کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

تەرحی “لێبوردنی گشتی” ئیسڵاح خوازان بۆ کەم كردنه‌وه‌ی گوشار لەسەر ڕژیم

بەپێی هەواڵی سایتی “ئیعتماد ئانلاین” رۆژی چوارشەممە ٢٣ی مانگی جۆزەردان یەکێک لە ئەندامانی ئیسلاح خوازی کوموسیۆنی قەزایی مەجلیس ڕایەگەیاند کە تەرحێکی دو فەوریەتی لە پێوەند لەگەڵ لێبوردنی گشتی تاوانبارانی سیاسی و ئەمنیەتی” بە ئیمزای زیاتر لە ٧٠ نوێنەر، دراوەتە هەیئەت ڕەئیسەی مەجلیس. گۆیا لەم تەرحەدا هەروەها” دانی پارێزبەندی قەزایی بە ئێرانیانی دەرەوەی وڵات و داشکاندنی سزای ئێعدام و زیندانی هەتا هەتایی تەعزیریشی تێدا گونجێندراوە. ئەو وتویەتی کە” هەڵبەت لەم تەرحەدا کۆمەڵێک حاڵه‌تی تایبه‌تی لەبەرچاو گیراوە.” قەرارە ئەم تەرحە لە ماوەی ئەم حەفتانەدا لە مەجلیسدا کاری لەسەر بکرێت.

ئەگەرچی ئەم نوێنەرەی ئیسلاح خوازانی مەجلیسی ئیسلامی یەکێک لە ئامانجەکانی لە دانی ئەم تەرحە کەم کردنەوە گوشارە نێونەتەوەییەکان بۆسەر کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە ئاماری زۆری ئێعدامەکان ڕاگەیاندەوە، بەڵام وەها تەرح و پێشنیارێک لە لایەن لایەنگرانی ڕژیمەوە مەعمولەن لە بارودۆخی لاوازی حاکمیەتی دیکتاتۆڕەکاندا دێنە ئاراوە. ئەم تەرحە لە بارودۆخێکدا لە لایەن ئیسلاح خوازنەوە بۆ دەستەبەر کردنی ئابوڕوی نیزام لە ئاستی نێونەتەوەییدا دەدرێت بە مەجلیس، کە قوەی قەزاییە لەم دەورەیەدا کۆمەڵیک کرداری توند تری لە دژی هەڵسوڕاوانی سیاسی گرتۆتەبەر. تەرحی ئیسلاح خوازن تەنانەت ئەگەریش لە مەجلیس پەسند بکرێت کە 141ئەگەرێکی کەمە، لە بەربەستی شوڕای نیگابان و باقی ناوەندە ئەمنیەتیەکان ڕەد نابێت و ناتوانێ ئەوان لە بەرەوپێش بردنی ستراتیژیەکەیان بۆ مانەوەی ڕژیم یارمەتی بدات. ئەگەر ئیسلاح خوازن پێیانوایە دەتوانن ئوسولگەراکان و ڕێبەریی سپا وادار بکەن ئەم تەرحە قەبوڵ بکەن، زۆر لە هەڵەدان. ئەگەر پێیانوایە بە هێنانه‌ گۆڕی لێبوردنی گشتی زیندانیانی سیاسی و دانی پارێزبەندی بە ئێرانیانی دەرەوەی وڵات دەتوانن قین و توڕەیی و نەفرەتی خەڵکی راپەڕیو هێور بکەنەوە و جێگا پێیەک بۆ خۆیان لەنێو خەڵکدا بەدەست بێنن، دیسانیش زۆر لەهەڵەدان. لەبەر ئەوەی ئوسول گەراکان و دەزگای ڕێبەریی و سپای پاسداران بە باشیی دەزانن هەر جۆرە پاشەکشەیەک و هێور كردنه‌وه‌ی فەزای سەرکوت و توقاندن، کۆنترۆڵ لەدەستیان دەردەکات و ڕوەتی روخاندنی ڕژیم خێراتر دەکات. ئەوان بە باشیی دەزانن لە بارودۆخێکدا کە ڕژیم لە قەیرانێکی هەمە لایەنەدا پەلەقاژەیەتی و لە وڵامدانەوە بە داخوازیەکانی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش بێتوانایە، ستراتیژی خۆی بۆ مانەوە واتە بە دەستەوەگرتنی ئامرازی سەرکوت لەدژی خەڵک هەروا لە ئەولەویەتدا دادەنێت.

