کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دەرسەکانی شۆڕشی کرێکاری ئۆکتۆبر بەبۆنەی سەدەمین ساڵی شۆڕشەوە بەشی چوارەم و کۆتایی

شەڕ کۆتایی هات. هێرشی دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستی شکستی هێنا. خۆڕاگری دژە شۆڕشی نێوخۆیی تێک شکێندرا. قۆناغی قاتوقڕی و وشکەساڵی بەسەرچوو. دەورەی کۆمۆنیزیمی جەنگی تێپەڕێندرا. ئێستاش کاتی ڕێكخستنی ئابووری کۆمەڵگا لەسەر بنەمای ئۆلگویەکی کە ماڕکس لە کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی وێنای کردبوو، هاتبوە بەرەوە.

لە ڕوانگەی ماڕکسەوە، کە دەسکەوتی لێکۆلینەوە زانستیی ، کۆمەڵناسی و ئابووری نیزامی سەرمایەداری بوو، کۆمونیزم لە دوو فازدا بە تەواوەتی جێگای نیزامی چینایەتی دەگرێتەوە. دوای ئەوەی کە چینی کرێکار دەسەڵاتی سیاسی بە دەستەوە گرت و مالیکیەتی خوسوسی بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و دابەش کردنی زەویدا هەڵوەشاندەوە، فازی یەکەمی بنیاتنانی کۆمەڵگای سۆسیالیستی دەست پیدەکات. لەم قۆناغەدا کە تێیدا بە ناچار ڕادەیەک لە نایەکسانی هێشتا بوونی هەیە و درێژە بە ژیانی خۆی لە کۆمەڵگەدا ئەدات: یەکەم، هەموان دەبێ کار بکەن و کەس ناتوانێ لەسەر کار و زەحمەتی کەسانی دیکە بژی. بەم واتایە هێزی کار ئیتر کاڵایەک نابێت کە بکڕدرێت و بفرۆشرێت. دووهەم، هەر کەس بە ڕادەی کارێکی دەیکات لە پێداویستیەکانی ژیان بەهرەمەند دەبێت و ڕێژەی کاریش بە کاتژمێری کار و ئاستی دژواری کارەکە پێوانە دەکرێت. حکومەتی کرێکاری دوای کەم کردنەوەی خەرجە گشتیەکان، بەم پێوانانە سەهمی کاری هەموو کەسێک ئەدات و بەرهەمهێنانێکی زۆری کاری فەراهەم ئەبێت. کۆمەڵگا دەگاتە ئاستی فراوانی نیازمەندیەکانی ژیان و بەم جۆرە بوارەکانی دروست کردنی ڕیفاهی مادی و مەعنەوی لە کۆمەڵگادا فەراهەم دەبێت. ئەوکات لە فازی دووهەمدا ئەسڵی ” لە هەر کەس بە پێی توانایی، بە هەر کەس بە پێی نیازی” پیادە ئەکرێت، دەوڵەت لەبەین دەچێت و کۆمەڵگای چینایەتی لە ژیانی بەشەر دەسڕدرێتەوە.

حیزبی بولشویک کە ڕێبەریی شۆڕشی ئۆکتۆبری بە دەستەوەبوو، بە پێی بەرنامەیەک کە بە پەسندی ” کۆبوونەوەی گشتی شوڕای نوێنەرانی سەرتاسەری روسیەی گەیاند بوو”، دوای لە دەسەڵات خستنی سەرمایەداران و خاوەن زەویەکان، سەرکوتی خۆڕاگری ئەوان و سەقامگیر کردنی دەوڵەتی کرێکاری، دەبوو نەخشە و پلاناکانی بۆ ڕیکخستنی فازی یەکەمی ئابووری سۆسیالیستی بخاتە بواری کردارییەوە.

