کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
بابه‌تی گه‌یشتوو

مناڵ هاوسەری دیاردەیەکی دزێو و جنایەتکارانەی روو لە گەشەی ئێران و کۆمەڵگا دۆاکەوتوو و مەزهەبیەکان

ئەیووب دەباغیان

14ی مارسی 2022

♦️مناڵ هاوسەری چییەو هۆکار و فاکتەرەکانی سەرهەڵدانی ئەم دیاردەیە کامانەن؟

♦️ دەرئەنجام و لێکەوتە نگەتیڤەکانی ئەم دیاردەیە روو بە کەسەکە و کۆمەڵگا کامانەن؟

♦️ ڕێکارەکانی روبەڕوو بوونەوە و  بن بڕکردنی ئەم دیاردەیە کامانن؟

مناڵ هاوسەری یاخود بەزۆر بەمێرد دانی مناڵانی کچی ژێر تەمەنی باڵغ بوون، واتە خۆار 18 ساڵ، رووی دزێوی جۆرێک لە نەریتی کۆمەڵایەتی باوی هێندێک لە وڵاتەکانە، کە تێیدا بە ئاشکرا مافی مرۆڤ یان باشترە بڵێم مافی مناڵانی ژێر تەمەن تێیدا پێشێل دەکرێت و دەیانخاتە بەردەم مەترسی زەبروزەنگ نواندن، ئیستسمار و سوئیستفادە.

بەومعنایەیکەسەکەپێشئەوەیبگاتەتەمەنییاساییواتە 18 ساڵان، بە شوو دەدرێت یان ئەوەتا ژنی بۆ ئەهێندرێت، کە ئەڵبەتە زۆرینەی هەرە زۆری ئەم کردەوە نامرۆڤانەیە و دژی ئینسانیە، کچانی کردۆتە ئامانج و بە زۆر و هەر لە تەمەنی مناڵی و پێش باڵغبوون لە پیاوانی گەورەسال و بەتەمەنتر لەخۆیان، کە زۆرجار دەکرێت لە جێگەی باوک یان تەنانەت باپیرەشیان دابنڕین مارە دەکرێن و بە شوو دەدرێن.

کە بە شێوەی گشتی سەرچاوە و هۆکارەکەی دەگەڕیتەوە بۆ:

ـــ یەکەم: سوننەت و نەریتی کۆن و دواکەوتوانە و هەبوونی فەرهەنگی ئیرتیجاعی خێڵەکی و مەزهەبی زاڵ بە سەر کۆمەڵگادا.

ـــ دووهەم: نەبوونی هۆشیاری بە هۆکاری نەخویندەواری و بێسوادی، ئەمە یەعنی ئەوەی کە بەشێکی بەرچاو لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگاە بەهۆی نەبوونی زانیاری پێویست لەسەر دەرئەنجامە خراپ و نگەتیڤەکانی ئەم کردەووە دژە ئینسانییە، و لە نەتیجەی فەقری فەرهەنگی کۆمەڵگادا، کویرانە گوی ڕایەڵی فتواو قسە بێ بنەماو پڕوپوچەکانی کۆمەڵێک کەسی مێشک نەخۆشی، لە ژێر ناوی مەرجەعیەتی ئائینی و کۆلکە مەلا دەبن، وە خراپتر لەوەش بەقسەشیان دەکەن، کە هۆکارەکەشی تەنها بۆ نەخویندەواری و بێسوادی ئەم چینە لە کۆمەڵگادا دەگەڕیتەوە.

ـــ سێهەم: هەژاری و فەقری ماڵی و ماددی، واتە نەبوونی و دەست کورتی و نالەباربوونی باری دارایی وا لەو بنەماڵانە دەکات کە ملکەجی  ئەم کردەوە نائینسانیە ببن.

ئەگر چی من بڕوام وایە ئەو جۆرە لە بەشودانی کچان بە هۆی هەژاری و دەستکورتی، خۆی دۆاجار فەقر و نەبوونی بەرهەم دێنێتەوە، چونکە ئەو کچانە یان کوڕانە ئیتر توانا و ئیختیاری ئەوەیان نامێنێت، ڕابهێندرێن و بۆ ئەوەی ئیش و کاری هەڵکەوتە و موناسبیان هەبێت تاکوو بتوانن ژیانێکی شایستە و سەربەخۆی دارایی دور لە هەژاری بۆ خۆیان مناڵەکانیان دابین بکەن.

وەک ئاشکرایە هاوسەرگیری کچان و کوڕانی خۆار تەمەنی یاسایی لە ئاستی  نێودەوڵەتی و لە وڵاتانی ئوروپایی و گەشەسەندووی ئابووری و فەرهەنگی بە یاسا ممنوع کراوە، و لە ئەگەری روودانیدا وەکوو پێشێلکردنی مافی مناڵ و توندووتیژی و تەعەددای جنسی مناڵانی ژێر تەمەن دێتە هەژمار. و لە ئەگەری ڕوودانی لە لایەن پولیس و دەستگای قەزایی وڵاتەکە لێپرسینەوە و بەرخوردی جیددی پێدەکرێت، کە هەم زیندانیکردنی دڕێژ ماوەی هەیە و هەم پێ ژماردن و جەریمەی نەقدی هەیە.

ئەوەندەی بە باسەکەی خۆمان دەگەڕێتەوە، لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا نەتەنها جورم نییە بەڵکوو ئەوە خودی دەسەڵاتە کە زۆر بە مەبەست و سیستماتیک بە یاسا ڕێکی خستووە و بەڕیوەی دەبات، کە بەداخەوە ئامارەکان پێمان دەڵێن کە ئەم دیاردەیە سالانە و بە بەردەوامی روو لە هەڵکشانە.

♦️ ڕەنگە ئەمە پرسیار بێت لای خوێنەر کە ئێران یەک لەو وڵاتانەیە کە ئەم دیاردەیە تێیدا باوەو رۆژانە هاوسەرگیری و بەشوودانی کچانی مناڵ و ژێر تەمەنی یاسای واتە 18 ساڵی تێیدا روو دەدات، کەواتە بە دیاری کراوی دەبێت کامانە بن ئەو هۆکارانەی کە لە ئێران دەبنە پاڵنەر بۆ روودانی رۆژانەی ئەم کردەوەیە؟ و دەسەڵات دەوری چییە و بیروڕای گشتی لە سەر ئەم بابەتەوە چی ئەڵێت؟

چاو لێکەن، بەدڵنیایی و بەداخێکی زۆرەوە ئیران یەک لەو وڵاتانەیە کە ئەم دیاردەیە بە بەربڵاوی تێیدا روو دەدات.

گەر بیرتان بێت ئێمە وتمان کە فاکتەرەکانی سەرهەڵدانی ئەم دیاردە دژی مرۆڤانەیە، لە وڵاتانی دواکەوتوو و هەژاردا بە چەند هۆکارێک روو دەدات کە ئێمە باسی سە لە گرینگترین هۆکارەکانیمان کرد،  جا لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا هەر سێ کیان بوونیان هەیە بۆ ملدان و چوونە ژێر بای ئەم کردەوەیە لە لایەن زۆرێک لە بنەماڵەکان، بەو پاساوەی کە تەنانەت لە لایەن دەسەڵات و شەریعەتی شیعەشەو بە یاسایی کراوە و ڕیگەی پێدراوە. ئەڵبەت دیارە لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە رێژە و  هۆکارەکەشی جیاواز دەبێت و دەگۆڕێت.

با من زیاتر روونی کەمەوە.

ئەگەر چی ریشەی ئەم نەریتە لە ئێران زۆر بۆ پێشتر دەگەڕیتەوە و مێژویەکی کۆنتری هەیە، و لە دوای قاجارەکان و بە هاتنە سەر تەختی دەسەڵاتی پەهلەوی هاتۆتە ئاراوە، و دوو جار، شێوازی ڕوانین بۆ هاوسەرگیری ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتۆ، کە یەکەمیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1313 هەتاوی و بۆ مادەی 1041 لە قانونی مەدەنی، کە تێیدا تەمەنی هاوسەرگیری کردنیان بۆ کچان 15 ساڵ، و بۆ کوڕان 18 ساڵ دیاری کرد.

دووهەمیشیان ساڵی 1353 لە پاش تێپەڕینی 40 ساڵ، ئەوە بوو کە یاساکە بە مادەی 23 لە قانونی حمایەتی خانەوادە ئاڵوگۆڕی تێدا کرایەوە، بەو معنایەی کە ازدواجی کچان لە ژێر تەمەنی 18 ساڵ و کوڕان لە ژێر تەمەنی 20 ساڵ ڕیگەپێنەدراوە و نایاساییە. بەڵام ئاشکرایە لە رووی عەمەلی و کردەیەوە ئەم دەقە نوسراوە بە ناو یاسایانە کە زیاتر بۆ خۆڵکردنەچاوی خەڵک و جەماوەر و بێدەنگ کردنی بیروڕای گشتی ناوخویی و جیهانیەوە بوو، ئەگەر نەڵێم هەرگیز بەڵام دیارە هەمیشە وەک خۆی بەڕیوە نەدەچوو، چونکە نە لەرووی ئابوری و نە لە روی سواد و هۆشیاری کۆمەڵایەتیەوە هەرگیز زەمینەکانی ئامادە نەکراو، لە نەتیجەدا فەقری عمومی و نەبوونی هۆشیاری و زانستی پێویست بەردەوام هۆکار بوو بۆ بەکردەوە دەرهێنانی ئەم جۆرە زەواجە، لەم لاشەوە هەر کۆلکە مەلای لاکۆڵان زۆر بوون بۆ مارەبڕین و بەشوودانییان.

