ڕۆژی پێنجشه‌ممه ٩ی مانگی سه‌رماوه‌ز، دایكی هه‌میشه زیندوو “شه‌هریار محه‌ممه‌دی” له بۆكان هاوڕێ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی گیانبه‌ختكردووی ڕێگای ئازادی “سپێهر ئه‌عزه‌می” و كۆمه‌ڵێك له دایكانی دادخواز، له‌سه‌ر مه‌زاری ئه‌و هه‌میشه زیندووه له شاری كه‌ره‌ج كۆبوونه‌وه.
“سیامه‌ك ئه‌عزه‌می” برای هه‌میشه زیندوو “سپێهر ئه‌عزه‌می” به بڵاوكردنی وێنه‌ی ئه‌و مه‌راسمه ڕایگه‌یاند: سپاس و پێزانینی خۆمان ئاراسته‌ی دایكانی دادخواز ده‌كه‌ین كه بۆ ساڵڕۆژی گیانبه‌ختكردنی سپێهر له‌گه‌ڵمان بوون. “سپێهر ئه‌عه‌زه‌می” لاوی خه‌ڵكی شاری سه‌حنه‌ی كرماشان و دانیشتووی كه‌ره‌ج، له ڕێكه‌وتی ١٥ی سه‌رماوه‌زی ١٤٠١، به ته‌قه‌ی هێزه‌كانی ڕژیم له ڕه‌وتی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی شۆڕشی ژینا، گیانی به‌ختكرد. ڕۆژی پێنجشه‌ممه بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و گیانبه‌ختكردووه ناچاربوون به هۆی گوشاری ناونده ئه‌منیه‌تیه‌كان چه‌ند ڕۆژ زووتر مه‌راسمی ساڵوڕهگهری ڕۆڵه‌كه‌یان به‌ڕێوه ببه‌ن، له‌و مه‌راسمه‌دا بنه‌ماڵه‌ی “شه‌هریار محه‌ممه‌دی”، “عێرفان خه‌زایی”، “یه‌لدا ئاقافه‌زلی” و “نیما نووری”یش به‌شداربوون.
