کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
بابه‌تی گه‌یشتوو

ساڵوەگەڕی هێرشی سەرتاسەری کۆماری ئیسلامی بۆ کوردستان لە ساڵی ١٣٥٨ دا و دەستپێکی خۆڕاگری خەڵکی کوردستان

وتووێژێک لەگەڵ ئیبراهیم عەلیزادە، دەبیر ئەوەڵی کۆمەڵە

ئەم وتووێژە مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لە لایەنرادیو زمانەوە لەگەڵ هاوڕێ ئیبراهیم عەلیزادەدا ئەنجام دراوە. لەو ڕووەوە کە ناوەرۆکی ئەم باسە دڵخوازی بەڕێوەبەرانیرادیوزمانەنەبووە، لە بڵاوکردنەوەی ئەو خۆیان بواردووە. بە هۆی گرینگی ئەو خاڵانەی لەم وتووێژەدا باس دەکرێن، بڵاوکردنەوەی سەرلەنوێی بە پێویست دەزانرێ.

پرسیار: ئاغای بەنی سەدر بڕوای وایە کە فەرمانی جیهاد لە لایەن ئایەتوڵڵا خومەینییەو دەرئەنجامیشەڕێک بووە و کەس ناتوانێ بەرامبەر بەو کەسانەی کە ئەم شەڕەیان هەڵگیرساندووە، چاو بنووقێنێت و بڵێ کە مافی ئەوەیان هەبووە شەڕ بخەنە ڕێ“. ئەو شەڕەی کە ئاغای بەنی سەدر ئاماژەی پێ دەکات، بە بڕوای ئێوە بۆچی، چلۆن و کەی دەستی پێکرد؟ ئێوە وەک کۆمەڵە ئەوە ڕووداوە دیاریکراوە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

عەلیزادە: ئەوەی کە ئاغای بەنی سەدر بەرگری دەکات لە ڕابردووی هاوبەشی خۆی لەگەڵ خومەینی و کۆماری ئیسلامی جێگەی تێگەیشتنە و ئاماژەیە بۆ باوەڕی قووڵی ئەو بەو ڕێبازە کە هەرگیز وێڕای تەواوی ئەو بەڵایانەی خومەینی تووشی ئەو و هاوکارەکانی کرد، ئامادە نییە هێندەی نووکەدەرزییەک پاشەکشەی لێ بکات. ڕەنگە ئەم هەڵوێستە بۆ سەرمایەی دواڕۆژی ئاغای بەنی سەدر پێویست بێت. بەڵام خەڵکی کوردستان شانازی دەکەن بە خۆڕاگریان لە هەمبەر هێرشی هێزەکانی ژێردەسەڵاتی خومەینی و بەنی سەدر و سەرجەم کاربەدەستەکانی ئەو کاتی کۆماری ئیسلامی و ئەو بەهایەش کە لەم پێناوەدا داویانە، بەهای بەرگری کردن لە کەرامەتی ئینسانی خۆیان بووە. لێگەڕێ با ئەم داخەشیان بێتەوە سوێ کە ئەوان هەرگیز نەیانتوانی، یانی نەیانوێرا کە لاوەکانی کوردستان بکەنە قۆچی قوربانی گۆڕەپانەکانی شەڕی کۆنەپەرەستانەی ئێران و عێراق کە ئەمە دەستکەوتی هەر ئەم خۆڕاگریە سەربەرزانەیە بوو

ئەو ڕووداوەی ئێوە ئاماژەتان پێ کرد مێژووی دیاریکراووی خۆی هەیە و هێندەی کێوێک بەڵگەی حاشاهەڵنەگری لە پشتە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەگەر کەسانێکی دی شەڕی کوردستانیان دەست پێ کرد، ئەی کێشەڕیزانکۆکانی وەڕێ خست؟ شەڕی تورکەمەن سەحرا لە لایەن چ کەسێکەوە سەری هەڵدا؟ هۆکاری دەستپێکیشەڕلەبەندیخانەکانوکوشتوبڕیزیندانییانیبێدیفاعلەدەیەیشەستداکێبوو؟