ئەمە جگە لەوەی کە تەمەنی یاساکەش کورت بوو، بەهۆی ئەو گۆڕانکارێانەی لە ئێران هاتە کایەوە لە ساڵی 1357 دا.

شۆڕشوڕاپەڕینیجەماوەریبەرپابوو،لەدوایشکستپێهینانیڕاپەڕینوبەدەستەوەگرتنیدەسەڵاتلەلایەنڕەوتیئیسلامی،هەرزوولەهەمانکۆتارۆژەکانیساڵی 1357 بە دەستوری شەخسی خومەینی یاسای ساڵی 1353ی قانونی حیمایەت لە خانەوادە هەڵوەشێنرایەوە و یاسا کۆنەکەی ساڵی 1313 بە شێوەی کاتی خرایەوە دەستوری کار. هەر زۆر زووش خومەینی لە ساڵی 1361 دا، یاسا شوم و جنایەتکارانەکەی داڕشت کە تەمەنی هاوسەرگیری لە کچان بۆ 9 ساڵ و لە کوڕانیش بۆ 15 ساڵ هێنایە خوارەوە و دیاری کرد.

بەڵام دۆاجار و 13 ساڵ دۆای مردنی خومەینی، لە 1381 دا یاساکە جارێکی تر دەسکاری کرایەوە، کە تێیدا 13 بە 15 بۆ هەردوو ڕەگەز دیاری کرا، و ئەو یاسایە ئەگەر چی چەندین جار بەگژداچونەوە و ئێعترازاتی کۆر و کۆمەڵ و ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتێکانی بۆ کۆتایی هێنان بە دیاردەی مناڵ هاوسەری بە دۆای خۆیدا هێناوە، و تەنانەت هەتا سەحنی مەجلسیش پێش چووە بەڵام هیچ دەسکەوتێکی نەبوو و لە جوابدانەوە بە ئیعترازاتەکە وتیان، کارێک کە خوداو شەرع ڕێگەی پێداوە ئێوە چۆن دەتوانن ڕێی لێبگرن، هەر بۆیە دەبینین کە وا بەردەوام ئەم یاسایە دژی ئینسانێە بەڕێوە دەچێت.

ئەوە جگە لەوەی کە سەرجەم فاکتەرەکانی دیکەش، کە هۆکارن بۆ سەرهەڵدانی ئەو دیاردەیە چ  لە رووی فەرهەنگی، ئابوری و کۆمەڵایەتی کە پێشتر باسمان کردن لە ئێران بوونیان هەبووە و تا ئەوکاتەش کۆماری ئیسلامی لەسەر کار بێت بەردەوامی دەبێت، چونکە راستەوخۆ ئەوە رژیمی ئێران و دەسەڵاتە کە لە هەموو ئەو بارودۆخە بەرپرسیارە و هەر خۆی خوڵقێنەری هەموو ئەو فاکتەرانەیە، کە وادەکات پەرە بەم کارە دزێوە بدرێت کە رۆژانە دەیبینین و گۆی بیسی دەبین.

وە بە دڵنیایی لە ناوچە مەحروم و پەراوێز خراوە دورەدەستەکان بە هۆکاری فەقری زیاتر، دانشی کەمترو نەبوونی هۆشیاری پێویست، و هەبوونی ژینگەیەکی لەبار بۆ فەرهەنگ و سوننەتگەلی دواکەوتوانە و ئیرتیجاعی زیاتر خۆی دەنوێنێت، چونکە رژیمی بێ کەفایەت و جینایەتکاری ئیسلامی ئاگاهانە و عامیدانە هیچ هەوڵێکی بۆ بنبڕ کردن و نەهێشتنەوەی فەقر و هەژاری لەم ناوچانە نەداوە.

♦️ بەداخەوە نێوە نێوە دەرچوونی ئامارەکان تەنانەت لەسەر زاری دەستگاکانی رژیم خۆشی پێمان ئەڵێت نەک هەر کەمی نەکردووە بەڵکوو ساڵ لەگەڵ ساڵ رووی لە زیاد بوون و پەرەسەندن کردوو، کە زۆر ناخ هەژێنە بەداخەوە.

بامنسەرەتاپێشئێرانسەرەنجتانرابکێشمبۆئامارێکیجیهانیئەمدیاردەیەکەیونیسفلەساڵی 2018 بڵاوی کردۆتەوە سەبارەت بە هاوسەرگیری کچانی مناڵ.

یونیسێف ئەڵێت کە، ساڵانە 12 ملیون کچی کەمتر لە 18 ساڵ هاوسەرگیری دەکەن کە ئەو ئامارە بەواتای، 23 هاوسەرگیری لە خولەکێک و تەقریبا یەک هاوسەرگیری لە 2 بۆ 3 ثانیەدا، بە واتایەکی سادەتر یەعنی ئەوەی کە، لە هەر پێنج کچ  لە جیهان یەک دانەیان دونیای منالی لێ دەسەنرێت و هەڵدیردری داهاتوویەکی پڕ لە نەهامەتی نادیار دەکرێت…!!!

