێکی فەلاکەتبار کە بەسەریاندا سەپاوە و بۆ دەستەبەر کردنی داخوازییەکانیان هیچ ڕێگایەکیان بێجگە لە درێژەدان بە خەبات نییە. درێژەی ئەم ناڕەزایەتییە، ئەرکێکی تایبەت دەخاتە سەر شانی سەندیکای نەیشەکەری هه‌فت تەپە و ئەو هەڵسوڕاوە کرێکاریانەی کە لە پێگەی ڕێبەریی ئەم ناڕەزاییەتیانەدان. ئەوان بۆ بەرەو سەرکەوتن بردنی خەباتی کرێکاران پێویستییان بە درووست کردنی پێوەندی و هاوپشتی و ڕێکخستنی ئەم ناڕەزایەتیانە لەگەڵ خەباتی بەشەکانی دیکەی بزوتنەوەی کرێکاری هەیە.

لە بارودۆخێكدا به‌هۆی نەبوونی ڕێكخراوی جەماوەری و چینایەتی سەربەخۆ لە دەوڵەت، پەرەدان بە پێوەندی نێوان هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاری بەشە جۆراو جۆرەکانی بزوتنەوەی کرێکاری بە یەکەوە، بە شێوەیەک کە بتوانن خەباتی کرێکاران لە ئاستێکی هەرچی بەرینتردا بە یەکەوە گرێ بدەن، ڕێگا بۆ سەرتاسەری بوونەوەی ئەم خەباتە خۆشتر دەکات. درێژەی ئەم خەباتەی ئێستا و پەرەدان بە بزوتنەوەی مۆتاڵه‌باتی کرێکاران لە هەمانحاڵدا پێش مەرجی درووست کردنی ڕێكخراوه‌ بەهێزە کرێکارییەکانە. دەستپێکی وەها ڕەوتێک، وەک ئاڵوگۆڕ لە بزوتنەوەی کرێکاری ئێراندا هه‌ژمار ده‌كرێت و ئەوە تۆڕی پێوەندی پێشڕەوان و هەڵسوڕاوانی کرێکارییە کە بوارەکانی ئەم ئاڵوگۆڕە خۆش دەکات. ئەوە خەباتی یەکگرتوانە و سەرتاسەریی کرێکارانە کە چینی سەرمایەدار و ڕژیمی ئیسلامیی لە هێرش بۆسەر کار و ژیان و بەڕێچوونی کرێکاران وادار بە پاشەکشە دەکات، فەزای خەباتکارانە لە سەرجەم کۆمەڵگادا بەهێز دەکات و هیوا و ئۆمێد و وزە و توانانی دەبەخشێتە باقی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانیش.