کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

عەبادی بە ڕێبازی سەدام دا دەڕوات

پێش نێوەڕۆی رۆژی چوارشەممە ٥ی مانگی ڕەزبەر، بەرابەر لەگەڵ ٢٧ی مانگی سپتامبر پاڕله‌مانی عێڕاق بە ئامادە بوونی سەرۆک وەزیر و وەزیری بەرگری و ژمارەیەکی دیکە لە وەزیر و فەرماندەکانی ئەڕتەش کۆبۆه‌وە و ئاستێکی تازەیان دایە هەڕەشەکانیان لەدژی خەڵکی هەرێمی کوردستان. حەیدەر عەبادی لە سوخەنڕانیەکەیدا لە پاڕلمان روو بە ڕێبەرانی هەرێمی کوردستان وتویەتی: “شەڕتان دەوێ یان نا، سەرجەم ئەو مافانەی لە یاسای بنەڕەتیدا هاتوون بەکاردێنم و ناهێڵم وڵات دابەش بێت.” عەبادی لە درێژەدا ئەڵێ: “لە ڕێگای هێزی قانونی ئەساسیەوە حاکمیەتی خۆی بەسەر هەموو ناوچەکانی هەرێمی کورستان بە تایبەت ئەو ناوچانەدا کە دوای هاتنی داعش لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە کۆنترۆڵ کراون دەسەپێنین.” عەبادی هەروەها وێڕای داخوازی لە سەرانی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئاکامی گشتپرسی لە کوردستان، رۆژی هەینی وەک ئاخرین مۆڵەت بۆ ڕادەستکردنی فرۆکەخانەکان بە حکومەتی فیدڕاڵی عێڕاق ڕاگەیاند. بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریەکان لەم کۆبوونەوەیەدا ئەندامانی پاڕله‌مانی عێڕاق حەیدەر عەبادیان بۆ ناردنی هێزی نیزامی بۆسەر شاری کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان موتەعەهد کردووە. عبادی بە هەڕەشەی شەڕ و له‌شكه‌ركێشی بۆسەر کوردستان بێهودە و ناشیانە خەریکە بە ڕێبازی سەدام دا دەڕوات.

تەقریبەن هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەی پاڕله‌مانی عێڕاق، ئەندامانی مەجلیسی ئیسلامی ئێرانیش رۆژی چوارشەممە جەلەسەیەکی داخراویان بەڕێوەبرد و دوای کۆتایی هاتنی جەلەسەکە، لە ڕاگەیاندنێکدا گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستانی عێڕاقیان بە پیلانی ئیسرایل و ئەمریکا لە ناوچەکەدا نێولێبردوە و دەڵێن:” هەموو جۆرە کردارێکی جودایی خوازانە بە زەرەری میللەتی عێڕاق و سەرجەم ناوچەکە دەزانین و ئەم کردارەی هەرێمی کوردستانی عێڕاق مەحکوم دەکەین و پشتیوانی لە کردەوەکانی دەوڵەت و مەجلیسی عێڕاق دەکەین.” ئەم رەفتارەی مەجلیسی ئیسلامی لە درێژەی هەڕەشەکانی خامنەیی و روحانی و باقی کاربەدەستانی ڕژیم لەدژی خەڵکی کوردستانی عێڕاق و بەشوێن مانۆڕی نیزامی سپای پاسداران و هێزە ئینتیزامیەکانی ڕژیم لە ناوچەکانی هاوسنور لەگەڵ کوردستانی عێڕاق ئەنجامدەدرێت. بەر لە بەڕێوەچوونی گشتپرسیش بەرپرسانی ڕژیم ڕایانگەیاند کە: لەسەر داخوازی دەوڵەتی ناوەندی عێڕاق سنورە ئاسمانیەکانی بەڕووی هەرێمی کوردستان داخستوە و گشت پەرواز و گەشتەکانیان هەڵوەشاندۆتەوە.