جا بیهێنە بەرچاوی خۆت بزانە رۆژانە چ کارەسات و جینایەتێک بەرامبەر مناڵان بە تایبەت کچان روو دەدات.

سەبارەت بە ئێران:

هەر چەندە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا ئامارێکی راست و دروست لەبەر دەست نییە بۆ وردبوونەوە لە قوڵایی ئەم فاجیعە کارەساتبارە، و ئەوەی هەیە بریتیە لە ئامارێکی نیوە و ناتەواو کە دەزگای ئاماری ئێران دەیداتە دەرەوە، چونکە زۆرێک لە بنەماڵەکان رازی نابن هاوسەرگیری کچەکانیان لە مەراجعی قانونی و دادگاکانی پەیوەست بەو پرسە تۆمار بکەن و زۆرتر بە مەلای لاکۆڵان مارەیان دەبڕن کە ئەمەش کۆمەڵێک دەرئەنجامی سلبی لێدەکەوێتەوە کە حەتمن لە درێژەدا قسەی لە سەر دەکەم.

بە پێی تازەترین ڕاپۆرتی مەرکەزی ئاماری ئێران کە لە شەش مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردوو واتە 1399 وە دەسپێکی بەهاری 1400 ثبت کراوە ئاوائەڵێت کە:

ـــ هاوسەرگیری لە ناو کچانی 10 بو 14 ساڵ لە چاو بەهاری ساڵی ڕابردوو 32 لەسەد هەڵکشاوە و گەیشتۆتە 9753 مەورید.

ــــ هاوسەرگیری کچانی 15 بۆ 19 ساڵان “45522” مەورید بووە.

ــــ هەر بە پێی ڕاگەیاندنی دەستگای ئاماری ئێران هاوسەرگیری کچانی 10 بۆ 14 ساڵ لە ساڵی 1399 بە بەراوەرد بە ساڵی پێش لە خۆی 10/5 لەسەد زیادی کردووە و 5 لەسەدی کۆی هاوسەرگیری وڵاتی ئێرانی لە ساڵی 1399 بەخۆی گرێ داوە، وەکوو ژێر 15 ساڵ.

ـــ لە لایەکی تریشەوە 791 مناڵ لە دایکانی 10 بۆ 14 ساڵان لە دایک بوونە.

ـــ وە هەر بە پێی ئامار و ئەسنادە بەردەستەکان وادەردەکەوێت کە 13.7 لەسەدی هاوسەرگیری شارەکان و 19.6 لەسەدی هاوسەرگیری دێهاتەکان کەسانی ژێر 18 سالانن.

ـــ هەر وەها بە پێی ئامارێک کە لە سمینارێکی پەیوەست بە موزوعی هاوسەرگیری مناڵان بەڕێوە چووە، ئاماریکیان راگەیاندووە کە تێیدا پشکی هەر کام لە نەتەوەکانی ئیران دیاری کراوە کە تێیدا فارسەکان و تورکەکان هەرکام بە 15 لەسەد لە سەروی لیستەکەن و کەمترینیش بەر سیستانی و ازبکی بە 2.5 و گیلکی کان ب0.5 دەکەوێت، وە کوردیش ڕێژەی 4.5 بەرکەوتووە.

من پیویستە دووبارەیکەمەوە کە، ئەم ئامار و ژومارانە تەنها ئەوانە دەگرێتەوە کە لە لایەن دەستگای ئامار و  ثبت و ئەحواڵەوە بە رەسمی تۆمار کراون، وە ئەوانە ناگرێتەوە کە دور لە چاوی دادگا و ئیدارەی ثبت و ئەحوال، لە لای مەلای لاکۆڵان و کۆلکە مەلاکان مارە بڕاون یان لە ماڵەوە و لە سەر دەستی ماماکان زاوزێیان کردووە و مناڵیان بووە. کە بە دڵنیایی دەتوانێت دوو هێندەو زیاتریش بێت، هەروەها هەموو ئەو حاڵەتانەش کە تازەن و رۆژانە و بە بەردەوامی لێوەی زیاد دەبێت ناگرێتەوە بەداخەوە.

🔻 دەرئەنجام و لێکەوتەکانی ئەم دیاردەیە بۆ سەر کەسی قوربانی و تەنانەت کۆمەڵگاش دەتوانێت چی بێت؟

بەدڵنیایی دیاردەی مناڵ هاوسەری کۆمەڵێک دەرئەنجامی خراپ و سلبی لێدەکەویتەوە کە هەم دەتوانێت بە زەرەر بۆ کەسی قوربانی بشکێتەوە لە رووی جسمی، دەرونی و کۆمەڵایەتی. هەروەها کۆمەڵگاش، کە بە باوەڕی من هەردوو لایان قوربانی دەستی ئەو نەریتە تاوانکاریە دژی ئینسانییەن.

هێندێک لەو دەرئەنجامە کۆمەڵایەتیانەی کە هاوسەرگیری مناڵان لە کۆمەڵگادا بەدوای خۆیدا دەیهێنێت بریتین لە:

ـــ تۆمار نەکردنی بەشێکی بەرچاویان لە دەفتەرخانە رەسمیەکانی هاوسەرگیری و نەبوونی هیچ جۆرە بەڵگەنامەیەکی رەسمی پەیوەست بەم بابەتە و بێ بەش بوونیان لە هەر چەشنە ماف و داواکارێک و دستەبەری و زەمانەتێکی کۆمەڵایەتی.

ـــ هاتنە دونیا و زۆر بوونی مناڵانی بێ ناو ونیشان و گەورەبونیان بە بێ بوونی پەروەردەیەکی دروست کە ئیمکانی خویندن و پێگەیاندنیان نابێت و زۆربەشیان سوئیستیفادەیان لێ دەکرێت و دەنێردرێنە سەر شەقامەکان بۆ سۆاڵ کردن و کارکردن، کە پێیان دەوترێت مناڵانی کار، و لە شەقامەکان و ترافیک لایتەکان جامی ماشینەکان دەشۆن و داوای بڕە پارە یان ئەنعامێک دەکەن، یان ئەوەتا کلێنکس و کەلوپەلە سادەکانی ماشێن لە سەر جادەکان دەفرۆشنە خاوەن سیارە و کریاران، وە بەرە بەرە لەگەڵ گەورە بوونیشیان یان توشی دیاردەی ئیعتیاد بە مەوادی موخەدیر دەبن یان دەکەونە داوی کەسانی هەل پەرست و مافیاکان، و بەکاردەهێندرێن و دەبنە مەترسی بۆ سەر ژیانی خۆیان و کۆمەڵگا، وە زۆر بابەتی دیکە بەداخەوە.

ـــ ئینجا ڕەوتی روو لە گەشە و زیادبوونی بێوە مناڵ، یان کودک بیوە.( واتا دوای ماوەیەکی کورت تەڵاق دانی کچانی مناڵ بەشوو دراو).

ـــ زیاد بوون و پەرەسەندنی جەمعیەت لە حاشیەی شارەکان و گەڕەکە هەژار نشینەکان کە هیچ جۆرە خزمەت گوزارێک و پێڕاگەیشتنێکیان نییە.

ـــ زیادبوونی دیاردەی لەش فرۆشی بەهۆی هەژاری و نەبوونی هۆشیاری.

ـــ  زیاد بوونی ڕێژەی کەسانێک کە بێ لانە و خانە دەبن و ناچار بە کارتۆن خەوی و تەنانەت گۆڕستان خەوی دەبن.

ـــ زۆر بوونی دیاردەی نەخویندەواری و بێسوادی.

ـــ جیاوازی زۆری تەمەن لە نێوان ژن و مێردەکە و  جێاوازی لە ڕای و هەڵسوکەوتی رۆژانەیان، کە نەگونجان دروست دەکات وبەدیهێنەری کۆمەڵێک کێشە و مەشاکیل دەبێت، لە وانە خۆکوشتن و خۆ سوتاندن، یا ئەوەتا جێابوونەوە و کارەساتەکانی دۆای جیابوونەوە.

یان زۆر بابەت و کێشەی دیکە کە روی کۆمەڵگادەگرێتەوە.

🔻 لە بابەت کاردانەوە و دەرەنجامە سەلبی و خراپەکان بۆ سەر کەسی قوربانی، واتە مناڵەکە:

یەکەم لە روی جەستەیی و تەندروستیەوە:

ـــ گیروگرفت و توش هاتن بە کۆمەڵێک نەخۆشی جەستەیی لەوانە ئەندامە جنسی و زاوزێکانی  مناڵە کچەکان بەهۆی گەشە نەکردنیان کە دەتوانێت مەترسی جیددی بۆ سەر ژیانیان دروست بکات، چ لە کاتی نزیکی و جوتبوون چ لە کاتی حامیلەبوون و زاوزێ و مناڵبووندا.

ـــ توش هاتن بە لەباربردن، یان زاوزێ کردنی کات نەگەیشتووی زوتر لە مەوعید، بەهۆی بێ تۆانایی لە ڕاگرتنی کۆرپەلە لە ناو سکی دایکدا، کە هەم مەترسییە بۆ دایکەکە و هەم بۆ مناڵەکەش، هەروەک چۆن لەدایکبوونی مناڵانی پێشوەخیە زۆر جار مەترسی لەسەر ژیانی کۆرپەکە دروست دەکات.

