کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

فەلەستین، ئیسڕائیل- حەفتا ساڵ خۆڕاگری، حەفتا ساڵ داگیرکاری

له‌ ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ مانگی خاکەلێوە، ١٩ی ئاوریلەوە، دەوڵەتی داگیرکەری ئیسڕائیل بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر مەڕاسمێکی تایبەت لە پێوەند لەگەڵ ٧٠ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی وڵاتی ئیسرائیل دەست پێکردوە. پێویست ناکات چەندین کیلۆمیتر لە شوێنی بەڕێوەچوونی ئەو مەڕاسمە دوور بکەویتەوە تا بتوانی سەیری کێشەیەکی خوێناوی مێژووی بکەیت. لە حاڵێکدا کە بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی ناوچە داگیر کراوەکان ٧٠ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی وڵاتەکەیان جێژن دەگرن، بەڵام لەولاترەوە بە ملیۆن کەس لە فەلەستینیەکان لەو سەرزەویە داگیرکراوانەدا یان لە ئۆردوگاکانی مەوجود لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا و یان ئاوارە بوون لە سەرزەویەکانیان، مێژوی خوێناوی ئەم ٧٠ ساڵ داگیرکاریەیان بەسەر شانیانەوە هەڵگرتووە. وێڕای تێپەڕ بوونی ٧٠ ساڵ لە دامەزراندنی دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیل مەسەلەی فەلەستین وەک ناوەند و سەرچاوەی گەلێک لە کێشەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەروا بێچارەسەر ماوەتەوە.

شکستی سەرجەم کۆنفرانس و ئەو نەخشانەی ئیرایەدراون لە ماوەی ئەو ٧٠ سالەدا و بە تایبەت ٢٠ ساڵی ڕابردو کە بەشێوەیەک هەوڵیاندا پەردەیەک بدەن بەسەر سیاسەتە ڕەگەز پەرستانەکانی دەوڵەتی ئیسڕائیل دا بکێشن و بە تایبەت مافی دیاری کردنی چارەنووسی نەتەوەی فەلەستین لەبەرچاو نەگرن، ئاکامی خێرای لۆژیکی زۆروێژانەی ئیمپڕیالیستەکان و دەوڵەتی سەهیۆنیستی ئیسڕائیلە.

ڕاستیەکەی ئەوەیە کە لە هەمان سەرەتاوە و بە دەست پێکردنی قسە و باسەکانی پێوەندیدار بە دروست کردنی دەوڵەتی یەهود لە ساڵەکانی کۆتایی سەدەی ١٩ دا تەقەلوبێکی گەورەی مێژویی بەڕێوەچوو کە گۆیا ” سەرزەویەک بوونی هەیە کە خەڵکی تێدا نییە و خەڵکێکیش بوونیان هەیە کە زەویان نییە” و ئەم تەقەلوبە گەورە مێژوییە بەستێنی مادی گواستنەوەی یەهودیەکان بۆ فەلەستین خۆش کرد. لە ڕاستیدا کەلیمەی سەهیۆنیزم بە واتای گەڕانەوە بۆ سەهیۆن لێرەوە سەرچاوەی گرتووە و جەریانی سەهیۆنیستی وەک گرایشێکی سەرەکی لە نێوان یەهودیەکاندا پێکدێت. جەریانێک کە لەسەر ئیدئۆلۆژی ڕەگەزپەرستانە دامەزرا و جەوهەری سەرەکی دەوڵەتی سەهیۆنیستی ئیسڕائیلی پێكهێناوە و لە هەمان سەرەتاوە وەک هاوپەیمانی ئیمپریالیزم و کۆنەپەرستان دەستبەکار بوون. کاتێک هێرتسل وەک یەکێک لە بنیادنەرانی بزوتنەوەی سەهیۆنیستی روو بە ئوروپاییەکان دەلێت :” … ئێمە وەک دیوارێکی پاراستن بۆ ئۆرووپا کار دەکەین، دیوارێک کە ئەرکەکەی پاراستنی فەرهەنگی ئوروپایی لە بەرانبەر بەڕبەڕیەتی ئاسیاییدا دەبێت…” یان کاتێک کە لە نامەیەکدا بۆ پاشای عوسمانی دەنووسیت ئەگەربێت و بەڕێز جەنابی سوڵتان، فەلەستین بدەن بە ئێمە، ئێمە وەک پێزانین کێشەی دارایی تورکییە چارەسەر دەکەین. و یان کاتێک کە ڕیچارد لیشتهایم، یەکێک لە ئیدئۆلۆگەکانی سەهیۆنیست لە کتێبەکەیدا بەناوی “بەرنامەی سوهیۆنیزم” دەنووسێت:” خەبات لەدژی یەهودئازاری هیچ یارمەتیەکی جەماوەری یەهودیەکان ناکات، تا کاتێک کە یەهودیەکان لەنێو نەتەوەکانی تردا دەژین، یەهودی ئازاری کۆتایی نایەت، هیچ شتێک نییە بێجگە لە بەیان کردنی ئەم بابەتە.