خەڵکی کوردستان هەر وەک سەرجەم خەڵکی ئێران لە دژی ڕژیمی شا ڕاپەڕیبوون و لە مانگە شۆڕشگێڕانەکانی ڕێبەندان و بەفرانباری ١٣٥٧دا هێرشیان کردە سەر پایەگا، ناوەندەکانی ساواک، ئەرتەش و پۆلیسی شا و هەموویان چەک کردن. ئەم ڕووداوە لە شارەکانی مهاباد، سەردەشت، سنە، سەقز و باقی شوێنەکانی دیکە ڕوویدا. بەڵام خومەینی و سەرکردەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی کە دەیانزانی ئەرکی سەرکوتکردنی شۆڕش لە دوای ڕێبەندانی ١٣٥٧ەوە لە ئەستۆی ئەوانە، ڕێگریان لە بەردەوامبوونی شۆڕش کرد. بەرگری پایەگای مهاباد و پایەگای ژاندرمری سنەیان لە بەرامبەر خەڵکدا بە هی خۆیان دەزانی  و پاشماوەی هێزەکانی ڕژیمی شایان هان دەدا کە لە بەرامبەر خەڵکی شۆڕشگێردا بوەستن. بەم شێوەیە بوو کە ئەم پلانەی ئەوان کە  لە سنە لە لایەن مەلا سەفدەرییەوە ئاراستە دەکرا، دەرئەنجام نەورۆزی خوێنینیی سنەی لێ کەوتەوە کە بووە هۆی گیانبەختکردنی زیاتر لە دووسەد کەسی ئەم شارە. خاڵی دەستپێکی کۆکوژییەکانی ڕژیمی تازە بە دەسەڵاتگەیشتوو لە کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ بەفرانباری ١٣٥٧ و نەورۆزی ١٣٥٨ەوە لە مهاباد و سنە.

بەڵام دواجار وێڕای تەواوی پیلانەکان، کوردستان لە ژێر سێبەری نەگریسی پاشماوەکانی ڕژیمی شا و جێگرەوەکانی کە لە هەیبەتی نوێنەرەکانی ئیمامدا بۆ کوردستان نێردرابوون، ڕزگاری بوو و کۆمەڵگەی کوردستان بۆ چەند مانگێک ژیانێکی ئازاد و تاڕادەیەک دیموکراتیکی ئەزموون کرد. لە ئاکامدا لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨دا خومەینی بە بیانووی پووچی بە دیل گیرانی ژنانی موسڵمان لە لە مزگەوتی جامعی سنە، فەرمانی هێرشی سەرتاسەری بۆ کوردستان ڕاگەیاند. ئەم هێرشە دوای سێ مانگ شکستی هێنا و ڕژیم بۆ هێزگرتنەوە و خۆئامادەکردنەوەی سەرلەنوێ بۆ هێرش، لەگەڵ نوێنەرانی خەڵکی کوردستان هاتە سەر میزی گفتوگۆ. دەوڵەتی بازرگان شاندێکی تایبەتی نارد بۆ کوردستان. ئەم شاندە لە جیاتی دانوستان لەگەڵ نوێنەرانی خەڵکی کوردستان کە پێکهاتبوون لە ڕێکخراو و لایەنە سسیاسییە چالاکەکان، دەستیان کرد بە دووبەرەکی نانەوە و هەوڵی دا یەکڕیزی شاندی نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان لێک بترازێنێ، کە بەداخەوە سەرکەوتووش بوو. کاتێک هێزەکانی خۆی سەرلەنوێ ڕێکخستەوە، دوای ئەوەی کە یەکڕیزی ڕێکخراوە سیاسییەکانی تێکدا، لەچەند قۆڵەوە هێزەکانی خۆی لەسەر سنوورەکانی کوردستان جێگیر کرد. لە قوڕوە و بیجاڕەوە بۆ سنە، لە کامیارانەوە بۆ سنە و لە ورمێوە بۆ مهاباد، ئەمانە ئەو سێ قۆڵە بوون کە بۆ هێرش هەڵبژێردرابوون. کۆمەڵە ڕاستییەکانی لەم بارەوە بە خەڵک دەوت و هەوڵی دەدا خەڵکی کوردستان بۆ ئەو هێرشەی کە بە دڵنیاییەوە لە ڕێدا بوون، ئامدە بکات. بەنی سەدر ئەگەر لەو سەردەمەدا تەنیا فەرماندەیەکی بێ دەسەڵاتی هێزە چەکدارەکانی ڕژیمیش بووبێت، لانیکەم دەستی بە زانیارییەکانی تایبەت بەم ڕووداوانە ڕاگەیشتووە. چاوەڕوانی ئەوە دەکرا کە دوای ئەم هەموو ساڵە بوونی لە تاراوگەدا، لانیکەم کارێکی دەکرد کە کەمێک ویژدانی خۆی ئاسوودەتر بکا، بەڵام وادیارە لە ئایینی ئەودا قسە وتن بە کومونیستەکان، دەبێتە خێر بۆ دواڕۆژی و گەرەکێتی بەم شێوەیە توێشووی ڕێی خۆی کۆبکاتەوە.

