کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

زیاد بوونی ئێعدامەکان و ئێعدام بە بەرچاوی خەڵکەوە لە کۆماری ئیسلامیدا

ئامارەکان باس لە زیاد بوونی ژمارەی ئێعدامەکان بە شیوەی گشتی و ئێعدام بە بەرچاوی خەڵکەوە لە مەیدانی شارەکان، بە تایبەت، لەم دوو مانگەی دواییدا دەکەن. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی رۆژانە ژمارەیەک لەو زیندانیانەی لە سلولەکانی مەرگدا لە نۆبەی ئێعدامدان، بە شاراوەیی یان بە بەرچاوی خەڵکەوە بە پەتی سێدارەدا دەکات و گیانیان لێ دەستێنێ. پاساوی دەزگا تەبلیغاتیەکانی ڕژیم بۆ ئەنجامدانی ئەم کردارە قێزەونەی نمایشی ئێعدام بە بەرچاوی خەڵکەوە، داشکاندنی ئاستی ڕێژەی جورم و جەنایەت لە کۆمەڵگادایە. بەڵام ئەم جۆرە ئیدیعایانە هیچ نیشانەیەک لە واقعیەتی پێوە نییە. ئەگەر زیاد بوونی ژمارەی ئێعدامەکان بە شێوەی گشتی دەورێکی لە دابەزاندنی ئاستی ئەنجامدانی جورم و جەنایەت لە کۆمەڵگادا نییە، ئێعدام بە بەرچاوی خەڵکیشەوە جیاوازییەک لە بێ سەمەر بوونی سزای ئێعدام نیسبەت بەم کەسانەش دروست ناکات. بەڵام ڕژیم لە ئیجرای ئەم مەراسمە قێزەونانە بە بەرچاوی خەڵکەوە هاوکات دوو ئامانجی دژی ئینسانی هەیە، لە لایەکەوە بە ئیجرای ئەم مەڕاسمانە دەست ئەداتە دروست کردنی کەشی ترساندن و تۆقاندن لە کۆمەڵگادا بە ئامانجی وادار کردنی خەڵک بە مل کەچ بوون تەسلیم لە بەرانبەر دەسەڵاتی حاکمدا. ڕژیم دەیەوێ بەسەر خەڵکێکی ڕام و فەرمانبەردا حکومەت بکات و هەموو جۆرە رۆحیە و ورەیەکی خۆڕاگری لە بەرانبەر زۆوێژیەکانی لەنێو خەڵکدا لەنێو بەرێت. ئێعدام بە بەرچاوی خەڵکەوە خزمەت بەم ئامانجەی ڕژیم دەکات. لە لایەکی دیکەوە بە ئیجرای ئەم شانۆ وەحشیانەیە هەوڵ ئەدات بە وڵام دانەوە و ئیرزای هەستی تۆڵە سەندنەوەی فەردی، قین و توڕەییەکی پۆنگ خواردو کە لە وجودی خەڵکدا کۆبۆتەوە بە جێگای ئەوەی بەرەو رووی ڕژیمی حاکم بێتەوە بەرەو رووی تاوانبارێکی داماوی بکاتەوە کە خۆی یەکێک لە قوربانیانی ئەم نیزام و مناسباتە نا داد پەروەرانەیە. بەم جۆرە بە هەر ڕادەیەک خەڵکێکی زیاتر بەرەو تماشا کردنی ئەم مەڕاسمە نەفرەت ئەنگیزە بڕۆن ڕژیم سەرکەوتو ترە. کارناسێکی حوقوقی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری دەوڵەتی ئیسنا لەم بارەیەوە دەڵێ:

” لە ڕوانگەی ڕەوانشناسی جەناییشەوە ئێعدام بە بەرچاوی خەڵکەوە دەبێتە هۆی توند بوونەوە و زیاتر بوونی توندوتیژی. چۆن ئێمە منداڵەکانمان لە بینی فیلمی پڕ لە توندوتیژی مەنع دەکەین یان بڵاو بوونەوەی هێندێک لە فیلمە زۆر توندوتیژەکانمان بۆ تەحەمول ناکرێت بەڵام هەمان توندتیژی بە شێوەیەکی ئاشکرا و بە بەرچاوی خەڵکەوە کە هێندێکیان پێدەکەنن، بەشێکیان دەگرین، هێندێک ئەترسن و هێندێک فیلیمبەرداری دەکەن، لەگەڵ منداڵەکانماندا خەریکی چاو لێکردنی دەبین، غافڵ لەوەی کە بەم کارە ئەساسەن توندوتیژی و خوشونەتگەرایی لە نێو خۆماندا دەکەینە بابەتێکی ئاسایی. لە هەمانحاڵدا بەم کردارەمان بنەماڵەی کەسی ئێعدام کراویش سزا ئەدەین. حورمەت و کەرامەتی لە کۆمەڵگادا دەشکێنین و دەیانکەینە بنەماڵەیەکی ناو زڕاو.”207

