کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

قەیرانی ئاو، کارەساتێک کە کۆماری ئیسلامی بەرپرسی ڕاستەوخۆیەتی

قەیرانی ئاو بەتوندی هەڕەشە لە گەلێک لە ناوچەکانی ئێران دەکات. ” کلید” رۆژنامەی سەرلەبەیانی تاران لە ژمارەی ئەمرۆ دوو شەممە ٣ ی مانگی گوڵانیدا سەبارەت بەم بابەتە نووسیویەتی:” وێنایەکی مەترسیدار لە ساڵی ١٣٩٧ لەبەرچاومان دەردەکەوێ. دوای ئەو هەموو باران بارینە هێشتا ٤٠ لەسەد بە بەراورد بە میانگینی درێژ ماوە، وشکەساڵیمان هەیە و لە هێندێک لە ناوچەکانی وڵاتدا ڕۆچوونی زەوی گەیشتۆتە ١٤٠ بەرابەری ئاستی قەیراناوی. لەگەڵ گشت ئەمانەدا یەک لەسەر سێی سەرجەم ئاوی مەجود تەقریبەن بەهەدەر ئەدەین، وەک داماوێک کە لە شەوێکی سارد و تاریکدا ئاخرین تەختە و داروپەردوی ژورەکەی یەک لە دوای یەک دەخاتە ئاگروە تا بە زیندوویی بمێنێ؛ و هەڵبەت لە تاریکی شەودا نابینێ کە چ هەورێکی ڕەش هێشتا لە ڕێدان.”

تازە ترین ئامارەکانی وەزارەتی نیروی کۆماری ئیسلامی باس لەوە دەکات کە لە ئوستانەکانی فارس، خۆراسانی جنوبی و ئیسفەهان نەتەنیا سفرە ژیر زەویەکانی ئاو خاڵی بوون، بەڵکو زەخیرەی سەدەکانیش لە ئێستادا لە کۆی ٤٧ لەسەد لە مەخازنی سەدەکانی ئێران خاڵین.

لەم بارەیەوە ” عیسا کەڵانتەری”، وەزیری پێشوی کەشاوەرزی و سەرۆکی ئێستای سازمانی ژینگەی ئێران ڕایگەیاندوە کە :” تەمەدون لە ناوچە ناوەندی و باشوریەکانی وڵاتدا خەریکە دەکەوێتە بەر مەترسی و تەنیا داوێنەکانی باکوری ئەلبورز مەترسی وشکەساڵی نەیگرتونەوە. ئەو هەروەها دەڵێ:” ئەگەر بارودۆخی ئێستای بەکارهێنانی ئاو لە بەشی کەشاوەرزی درێژەی هەبێت لە کەمتر لە ٢٥ ساڵی تردا، دەبێ ٥٠ ملیۆن ئێرانی وڵات بەجێبێڵن و کۆچ کردنیش ئاسەوارێکی وەحشەتناکی هەیە تا ئەو جێگایەی کە ڕەنگە شتێک بەناوی ئێران ئیتر بوونی نەبێت.

بە وتەی کەڵانتەری، کاتێک سفرە ژێرزەویەکان وشک دەبن، چینەکانی خاک ڕۆدەچن، و شوێنی زەخیرەی ئاو لەبەین دەچێت. لەم روەوە، ئەگەر باران بارین ١٠ بەرانبەریش بێت دیسان ئاو له‌ سەر زەوی دەڕوات و ده‌مێنێته‌وه‌ و ناتوانێ بچێتە ژێر زەویەوە.

کارناسانی نێونەتەوەیی کە لە بواری قەیرانی ئاو لە ئێراندا توێژینەوەیان کردوە و کورتەی ڕاپۆرتەکانیان لە ” دانشنامەی ویکیپیدیا”، بڵاو بۆتەوە، سەبارەت بە هۆکاری سەرەکی ئەم قەیرانە دەڵێن:

” کەڵک وەرگرتنی زیادە لە حەد لە ئاوی سەتحی و ژێرزەوی لە لایەن تۆڕێکی گەورە لە سەدە ئاویەکان و چاڵاوە قوڵەکانەوە، ئاوی لە ئێران گەیاندۆتە ئاستی قەیراناوی ئێستا. یەکێک لە نیشانەکانی ئەم بارودۆخە وشک بوونی دەریاچەکان، روبار و تالاوەکان، کەم بوونەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەمینی، ڕۆچوونی زەوی، خراب بوونی کەیفیەتی ئاو، شۆرانەوەی خاک، بە بیابان بوون و باهۆزەکانی تۆز و خۆڵی زیاترە.”

