لەگەڵ ئەوەیکە زیاتر لە سێ حەفتە بەسەر کوژرانی خاشقچی هەواڵنیری سعودی لە کۆنسولگەری عەرەبستان لە تورکیە تێدەپەڕێت بەڵام هێشتاش هیچ رۆژێک نییە کە لە مێدیای جەمعیدا لەم بارەیەوە هەواڵێک بڵاو نەکرێتەوە و یان هەڵوێستی جۆراو جۆر لە لایەن یاریکەرانی جیهانی و ناوچەییەوە بڵاو نەبێتەوە. ئەگەر لە رۆژانی سەرەتادا دەوڵەتی عەرەبستان دەستی کرد بە ڕەد کردنەوەی کوشتنی جەنایەتکارانەی ئەم هەواڵنێرە بەڵام ئەو شەواهید و بەڵگە و هۆکارانەی ئاشکرا بوون لە رۆژانی دواتردا بۆ کاربەدەستانی عەرەبستان ڕێگایەکی دەرباز بوونیان لە ڕاستیەکانی ئەم قەتڵە لە لایەن مەئمورانی عەرەبستانەوە نەهێشتەوە. ئەوان کە تا دوێنێ بە هەموو هێزەوە خەریکی ڕەد کردنەوەی ئەم بابەتە بوون، ئێستا سیاسەتی هەڵاتن بۆ پێشەوەیان گرتۆتەبەر. وەلیعەهدی عەرەبستان کە گەلێک لە ئاماژەکان بەرەو تاوانبار کردنی ئەوە، باس لە پەروەندەیەکی گەلێک “ئازار” دەر دەکات و ئەوەی کە ڕیاز و تورکیە تا گەیشتن بە ئاکام بە یەکەوە هاوکاری دەکەن.
ئەمە هەڵبەت بەشی ڕواڵەتی و ژۆرنالیستی کوژرانی خاشقچیە. لە قوڵایی ماجەراکەدا بەڵام بابەت گەلێک واوەتر لە کوشتنی رۆژنامە نووسێکە. جێگای پرسیارە گشت ئەوانەی کە گۆیا بەم کوشتنە “رۆحی ئینسانیان” ئازاری پێ گەیشتووە و هەمو ئەوانەی کە هەراو هوریایان لەسەر رۆشن بوونەوەی ئەسڵی ماجەراکە خستۆتە ڕێ و زیاتر لە سێ حەفتە مێدیای جەمعیان کردۆتە گۆڕەپانی تەبلیغاتی خۆیان، چۆنە کە لە پاڵ کوژرانی بە هەزاران ئینسان لە شەڕە نیابەتیەکاندا، لە نوقم بوونی زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ کەس لە پەنابەران لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردوودا لە دەریای مەدیتەرانەدا، لە ١٨ ملیۆن هاووڵاتی یەمەنی کە به هۆی برسێتیهوه لە مەترسی مەرگدان لەو بۆمبانەی کە رۆژانە لە عێڕاق، ئەفغانستان و یان سورییە دهتەقنەوە و جهستەی ئینسانەکان و لەت و کوت دەکەن، چاوپۆشی دەکەن. گشت ئەمانە دەخوازێت کە بچینە قوڵایی بابەتەکەوە. لانیکەم دەرکەوت کە کوژرانی رۆژنامە نووسێک ئەو زەرفیەتەی هەیە کە هێزە جیهانی و ناوچەییەکان بیانویەک بۆ بەدوادا چوونی بەرەوپێش بردنی باقی ئامانجەکانیانی تێدا بدۆزنەوە.
بەدەر لە بەند بازیەکانی ترامپ و ڕاگەیاندنی هەڵوێستی دژ و ناکۆک سەبارەت بە چلۆنایەتی روودانی ئەم کوشتنە و تەنانەت هەڕەشە ڕواڵەتیەکانی لە بارەی ڕاگەیاندنی هێندێک تەحریم، دیارە کە عەرەبستان گرینگرترین هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە پێوەند لەگەڵ بەرەو پێش بردنی ستراتیژی گوشار لەدژی ئێران، لە پێوەند لەگەڵ هەڵکشان و داکشانی بازاڕی وزە و لە ڕقابەتە ئابووریەکانی ئەمریکا و روسیەدا، گرنگترین بازاڕی فرۆشتنی چەکوچۆڵی ئەمریکایی بووە، کەوایە وەها قەتڵێک ناتوانێ ئاڵوگۆڕێک لە مناسباتی ئەم دوو وڵاتەدا بەدی بێنێ. تەنانەت رووداوی گرنگ تر لەوەش بە سەختی دەتوانن کە ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی لە پێوەندی نێوان عەرەبستان و ئەمریکادا بەدی بێنن.