پرسیار: ئاغای بەنی سەدر هەر لەم وتووێژەدا ئاماژە بە ناوی مەلایەکی کورد دەکات بە ناویحەسەن ئەمینیکە گوایە ڕۆڵی ڕاوێژکاری ئایەتوڵڵا خومەینی و پێدانی زانیاریی سەبارەت بە کوردستانی بە ئەو هەبووە. هەروەهابەپێی قسەکانی ئاغای بەنی سەدرئەو ئاغای خومەینی بۆ هێرش بۆ سەر کوردستان هان داوە. ئاغای ئەمینی کێیە و چ ڕۆڵێکی لە ڕووداوەکانی دوای شۆڕش لە ناوچەی کوردستاندا هەبوو؟

عەلیزادە: تا ئەو جێگایەی من دێتە بیرم، ئەم کابرایە هاوکاری نزیک و جێنشینی ئەحمەدی موفتیزادە بوو. موفتیزادە لە لایەنگرانی حکومەتی ئیسلامی بوو کە بە هۆی سووننی بوونیەوە زۆر زوو کەوتە بەر تووڕەیی خومەینی و دوای ئازادبوونی لە زیندان گیانی لە دەست دا. بەڵام ئەم کەسە ئاغای خومەینی هەڵنەخڕاند. بەڵکوو بێداری سیاسی خەڵکی کوردستان، شورا و بنکەی گەڕەکەکان، بەڕێوەبردنی ژیانی خەڵکی کوردستان بە دەستی خۆیان، پێگەی هێزە چەپ و ڕادیکاڵەکان، بوونی کوردستان بە ناوەندی دیموکراسی و ئازادی و گەلێک دەستکەوتی مرۆیی بەنرخی دیکە بوو کە خومەینیان هەڵخڕاند. بوونی وەها ڕەوتێک لە کوردستان لەگەڵ ئەو پلانانەی کە خومەینی هەیبوو بۆ درووستکردنی ئێرانێک کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە خوێنی خەڵکەکەی دەمژێ، یەکی نەدەگرتەوە

پرسیار: ئاغای بەنی سەدر وتوویەتی گەڵاڵەی ٦ خاڵی کە لە لایەن حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە ئامادە کرابوو، لە لایەن شورای ئینقلابەوە پەسەند کرابوو و ئەو ئەمەی ڕاگەیاندبوو. هەروەها ئاغای بەنی سەدر وتوویەتی: خۆبەڕێوەبەری بیانووی ئەوان بووە و لە ڕاستیدا شتێکی تریان دەویست و شەڕەکەیان دەست پێ کرد. لەماوەینێوانپێشکەشکردنیگەڵاڵەی٦خاڵیتادەستپێکیشەڕچیڕوویدا؟

عەلیزادە: ئەم شتانەی کە ئاغای بەنی سەدر دەیڵێ درۆیە و هیچ بنەمایەکی ڕاستی نییە. لەو ماوەیەی کە ئێوە ئاماژەی پێ دەکەن، شاندی نوێنەرایەتی خەڵکی کورد کە پێکهاتبوو لە حیزبی دیموکرات، کۆمەڵە و ڕێکخراوی چریکە فیداییەکانی خەڵقی ئێران بە سەرپەرەستی مامۆستا شێخ عیزەدین حوسەینی و ئەندامانی دەفتەرەکەی ئەو. ئەم شاندە گەڵاڵەیەکی ٢٦ خاڵیان بۆ خۆبەڕێوەبەری کوردستان پێشکەشی وەفدی دەوڵەتی ناوەندی کردبوو. ئەم وەفدە تەنیا ٤٥ خولەک گفتوگۆی ڕەسمی لەگەڵ شاندی نوێنەرایەتی خەڵکی کورد ئەنجا دا و باقی سەردانەکان و کاتی وەفدەکە بۆ دووبەرەکی نانەوە و تێکدانی یەکڕیزی شاندی نوێنەرایەتی خەڵکی کورد تەرخان کرا. لە ئاکامدا لە ڕێگەی ئەنجامدانی دانوستانێکی تایبەتی لەگەڵ حیزبی دیموکرات و لەسەر بناغەی گەڵاڵەی ٦ خاڵی ئامادەکراو لەلایەن ئەم حیزبەوە توانی لەم کارەیدا سەرکەوتوو بێت. بە بێ ئەوەی بچووکترین بایەخێکیش بە گەڵاڵەکەی ئەم حیزبە بدات.

ئاغای بەنی سەدر ئەگەر تووشی لەبیرچوونەوە نەبووبێت، دەبێ لەبیری بێت کە وەفدی دەوڵەت و شورای ئینقلابەکەی نەک هیچ گەڵاڵەیەکیان پەسەند نەکرد، بەڵکوو تەنانەت لە قبووڵکردنی وشەیخۆبەڕێوەبەریش کە حیزبی دیموکرات ئامادە بوو بە هەموو ناوەرۆکێکوە پەسەندی بکات، خۆیان بوارد. لە ڕاستیدا ئەوان کەڵکیان لەوتووێژوەرگرت بۆ بەدەستهێنانی هەلی خۆئامادەکردن بۆ هێرش بۆ سەر کوردستان.