بۆ گەیشتن بە هێزی بەرهەم هێنەر و قەرەبوی دواکەوتوییە ئابووریەکانی کۆمەڵگای روسیە دوو ڕێگا زیاتر لەبەردەمدا نەبوو. ئەم دوو ڕێگایە لە ساڵەکانی بەر لە شۆڕش و بە تایبەت لە شۆڕشی ١٩٠٥ بەم لاوە، لەلایەن ڕەوت و سوننەتە سیاسیە جۆراو جۆرەکانی ئوپوزسیۆنی ڕژیمی تیزاریەوە، نوێنەرایەتی دەکران و ببوونە بابەتی گەلێک دەمەتەقە لە ئاستی روسیە و ئەروپادا. یەکەم، ڕێگای پەرەسەندنی سەرمایەدارانە و مۆدێڕنیزە کردنی ئابووری، کە بە شێوازی جۆراو جۆر پێشکەش دەکران و ڕێگا و هەڵدێری لە ئاستی دنیادا ناسراو بوو. ئەم ئۆلگوە لە شۆڕشی فیوریەدا، پێگەی کۆمەڵایەتی و هێزی سیاسی خۆی هەبوو. دووهەم، ڕێگای سۆسیالیستی گەشەی هێزی بەرهەمهێنەر کە ئەزمونێکی نوێ بوو بۆ چینی کرێکاری سەرکەوتو و حیزبی ڕێبەری شۆڕش واتە حیزبی بولشویک. ئەگەرچی بەرنامە و ستراتیژی ئۆلگوی سەرمایەدارانەی گەشە و پەرەسەندنی پیشەسازی رۆشن بوو، نوێنەران و خاوەن ڕایانی خۆی لە ئاستی دنیادا هەبوو، بەڵام بۆ چینی کرێکاری روسیە وەک چینێک، بابەتەکە بەم هاسانیە نەبوو. لنین و گەلێک لە هاو خەباتەکانی لەم بارەیەوە ئاسۆیەکی روونیان هەبوو، بەڵام دانش و ئاگاهی نەیدەتوانێ تەنیا لە چوارچێوەی ڕێبەران و کادرەکانی حیزبدا قەتیس بێت، ئەم وشیارییە دەبوو جەماوەری بێتەوە، تا هێزی کۆمەڵایەتی بنیاتنانی کۆمەڵگای سۆسیالیستی بکەوێتە کار. چینی کرێکار دەبوو بە زانست و زانیاری ستراتیژیک بۆ دروست کردنی ئاڵوگۆڕێکی ئابووری، لەسەر بنچینەی بەرنامەیەکی کۆمۆنیستی، کە ئەزمونێکی بە تەواوی نوێ بوو، تەیار بکرایە. لە ساڵەکانی دەیەی بیستی سەدەی ڕابردو دا گەلێک قسە و باس لەسەر ئەم بابەتە لە نێو بولشویەکەکان و تەنانەت لەنێو کۆمۆنیستەکان لە ئاستی جیهانیدا دەستی پێکردبوو. داوەری سەبارەت بە لایەنەکانی ئەم دیبەیت و منازرانە کاری ئەم وتارە کورتە نییە. بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە لە کۆتاییدا لە ماوەی بەردەوامی ئەم باسانەدا ئۆلگوی ئابووری بە پیشەسازی بوون و گەشەی سەرمایەدارانەی هێزی بەرهەمهێنەر زاڵ بوو. لە ڕاستیدا ئەوەی کە لە ساڵەکانی سەرەتای دوای سەرکەوتنی شۆڕش وەک ئیمتیازێکی کاتی درابوو بە توێژی مامناوەند تا لەگەڵ شۆڕش بکەوەن، هێزی کۆمەڵایەتی ئاڵوگۆڕی سەرمایەدارانەی ئابووری زیاتر لە پێشوو بە هێز کردبوو. هاوکات چینی کرێکار لە ئامرازە کۆمەڵایەتیەکانی خەباتی چینایەتی، سەندیکا و شوڕا و کۆمیتەکانی کارخانە و هیتر بێبەش کرا. ئەم ئۆلگوە کە لە چوارچێوەی بەرنامە ٥ ساڵە ئابووریەکاندا پێشکەش دەکرا، خاڵی دەستپێکی پرۆسەیەک بوو کە هەنگاو بە هەنگاو شۆڕشی کرێکاری لە روسیەی بەرەو لەنێوچوون برد. ئاڕمانی بە پیشەسازی کردنی کۆمەڵگای روسیە، ئارمانی بنیاتنانی روسیەیەکی بەهێزی لە ڕقابەت لەگەڵ زلهێزە جیهانیەکان، جێگای ئاڕمانی یەکسانی و ڕێفاهی چینی کرێکاری گرتەوە و بەرە بەرە لە تیئۆری و کردەوەدا نیهادینە کرا.