دوکتور کاوە مەدەنی کارناسێک کە لەم دواییانەدا گوشارەکانی ڕژیم و ترس لە گیران و وادار کران بە خۆکوشتن، ئەوی ناچار کرد کە لە ئێران هەڵبێت، لە نوێ ترین قسەکانیدا بەر لە بەجێهێشتنی ئێران سەبارەت بە هۆکاری قەیرانی ئاو دەڵێت:” ئێران بەهۆی پشت بەستن بە ئابووری سەرچاوە گرتو لە نەوت، بەرز کردنەوەی ئاستی بەهرەوەری ئابووری لە کەرتی کشتوکاڵی لە مێژوی سەردەمدا لەبەرچاو نەگرتوە. لەم دەورەی دواییشدا بۆ زیاد کرانی بەرهەمی کەشاوەرزی، گەشەی ناوچە داچیندراوەکانی لە ئاستی سەرتاسەریدا هانداوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەشی کەشاوەرزی لە ئێران لە باری ئابووریەوە ناکارایە و سەهمی ئەم بەشە لە بەرهەمهێنانی ناخالیسی میللی بە تێپەڕ بوونی کات کەم بۆتەوە. ئەم بەشە هێشتا بە پیشەسازی نەکراوە و لە شێوازە کۆنەکانی کشتوکاڵ بە دەست بەهرەوەری زۆر کەمەوە لە ئاودان و بەرهەمهێنان ئازار دەکێشێت. شێوازی زاڵی کەشاوەرزی لە ئێران، کەشاوەرزی ئاوییە و بەرهەمی ئابووری بەدەست هاتو لە مەسرەفی ئاوی کەشاوەرزی لە خوارەوەیە. ئۆلگوەکانی بەرهەم لە سەرتاسەری وڵاتدا نەگونجاوە و لە زۆربەی ناوچەکاندا لەگەڵ بارودۆخی دەست ڕاگەیشتن بە ئاوی پاک ناسازگارە.”

توێژینەوەیەکی سەربەخۆی ١٠ کەس لە پسپۆڕانی ئێرانی بواری مودیریەتی سەرچاوە ئاویەکان کە لە ئەمریکای باکوری و ئینگلساتن خوێندویانە، نیشانی ئەدات کە هۆکاری سەرەکی کەم بوونەوەی ٨٠ لەسەدی قەبارەی ئاوی دەریاچەی ورمێ لە ماوەی ئەم ٤ دەیەی دواییدا کە ئاستەکەی گەیشتۆتە نزیکەی ١٠ لەسەدی ئاستی سەرەتاکەی لە ساڵی ١٣٥١ ی هەتاویدا، چالاکییە ئینسانیەکان و سەد سازی بێ سەرەوبەرەیی بووە و کاریگەری وشکەساڵی و گۆڕانی ئاو و هەوا لە ناوچەکەدا لە ئاستێکدا نەبووە کە بتوانێ گۆڕانێکی سەتحی و قەبارەیی وەها لە دەریاچەکەدا بەدی بێنێ.

بە وتەی دوکتور کاوە مەدەنی، ئاکامی ئەم توێژینەوە نیشانەی ئەوەیە کە دەریاچەکە بۆتە قوربانی خۆویستی بەشەر لە ناوچەکەدا. ئەو دەڵێ:” کاتێک کە زیاد بوونی بەرژەوەندیەکان و سود و سەمەرەی کورتماوە دەبێتە ئامانجی سەرەکی بەبێ ئەوەی کە سەرنج بدرێتە ئاسەوارە قەرەبوو نەکراو و پڕ هەزینەی پڕۆژەکانی ساخت و ساز و زیاد بوونی ئاستی زەوی داچیندراو، بارودۆخێکی باشتر لەوەی کە بینیومانە ناکرێ چاوەڕوان بکرێت. ئێمە دەبێ وڵام دەرەوەی نەوەکانی دواتر بین لەبەر ئەو جەنایەتە ژینگەییەی کردومانە.”

قەیرانی ئاو لە ئێران لە ڕاگەیەنەرکانی نێونەتەوەییشدا دەنگدانەوه‌ی بەرینی بووە. وەک نمونە رۆژنامەی ئاڵمانی زمانی ” هندلزبلات”، لەم بارەیەوە دەنووسێت:

“سەد سازی بێرەویە یەکێک لە هۆکارەکانی قەیراناوی بوونی دیاردەی ئاوە لە ئێرانه‌. لە دواین ساڵەکانی حکومەتی محەممەد ڕەزا شا دا، ژمارەی سەدەکانی وڵات ١٨ دانە بوون کە لە دەورەی کۆماری ئیسلامیدا گەیشتۆتە ٦٤٧ سەد. بێجگە لەوە بەرنامەیەک بۆ دروست کردنی ٦٨٠ سەدی تریش لە گٶڕێ دایە. سەد بەندی بێ کارناسی و بەرین کە بە ئامانجی دابین کردنی ئاوی کەشاوەرزی بەڕێوەدەچێت، بە کردەوە قەیرانی ئاوی لە ئێران توند تر کردۆتەوە” بەپێی ئیعتیڕافی عیسا کەڵانتەری،” هەر بەڵایەک بەسەر بواری ژینگەدا هاتوە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردودا بووە.”

بەم شێوەیە دەبینین کە بەڵایەک کە سیاسەتەکانی ئەم ڕژیمە بەسەر ژینگەیدا هێناوە، چی وا کەمتر نییە لە بەڵایەک کە بەسەر هەموو خەڵکی ئێرانیدا هێناوە لە هەموو بوارەکانی تری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا. کۆماری ئیسلامی نە تەنیا دوژمنی ژیانی ئەمرۆی زۆربەی خەڵکی ئێرانە، بەڵکو خۆی دەستی لە تێکدانی بارودۆخی ژیانی بەرەکانی داهاتوشدا هەیە. ئەمرۆ تەنانەت سالم سازی هەوایەک کە هەڵیدەمژین و زەمانەت کرانی دابین بوونی ئاوێک کە دەیخۆینەوە لە گرەوی ڕزگار بوون لە چنگ حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامی لە ئێڕان دایە.

بابەتی پەیوەندیدار

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-