هەروەها ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە خومەینی و بەنی سەدر وئەوانی تر، هێرش بۆ سەر کوردستانیان بە بیانووی ئەوەی کە گوایە کومونیستەکان ژنانیان لە مزگەوتی سنە بە دیل گرتووە، چەند مانگێک بەر لەم گەڵاڵە و وتووێژانە کە ئاغای بەنی سەدر قسەیان لێدەکات، دەست پێ کردبوو و شکستیشیان خواردبوو. مێژووی سات بە ساتی ئەم قۆناغە بە نووسراو و بەڵگە بوونی هەیە. ئاخۆ چەندە دەکرێ ئاوەزی خەڵک بە کایە بگیرێ!

پرسیار: ئەو فەرمانە ناسراوەی کە وتیچەکمەکانتان دەرمەهێنن تا فیتنەی کوردستان کۆتایی پێ دێتلە لایەن کامە کاربەدەستی کۆماری ئیسلامییەوە ڕاگەیەندرا؟ ئاغای بەنی سەدر لە یەکێک لە وتووێژەکانیدا لەگەڵ سایتیناوەندی بەڵگەکانی مافی مرۆڤی ئێرانڕاگەیاندنی وەها فەرمانێکی لە لایەن خۆیەوە ڕەتکردەوە و بەدرۆیحیزبە کوردییەکان ناوی برد. بۆچوونیئێوەچییە؟

عەلیزادە: هەڵبەتە بە وردی گەربیڵێین ئەو وتی:”قەیتانی پۆتینەکانتان مەکەنەوە تا فیتنەی کوردستان کۆتایی پێ دێت“. هێرش بۆ سەر کوردستان لە کاتێکدا ڕوویدا کە بەنی سەدر فەرماندەی گشتی هێزەکان بوو. ئەم ڕستەیە و هاوشێوەکانی ئاوێتەی هەڵسووکەوتە دۆنکیشۆت ئاساکانی ئەو سەردەمی ئەو بوون، هەڵبەتە نابێ لە ڕاستیش لابدەین کە ئەو لە ڕاگەیاندنی ئەم فەرمانەدا تەنیا دەستەچیلەی خومەینی بوو و هیچی تر. ئەو کاتە هیچ کەسێک حیسابێکی ئەوتۆی بۆ بەنی سەدر نەدەرکرد.  ئەگەر مێژووی ئەو سەردەمە بە دەستی ڕژیمی ئیسلامی خۆی بنووسرێتەوە، ئەواشانازیئەم فەرمانە بە ناوی خومەینی دەنووسرێت و ئەگەریش بە گێڕانەوەیەکی زانستی و واقعی بنووسرێتەوە، بەنی سەدر لە پاڵ خومەینیدا و هاوبەشی تاوانەکانی ئەو بە ئەژمار دێت.

هەڵبەتە دەستەواژەی درۆزنی هەر لە ئاغای بەنی سەدر خۆی دەوەشێتەوە، بەو پێیەی کە لەو ئایینەدا وا ئەو لە باوەڕمەندانێتی، درۆزنیتەقیەیە و بە جۆرێک بەها دادەنرێت، هەر بۆیە بەدڵنیاییەوە ئەو بەم دەستەواژەیە دڵگران نابێت.

پرسیار:دەوترێت کە ئێوەی حیزبە کوردییەکان، لە دوای پەسەندکردنی خۆبەڕێوەبەری لە لایەن دەوڵەتەوە،هێرشتان کردە سەر ستوونیکی ئەرتەش کە بە سنەدا تێدەپەڕین، ڕۆژەکانی سەرەتای شۆڕش لە سنە پێکدادانی چەکدارانەتان وەڕێ خست، ژاندارمریتان چەک کرد و هێرشتان کردە سەر ناوەندی ئەرتەش. ئێوە وەک حیزبە چالاکە کوردەکان لەو کاتەدا، ئەم ڕووداوانە چۆن شرۆڤە دەکەن؟