بەڵام گرفتی بولشوێکەکان کە شۆڕشیان ڕێبەری کردبوو بە هیچ شێوەیەک مەعریفەتی نەبوو. بابەتی واقعی گوشاری کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بوو کە حیزبی بولشوێک سەرئەنجام تەسلیمی بوو. بورژوازی روسیە کە لە دەرگاوە دەرکرا بوو، لە هەیئەتی چینی مامناوەندا، بە جەمعەیەتی ملیۆنیەوە، بە ئاوات و ئاسۆی سیاسیەوە، حوزوری مادی خۆی لە کۆمەڵگای روسیەدا پارستبوو. ئەم کێشەیە تەنانەت بەر لە سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبر و لە مانگەکانی سەرەتای دوای شۆڕشی فیوریەش لە ئارادا بوو و هێزە سیاسیەکەی لە باری نفوزی کۆمەڵایەتیەوە بۆ ماوەیەک لە بولشویکەکان زیاتر بوو. لەم کێشەیەدا کە هەم نەزەری، هەم کۆمەڵایەتی و هەم ناوخۆیی حیزبی بوو، ئۆلگوی سەرمایەدارانەی گەشەی هێزی بەرهەمهێنەر، ئاڕمانی بنیاتنانی روسیەیەکی بەهێز، جێگای ئارمانی ئازادی و یەکسانی و سۆسیالیزمی گرتەوە و دەزگای ڕێبەریی حیزبی بولشویکیشی کردە هاوڕەنگی خۆی.

ئەم پرۆسەیە بوو بە هۆی دروست بوونی دەزگایەکی دەوڵەتی کە رۆژ لەگەڵ رۆژ لە جەماوەری کرێکار دوور تر دەکەوتەوە. دەوڵەتێکی کە ئەولەویەتی نەک ڕیفاه و یەکسانی، کە ئاڕمانی شۆڕشی کرێکاری بوو، بەڵکو چوونە نێو ڕقابەتێکی بێ کۆتایی لەگەڵ دوڵەتانی سەرمایەداری جیهان، بەهێز تر کردنی بوروکراسی دەوڵەتی ئەڕتەش و سازمانی ئەمنیەت بوو. بەڵام ئەم لادانە لە ئاڕمانی چینی کرێکار بە دیکتاتۆڕی ئیستالینی و زەوتکرانی ماف و ئازادیەکانی شارۆمەندا نەبوایە، بەهیچ شتێکی تر مەیسەر نەدەبوو. بەڵام کەس ناتوانێ ئەو جەنایەتانەی لە دەورانی دەسەڵاتی ئیستالیندا لە یەکێتی سۆڤیەت روویدا بە حیسابی ئاڕمانی ئیسنانی، ئازادیخوازانە و دادپەروەرنەی سۆسیالیستیەکانی دابنێ. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە سەرەڕای دەستکەوتە حاشا هەڵنەگرەکانی دەورەی دە ساڵەی سەرەتای شۆڕش، دەورەیەک کە هێشتا هاوسەنگی هێزی کۆمەڵایەتی بە زیانی سۆسیالیزم تێکنەچوو بوو، کۆمەڵگای یەکێتی جەماهیری شۆڕەوی قەت نەچووبووە نێو نیزامێکی ئابووری کۆمەڵایەتی سۆسیالیستیەوە کە دواتر بگەڕێتەوە بۆ سەرمایەداری. ئیستالین نەک سۆسیالیزم بەڵکو ئاڕمانی مەزنخوازانەی بۆرژوازی روسیەی نوێنەرایەتی دەکرد و یەکێتی سۆڤیەت کە رۆژگارێک ڕزگاری دەری نەتەوەکان بوو لە ستەم و سەرکوتی تیزاری، بوو بە زیندانێکی گەورەی نەتەوەکان. ئاڵوگۆڕ و ڕیفۆڕمەکانی دواتری ئەم نیزامەش، چ لە دەورەی دژی ئیستالینی خورۆشچێف و چ سەرئەنجام لە دەورەی گۆرباچێف دا، هەر لەم چوارچێوەیەدا بەڕێوەئەچوو وە ڕەنگدانەوەی نیازەکانی سیستمی شۆڕەوی بە ڕیفۆڕمی ئابووری و ئیداری مایل بە زیاد بوونی کارایی ئابووری و بەرهەمهێنان، لە ڕقابەتە جیهانیەکاندا بوو، کە لە کۆتاییدا بوو بە هۆی روخان و لێک هەوەشانیشی.

بابەتی پەیوەندیدار

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-