ـــ ئەگەری توشبوونیان بە نەخۆشیە وایرۆسی و گوازراوەکان کە لە کاتی جووت بوون و نیزیکی کردن لە گەڵ کەسی بەرامبەرە دەتوانرێت توشیان بێت: لە وانە  سیفلیس، سوزاک، هیپاتیت، اچ ای وی (ئایدز)، توشبوون بە عفونەتەکان و زۆر بابەتی دیکە، و نەبوونی زانیاری لەسەریان.

ـــ زەبروزەنگ نواندن و ئازاردانیان کە بە دڵنیایی لە لایەن کەسی بەرامبەریان واتە هاوسەرکانیان روو دەدات.

نمونەی زۆر زیندو و تازەش بەداخەوە، مۆنا حەیدەری یە، ئەو کچە مێرمناڵە ئەهوازی کە هەر بە مناڵی و لە تەمەنی ١٢ بۆ ١٣ ساڵیدا وەکوو هەموو مناڵ هاوسەریکی دیکە بێ ئەوەی بزانێت شوو کردن چییە، بە زۆر لە کوڕی مامەکەی مارەیان بڕی، و بەو کارە ژیانی مناڵی و مێرمناڵیان کۆتایی پێهێنا، وە ئەوجۆرەی کە باس دەکرا کە دڵنیاشم وابووە، هەر لە رۆژانی یەکەمی دوای بە مێرددانەکەی روبەڕوی توندووتیژی، لێدان و ئازاردانی بەردەوامی هاوسەرەکەی بۆتەوە، و هەرکاتیش هانای بردە باوک و دایک و بنەماڵەکەی، بە مناڵە ساواکەی ترساندویانە و بێدەنگ و دەمکوت گەراندبویانەوە بۆ ئەو دۆزەخەی کە تێیدا دەژیا.

مۆنا حەیدەری لە دۆای ئەوەی فورسەتی بۆ هەڵدەکەوێت ڕادەکات و بە قاچاغ خۆی دەگەێنێتە تورکیە، چەند مانگێک لەوی ژیان بەسەر دەبات، کە ئەوترا شەش مانگ بووە، هەرچەند ڕەوایەتی پڕو پوچ و  جۆراوجۆر لە سەر رویشتن و گەڕانەوەی باس دەکرا، کە من نامهەوێت بچمە سەری و لە رۆانگەی منەوە هیچکامیان ناتوانن ئەو زوڵم و جینایەتەی دەرحەق بەو کچە مەزلومە ئەنجام درا پاساو بکەن، کە بە زۆر لە لایەن باوکی و خەزوری کە دەکاتە مامیشی ناچار بە گەڕانەوەیان کردووە.

ئەگەرچی جنایەتەکە بە دەستی میردەکەی و برای مێردەکەی، کە لە هەمان کاتدا ئامۆزای کچەکەش بوون ئەنجامدراوە، بەڵام بێ گومان باقی بنەماڵە و تەنانەت دایکو باوکی کچەکەش هەر لە رۆژی ئەوەڵەوە کە کچەکەیان داوە بەشوو تاکاتی کوشتنی دەورو نەقشیان هەبووە و شەریکی ئەم تاوانە قێزەونن و ناخهەژێنەن، وە جگە لەوان ئەوە رژیمی ئێران و دەسەڵاتە کە تاوانباری نەک هەر کەیسی مۆنا، بەڵکوو کەیسی هەموو مۆناکان و  ئەو کچە مناڵانەیە کە بەهۆی یاسای دژی ئینسانی و جنایەتکارانەی پڕ لە هەواو هەوەسی ئەوان توشی لەناوچون و داهاتوویەکی بەژان و کارەساتبار بوون و  دەبنەوە.

یان گەر سەرنج بخەینە سەر  هەرێمی کوردستانی عێراق، بەداخەوە دەبینین کە تەنها لە دوو مانگی رابردوو، تا 8ی مارس 14 ژنی بێتاوان بەدەستی هاوسەرەکانیان و کەسە نزیکەکانیان ئەشکەنجە کران، درانە بەر دسڕێژی فیشک، خنکێندران یان سوتێنران کەشنیار هونەری” 21 ساڵان یەک لەو قوربانیانە بوو، ناوبراو هەر لە تەمەنی مناڵی و 14 ساڵی بە مێرد دەدرێت و لە پاش 7ساڵ لە ژیانی هاوبەشی کولەمەرگیانەی پڕ ئەشکەنجە و ئازار لەگەڵ هاوسەرەکەی و بوونئ دوو مناڵ، سێ حەوتوو لەمەوبەر لە درەنگانی شەودا لە لایەن مێردە ژنکوژەکەیەوە لە دۆای لێدان و ئازارێکی زۆرەوە نەوتی پێدادەکرێت و ئاگر لە جەستەی بەردەدرێت، و دەسوتێنرێت، کە لە پاش 5 رۆژ لە مانەوەی لە خەستەخانەی سوتاوی سلێمانی بەداخەوە گیان لەدەست دەدات و دوو مناڵیشی لەپاش جێدەمێنێت.