عەلیزادە: مێژووی خۆڕاگری و خەباتی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لە سێ دەیەی ڕابردوودا و بە تایبەت ڕۆژ و مانگە پڕ جۆش و خرۆشەکانی شۆڕش لە ساڵانی ٥٧ و ٥٨دا ناتوانرێ بەمشێوەیە ڕووکەش و ئەویش لە وەڵام بە کەسێکی وەک بەنی سەدردا بنووسرێتەوە. ئەوەی کە لە ژێر ناویدەوترێتباسی لێ دەکەن، نموونەیەکە وەک ئەو ڕستە بەناوبانگەی کە دەڵێ: “حەسەن و حوسەین هەر سێکیان کچەکانی مەعاویە بوون“! یەکەم ئەوەی کە قبووڵکردنی خۆبەڕێوەبەری لە لایەن دەوڵەتەوە درۆیە و هیچ بەڵگەیەک لەسەری جگە لەوەی لە مێشکی ئەمڕۆی بەنی سەدردایە بوونی نییە. خاڵی دووهەم ئەوەیە کە ستوونی ئەرتەش نەیدەویست کە بە سنەدا تێپەڕ بێت، بەڵکوو ئەم ستوونە و ستوونەکانی بەر لەوان هێرشی خۆیان لە کامیارانەوە دەست پێ کردبوو و گەیشتبوونە سنە. لە دەروازوکانی شاری سنەوە لەگەڵ شەپۆلی دەیان هەزار کەسی خەڵکی دانیشتوو لەسەر شەقامەکان ڕووبەڕوو بوونەوە. ئەم ستوونە ڕێگەیەکیان بۆ نەمابوو جگە لەوی بەسەر لاشەی ئەم خەڵکەدا تێپەڕن. هەر بۆیە لە ڕێگەی خۆیان لایاندا تاکوو بچن لە پایەگاکە جێگیر بن و لە کاتێکی گونجاوتردا دەست بکەن بە هێرشەکەیان. جگە لەمانە هەر وەک وتم ئەمە تەنیا ستوونێک نەبوو کە لە دەروازەکانی کوردستان جێگێر ببون و خۆیان بۆ هێرش ئامادە دەکرد. کۆمەڵە ستوونێکی دیکەش لە قوڕوە و بیجاڕ و ورمێوە ئامادەی هێرش بوون.

سێهەم ئەوەی کە چەککردنی ژاندارمری بەشێک بوو لە درێژەی ڕاپەڕینی خەڵک لە دژی ڕژیمی شا و هاوشێوەی چەککردنی پایەگا و ناوەندەکانی تری ئەرتەشی شا و ناوچەکانی تری ئێران و نەک تەنیا لە سنە بەڵکوو لە مهاباد و جێگەکانی تری کوردستانیش ئەنجام درابوو.

پرسیار: بە بڕوای ئاغای بەنی سەدر، شەڕێک کە لە کوردستان دەستی پێکردبووهیچ پەیوەندییەکی بە خۆبەڕێوەبەرییەوە نەبووو لە ڕاستیدا شتێکی ترتان دەویست. دەی ئەگەر وایە، ئێوە بە دیاریکراوی لەو قۆناغەدا چیتان دەویست بۆ کوردستان؟

عەلیزادە: خەڵکی کوردستان دەیانبینی کە سێبەری کۆنەپەرەستی و سەرکوت و ڕەتکردنەوەی سەرەتاییترین ئازادی و مافەکانیان خەریکە وردە وردە باڵ دەکێشێت بە سەر سەری خەڵکی ئێران و کوردستاندا، دەستیان کرد بە بەرگری لە خۆیان لە هەمبەر سەرکوت و خواستی خۆبەڕێوەبەری و نەهێشتنی ستەمی نەتەوەیی چوارچێوە و سەنگەری ئەم خۆڕاگریە بوو. خەڵکی کوردستان نەیاندەویست بە دەستی بەستراوەوە ببرێنە شوێنی قوربانی کردن. ئەم خۆڕاگریە بەسوود و کاریگەر بوو، هاوسەنگییەکی هێزی درووست کرد کە تا ئەمڕۆش وەک چقڵیک لە چاوی کۆماری ئیسلامی ئێران چەقیوە.

پرسیار: کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن، حیزبە کوردییەکانیان بە هەبوونی پەیوەندی و وەرگرتنی پارە و چەک لە عێراق و سەدام حوسەین تۆمەتبار کردووە. ئایا ئێوە هیچ یارمەتییەکی مادی و نیزامیتان لە عێراق و دەوڵەتەکانی تر وەردەگرت؟

عەلیزادە: بەڵێم کۆمەڵە پەیوەندیگەلێکی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق پێکهێنا. ئەم پەیوەندیانەش لەسەر بنچینەی تووندبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و عێراق و دەستپێکردنی شەڕ ڕەخسا. لە لایەن دەوڵەتی عێراقەوە ئامانج لێی لاوازکردنی ڕژیمی ئێران لە ڕێگەی بەهێزکردنی ئۆپۆزیسیۆنەوە بوو. لە لایەن کۆمەڵەوە ئامانج بەهێزکردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بوو. ئەم پەیوەندیانە ئاشکرا بوون. خەڵکی کوردستان و ئێران و ڕای گشتی بە تەواوی لە وردەکارییەکانی ئەم پەیوەندییانە ئاگادار بوون. ئەم پەیوەندیە بی شەرت و مەرج بوون و کاریگەرییەکی لەسەر هەڵوێستی ئوسولی ئێمە لەمەڕ ئەم شەڕە کۆنەپەرەستانەیەدا نەبوو. هەر چەند مانگ جارێکیش ڕاپۆرتێک لەسەر ئەم پەیوەندیانە لە بڵاوکراوە و میدیاکانی کۆمەڵەوە بڵاودەکرایەوە. بە بەردەوامی هێزی ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکی چالاکی ئەو کاتی ڕژیمی عێراق لە کوردستانی عێراق واتەیەکێتی نیشتمانی کوردستانیش لە وردەکارییەکانی ئەم پەیوەندییە ئاگادار دەکرانەوە. هەروەها لەگەڵ زۆربەی هێزە چەپ و ڕادیکاڵەکانی ئێران کە دەستمان پێیان ڕادەگەیشت، لەم بارەیەوە هاوکاری و ڕاوێژ دەکرا.

