کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

لاف لێدان سەبارەت بە چەند ئەولەویەتی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە کوردستان

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی دوڵەتی ئیرنا، رۆژی سێ شەممە ئەسکەندەر موئمنی جێگری فەرماندەی هێزە ئینتیزامیەکان، هاوکات لەگەڵ سەفەری سەرۆکی ستادی گشتی هێزە چەکدارەکان بۆ ئازەربایجانی رۆژئاوا لە کۆبوونەوەی فەرماندە ئینتیزامی، مەرزبانی و یەگانە تایبەتەکانی ئوستانی ئازەربایجانی غه‌ربی و کوردستاندا وتویەتی:” ئەمرۆ ئەمنیەتی جێی مەبەست لەم پارێزگایانەدا بوونی هەیە کە ئەویش بەرهەمی هەوڵ و تێکۆشانی شەوانە رۆژی کارمەندانی ئینتیزامی و سنور پارێزەکانە.” ئەو جەختی کردۆتەوە کە هێزەکانی ڕژیم لەم ناوچەیەدا ئەولەویەتی خۆیان لە بوارەکانی، قاچاخی کالا، خەبات لەدژی مادەی هۆشبەر، رووداوی هاتووچۆ، تا ئاستێکی باش دابین کردوە. لاف لێدان، درۆ کردن و ئیدیعای بێ بنەما لای بەرپرسانی ڕژیمی ئیسلامی، شێوازێکی نیهادینە کراو و جێکەوتوە. چاوگێڕانێک بەسەر ئەولەویەتەکانی ڕژیمدا ناوەرۆکی ئیدیعا بێبنەماکانی ئەم کەسە ئاشکرا دەکات.

واتای خەبات لەدژی “قاچاخی کالا” لە سنورەکان، واتە کوشتاری زەحمەتکێشانی کۆڵبەر. بەڵام سەرەڕای وەحشیگەری هێزەکانی ڕژیم، بێکاری و نەبوونی هیچ سەرچاوەیەکی داهات بۆ دابین کردنی لانیکەمی پێداویستیەکانی ژیان، دەیان هەزار کەس لە زەحمەتکێشانی ئەم ناوچەیەی ناچار کردوە، کە بە هەموو مەترسیەک بۆ دابین کردنی نانێکی مەمرە و مەژی بنەماڵەکانیان، ڕازی بن. کەوایە ژمارەی کۆڵبەرانی سەرسنور نە تەنیا کەم نەبوونەتەوە، بەڵکوو بە پێچوانەی ئیدیعاکانی ئەم فەرماندەیەی ڕژیم بەردەوام رووی لە زیاد بوونە. بەپێی قسەکانی ڕەسوڵ خزری ئەندامی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی، تەنیا لە سنوری سەردەشت و پیرانشار، ئەو دوو شارەی کە ئەو ئیدیعا دەکات نوێنەریانە، لە ئێستادا و سەرەڕای گشت ئەو مەترسیانەی هەڕەشە لەم زەحمەتکێشانە دەکات، ٢٠ هەزار کەس خەریکی کاری کۆڵبەرین. ئەو هەروەها وتویەتی کە لەم حەفتانەی دواییدا کە ڕێگا سەرەکیەکان گیراون، کۆڵبەرەکان لە ڕێگای فەرعیەوە کە مەترسی چەند بەرابەر زیاتریان هەیە، کەڵک وەردەگرن. ئەم ئەندامەی مەجلیسی ئیسلامی ڕژیم وتویەتی کە گۆیا ئەو هەوڵی داوە کە قەبارەی باری کۆڵبەرەکان لە ٢٢٠ کیلۆوە بکرێتە ٨٠ کیلۆ! لە تازە ترین حاڵەتدا، لە نزیک ئاوایی بێتوش هەڵکەوتو لە ناوچەی ئالانی سەردەشت، کۆڵبەرێکی ٢٤ ساڵ تەمەن بە ناوی پشتیوان موعین، لە یەکێک لەو کوێرە ڕێگایانەدا بە گولەی راستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم گیانی لەدەست داوە. خەڵکی سەردەشت بە کۆبوونەوە لە بەردەم فەرمانداری خوازیاری شناسایی بکەرانی ئەم رووداو و تاوانە بوون. بەڵام خەتاباری ئەم رووداوە ئەسکەندەر موئمنییە کە لە کۆبوونەوەی فەرماندە نیزامیەکانی ئوستانەکانی ئازەبایجانی غه‌ربی و کوردستاندا مێداڵی خەبات لەدژی ” قاچاخ” لە بەرۆکی خۆی ئەدات. کەم بوونەوەی ڕێژەی ” قاچاخ” ی کالاش ڕەنگە ئیدیعایەکی گاڵەتە جاڕانەی وەک ئەوە بێت کە ڕەسول خزری دەڵێ کۆڵەکان لە ٢٢٠ کێلۆوە کەم بۆتەوە بۆ ٨٠ کیلۆ!