لەم نێوانەدا دەوڵەتی تورکیەش بەردەوام بووە لەسەر هەڕەشەکانی. ئۆردوغان، سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە بەڕێوەچوونی ئەم گشتپرسیەی بە خەیانەت ناو بردوە و مەحکومی کردوە. ئەو وتی کە هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی کوردستانی عێڕاق ناوچەکە توشی شەڕ دەکات و هەڕەشەی داخستنی سنورەکان و ڕاگرتنی ناردنی نەوتی کوردستانی لە ڕێگای تورکیەوە کردوە. ئەم هەڕەشانە لە حاڵێکدایە کە چەند رۆژە مانۆڕێکی نیزامی هاوبەشی هێزەکانی ئەڕتەشی عێڕاق و تورکیە لە ناوچەی سلوپی و سەر سنوری نێوان کوردستانی عێڕاق و تورکیە بە ئامانجی کۆنترۆڵ کردنی ڕێگا سنوریەکان لە لایەن ئەڕتەشی عێڕاقەوە دەستی پێکردوە.

هەر وەک دیارە هەڕەشە و گوشارەکانی دەوڵەت و پاڕلەمانی کۆنەپەرستی حاکم لە عێڕاقدا لەدژی خەڵکی کوردستان لە هاوکاری و هاوئاهەنگی تەواو لەگەڵ ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی و ڕژیمی فاشیستی تورکیە بەڕێوەچووە. هاوکاری و هاوئاهەنگی حکومەتە کۆنەپەرستەکانی حاکم بەسەر ئێران و تورکیەدا لەگەڵ دەوڵەتی عێڕاق بۆ گوشار خستنەسەر خەڵکی کوردستانی عێراق لە هەمانحاڵدا کە ماهیەتی جەنایەتکارانەی سیاسەتەکانیان بە هەموان نیشان ئەدات، بەڵام بۆ خەڵکی کوردستان و خەڵکی ئازادیخوازی ناوچەکە بە تەواوی شیاوی پێش بینی بوو. لەبەر ئەوەی ئەم ڕژیمە کۆنەپەرستانە لە ماوەی حاکمیەتی جەنایەتکارانەیەندا تەنیا بە پشت بەستن بە لەشکرکێشی نیزامی و میلیتاریزم و سەرکوتی ئاشکرا توانیویانە حاکمیەتی خۆیان بەسەر ناوچە کوردنشینەکاندا بسەپێنن. 232

گشتپرسی ٢٥ی سیپتامبر لە کوردستانی عێڕاق بە هەر سیاسەت و ئەنگیزەیەکەوە لە لایەن حیزبە سیاسیەکانی دەسەڵاتدارەوە بانگەوازی بۆ کرابێت و سەرەڕای هەر کەمتەرخەمیەکی ئاشکرا کە سەبارەت بە فەراهەم کردنی پێداویستیەکانی وەها گشتپرسیەک بەڕێوەچووبێت، هیچ لەم ڕاستیە ناگۆڕێت کە زۆربەی هەرە زۆری خەڵکێک کە چوونە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان و دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان دا، لە ڕاستیدا ئەوان دەنگیان بە ئاڕمانی لە مێژینە و ئاوات و ئارەزوە قەلبیەکانی خۆیان داوە. داخوازی سەربەخۆیی کوردستان ڕیشەی لە مێژوی خەباتی خەڵکی کوردستان دایە. لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا هەموو ڕژیمە دیکتاتۆڕەکانی حاکم مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستانی عێڕاقیان ڕەد کردۆتەوە و هەموو دەنگێکی مافخوازانەیان بە سەرکوت، وڵام داوەتەوە. تەنیا لە دەورەی ڕژیمی سەدام حوسێن دا زیاتر لە چوار هەزار ئاوایی هەرێمی کوردستان کاول کران و کانیاوەکانیان چیمەنتۆ کران و لە جەریانی عەمەلیاتی ٧ مانگەی ئەنفالدا لە مانگی فیوریەوە تا سپتامبری ساڵی ١٩٨٨، زیاتر لە ١٨٠ هەزار کەس له‌ خەڵکی بێ دیفاع لە لایەن ئەڕتەش و مەئمورانی ئەمنیەتی عێڕاقەوە کوژران کە لە باری بەرینایی و قەبارەی کوشتار و وەحشیگەرییەوە، لای ناوەندە نێونەتەوەییەکان وەک یەکێک لە مەترسیدار ترین جەنایەتەکان لەدژی بەشەریەت تۆمار کراوە. لە شاری هەڵەبجە هەزاران کەس لە بۆمبارانی کیمیاییدا گیانیان بەختکرد. دەنگدان بە سەربەخۆیی کوردستان کە حەیدەر عەبادی خوازیاری هەڵوەشاندنەوەیەتی، ڕیشەی لەم مێژووە پڕ ڕەنج و ئازارەدایە کە بەسەر ئەم جەماوەرە هاتووە و لەسەر دڵ و دەروونی خەڵکی کوردستان قورسایی دەکات. بەڵام روون و ئاشکرایە کە لە نێوان ڕیفڕاندۆم و داخوازی ڕاگەیاندنی سەربەخۆییدا تا گەیشتن بە سەربەخۆیی و دەستەبەر بوونی ژیانێکی ئازاد و پڕ لە ڕیفاه هێشتا مەودایەکی قووڵ و بەرین بوونی هەیە کە دەبێ بە خەباتی یەکپارچە و یەکگرتوانەی جەماوەری ستەم دیتوی خەڵک و ئامادە بوونیان لە گۆڕەپانی خەباتێکی سیاسیدا پڕ بکرێتەوە. خەڵکی کوردستانی عێراق پێویستە بە ئامادە بوونی چالاکانەیان لە مەیدانە جۆراوجۆرەکانی خەبات و لە گۆڕەپانی سیاسی کۆمەڵگادا ، ببنە فاکتۆڕێک کە بە هیچ شێوەیەک نەکرێت لە دیاریکردنی سیاسەت لە بەرانبەر هەڕەشەکانی دەوڵەتی ناوەندی و حکومەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەدا پڕاوێز و پشتگوێ بخرێن.

