کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خەڵکی ئێران قوربانیانی سەرەکی ماجەراجوییە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامی

رۆژی دووشەممە ٣٠ مانگی ئاوریل بەرابەر لەگەڵ ١٠ ی مانگی گوڵان سەرۆک وەزیری ئیسرائیل لە بەرنامەیەکی تەلەویزیۆنیدا بە پێشاندانی ژمارەیەکی زۆر پوشە و سی دی ئیدیعای کرد کە سازمانی موساد لە عەمەلیاتێکی ئیتلاعاتیدا توانیویەتی دەستی بگاتە ٥٥ هەزار لاپەڕە و ٥٥ هەزار فایلی دیجیتاڵی پێوەندیدار بە بەرنامەی هەستەیی نیزامی ئێران. نتانیاهو دەڵێ کە ڕژیمی حاکم بەسەر ئێراندا سەبارەت بە بەهرەمەند بوون لە بەرنامەی نیزامی هەستەیی درۆی کردوە و هەزاران فایلی نهێنی نیشانی ئەدات کە ئەم ڕژیمە تەنانەت دوای مۆر کردنی تەوافوقی هەستەیی، زانیاری هەستەیی خۆی بە ئامانجی کەڵک وەرگرتنی نیزامی لە داهاتودا پاراستوە. سوخەنڕانییە تەلەویزیۆنیەکەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دوای ئەوە بەڕێوەچوو کە سەرانی دەوڵەتەکانی بریتانیا، فەڕانسە و ئاڵمان رۆژی یەکشەممە لە بەیانیەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، ”

تەوافوقی هەستەیی ئێستا لەگەڵ ئێران باشترین ڕێگای بەرگرتنە لە دەست ڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی هەستەیی، بەڵام لە عەینی حاڵدا دەبێ تەوافوقی تەکمیلیش قسە و باسی لەسەر بکرێت”. وەزیری دەرەوەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە کاردانەوە بە قسەکانی نتانیاهو ئەوانەی بە تێکراری زانیاری کۆن زانی کە پێشتر لە ڕێگای ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئه‌تۆمیەوە لە وتووێژێکدا توێژینەوەی لە بارەوە کراوە و ئەوی بە درۆزن ناوبرد. تەقریبەن هاوکات لەگەڵ ئەم وتانە، “هاینونن” جێگری پێشوی مودیری گشتی ئاژانسی نێونەتەوەیی وەزەی ئەتۆمی لە وتووێژێکی تەلەویزیۆنیدا بە بی بی سی وت:” ئەم وێنانە هەڵگری قەبارەیەکی گەورە تر و کامل تری زانیارییە. هێندێک لە زانیاریەکان تازەن و ئاژانس لێیان بێ خەبەر بووە، کارێک کە دەبێ بکرێت پێداچوونەوەی دەقیقە بەو زانیاریانەدا”. بەشوێنیدا مایک پومپئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا شەوی دووشەممە لە بەیانیەیەکدا وتی:” کاربەدەستانی ئیتلاعاتی ئێمە خەریکی هەڵسەنگاندنی ئەو زانیاریانەن کە ئیسرائیل پێشکەشی کردون و وتی، ئەرزیابی ئێمە ئەوەیە کە ئەم بەڵگانە جەعلی و دروستکراو نییە”. بەڵام فدریکۆ موگرینی سەرۆکی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەروپا سەبارەت بە ئیدیعاکانی نتانیاهو وتی:” ئەم بەڵگانە نیشانی نادات کە بەرجام پێشێل کرابێت”.