قوەی قەزاییەی ڕژیم لە بەرانبەر ئەم تەرحەی ئیسلاح خوازاندا خەریکی پێكهێنانی ئاڵوگۆڕ لە قانونی ئەساسی دایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگا ده‌ستی له‌ سه‌ركوت كردندا ئاواڵاتر بێت و له‌ هێندێك بابه‌تی ده‌ست و پێ گیر ڕزگاری بێت. ڕاگەیاندنی ناوی تەنیا ٢٠ کەس لە بە ناو” وەکیلەکانی جێی متمانەی قوەی قەزاییە” لەنێو ئەو ٢٠ هەزار وەکیلەدا کە جێگای متمانە و تەئیدی کانونی وه‌كیلانن، بۆ وەکالەت کردنی پەروەندەی گیراوه‌ سیاسی و ئەمنیەتیه‌كان، ئەوپەڕی بێ ئابووڕویی قوەی قەزاییەی ڕژیمی ئیسلامی نیشان ده‌دا. ئەم پەسند کراوە سه‌ره‌ڕۆیانه‌ی سیستمی قەزایی لە ڕوانگه‌ی بیروڕای گشتیەوە لە نێوخۆ و دەرەوەدا زیاتر لە پێشو ڕێسوا و بێ ئێعتباری دەکات. ئەم ٢٠ کەسە گوێلەمستەی ڕژیم کە هێندێکیان پاسدار بوون و یان خۆیان لە پێگەی قازیدا، ئەحکامی زاڵمانەیان بەرانبەر بە چالاکانی سیاسی داوه‌ و ئێستا خانەنشین کراون، وەکیل نین و خاوەنی سەڵاحیەتی دیفاع لە تاوانبار کراوانی سیاسی نین. سەرۆکی “یەکێتی سەرتاسەری کانونی وەکیلانی دادگوستەری”، راگەیاندنی ناوی ٢٠ کەس وەک وەکیلی جیی متمانەی سەرۆکی قوەی قەزاییەی بە گوماناوی و ئاڵۆز کردنی مافی شارۆمەندان پێچەوانەی ئەسڵی ٣٥ی قانونی ئەساسی خودی ڕژیم زانیوە کە بەپێی ئەو ئه‌سڵه‌ “لە هەموو دادگاکاندا، هەردوو لایەنی کێشە مافیان هەیە وەکیلی خۆیان لەنێو وەکیلەکاندا هەڵبژێرن”. بە پێچەوانەی ئەم ئەسڵەی قانونی ئەساسی، لە هەموو دەورەکانی حەیاتی ئەم ڕژیمە دیكتاتۆره‌دا هەڵسوڕاوانی سیاسی هەمیشە لە لایەن ناوەندەکانی ئەمنیەتیەوە لەوانە “وەزارەتی ئیتلاعات، حیفازەتی ئیتلاعاتی قوەی قەزاییە یان سازمانی ئیتلاعاتی سپاوە گیراون و بازجویی کراون و خراونەتە ژێر دژوار ترین و وەحشیانە ترین ئەشکەنجەکانەوە و قەت دەستیان بە وەکیل ڕانەگەیشتوە و ئەم ناوەندە دژی بەشریانە بە مەیلی خۆیان پەروەندەیان بۆ دروست کردون. نەسرین ستودە یەکێک لە وەکیلەکانە کە تا ئێستا داکۆکی لە هه‌ڵسووڕاوانی سیاسی لە دادگاکانیدا وەئەستو دەگرت و بەم تاوانە گەلێک جار خراوەتە زیندان، لە پێوەند لەگەڵ راگەیاندنی لیستی ٢٠ کەسی سەرۆکی قوەی قەزاییە وتی:” ناساندنی ئەم لیستە مافی دیفاعی نیوه‌ و ناته‌واوی تائێستای تاوانبارانی سیاسی و ئەمنیەتی لەنێو دەبات و تاوانبارانی لە فەزایەکی پڕ لە ترس و وەحشەت و بێ دیفاع لە گەمارۆی ناوەندە ئەمنیەتیەکاندا بە تەنیا دێڵێتەوە.” ئەو بە تاوانی ئەم قسە کارناسانەی رۆژی چوار شەممە جارێکی تر دەست بەسەر و ڕەوانەی زیندان کرایەوە.

له‌ ڕاستیدا قەبوڵ کردنی ئەم ڕادەیە لە بێ ئابوڕوویی لە لایەن قوەی قەزاییەی ڕژیمەوە، خۆی نیشانەی هەست کردن بە مەترسی ڕێبەرانی نیزامی ئیسلامی لە چارەنووسی حاکمیەتەکەیانە. ڕه‌چاو کردنی سزای قورس و تەنانەت ئێعدام لەدژی ڕەخنە گران و نەیارانی ڕژیم لەسەر بنەمای پەروەندە سازی درۆینە و چەساپندنی تاوانی وەک ” کردەوە لەدژی ئەمنیەتی نەتەوەیی”، “چالاکی تەبلیغی لەدژی نیزام”، ” هاندانی بیروڕای گشتی” و هیتر بە ئامانجی پەرەدان بە فەزای ترس و تۆقاندن، بەشێک بووە لە ستراتیژی مانەوەی ڕژیمی ئوسولگەراکان، بەیتی ڕێبەری و سپای پاسداران.

بەڵام ئاستی هەژاری و فەلاکەت و ڕیازەتێکی ئابووری کە ڕژیمی ئیسلامی بەسەر کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێشیدا سەپاندوە، لەپاڵ دزی و گەندەڵی سەران و کاربەدەستانی ڕژیم کە گه‌لێك ئازاری كۆمه‌ڵایه‌تیی به‌ شوێنه‌وه‌ بووه‌، ئامرازی سەرکوتی لاواز کردوە و جەماوەری خەڵک بەسەریدا زاڵ بوون. شگرد و فڕوفێڵی ئیسلاح خوازان و ئوسولگەراکان بۆ هێشتنەوەی ئەم حاکمیەتە دژی ئینسانیە ناتوانێ بەرۆکی ڕژیم لە باهۆزی ناڕەزایەتی کرێکاران و باقی چین و توێژە بێ بەشەکانی کۆمەڵگە ڕزگار بکات.