بەڵام لە بواری خەبات لەدژی مادەی هۆشبەریشدا ئیدیعاکانی “سەردار ئەسکەندەر موئمنی”، میسداقی ئەم نوکتەیە کە گۆیا، “درۆ تا گەورەتر بێت، باوەڕ کردنی هاسان ترە.” ئوستانەکانی رۆژئاوای ئێران نە تەنیا گەورە ترین به‌كارهێنه‌رانی نێوخۆیی مادەی هۆشبەرن بەراوەرد لەگەڵ باقی شوێنەکانی ئێران، بەڵکوو ئەم ناوچەیە یەکێک لە سەرەکی ترین ڕێگاکانی هەناردە کرانی ئەم مادەیە بۆ باقی شوێنەکانی دنیاشه‌. لە کەس شاراوە نییە کە سپای پاسداران کە ئەسکەندەر موئمنی یەکێک لە فەرماندەکانیەتی، لە گەورە ترین عاملانی ئەم بازرگانیە جیهانیەیە. لەگەڵ ئەوەدا سپای پاسداران بە ئامانجی سیاسی، سەبەبکار و سەرچاوەی سەرەکی پەرەدان بە مادەی هۆشبەر لە کوردستانی عێڕاقە. سەلیم کەریمی سەرۆکی شوڕای هاوئانگی خەبات لەگەڵ مادەی هۆشبەری ئەستانی کوردستان، وتویەتی کە تەنیا لەم ئوستانەدا ٢١ هەزار گیرۆدە بووی تۆمار کراو بوونیان هەیە، کە ٩ هەزار کەسیان لە شاری سنە دەژین. روون و ئاشکرایە کە ئەم ڕێژە ڕەسمیە تەنیا گۆشەیەکە لە ڕاستیەکی تال کە ئەم فەرماندەیەی سپا، شانازی پێوەدەکات.

بەڵام لە بواری کەم بوونەوەی رووداوی جادەکانیشدا ئیدیعاکانی ئەسکەندەر موئمنی دەستی کەمی لەوەی کە سەبارەت بە مادەی هۆشبەر و قاچاخی کالا وتویەتی، نییە. هەرچەند ئامارێکی بەجیا بۆ ناوچەکان لەباری تەسادوفاتی شۆفیری و ڕێژەی مەرگ و میر لەبەردەستا نییە، بەڵام بە شێوەی تەقریبی دەکرێ بزانی کە لە دوو ئوستانی جێی سەرنجی موئمنی لەم بوارەشدا بارودۆخەکە چۆنە. گومان لەوەدا نییە کە جادەکانی ئوستانە رۆژئاواییەکانی ئێران بە بەراورد لەگەڵ جادەی شوێنەکانی دیکەی ئێران لە هەموو بارێکەوە خەرابترن و خاوەنی لانیکەمی ستانداردە ئیمنیەکان نین و لە هەمانحاڵیشدا هاتووچۆی زۆریان بەسەرەوەیە.

بە وتەی تەقی مێهری سەرۆکی پۆلیسی ڕاهنمایی و ڕانەندەگی هێزی ئینتیزامی لە ماوەی دوو حەوتوی ڕابردودا زیاتر لە ٤٦٠ هەزار کەس لە ئێران به‌ هۆی ڕووداوه‌كانی هاتووچۆه‌وه‌ گیانیان لەدەستداوە و لە هەمانحاڵدا لە ماوەی ٢٠ ساڵیشدا شتێکی نزیک بە ٤ و نیو ملیۆن کەس لە جەریانی رووداوی هاتووچۆدا بریندار بوون. هەروەها ساڵانە ١٦ هەزار بنەماڵەی ئێڕانی ڕاستەوخۆ بەهۆی مەرگی یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەیانەوە، لە رووداوی هاتووچۆدا کە زیاتر نان هێنەری بنەماڵەشن، داغدار ئەبن و ٧٦٨ هەزار برینداری ئەم رووداوانەش دەبرێنە نەخۆشخانەکان. ئامارەکان دەریدەخەن، لە دنیادا بە شێوەی مامناوەند لە بەرانبەر هەر ١٠ هەزار ماشێندا نزیکەی ٩ کەس گیانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، لە حاڵێکدا لە ئێران بۆئەم ژمارەیە، ٣٧ کەس گیانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی “مێهر” ئێران لەباری رووداوی نائەمنی شۆفیرییەوە لە نێوان ١٩٠ وڵاتی دنیادا، خاوەنی پلەی ١٨٩یە و لەم بوارەدا، تەنیا وڵاتی سیرالێئۆن لە رۆژئاوای قاڕەی ئافریقایە کە بارودۆخێکی خراپتری لە ئێران هەیە. بەم جۆرە خۆتان قزاوەت بکەن و بزانن کە سەهمی ئوستانەکانی ئازەربایجان و کوردستان کە موئمنی بە یەکێک لە شانزیەکانی ڕژیمی دەزانێ، دەبێ لە چ ئاستێکدا بێت؟

ئەوەی کە لە قسەکانی ئەم فەرماندەیەدا هاتووە، تەنیا گۆشەیەک لە ڕەنج و ئازاڕیکە کە خەڵکی کوردستان گیرۆدەین. بەم جۆرە، بێکاری، هەژاری، نەخوێندەواری، بێ ئاسۆیی لاوان و دەیان بێبەشی کۆمەڵایەتی دیکەی پێوە زیاد بکەن تا بۆتان ئاشکرا بێت کە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی پاسداری کردن لە چ نیزامێکیان لە ئەستۆیە؟.

بابەتی پەیوەندیدار

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-