ئاڵوگۆڕەکانی ئەم ساڵانەی دوایی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و مەوقعیەتی لەحاڵی گوزاری ئەم ناوچەیە لە نەزمێکی سەرمایەدارانەی لێک هەڵوەشاوەوە کە زیاتر لەژێر ڕێبەری ئەمریکادا شکڵی گرتبو بۆ نەزمێکی ناوچەیی نوێ، سەرجەم دەسەڵاتە ناوچەییەکان لەوانە ڕژیمی ئیسلامی ئێران و دەوڵەتی ئۆردوغان و باقی هێزە کۆنەپەرستە ناوچەییەکانی ناچار کردوە کە لە هیچ دەرفەتێک بۆ بەرەو پێش بردنی پیلانە دزێوەکانیان بۆ سەهم وەرگرتنی زیاتر لە ئاڕایشی سیاسی داهاتوی ئەم ناوچەیە چاوپۆشی نەکەن. لەم بارودۆخەدا و لە ناخی ئەم ڕقابەتانەدا دەوڵەتی عێڕاق بە هاسانی بە سەربەخۆ بوونی هەرێمی کوردستان ڕازی نابێت. بەڵام خەڵکی زۆرلێکراو و ستەم دیتوی کوردستان بە ئامادە بوونی یەکگرتوانەیان لە مەیدانی خەباتدا دەتوانن نەخشە و پیلانەکانی دوژمن پوچەڵ بکەنەوە، مافەکانیان دەستەبەر بکەن و مۆری خۆیان لە ڕەوتی رووداوەکان بدەن. ڕێبەرییەکی ڕادیکاڵ و پێشڕەو کە لە پێداویستیەکانی بەرەو پێش چوون لەم رووبەڕوو بوونەوانە دایە، لە دڵی ئەم خەباتەدا شکڵ دەگرێت. بێ گومان لەم دەورەیەدا پێوستە کە شەپۆلی پشتیوانی خەڵکی شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستانی ئێڕان لە داخوازی ڕەوای خەڵکی کوردستانی عێڕاق کە چەند دیمەنێکیمان لە ئێوارەی رۆژی گشتپرسی ٢٥ی سیتامبردا بینی بە شێوەیەکی شێلگیرانە بەردەوام بێت. پەرەسەندن و گشتگیر بوونی ئەم جۆرە پشتیوانیانە لە داخوازی ڕەوای خەڵکی کوردستان لە ئاستی ناوچەکە و دنیادا لە هەمانحاڵدا کە دەتوانێ ورەبەخش بێت بۆ خەڵکی هەرێـمی کوردستانی عێڕاق، دیشتوانێت هێزە کۆنەپەرستە ناوچەییەکانیش زیاتر لە ڕابردوو ڕیسوا و لە بەرەوپێش بردنی نەخشە و پیلانەکانیاندا زیاتر توشی کێشە و گرفت بەکات.