لە ڕاستیدا پاکسازی قەومی فەلەستینیەکان بە چوونی یەکەم گوروپی تیرۆریستی سەهیۆنیست لە دەیەکانی ٢٠ و ٣٠ سەدەی ٢٠ دا بەکردەوە دەرهێنانی ئەم سیاسەتە ڕەگەزپەرستانەیە. ئەم سیاسەتە وەک زنجیرێکی بەیەکەوە بەستراو تا ئێستا درێژەی هەیە. بن گۆریون یەکەم سەرۆک وەزیری دەوڵەتی ئیسڕائیل کە سەرۆکایەتی کۆنفرانسی سەهیۆنیستەکانی لە دیسامبری ساڵی ١٩٤٧ واتە نزیکەی ٥ مانگ بەر لە دامەزرانی ئیسڕائیلی لە ئەستۆ بوو، دەڵێت:” وڵاتی ئیسڕائیل تەنیا لە یەهودیەکان پێک دێت تا توشی هیچ چەشنە گرفتێک نەبێت. ئەو دواتر لە بیرەوەریەکانیدا دەنوسێت:” لەم کۆنفرانسه‌دا ئێمە سنورە جوغڕافیاییەکانی ئیسڕائیلمان دیاری نەكرد. لەبەر ئەوەی کە من لەسەر ئەوە بڕوایە بووم بە ڕاگەیاندنی مەوجودیەتی دەوڵەتی ئیسڕائیل، بەرەو ڕووی خۆراگری خەڵکی فەلەستین و دەوڵەتانی عەرەبی دەبێتەوە و شەڕ دەست پێدەکات. لەوێوە کە من دڵنیا بووم لەم شەڕيدا ئێمە سەردەکەوین بۆیە سنورەکانی ئیسڕائیل دوای شەڕ رادەگەیەنین. ئەوەیکە ئێستا دوای ٧٠ ساڵ داگیرکاری بە خەڵکی فەلەستین بڕاوە هیچ شتێک نییە بێجگە لە کەمتر لە ١٨ لەسەدی بەشێکی ناعادلانەی دابه‌شكردنی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان لە ساڵی ١٩٤٧ه‌. بێشەرمانە ئەوەیکە بڵندگۆکانی ئیمپڕیالیستی و ئیسڕائیلی لە بەیانییەوە تا ئێوارە باسی دەکەن تا بە دنیای بسەلمێنن کە ئەم دەوڵەتە ڕەگەز پەرستە ” تەنیا دەوڵەتی دێمۆکراتیکە لە ناوچەکەدا”. دەوڵەتێک کە بنەماکانی لەسەر ئیدئۆلۆژی ڕەگەزپەرستانەی سەهیۆنیستی، داگیرکردنی سەرزەویەک و سەرکوت و ئاوارە کردنی بە ملیۆن کەس لە خەڵکەکەی دامەزراوە، دەوڵەتێک کە هەروا لەسەر ئەو بڕوایەیە کە بە یەکەوە ژیانی یەهودیەکان لەگەڵ نەتەوەکانی تر لە سنورێکی جوغڕافیاییدا ئیمکانی نییە، دەوڵەتێک کە چەندین دەیە نزیک بە ٣٥٠ هەزار فەلەستینی دانیشتوی ئیسڕائیلی هەروا لە ئۆردوگاکانی ئاوارەکاندا ڕاگرتوە کە ژمارەیەکی زۆریان مەودایەکی کەمتریان لە ١٠٠ کیلۆمیتر لەگەڵ ماڵ و مەزراکانیان هەیە، دەوڵەتێک کە یەهودیە کۆچبەرەکان لە ولاتانی دنیای سێهەمەوە وەک شارۆمەندی پلە دوو بە حیساب دێنێ، چۆن دەتوانێ وەک تاقانە دەوڵەتی دیموکراتیک لە ناوچەکەدا بێت. ئەم ئیدیعایە خۆڵکردنە چاوی جەماوەری خەڵکەوەیە و بێ شەرمانە زیاتر لە ٧٠ ساڵ خۆراگری میللەتی فەلەستین بۆ دیاری کردنی چارەنووسیان لەبەرچاو ناگرن. لەم شەڕە نا یەکسانەدا کە لایەنێکی نمایشێکی شکۆداری خۆڕاگری و خەباتی میللەتێکی ده‌ركراو لەسەر زەمینی خۆی و لایەکیش سەرجەم ئۆردوی ئیمپڕیالیستی و سەرجەم هێزە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە وێستاون، هەر هێزێک هەڵبژاردنی خۆی دەکات و خۆی بە لایەنگری لایەکی ئەم شەڕە دەناسێنێ. دەبێ بوترێت کە ئەمانەش وەک سەهیۆنیستەکان لەسەر ئەو بڕوایەن کە فەلەستینیەکان بە تێپەڕ بوونی کات هیوایان بە گەڕانەوە بۆ جێگاو شوێنی خۆیان لەدەست داوە و بابەتی ئاوارەکان بە شێوەیەکی سروشتی چارەسەر دەبێت. دیارە ئەم بزوتنەوەی ئێستای خەڵکی فەلەستین کە لە سێ حەفتە لەوە پێشەوە بە بۆنەی “ڕۆژی زەوی” دەستی پێکردبوو وە بە ناوی بزوتنەوەی مافی گەڕانەوە باسی لیدەکرێت بەیانی روونی ئیرادەی خەڵکێکە کە هەروا لەسەر مافی دیاری کردنی چارەنووسیان شەڕ دەکەن. ئەم شەڕە عادلانە و خۆڕاگری قارەمانانەی خەڵکی فەلەستین لە هەمان سەرەتای حاکمیەتی بریتانیاوە بە کۆتایی هاتنی شەڕی جیهانی یەکەم و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی دەوڵەتی عوسمانییەوە دەستی پێکردوە و بە دامەزرانی ڕێكخراوی ئازادیبەخشی فەلەستین و خەباتی چەکدارانەیان لەدژی دەوڵەتی داگیرکەر و دواتر ئینتیفازەی یەک و دوو وە خەباتی هەموو ڕۆژە درێژەی هەبووە لە لایەکەوە بەیانی خۆراگریەکی بەنرخ و مێژوویی نەتەوەیەک بۆ ڕزگار بوون و لە لایەکی دیکەوە تراژیدی مێژوویی نەتەوەیەک کە کەسانێک ئەوان نوێنەرایەتی دەکەن و یان لە هه‌یئه‌تی پشتیوانانیاندا دەردەکەون کە یان ددانێکی کلۆرن و یان وەک ڕەوتێکی کۆنەپەرستی ئیسلامی خۆیان بەشێکن لەم تراژیدیە.

لەگەڵ ئەوەدا نابێ گومان هەبێت کە لە درێژماوەدا و لە ڕوانگەیەکی ئیستڕاتێژیەوە نە تەنیا ڕێگا چارەی ڕزگار بوونی خەڵکی فەلەستین، بەڵکوو بۆ جەماوەری خەڵکی عەرەب بەدیلی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست سۆسیالیستیە. بەڵام بۆ گەیشتن بەم خاڵە ئیستراتیژیکە دەبێ قۆناغی تر تەی بکرێت. درووست کردنی دەولەتێکی سیکۆلار و دێمۆکراتیک لە فەلەستینیەکان و یەهودیەکان یەکەم سەنگەرە بۆ بەرەو پێش چوونی داهاتوو.

بابەتی پەیوەندیدار

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-