ئەگەرچی ئۆروپا بەڕواڵەت سەرەتا دەستی دایە مەحکوم کردنی ئەم جینایهته سەرانی هەر سێ وڵاتی ئاڵمان، فەڕانسە و ئینگلستان لە بەیانیەیەکی هاوبەشدا و یان پارلمانی ئوروپا لە بەیانیەیەکدا ئەم کارەیان مەحکوم کرد، لەگەڵ ئەوەشدا بەرژەوەندیە ئابووریە دەرێژ ماوەکانی ئوروپا و نیاز بە زەخیرەی وزەی ئەم ناوچەیە نەیدەتوانی لەبەر چاویان نەبێت. وەک نمونە دەوڵەتی ئاڵمان ڕایگەیاند کە تا روون بوونەوەی بابەتەکە لە ناردنی چەک بۆ عەرەبستان خۆ دەپارێزێ. لەبیرمان نەچێت کە عەرەبستان دووهەمین کڕیاری گرنگی چەکوچۆڵی ئاڵمانی بووە و لە ٩ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا سەرەڕای بوونی یاسای مەنعی ناردن و فرۆشتنی چەک بۆ ناوچە و ئهو وڵاتانەی کە لە شەڕدان، نزیک بە ٤٥٠ ملیۆن یۆرۆ چەکیان بە عەرەبستان فرۆشتوە و ئەگەرچی بە ڕواڵەت مودیر کوللی دامەزاوەی ماڵیی و پیشەسازی ئوروپا لە کۆنفرانسی ئابووری رۆژی سێ شەممەی ڕابردووی عەرەبستاندا کە پرۆژەیەکی بە قەبارەی هەزار ملیارد دۆلاری لەو وڵاتەدایە، بەشداری نەکرد بەڵام سەرجەمی دامەزراوە و پیشەسازیە گرنگاکانی ئۆروپا پلە بەرز ترین هەیئەتیان لە مودیرانی خۆیان بۆ ئەوێ ناردبوو. شیرکەتە روسی و چینیەکانیش بە زەرفیەتێکی کەم وێنەوە تێیدا ئامادە بوون.
بێ گومان دەبێ بوترێت کە تورکیە گرنگ ترین براوەی پەروهندەی کوژرانی خاشقچییە. لاواز بوونی ڕەوتە تیرۆریستە ئیسلامیەکان لە عێڕاق و سوریە کە زیاترین ئیمکاناتی ماڵی و لۆجستیکیان لە وڵاتانی تورکیە و عەرەبستان وەردەگرت و بەدیهاتنی ئاڵوگۆڕ لە عێڕاق و بە تایبەت سوریە لە عەینی حاڵدا بە واتای کۆتایی هاوجیهەتی ستراتیژی ئەو دوو ڕەقیبە بووە کە ماوەیەک بە یەکەوە کاریان دەکرد. کوشتنی خاشقچی گونجاو ترین دەرفەتە لەدەست دەوڵەتی تورکیەدا بۆ تەسویە حیساب و لاواز کردنی ئەم ڕەقیبە کۆنە. بۆ تورکیە دەستەبەر کردنی هێژمونی لە دنیای موسڵمانانی سوننی دا و بوژاندنەوەی ئیمپڕاتۆڕی عوسمانی تا ڕادەیەکی زۆر لە مەسیری پاشەکشە کردن بە عەرەبستانەوە مسۆگەر دەبێت. هاوار و دادی تورکیە لەم بارەیەوە ئاشکراتر لە گشت روون کردنەوەیەکە. کێ دەتوانێ زیندانی کرانی بە هەزاران رۆژنامە نووس و داخرانی دیان رۆژنامە لەبیر بکات، کێ دەتوانێ زیندانی کرانی دیان هەزار کەس لە هێزە ئوپوزسیۆنەکان لە تورکیە لە بیر بەرێتەوە و کێ دەتوانێ جەنایەتەکانی ئۆردوغان لە کوردستانی تورکیە لەبیر بکات.
کۆماری ئیسلامیش به ئاراستهیهكی ترەوە خەریکی کەڵک وەرتن بووە لەم رووداوە. ئەم ڕژیمە بە بێدنگ بوونی مانا داری بە عەرەبستانی نیشاندا کە لەم گێژاوەدا دەتوانێ یارمەتی دەری بێت. بەڵام بۆ پارستنی ئابڕووی سەرئەنجام روحانی بە ٢١ رۆژ درەنگەوە هەڵوێستێکی لاوازی لەم بارەیەوە دەربڕی و وتی: “دەوڵەتی عەرەبستان بە بێ پشتیوانی ئەمریکا جورئەتی ئەنجامدانی وەها جەنایەتێکی نەبوو.” وە ئەوەیکە پەروەندەی خاشقچی” تاقیکردنەوەیەکی گەورەی مودەعیانی مافەکانی مرۆڤ بە تایبەت ئەمریکا و ئەروپا” یە. ئەمە هەڵبەت ئەوپەڕی بێشەرمیە کە کاربەدەستانی دەوڵەتێک باس لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن کە پەروەندەی کوشتاری بە کۆمەڵی بە هەزاران زیندانی و پەروەندەی قەتڵە زنجیرەییەکانیان لە کارنامەدا هەیە.
دەبێ بوترێت کە کوشتنی خاشقچی بێجگە لەوەی خۆی کرداری جەنایەت کارانەیە، ناکۆکیەکانی موجود لە ناوچەکەشی ئاشکراتر کرد، ئەو ناکۆکیانەی کە پایەکی چارەنووسی موسیبەت باری ناوچەکەیە کە بەسەر شانی بەملیۆن ئینساندا دەشکێتەوە.