
ژماره‌یه‌ك له شۆفیره‌كانی شیركه‌ت واحید ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ١١ی ڕه‌شه‌ممه، به به‌ڕێوه‌بردنی كۆبوونه‌وه له‌ئاست كه‌مته‌رخه‌می به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شیركه‌ت بۆ دابین كردنی ئیمكاناتی بێهداشتی و پێشگیرانه و گرتنه‌به‌ری ڕێكاری پێویست بۆ تووش نه‌بوون به ویرووسی كۆرۆنا و هه‌روه‌ها هه‌ڵاواردن له‌نێو كارمه‌نده‌كانی ئه‌م شیركه‌ته، ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی.
شۆفیرانی ناڕازیی له‌مباره‌وه ڕایانگه‌یاندووه، هێشتا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شیركه‌ت واحید و به‌رپرسانی شاره‌داریی هیچ ڕێكارێكی جیدی و كاریگه‌ر بۆ پێش‌گرتن به تووشبوونی شۆفیره‌كان به كۆرۆنایان له‌به‌ر چاو نه‌گرتووه و هێشتا نه ده‌ستكێش نه ماسك و نه مه‌وادی پاك كه‌ره‌وه‌ی شه‌خسی كه به نوێنه‌رانی مه‌جلیس دراوه پێیان نه‌دراوه. ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه ڕۆژانه له‌گه‌ڵ سه‌دان كه‌س به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ پێوه‌ندیان هه‌یه و مه‌ترسی تووشبوون به ویرووسی كۆرۆنایان له‌سه‌ر زیاتره.