سەربەخۆ لە وتە ناکۆکەکانی هەردوو لایەنی ئەم کێشەیە، ئەوەی کە روون و ئاشکرایە ئیدیعاکانی سەرۆکی دەوڵەتی ئیسرائیل لە بارودۆخێکدا مەتڕەح دەبێت کە خەریکن لە کۆتایی ماوەی دیاری کراو لە لایەن ترامپەوە بۆ پێداچوونەوە و ئیسلاح کردنی کەمکۆرتیەکانی بەرجام، نزیک دەبنەوە. ترامپ ڕایگەیاندوە کە:” تا ١٢ ی مانگی مەی سەبارەت بە بەرجام بڕیار ئەدات”. بە سەرنجدان لە کۆی دراوەکان وادیارە کە بەرنامەی تەلەویزیۆنی نتانیاهو زیاتر لەوەی کە ڕاگەیاندنی ئاکامی عەمەلیاتێکی ئیتلاعاتی سازمانی موساد بێت، کردارێکی سیاسیە بە ئامانجی لە پێشدا دیاریکراو. دەوڵەتی ئیسرائیل بەم کارە سیاسیە هەوڵئەدات تا لە سەر بڕیاری دەوڵەتی ئەمریکا سەبارەت بە داهاتوی بەرجام گوشار و نفوزی هەبێت. دەوڵەتی ئیسرائیل قەت دژایەتی خۆی لەگەڵ ناوەرۆکی بەرجام نەشاردۆتەوە. دەوڵەتی ئیسرائیل لە بوونی هێزەکانی سپای پاسدارانی ئێران و میلیشیای سەر بەوان لە خاکی سوریەدا و بەرین بوونەوەی ڕێگاکانی پێوەندی لەگەڵ حیزبۆڵای لوبنان زیاتر لە ئاستی پێویست نیگەرانە. لیبرمن وەزیری بەرگری ئیسرائیل و کاربەدەستانی تری دەوڵەتی گەلێک جار هۆشداریان داوە کە ئیجازە بە کۆماری ئیسلامی نادەن حوزوری لە سوریەدا هەبێت و حوزوری هێزەکانی لەنزیک سنورەکانی خۆیان تەحەمول ناکەن. بەم جۆرە ئەوەی لە ئەولەویەتی سیاسەتی دەرەوەی ئیسرائیلدا هەیە، کۆتایی هاتن بە دخاڵەت گەرییەکانی نیزامیی کۆماری ئیسلامیە لە کانونەکانی قەیرانی رۆژهەڵاتی نێوەراست و بە تایبەت لە سوریە و لوبنانە. ئامانجی ئیسرائیل لەم جۆرە گوشارانە بەهێز کردنی هەڵوێستی ئەمریکایە لە بەرانبەر هێزە ئوروپاییەکاندا سەبارەت بە چارەنووسی بەرجام. دەوڵەتی ئیسرائیل بەشوێن ئەوەوەیە کە ئەگەر دەوڵەتی ترامپ لەگەڵ هاتنەدەر لە بەرجام موافقەتی نەکرد، لانیکەم توانیبێتی مه‌رجه‌كانی خۆی بۆ چارەسەری کەموکورتیەکانی بەرجام بەسەر دەوڵەتانی ئوروپاییدا بسەپینێ. واتە هەمان ئەو مێحوەرانەی کە سەرۆک کۆماری فەرانسە لە سەفەرەکەی بۆ واشنگتۆن جەختی لەسەر کردەوە، بچنە بواری کردارییەوە.

