بە پێی تەقویمی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە ١١ی ئۆکتۆبر، بەرابەر لەگەڵ ٢٠ مانگی ڕەزبەر، ڕۆژی نێونەتەوەیی کچانی کەم تەمەنە. لە بهرواری ١٩ ی دێسامبری ٢٠١١دا، مەجمەعی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان ڕۆژی یازدەی ئۆکتۆبری وەک ڕۆژی جیهانیی “کچانی کەم تەمەن” ڕاگەیاند و ئامانج لەم کارەشی، بەڕەسمی ناسینی مافی کچانی کەم تەمەن پێناسە کرد. ئەم ڕێكخراوهیه ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئێستادا ئەم کچانە لە سەرتاسەری جیهاندا بەرەوڕووی گەلێک کێشە و گرفتی جیددی دهبنهوه و دەبێ ڕێکاری جیهانیی بۆ چارهسەری کێشەکانیان لە ئاستی نێونەتەوەییدا بۆ بدۆزێتەوە. ئەم ڕێكخراوهیه بە شێوەی ئاسایی چەندین بەڵگەنامەی بۆ ههڵگرتنی هەڵاواردن لە دژی کچانی کەم تەمەن و باشتربوونی بارودۆخیان پەسهند کردووە. یەکەم دەبێ بزانین ٥ ساڵ دوای پەسهندکرانی ئەم قەرارە بارودۆخی کچانی کەم تەمەن، کە یەک میلیارد و سەد هەزار کەسن، چۆنە؟ڕێكخراوی خاروبار و کشتوكاڵی سهربه ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان ناسراو بە “فائۆ” ڕایگەیاند کە لە جیهاندا یەک میلیارد کەس برسین و دوو میلیارد کەسیش هیچ ماددەیەکی خۆراکیان دەست ناکەوێت. لە ئهنجامی ئەم بارودۆخەدا ساڵانە سێ ملیۆن منداڵ بەر لە گەیشتن بە تەمەنی ٥ ساڵیی دەمرن و بە ملیۆن منداڵیش تووشی نەخۆشیی جۆراوجۆر و بەدخۆراکیی دەبن و لەم نێوانەدا کچانی کەم تەمەن گەلێک زیاتر لە کوڕان دەکەونە ژێر کاریگەریی وێرانگەری ئەم بارودۆخەوە. بۆ نموونە مهرگی لهڕادهبهدهری منداڵانی کچ لە نێو کرێکاراندا بۆتە هۆی ئەوەیکە لە هێندوستان له ئیزای هەر هەزار پیاو، تەنها ٩٢٧ ژن بژین. لەنێو ئەوانەشدا کە بە زیندوویی دەمێننەوە ژمارەیەکیان بە بڕوبیانووی ناموسیی دەکوژرێن. ڕاپۆرت بڵاو کراوەتەوە کە لە هێند ساڵانە بە هەزاران حاڵەتی کوشتنی کچان لهژێرناوی خۆکوژیی ڕادەگەیەندرێت.
ئامارە جیهانییەکان دەریدەخەن کە ٣١ ملیۆن کچی ئامادهی تهمهنی دهستپێكردنی خوێندن ناچنە مەدرەسە، ڕۆژانە نزیکەی ٣٩ هەزار کچی ژێر تەمەنی ١٥ ساڵان هاوسەرگیریی دەکەن و ٤٠ لەسەدی منداڵانی کاریش کچانی کەم تەمەنن و لە وڵاتانی كهمداهاتدا ٣٠ لەسەدی کچانی نێوان ١٥ بۆ ٢٤ ساڵان توانای خوێندنەوە و نووسینیان نییە. لە باشور و ڕۆژاوای ئاسیادا ٨٠ لەسەدی کچانی ئامادهی خوێندن، بە بەراورد لهگهڵ ١٦ لەسەدی کوڕان، لە چوونه مهدرهسه بێبەشن.
