کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
بابه‌تی گه‌یشتوو

لە چلەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا

 

ژیانی سیاسی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران جیا نییە لە ژیانی سیاسی کۆمۆنیزم لە ئاستی ئێراندا، مێژوویەک بە هەموو هەوراز و نشێو و زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدامەکانییەوە. مێژوویەکی پڕ لە ڕەنج و بێبەشی و خەباتی فیداکارانه لەدژی پێوەندیی و نەریتە زاڵەکان و لەدژی کۆماری ئیسلامی، کە کەس ناتوانێ لە ئاست ئەم مێژووە چاو دابخات، کەس ناتوانێ لە لیستی خەباتکارانی دژ بە کۆماری ئیسلامیدا، نکۆڵی لە بوونی هەڵسووڕاوانی کرێکاریی، پێشڕەوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، ڕووناکبیرانی پێشڕەو، ڕەنج و ئاوارەیی و زیندان و ئەشکەنجە و فیداکاریی کادرەکانی ئەم حیزبە نەک هەر لە کوردستان، بەڵکوو لە سەرانسەری ئێران بکات. ئەمە مێژوویەکی واقیعییە و هەموو ساتێکی تۆمار کراون. ئەم حیزبە نەریتێکی دیاریکراوە لە مێژووی چەپی ئێراندا. 

هەزاران لاپەڕە ئەدەبیاتی سیاسی و هەزاران کاتژمێر کاسێت و وتاری کە پێناسەی ئەم نەریتە دەکەن، بوونیان هەیە. نەریتێکی کە کەس ناتوانێ نکۆڵی لە نفووز و  کاریگەرییەکانی بکات لەسەر چەپی ئێران بەگشتی و لەسەر ئەدەبیاتی چەپی ڕادیکاڵ لە ئێران، ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە بە هەموو کەموکوڕییەکانییەوە، ئەو تەوەرانەی کە لەلایەن ئەم حیزبەوە ورووژێندراون، کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی سەرجەم ڕەوتی چەپ لە ئێران هەبووە.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران حیزبێکی خاوەن بەرنامە و ستراتیژێکی ڕوونە. ئەم سیاسەت و بەرنامەیە بەڵگەنامەیەک نەبوون بۆ ئەوەی لە ئەرشیڤدا هەڵبگیرێن، بەڵکوو لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگەی ڕادیۆ و تەلەویزیۆن و ئەدەبیاتی نووسراوی ئەم حیزبەوە بەردەوام لە کۆمەڵگای ئێراندا تەبلیغ کراوە و برەوی پێدراوە. ئەم حیزبە خاوەنی باکگراوندێکی تاکتیکی پڕ لە شانازییە، لە هیچ قۆناغێکی ژیانی سیاسی ئەم حیزبەدا ئەوە بەدیناکرێت کە لەگەڵ دوژمنانی چینی کرێکار چ لە ئۆپۆزسیۆن و چ لە دەوڵەتدا سازشی کردبێت. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئەو ڕاستییەش ئاشکرایە کە ئەم حیزبە لە ڕووی ڕێکخستنەوە لە ناوخۆی وڵات و کاریگەریی لەسەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دەرەوەی جوگرافیای کوردستان لاواز و بێ توانایە. بەڵام ئایا ئەمە تەنیا چارەنووسی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانە؟ سەرجەم ئۆپۆزسیۆنە ئێرانییەکان، هەر لە سەڵتەنەتخوازەکانەوە بگرە تا موجاهیدین، لیبراڵەکان، کۆماریخوازەکان و بزووتنەوە چەپەکانی تاراوگە، هەر هەموویان بە گشتی لە دۆخێکی هاوشێوەدان. کام یەک لەو لایەنانە دەتوانن ئیدیعای ئەوە بکەن کە توانیویانە لە قۆناغێکدا مۆرکی خۆیان لەسەر بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی کاریگەر لە کۆمەڵگەی ئێراندا دابنێن. ئەم دۆخە تاوانی کەسیش نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی ئەو دیکتاتۆرییەت و سەرکوت و جینایەتانەیە کە لە ماوەی ئەو چل ساڵەدا بەڕێوەچووە و هەروەها ئاوارەیی و دەربەدەرییەکی کە بەسەر ئۆپۆزسیۆندا سەپێنراوە.

لە هەمان کاتدا دیارترین و بەرجەسەتەترین تایبەتمەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ئەوەیە کە پشتبەستووە بە بزووتنەوەیەکی وەک کۆمەڵە و لەم ڕێگەیەشەوە خاوەنی پێگەیەکی بەهێزی کۆمەڵایەتییە. ئەگەر کۆمەڵە لە دۆخێکی جیاوازدا خۆی دەبینێتەوە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بوونی بزووتنەوەیەکی بەهێزی کۆمەڵایەتی لە کوردستان کە ڕژیمی ئیسلامی نەیتوانیوە بە تەواوی سەرکوتی بکات. کێ دەتوانێ بڵێ لە پڕۆسەی خەباتی سیاسی و چینایەتی لە ئێراندا، هەلومەرجێکی هاوشێوەش بۆ حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەو زەمینە و پۆتانسێلەی کە هەیەتی، ناڕەخسێت؟ بێگومان ناتوانرێت ڕەوت و ڕووداوە ئاڵۆزە مێژووییەکان پێشبینی بکرێت، بەڵام حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەو مێژووە سیاسییە ڕوون و ئاشکرايە، بەو سیاسەتە ڕادیکاڵ و پێشکەوتنخوازانەیە، بەو پێگە کۆمەڵایەتییەی کۆمەڵە و هەروەها بوونی مێژوویەکی دەوڵەمەند و کادری خاوەن ئیرادە و باوەڕپێکراو، دەتوانێت ببێت بە سەنگەرێکی قایم و جێگای متمانە بۆ شۆڕشی داهاتووی ئێران.

بابەتی پەیوەندیدار

وتارێکی لنین بە بۆنەی یەکی ئایارەوە کە لە ساڵی ١٩٠٤ دا نووسراوە لە فارسیەوە: هیوا مەجید زادە

-

ڕۆژی یەکی ئەیار، بە ڕیوایەتی” رۆزا لۆکزامبۆرگ” سەرچاوە: ئاڕشیوی دەنگی شۆڕشی ئێران

-

ئێران بۆ ھێرش دەکاتە سەر ھەولێر؟

د.شێرکۆ کرمانج

شەرە جنێوی هیتلەرەکان، پەیوەندی بە مافی ستم لێکراوانەوە نییە ؟!

-

جارێکی دیکە دەستی چەپەڵی تیرۆری کۆماری ئیسلامی له هەرێمی کوردستان !؟

-

‏تێبینیەک له سەر هەڵوێست گرتن بەرامبەڕ شەڕی‎ ئیسڕائیل و حەماس

-