یان خانمە چالاکوانی بواری ژنانئیمان سامیناسراو بەماریاکە ئەویش قوربانی دەستی مناڵ هاوسەری بووە و لە تەمەنی 12 ساڵی بە مێرد درابوو، تەنها بە هۆکاری گۆڕینی ئایینی لە ئیسلامەوە بۆ سەر مەسیحیەت لە لایەن برا و مامەکەیەوە حەوتویەک بەر لە ئێستا و لە تەمەنی 20 سالی، لە شاری هەولێر درایە بەر دەسڕێژی گوللە و بە 8 فیشەک کۆتایی بە ژیانی هێنرا.

🔻 دەرئەنجام و دەرکەوتە دەرونییەکان:

ئاشکرایە تێپەڕبوون لە دەورانی مناڵی کەسەکان بۆ هاتنە نێو دونیای گەورەکان، بە بێ ئەوەی کە بە خواست و ئیرادەی خۆی بێت، بە دڵنیایی  کەسەکە توشی کۆمەڵێک گوشاری دەرونیش دەکات کە لە توانایدا نابێت بەرگەی بگرێت.

بیهێنە بەر چاو و بیری لێبکەوە:

ـــ لە تەمەنێکی کەمدا لە بنەماڵە و هاوڕی و هاوساڵەکانی دابڕێنراوە.

ـــ شەخسیەت و ئازادی مناڵی لێ ستنراوەتە و دور خراوەتەوە لە هەموو حەزو خولیا مناڵانەیەکانی کە بۆ گەشەیەکی تەندروست پێویست بوو پێیدا گوزەر بکات و گەورە بێت.

ـــ هیواو بڕوابەخۆبوون و بیرۆکەکانی بۆ داهاتو و گەیشتنی بە ئامانجەکانی تێیدا خنکێنراوە و لە ناوچووە.

ـــلەسەرویهەمووئەوانەشەوەرووبەڕویکۆمەڵێکخواستوئەرکیتازەکراوەتەوەکەبەهیچپێوەرێکلەگەڵسروشتوجەستەیلاوازوپێنەگەیشتوویئەودانایەتەوەوبەرگەیناگرێت،بەومەعنایەیکەهیچکاملەئەندامەکانیلەشیگەشەیپێویستیاننەکردووە،

لەگەڵیشیدا هیچ جۆرە هۆگری و پابەندبوونێکی لە رووی سۆزداری و خۆشەویستیەوە تێدا نییە.

دەی بە دڵنیایی لە وەها بارودۆخێکدا کەسەکە توانای بەرگە گرتنی نابێت وە توشی گەلێک کێشەی روحی ڕەوانی دەبێت و دەتوانێت بۆ هەمیشە وەکوو مۆتەکەیەک بەسەریدا بمێنێتەوە وە ژیانی لێبکات بە دۆزەخ  و تەنانەت بەرەو کۆمەڵێک کرداری نەخۆازراوی بەرێت کە هەم بە زەرەری خۆی بشکێتەوە، هەم کەسانی دیکەش.

🔻 لە رووی کۆمەڵایەتیشەوە هەموو ئەو خاڵانەی کە وەک دەرئەنجام و لێکەوتە کۆمەڵایەتێکان باسمان کرد، وتمان توشی کۆمەڵگا دەبێتەوە، کەسی قوربانیش دەگرێتەوە و دەیکاتە ئامانج، بە هۆکاری ئەوەی کە ئەویش لە کۆتایدا تاکێکە لەو کۆمەڵگایەدا.

♦️ ڕیکارەکان بۆ بەگژداچوونەوە و بن بڕ کردنی ئەم دیاردە جینایەتکارانەیە دژی مناڵان و مرۆڤایەتی:

بێ شک دیاردەی مناڵ هاوسەری کە مێژویەکی لەمێژینەی هەیە و ریشەی لە ناو سوننەت و باوەرە کۆن و دواکەوتۆکانی خەڵکیدا هەیە، هاوکات گرێدراوی فەرهەنگی ئیرتیجاحی و مەزهەبی ناو کۆمەڵگاش بێت و بە یاسایەکیش کە هەڵقوڵاو و دەرهێنراو لەو باوەڕە غەڵەتانە بێت، پشتیوانی کرابێت و رەوایی پێدرابێت، ڕەنگە بەگژداچوونەوە و بنبڕ کردنی کاریکی ئاسان نەبێت.

بەڵام ئەوە بەو مەعنایە نییە کە کۆمەڵگا و ڕیکخراوە مناڵپارێزەکان، خەڵکی وشیار و پێشڕەو لە ئاستیدا دەستەوەستان و بێدەنگ بن.