پرسیار: ئایاهێرشبۆسەرکوردستانلە٢٨یگەلاوێژداچارەهەڵنەگربوو؟

عەلیزادە: بەڵێ، لەبەر ئەوەی کە کۆمەڵگەی کوردستان بەو ڕوونکردنەوەیەوە کە لە بارەی هەلومەرجی ئەو کاتی درا، ڕژیمی ئیسلامی بۆی قبووڵکراو نەبوو. کوردستان ببووە سەرچاوەی ئیلهام و دڵگەرمی بۆ بزووتنەوە شۆڕشگێڕانە و خۆڕاگرییەکانی سەرتاسەری ئێران. ڕۆژانە هەزاران کەس لە سەرتاسەری ئێرانەوە دەهاتن بۆ شارە کوردییەکان و لە نزیکەوە دەستکەوتەکانی خەڵکی ڕزگاربوو لە دەسەڵاتی ڕژیمی شایان دەبینی. هێرش بۆ سەر کوردستان بەشیک لە پلانی سەرکوتی شۆڕشی ئێران بوو کە ڕژیمی شا نەیتوانیبوو بە ئاکامی بگەیەنێت و لە دوای نزیک  بە ٣ ساڵ سەرکوتی بەردەوام لە ئاستی ئێراندا، کۆتایی پێ هێنا. بەڵام لە سەنگەری خۆڕاگری کوردستاندا تووشی کۆسپ هات.   

پرسیار: ئێوە جگە لە ئایەتوڵڵا خومەینی ڕۆڵی کام یەک لە کاربەدەستانی تری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەو ڕووداوە مێژوییەدا بەرجەستە دەبینن؟

عەلیزادە: تەقریبەن هەمووان لە خومەینییەوە بگرە تا دامەزرێنەرانی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی کە دواتر بەرگی ڕیفۆرمخوازییان پۆشی، هەر هەموویان لەوەدا کە خۆڕاگری خەڵکی کوردستان دەبێ تێک بشکێنرێ تاکوو حکوومەتی ئیسلامی جێگیر بێت، هاوڕا بوون.

پرسیار: ئایا لە دوای شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران و مانگەکانی دوای ئەو، شەڕ و دەست بردن بۆ چەک بۆ حیزبە کوردییەکانی وەک کۆمەڵە و دیموکرات دوایین ڕێگەچارە بوو؟

عەلیزادە: یەکەم نیشاندانی شۆڕشی دژە پاشایەتی لە ئێران وەکوو شۆڕشێکی ئیسلامی نە واقعی و نە دادپەروەرانەیە. بەڵام لێی گەڕێین لە شوێنێکی تردا دەکرێ باسی لێوە بکەین. بەڵام لە پێوەند بە پرسیارەکەی ئێوەدا، ئەم ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە کە خەباتی چەکدارانە لەگەڵ هێرشی هیزەکانی ڕژیمی ئیسلامی بەسەر خەڵکی کوردستاندا داسەپا. خەڵکی کوردستان ئازدیان دەویست و لەبەر ئەوەی کە شێلگیر بوون بۆ بەرگری کردن لە دەستکەوتە دیموکراتیکەکانی خۆیان کە لە ڕەوتی ڕووخاندنی ڕژیمی شادا بەدەستیان هێنابوو، ناچار بوون کە دەست بدەنە چەک. بەرگریکردن لەم ئازادیە بە بێ گیانبازیی بەدەست نەدەهات.

لەگەڵ هێرشی ڕژیم بۆ سەر خەڵکی ئازادیخواز و ڕێکخراوە سیاسییەکان لە سەرتاسەری ئێران دەیان هەزار کەس خرانە سیاچاڵەکانەوە، ئەشکەنجە کران و لە سێدارە دران، بەڵام خەباتی چەکدارانە لە کوردستان سەنگەرێک بوو لە بەرامبەر هێرشی ڕژیمدا. لە ماوەی هەشت ساڵ شەڕی کۆنەپەرەستانەی ئێران و عێراق بە هۆی بوونی هەر ئەم شێوازە لە خۆڕاگری، ڕژیم هەرگیز نەیتوانی لاوانی کوردستان بە بەرفراوانی بە سەرباز بگرێت و لە بەرەکانی شەڕدا قوربانیان بکات. شەڕێک کە بە سەدان هەزار گەنج و لاوی ئێرانی تێیدا لەناوچوون.