کچانی کەم تەمەن لە وڵاتانی پێشکەوتووی سهنعهتیی، تازەدەرکەوتوو و لە حاڵی گەشەدا، گەلێک گیروگرفت و موشکلاتی تایبەت بە خۆیان ههیه. لە وڵاتانی شەڕلێدراوی وەک سورییەدا ژیانی ئەم کچانە کارەساتبارترە. کچانی کەم تەمەن، بە تایبەت لە وڵاتانی وەک ئێران، ئەفغانستان و سوودانی باكوور، کە دهسهڵاتێكی ئیسلامیی بەسەر هاوڵاتییاندا سەپاوە، بارودۆخهكه گەلێک خراپتره بۆیان.
ڕژیمی ئیسلامیی ئێران، وەک حکومەتێکی سەرمایەداریی و مەزهەبیی، بارودۆخێکی وای بەسەر کۆمەڵگه و بنەماڵەکاندا سەپاندووە و قانون و شێوەیەک لە حکوومەت و فەرهەنگی بەسەر خەڵکدا پەیڕەو کردووە کە منداڵانی کچ تێیدا گیرۆدەی گەلێک مهینهتیی و موسیبەت بوونەتەوە. ئەو مهینهتیی و نههامهتییانهی کە ڕژیم بەسەر بنەماڵە کرێکارییەکان و خەڵکی زەحمەتکێشیدا سەپاندوە، بووهتە هۆی ئەوەیکە پشتی ئەم کچانە لە ژێر کێوێک لە موسیبەت و مهینهتیدا بچەمێتەوە. بۆ نمونە کچانی کار و خیابانیی و کارتۆن خەو بەشێک لەم منداڵانەن کە لە ماوهی ئهم ساڵانەی دواییدا بە شێوەیەکی بەرچاو بە ژمارەیانەوە زیاد بووە. بوونی قانونی کۆنەپەرستانە و دژه ژنی ئیسلامیی و فەرهەنگی پیاوسالارانەی زاڵ بەسەر کۆمەڵگهش، گیروگرفت و مهینهتیی و موسیبەتەکانی ئەم کچانەی دوو هێنده زیاد کردووە و ئەوانی زیاتر خستووهتە بەر مەترسیی هێرشی باندەکانی قاچاغی ئینسان و ماددەی هۆشبەرەوە. کچانی کەم تەمەنی بنەماڵە هەژار و کەمداهاتەکان تەنانەت ئەگەر نەشچنە بازاڕی کارەوە، بە هۆی هەژاریی و دەستکورتیی بنەماڵەکانیان، بهپێچهوانهی مەیل و ئارەزووی خۆیان لە تەمەنی منداڵیدا بەشوو دەدرێن. لە پاڵ ئەم گشتە بێبەشیی و بێمافییانە، لە ڕژیمی ئیسلامیدا بهشوودانی کچانی ٩ ساڵ تهمهن شەرعییە و سەرەڕای بوونی یاسای جۆراوجۆر، کەسوکار ڕێگهیان بۆ خۆش كراوه تا کچانی ٩ ساڵان و زیاتریش بەشوو بدەن. ماددەی ١٠٤١ ی قانونی مەدەنیی کۆماری ئیسلامیی بهشوودانی کچانی بەر لە گەیشتن بە تەمەنی ١٣ ساڵیی بە مەرجێک كه کەسوکاری ڕازیبن، بەڕێگهپێدراو زانیوە و لایەنی یاساییشی داوەتە دەستدرێژیی کردنەسەر ئەم کچە منداڵانە. لە پاڵ ئەم گرفتەدا هاوسەرگیریی بەشێک لە کچانی ئێرانیی و زۆربەی کچانی کەم تەمەنی ئەفغانستانیی لە هیچ جێگهیەکدا تۆمار ناکرێت و بەم هۆیەوە ئەوان بەرەوڕووی مهینهتیی زیاتر دەبنەوە. ئەو کچە کەم تەمەنانەی بهشوو دراون و دەبنە دایک، کێشە و گرفتێکی زۆر و چەند لایەنەیان لەبەر دەمدایە. لەسەر بنەمای پێگەی زانیاریی ڕێكخراوی سەبت و ئەحواڵی ڕژیم، ساڵانە نزیکەی هەزار و ٥٠٠ تا ٢ هەزار منداڵ لە ئێران لە دایک دەبن كه تهمهنی دایكیان کەمتره لە ١٥ ساڵان. ئەو هاوسەرگیرییانەی کە وەها بارودۆخێکی دزێویان بەسەر کچانی کەم تەمەندا سهپاندووه، لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا یەکسانە بە دەستدرێژیکردنەسەر منداڵان و وەک تاوانی جەنایی حیسابیان بۆ دەکرێت، بەڵام ئەم جەنایەتە ئەمڕۆكه لهسایهی کۆماری ئیسلامیدا، كراوه به یاسایی و بووه به شتێكی باو.