بەڵکوو دەبێت بۆ نەهێشتنەوە و سڕینەوەی ئەم دیاردە دزێو و دژی مرۆڤایەتیە، بە هاوپشتی یەکتری و هاوکاری و هەماهەنگی هەموو ئەو ڕیکخراوانەی کار بۆ پارێزگاری مناڵان دەکەن، بە ڕیکخراوە نێودەوڵەتیەکانیشەوە دەست بکەین بە خەبات و تێکۆشان.

جا بە بڕوای من چەند جۆر ڕێگە چارە بۆ دەرباز بوون لەو ستەمە  و نەهێشتنەوەی ئەم دیاردە ناشارستانی و دزێوە هەیە:

ـــ  یەکەم  هەوڵ دان بۆ یەک گۆتاری و یەک دەنگی ڕای گشتی جەماوەر لە هەمبەر گوشار خستنە سەر حکومەت بۆ ڕاگرتن و هەڵوەشانەوەی هەر یاساو مادەیەک کە رەوایی دەداتە بەشودانی کچان لە ژێر تەمەنی یاسایی کە 18 ساڵە.

ـــ. دووهەم کارکردنە بۆ هۆشیاری و بەئاگا هێنانەوەی کۆمەڵگا لە دەرەنجام و ئاکامە خراپەکانی ئەم دیاردە دزێوە کە پێشێلی ئاشکرای مافی مناڵانە، لە ڕیگەی ڕیکخراوەکانی مناڵپارێزی و مێدیا و کاناڵە تلویزیونی و هەواڵیە پێشرەوکان و سازدانی بەرنامەی تایبەت و رۆشەنگەری پێویست لە سەر دەرئەنجامە خراپەکانی بۆ ئێستاو دوارۆژی کەسەکان و کۆمەڵگا.

ـــ  سێهەم کارکردن لە پێناو نەهێشتنەوەی هەژاری و بێکاری کۆمەڵگا، بەتایبەت ناوچە مەحروم و پەراوێز خراوەکانە کە بێبەشن لە هەرچەشنە خزمەت گوزارێکی گشتی بۆیان کە بەهۆی بێ کەفایەتی دەسەڵات و رژیمی فاسدی کۆماری ئیسلامی توشیان هاتووە.

کە ئەوەش لە گرەوی ریشەکێش کردنی کۆماری ئیسلامی ئێران دایە، کە هۆکاری راستەوخۆی هەموو ئەو نەهامەتیانەیە کە بەسەر کۆمەڵگاکەماندا هاتووە.

لە کۆتایدا پێویستە بڵێم کە دیاردەی مناڵ هاوسەری هەردوو رەگەزی کچ و کوڕ دەگرێتەوە، بەڵام بە دڵنیایی ئەوە کچانن کە پشکی شێریان لە دەست ئەم نەریتە دواکەوتووە  جنایەتکارانەیە بەردەکەوێت، کە بەدوور لە هەر چەشنە بەهایەکی ئینسانی، لە سایەی سوننەت و کلتوری کۆن و سیستمی نادادپەروەرانە دەبنە قوربانی و کویلەی دەستی چاوچنۆکی و زیادەخوازی کۆمەڵێک گورکی بە ناو مرۆڤ لە کۆمەڵگا.

هەر بۆیە چۆن لە ئاست زوڵم و زۆر، ناعەدالەتی و ستەم و سەرکوتی رژیم بێدەنگ نین و ئیعتراز و نارەزایەتی و خۆپێشاندان دەکەین، پێویستە لە ئاست ئەم یاساو نەریتە چەوت و نامرۆڤانەیەش بوەستینەوە و داوای هەڵوەشانەوەی بکەین و چیتر نەهێڵین مناڵەکانمان، بەتایبەت کچانمان ببنە قوربانی دەستی هەواو هەوەسی کەسانی بەتەمەن و هەلپەرست و چاوچنۆکی کۆمەڵگا لە ژیر سێبەری دەسەڵاتی بۆگەن بووی مەلایەتی و یاسا دواکەوتۆکانیان کە رۆژانە روو دەدات.

بابەتی پەیوەندیدار

ئێران بۆ ھێرش دەکاتە سەر ھەولێر؟

د.شێرکۆ کرمانج

شەرە جنێوی هیتلەرەکان، پەیوەندی بە مافی ستم لێکراوانەوە نییە ؟!

-

جارێکی دیکە دەستی چەپەڵی تیرۆری کۆماری ئیسلامی له هەرێمی کوردستان !؟

-

‏تێبینیەک له سەر هەڵوێست گرتن بەرامبەڕ شەڕی‎ ئیسڕائیل و حەماس

-

خەڵاتی مافی مرۆڤی ئورووپا بۆ ژینا سەرکەوتنێکی دیکە بۆ شۆڕشی ژن؛ ژیان؛ ئازادی

-

سەبارەت بە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەقەڵەمی هاوڕێ ئیبراهیم عەلیزادە

-