بەڵام ئەگەر ڕژیم جورئەت بە خۆی ئەدات کە وەک داعشیەکان مەیدانی ناوەندی شارەکان و ئیستادیۆمە وەرزشیەکان بکاتە مەیدانی ئەم نمایشە جەنایەتکارانەیە، لە ڕاستیدا جەوازکەی لە نا وشیاری و پێشوازی ئەو بەشە لە خەڵک وەرگرتوە کە هێشتا هەستیان نەکردوە کە ڕیشەی سەرەکی گشت گیر و گرفتێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی و هه‌روه‌ها جەنایەتەکان لە زاتی نیزامی سەرمایەداری و حاکمیەتی ڕژیمێکدایە کە بەم ئێعدامانە جەنایەت و توندوتیژی لە کۆمەڵگادا په‌ره‌ پێئەدەن. ڕژیمی ئیسلامی لە وەڕێخستنی شەپۆلی ئێعدامەکان و تووندوتیژی نواندن بەشوێن زەمانەتی مانەوەی خۆیەوەیەتی. خەڵکێک کە لە نمایشی وەحشەتی ئێعدام کردن بە بەرچاوی خەڵکەوە بەشداری دەکەن نازانن، کە ڕژیم بە نمایشدانی ئەم ئێعدامانە، ترساندنی خۆیانی ئامانجە. سەرەکی ترین ئامانجی کۆماری ئیسلامی لە کۆکردنەوەی خەڵک بۆ بینینی ئەم شانۆگه‌رییه‌ جه‌نایه‌تكارانه‌یه‌ ترساندنی ئەوانە و ئەوانیش بە کردەوە و بەبێ ئەوەی کە خۆیان بیانەوێ دەکەونە داوێکەوە کە ڕژیم بۆی ناونەتەوە.

ئەوەی کە سەلمێندراوە خەڵک لەو دەستدرێژی و کوشتن و هێرش کرانەسەرە بێزارن و چاوەڕوانن کە قاتڵان و دەست درێژیکاران سزا بدەرێن. کۆماری ئیسلامی لەوێوە کە دەزانێ هەر شێوەیەک لە تەجاوز و هێرش و کوشتن بەقوڵی خەڵک ناڕەحەت و توڕە دەکات و هەستی تۆڵە سەندنەوەیان تێدا هەڵدەخڕینێ، ئاگاهانە هەر جارناجارێک کە بارودۆخێکی لەبار شک بەرێت و پێی وابێت کە دەتوانێ سواری ئەم جۆرە شەپۆلە هەستانە بێت، بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک و ئاسایی کردنەوەی ئەنجامدانی جەنایەتی دەوڵەتی، بەساتی کوشتار و جەنایەتی لە مەیدانی شارەکان دادەمەزرێنێ و مەحکومان بە مەرگ بە بەرچاوی خەڵکەوە لە دار ئەدات. خەڵک بە ئامادە بوونیان لەم شانۆگەریە دژی ئینسانیانەدا ئەو ئیمکانە بە ڕژیم ئەدەن تا ئەم کردارە بکاتە ڕەواڵێکی ئاسایی لە کۆمەڵگادا و فەزای ترس و وەحشەت لە کۆمەڵگادا هەمیشەیی بکاتەوە.

لەم روەوە خەڵک نابێ لە مەڕاسمی کوشتاری ئینسانەکاندا بەشداری بکەن. خەڵک بە هەر ڕادەیەک لە کرداری قاتڵان و دەست درێژیکاران توڕە بن، نابێ ببنە ئامرازێک بۆ بەرپا کردنی بەساتی جەنایەتێکی نەخشە بۆ کێشراو و وەحشیانەی شه‌لاق لێدان و گیاندانی ئەو ئینسانانەی نابێ تماشا بکرێن. حوزوری خەڵک لەبەردەم ئەم سەحنە پڕ لە ئازارانەدا ئامانجێکە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەرنامەی بۆ داڕشتەو. خەڵک لە هەرکوێیەک دەرفەتیان دەست بکەوێ دەبێ دەست بدەنە دەستی یەکتر و بەساتی قەتڵ و کوشتاری ئینسانەکان بەسەر بەکرێگیراوانی ڕژیم و بەڕێوەبەرانیدا كه‌ خۆیان هۆی سه‌ره‌كی هه‌ر گیروگرفتێكی كۆمه‌ڵایه‌تیین، وێران بکەن.