کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
بابه‌تی گه‌یشتوو

سەبارەت بە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەقەڵەمی هاوڕێ ئیبراهیم عەلیزادە

بوونی سەدان هاوڵاتی قوربانی بێ دیفاع لە ئیسرائیل و لە کەرتی غەززە، بێ گومان ویژدانی هەر ئینسانێکی شەریف ئازار دەدات. بەڵام تەنیا هاوسۆزی و بەخەمەوەبوونێکی ئەخلاقی سەبارەت بە قوربانیانی ئەم کارەساتە، ویژدانی بەئاگا هێور ناکاتەوە. مافە پێشێلکراوەکانی خەڵکی فەلەستین بەجێگای خۆی، دەوڵەتی ئیسرائیل کەرتی غەززەی وەک ناوچەیەکی جوگرافیایی دیارکراو بە دوو ملیۆن دانیشتووەوە کردووە بە گەورەترین زیندانی جیهان. ئەوەی کە ناوبەناو لە غەززە ڕوودەدات دەکرێت بەسەرهەڵدان و شۆڕش لە زیندانێکی گەورەدابشوپهێندرێت. بوونی ڕەوتێکی ئیسلامی وەک حەماس لە لوتکەی ئەم شۆڕشەدا، نابێت ئێمە لە ناڕەوابوونی ئەو زیندانە و زیندانوانەکەی غافڵ بکات. دوو ملیۆن کەسیان لەناو چواردیوارییەکی کۆنکرێتی بەرزدا ئەسیر کردووە، نان و ئاو و کارەبا و بەشێوەیەکی گشتی تەواوی ژیانیان بە بارمتە گرتوون، زۆر سروشتییە کە کاردانەوە لە خۆیان نیشان بدەن. ئەوەی کە حەماس ئەم قۆناغە لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی دەستپێکردووە، ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ڕێکارانە بەردی دیفاع لە مافەکانی خەڵکی فەلەستین لە سینگی دەدات و پشتیوانی لە حەماس دەکات، هیچ کام لەمانە زەڕەیەک لە ڕەوابوونی خەبات و خۆڕاگریی خەڵکی فەلەستین لە بەرامبەر دەوڵەتی جینایەتکار و مەزهەبی و ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل دا کەم ناکاتەوە. دەیان ساڵە دەوڵەتی نەژادپەرستی ئیسرائیل شەڕێکی ناڕەوای لەدژی خەڵکی فەلەستین دەستپێکردووە و هەروا بەردەوامە و لەم شەڕە نابەرابەرەدا جگە لە تەسلیمبوونی بەتەواومانای خەڵکی فەلەستین و ملکەچبوونیان لە ئاست ئەم دۆخەی ئێستا، بە هیچ شتێکی تر ڕازی نابێت. دەوڵەتی ئیسرائیل تا ئێستا ملی به هیچ چەشنە سازشێک نەداوە. تەنانەت تەرح و پلانەکانی ئاشتیی دەوڵەتی ئەمریکاش کە هاوپەیمانی ستراتێژیکی ئیسرائیلە، بە هیچ ئامانجێک نەگەیشتووە. سازش و پاشەکشە یەک لە دوای یەکەکانی لایەنی فەلەستینیش وەڵامی وەرنەگرتووەتەوە. خەڵکی شەریف و ئازادیخوازی فەلەستین و ئیسرائیل هیچ دوژمنایەتییەکی ڕێشەییان لەگەڵ یەکتردا نییە. دوژمنایەتی ئێستای نێوان ئەم خەڵکانە لە لایەن ڕاستڕەوە کۆنەپەرست و توندڕەوەکانی هەردوولای کێشەکەوە تەشەنەی پێدەدرێت. هاووڵاتیانی فەلەستین و ئیسرائیل تەنیا بە هاوخەباتی و یەکڕیزی لەگەڵ خەڵکی پێشڕەو و پێشکەوتنخوازی ناوچەکە و پێکەوەژیانێکی ئاشتیانە لەگەڵ یەکتر دەتوانن خۆیان لە ژێر هەژموونی و دەسڵاتی دەوڵەتی مەزهەبی و هێزە کۆنەپەرستەکان ڕزگار بکەن و درێژە بە کار و ژیانی خۆیان بدەن. دوابەدوای هێرشە سەرەتاییەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ئێستا خەڵکی ستەملێکراو و بێبەشی کەرتی غەززە کەوتوونەتە ژێر گوشاری ئەرتەشێکی پڕ چەک و چۆڵ، کە بێباکانە ماڵ و حاڵی خەڵک بەسەریاندا وێران دەکەن. لەم دۆخە سەخت و دژوارەدا خەڵکانی فەلەستینی دانیشتووی غەززە لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیان بە پشتیوانی و هاوپشتی خەڵکی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست لە سەرانسەری جیهان هەیە. ئەم هاوپشتییە دەتوانێت ببێتە هێزێکی ماددی کاریگەر بۆ ڕاگرتنی جینایەتەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل و توندڕەوە مەزهەبییەکانی حەماس.

بابەتی پەیوەندیدار

وتارێکی لنین بە بۆنەی یەکی ئایارەوە کە لە ساڵی ١٩٠٤ دا نووسراوە لە فارسیەوە: هیوا مەجید زادە

-

ڕۆژی یەکی ئەیار، بە ڕیوایەتی” رۆزا لۆکزامبۆرگ” سەرچاوە: ئاڕشیوی دەنگی شۆڕشی ئێران

-

ئێران بۆ ھێرش دەکاتە سەر ھەولێر؟

د.شێرکۆ کرمانج

شەرە جنێوی هیتلەرەکان، پەیوەندی بە مافی ستم لێکراوانەوە نییە ؟!

-

جارێکی دیکە دەستی چەپەڵی تیرۆری کۆماری ئیسلامی له هەرێمی کوردستان !؟

-

‏تێبینیەک له سەر هەڵوێست گرتن بەرامبەڕ شەڕی‎ ئیسڕائیل و حەماس

-