پرسیار: وا پێدەچێت کە لە دوای پاشەکشەپێکردنی حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی بۆ ئەودیوی سنوورەکان و هەروەها دوای ٣٣ ساڵ لە هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی لە ئێران، هێشتاکەش لەگەڵ خەڵکی کوردستان وەک پلە دوو هەڵسووکەوت دەکرێت و وادیارە کە لە پێکهاتەی هەنووکەیی ئێراندا خاوەنی مافی یەکسان نیین. بۆچی؟

عەلیزادە: یەکەم دەبێ ئەم خاڵە ڕوون بکەمەوە کە خەباتی چەکدارانە تەنیا یەک ڕەهەندی خەباتی خەڵکی کوردستان لە دژی کۆماری ئیسلامی بوو کە بە تێپەڕینی کات کەوتە پەراوێزەوە. ئەگەرچی ئێمە بە پێی توانای خۆمان هەوڵمان داوە کە پۆتانسیەلی دەستپێکی سەرلەنوێی وەک یەکێک لە شێوازەکانی خۆڕاگری خەڵک لە هەمبەر ڕژیم لە کات و هەلومەرجی گونجاودا بپارێزین. کۆمەڵە ناتوانرێ وەک ڕێکخراوێک هەژمار بکرێت کە لە تاراوگەیە و دوورخراوەتەوە. لەبەر ئەوەی کە ڕەوتێکە کە لە ژیان و خەباتی هەر ڕۆژەی خەڵکی کوردستاندا بوونێکی هەستپێکراو و حاشاهەڵنەگری هەیە.

نەهێشتنی ستەمی نەتەوەیی یەکێک لە داخوازییەکانی خەڵکی کوردستانە، بەڵام ڕژیم دەزانێ خەڵکی کوردستان لەهەمانکاتدا کە دەیانەوێ هاوڵاتیانی خاوەن مافی یەکسان بن، دەشیانەوێ کە ناوچەی نیستەجێبوونی خۆیان بەو شێوەیەی کە بۆخۆیان دەخوازن بەڕێوە ببەن. لێرەدایە کە کۆماری ئیسلامی بەو ماهییەتە دژە خەڵکی و نادیموکراتیکەی کە هەیەتی، وەها دۆخێک قبووڵ ناکات. کۆماری ئیسلامی ئەزموونی ساڵانی نێوان ١٣٥٨ و ١٣٥٩ی لە کوردستاند هەیە و دەزانێ کوردستانی ڕزگاربوو لە ستەمی نەتەوەیی دەبێتە ئیلهامبەخش و پشتیوانی خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵک لە ناوچەکانی دیکەی ئێران و ئەمە ئەو شتەیە کە ئەم ڕژیمە بەرگەی ناگرێت.

هەڵبەت ئەمە تەنیا خەڵکی کورد نیین کە هاوڵاتیانی پلە دووی ئەم وڵاتەن. نەتەوەکانی دیکەی نیشتەجێی ئێرانیش کەم و زۆر لە وەها دۆخێکدان. نەک تەنیا نەتەوەکان، بەڵکوو سەرجەم ژنانی ئەم وڵاتە بە پێی یاسا، مرۆڤی پلە دوو دێنە ئەژمار. باقی خەڵکی ئێرانیش بە ژن و پیاو و کورد و ناکوردەوە لە ئازادی و مافی ئینسانی خۆیان بێبەش کراون. لەسەرپێ مانەوەی ئەم ڕژیمە لە گرەوی تەواوی ئەم بێ مافیانەدا بووە.

پرسیار: بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونەکانی ڕابردوو، ئێوە چ ڕێگەچارەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کوردستان لە چوارچێوەی ئێراندا پێسنیار دەکەن؟

عەلیزادە: لەم بوارەدا ئێمە بەرنامەیەکی نووسراومان هەیە کە بناغەی چالاکی ئێمە لەم بوارەدا لە کۆمەڵگەی کوردستانە. بنچینەی ئەم بەرنامەیە بریتییە لە بەدیهێنانی بەڕێوەبەرایەتی خەڵک لە نیزامێکی دیموکراتیکی شوراییدا و لەوێدا مافی کرێکاران، ژنان، تەواوی چین و توێژە بندەستەکانی کۆمەڵگە، پرسی ئازادییە دیموکراتیکیەکان و بابەتی قەرەبووکردنەوەی دواکەوتوویی ئابووری و رۆڵی حیزبە سیاسییەکان بە وردی باسیان لێ کراوە. لە پرسی نەتەوەییدا بە شێوەی دیاریکراو پێداگری لەسەر ئەوە کراوە کە: بوونی ستەمی نەتەوەیی بەردەوام هۆکارێک بووە بۆ دواکەوتوویی ئابووریی و فەرهەنگی ئەم نەتەوەیە و خەڵکی کوردستان بەردەوام لە دژی ئەم ستەمە نەتەوەییە و بۆ بەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان دەستیان داوەتە خەبات. لەمڕووەوە لە کوردستانی ئازادکراودا مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی کوردستان بە مانای مافی ئازادی جیابوونەوە لە ئێران و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ وەک یاسایەک ڕادەگەیەنرێ.