بە وردبوونەوە لەو فاکتانە، کە لێرهدا ئاماژە بە چەند حاڵهتێكیان کرا، لە ماوهی ٥ ساڵی ڕابردوودا بارودۆخی کچانی منداڵ لە بواری ئەمنییەتی خۆراک، کوشتنی کۆرپەی کچ و گوزینش و هەڵبژاردنی جنسییەتی بەر لە لهدایكبوون، خەتەنەی کچان، هاوسەرگیریی پێشوهخته و زۆرەملێ، ئاموزش و …. دهیان نموونهی دیكهی لهم چهشنه، ڕۆژبەرۆژ خراپتر بووە. خودی ڕێكخراوی نهتهوهیهكگرتووهكانیش بەشێوەی ئاشکرا و شاراوە كارهساتباربوونی بارودۆخی ئەم کچانەی لە ماوهی ئهم ٥ ساڵەدا لەسهر ئاستی جیهان و بە تایبەت لە ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست تەئید کردووە.
ئینجا لهبەر ئهوهیکە ئەم ڕێكخراوهیه ناوەندێکی بورژواییە، قەت دەست بۆ ڕیشەی ئەم مهینهتیی و نههامهتییانه نابات، کە لهڕاستیدا هەمان سیستم و دهسهڵاتی سەرمایە و له یهك وشهدا سەرمایەدارییە. چەوساندنەوە و ستەم لە دژی ژنان و لەوانە ستەم لە دژی کچانی کەم تەمەن، پاراستن و بەهێزکردنی پیاوسالاریی، مەیداندان بە ئایینە دژه ژنەکانی وەک ئیسلام، نیاز و پێویستییهكی سیستمی دژه مرۆیی سهرمایەدارییە. کەواتە ئەمجۆرە ناوەندانە قەت ناتوانن ئەم ستەمە بنەڕەتییانە ڕیشەکێش بکەن. ئەم ناوەندانە لەئەگەری نەبوونی خەباتێکی یەکگرتووانە، جەماوەریی و بەهێزدا، تەنانەت هیچ مەیلێک بۆ کەمكردنهوهی ڕێژەی مهینهتی و نههامهتیی کچانی کەم تەمەن و یان لانیکەم درووستکردنی بەربەستێک بۆ تەشەنە نەکردنی زیاتریان پیشان نادەن.
ستەمی بنەڕەتی و داسەپاو بەسەر منداڵانی کچ، بەشێک لە ستەمی چینایەتیی ناو کۆمەڵگهی بورژواییه و بە شێوەی ڕاستەوخۆتریش دەبێ وەک ژێر مەجموعەی ستەمی دژبه ژنان، ههژماری بكهین. ئەم ستەمە ڕیشەی لەناخی نیزامی سەرمایەداریدایە و تەنها بە لهناوچوونی ئهمیشه كه ئاسهواری نامێنێت، بەڵام ههڵگیرانی بەشێک لەم ستەمانەی لە ئارادان و دەستەبەربوونی بەشێک لە مافەکانی ژنان، دەکرێ بەسەر دەوڵەتانی سەرمایەداریدا بسەپێت. دابین بوونی ئەم مافانەش بە خەباتی یەکگرتووانەی تێكڕای مرۆڤه ئازادیخواز و بهویژدانەکان ئیمکان پەزیر دەبێت و پێویستە بۆ دەستەبەربوونیان هەوڵبدرێت.