ئامانویل مەکرون کاتی سەفەر بۆ واشنگتۆن لە سەحنی عەلەنی کۆنگرەی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ” ئەوەی من بە شوێنیەوەم ئەوەیە کە دوای دەستەبەر بوونی تەوافوق لەگەڵ سەرۆک کۆمارەکەتان، کار لەسەر تەوافوقێکی گشتگیر تر دەست پێبکەین کە خاوەنی چوار خاڵی بنەڕەترییە:” ئیجرای ناورۆکی پێهاتنەکەی ئێستا، پەرەدان بە ناوەرۆکی بۆ دوای ساڵی ٢٠٢٥، چاودێری بەسەر بەرنامەی موشەکی ئێراندا وه‌ کۆنترۆڵ کردنی نفوزی ئێران لە ناوچەکەدا. ئەم چوار رۆکنە ئەو خاڵانەن کە نیگەرانیە بەجێکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەسڕنەوە.” بەم جۆرە واتا هێشتا پەروەندەی ئەتۆمی دانەخراوە، پەروەندەی پێوەندیدار بە کۆنترۆڵی بەرنامەی موشەکی بالستیک و کۆنترۆڵی دەخاڵەت گەریەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ناوچەکەدا خراوەتە سەر مێز. ئەگەر خاڵەکانی جێی سەرنجی مەکرون ستراتیژی هاوبەشی هێزە سەرەکیە ئوروپاییەکان بێت سەبارەت بە بەرەو روو بوونەوە لەگەڵ بەرنامەی گشتگیری ئێقدامی هاوبەش، دیارە کە نایەڵن تەنانەت جامی ژەهری بەرجامیش بە گەروی کۆماری ئیسلامیدا بە هاسانی برواتە خوارێ و مەترسی گەڕانەوەی تەحریمە ئابووریەکان لە کەمین دایە.

ئەم گوشارانە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی زیاتر توشی تەنگوچەڵەمە دەکات. ئەگەڕچی بەرجام چاوەڕوانیەکانی ڕژیمی ئیسلامی بە تایەبەت لە بواری هاتنی سەرمایەی کەڵانی دەرەکی بۆ ئێرانی بەدی نەهێناوە، بەم حاڵەشەوە ئەم ڕژیمە پاراستنی بەرجام لە دەرچوون لێی بە باشتر دەزانێت. بەم جۆرە سەرەڕای ئەوەی کە شمخانی سەرۆکی شورای ئەمنیەتی نەتەوەیی، لە بەرانبەر ئەم هەڕەشانەدا دەست پێکردنەوەی پیتاندنی ئۆرانیۆم و تەنانەت دەرچوون لە پەیمانی ئەم پی تی بە ئەگەرێک زانیوە بەڵام سەرانی دوور ئەندیش تری ڕژیم بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ مەترسی گەڕانەوەی تەحریمە ئابووریەکان لە بارودۆخی قەیراناوی ئێستادا، ناچار دەبن خۆیان بۆ پاشەکشەی زیاتر ئامادە بکەن.

ئەگەر بێت و دەوڵەتانی ئەمریکا و ئوروپایی بە ئامانجی پەرەدان بە ناوەرۆکی بەرجام و خستنە ژێر گوشاری کۆماری ئیسلامی بۆ کۆنترۆڵ کردنی بەرنامە موشکیەکان و دخاڵەت گەریەکانی لە ناوچەکەدا گۆپاڵی ته‌حریمه‌ ئابووریەکان سەرلەنوێ دەست بێبکەنەوە، کۆماری ئیسلامیش بە بیانوی بەرەنگار بوونەوەی گوشارەکانیان کەشی ئەمنیەتی نێوخۆیی توندتر و هەژاری و فەلاکەتی زیاتر بەسەر خەڵکدا دەسەپێنێ، واتە لە هەردو لاوە دوکەڵی ئەم سیاسەتانە ڕاستەخۆ دەچێتە چاوی خەڵکی ئێرانەوە. بۆ ڕزگار بوون لە دواهاتەکانی ماجەراجووییە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕێگایەک بێجگە لە توند کردنەوەی خەبات بۆ روخاندنی، لەقاودانی ماهیەتی چینایەتی و کۆنەپەرستانەی ئەم کێشانە و ئاشکرا کردنی ماهیەتی ئیمپڕیالیستی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکا و هێزە ئوروپایی و هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکەدا بوونی نییە. لە بارودۆخی ئێستادا بەردەوامی ڕەوتی روو لە گەشەی مانگرتن و ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان و ناڕەزایەتی جەماوەری و تەکامولی سازمانیابی و ڕێبه‌ری کردنی لە ناخی ئەم خەباتەدا دەورو نەخشێکی یەکلا کەرەوەی لە پرۆسەی روخاندنی ڕژیمی سەرمایەداری گەنیوی کۆماری ئیسلامیدا دەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-