ئەگەر بێت و بە ڕەخساندنی ڕەسمی، کردەیی و واقعی هەلومەرجێک کە لە بەرنامەی سەرەوەدا گونجێندراوە، خەڵکی کوردستان بڕیار بدەن کە لە چوارچێوەی وڵاتی ئێراندا بمێننەوە، لە وەها دۆخێکدا دەوڵەتی ناوەندی ئەرکە لەسەری کە سەرەڕای قبووڵکردنی سەرجەم مەرجەکانی ئەم بەرنامەیە، هاوکات بەپێی سیاسەت و پلانداڕێژییەکی ئاگایانە، دواکەوتوویی ئابووری سەرچاوەگرتوو لە بوونی هەڵاواردنی نەتەوەیی بە تەرخانکردنی بودجە و پێویستییەکانی تایبەت بەم بوارانە قەرەبوو بکاتەوە.

پرسیار:تکایە بە کورتی رۆڵی خەڵخاڵی لە کۆکوژی خەڵکی کوردستاندا باس بکەن.

عەلیزادە: خەڵخاڵی نێردراوی تایبەتی خومەینی بوو کە وەک حاکمی شەرع ئەرکی ئەوە بوو کە زیندانییە دەستبەسەرداگیراوەکان بە بێ ڕەچاوکردنی هیچ پرۆسەیەکی یاسایی لەو شوێنە لەسێدارە بدات. خومەینی دەستی ئەوی لە ئەنجامدانی هەر تاوانێکدا بە ئاوەڵایی هێشتبۆوە. ئەو ڕۆژی ٢٩ی گەلاوێژی ١٣٥٨ گەیشتە کرماشان و لەوێوە چوو بۆ پاوە. یەکسەر سزای لەسێدارەدانی ١٨ کەسی لەم شارە ڕاگەیاند و بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر هەموویانی گوللەباران کرد کە لە نێوانیاندا چەند مێرمنداڵیش هەبوون.

خەڵخاڵی ڕۆژی سێهەمی خەرمانان ڕۆیشت بۆ پایەگای مەریوان و ڕۆژی ٤ی خەرمانانی ١٣٥٨، نۆ کەسی لەوێ لەسێدارە دا. ڕۆژی ٥ی خەرمانان بەرەو سنە ڕۆیشت و سزای لەسێدارەدانی ١١ کەسی دیکەی لە سنە دەرکرد و ئەم سزایەی لە کاتژمێر ٥ی دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژدا لە فڕۆکەخانەی سنە ئەنجام دا. رۆژی ٦ی خەرمانان چوو بۆ سەقز و ٢٠ کەسی لە پایەگای ئەم شارە لەسێدارە دا. ڕۆژی دواتر گەڕاوە بۆ تاران و ڕاپۆرتی تاوانەکانی خۆی بە خومەینی دا و لە وتووێژەکانیدا ڕایگەیاند کەئاژاوەی کوردستانیکۆتایی پێ هێناوە. بەڵام لە کەمتر لە سێ مانگدا خۆڕاگری خەڵکی کوردستان ئەوبایەی کە خەڵخاڵی چاندبووی کردی بەتۆفانو ئەرتەش و هێزەکانی خومەینیان خستە سەر چۆک.

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: #لاوێن_ئەمانی

وێنەکە: مەقەری کۆمەڵە لە شاری مهاباد، لە دوای هێرشی یەکەم کە بە بەرەنگاریی یەکەمیش ناسراوە.

بابەتی پەیوەندیدار

ئێران بۆ ھێرش دەکاتە سەر ھەولێر؟

د.شێرکۆ کرمانج

شەرە جنێوی هیتلەرەکان، پەیوەندی بە مافی ستم لێکراوانەوە نییە ؟!

-

جارێکی دیکە دەستی چەپەڵی تیرۆری کۆماری ئیسلامی له هەرێمی کوردستان !؟

-

‏تێبینیەک له سەر هەڵوێست گرتن بەرامبەڕ شەڕی‎ ئیسڕائیل و حەماس

-

خەڵاتی مافی مرۆڤی ئورووپا بۆ ژینا سەرکەوتنێکی دیکە بۆ شۆڕشی ژن؛ ژیان؛ ئازادی

-

سەبارەت بە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەقەڵەمی هاوڕێ ئیبراهیم عەلیزادە

-