کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
بابه‌تی گه‌یشتوو

بەرەو هەرێمی تێکۆشان

2017-06-06 | ۱۳۹۶-۰۳-۲۶

پەخشانە شێعرێک پێشکەشە بە گشت ئەو کچ و کوڕانەی، لە دەورە جیاوازەکاندا، بۆ یەکەمجارە بە ڕیزی پڕ لە شانازی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەوە پەیوەست دەبن.

( بۆ پێشوازی لە ٣١ ی جۆزەردان رۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە)

سەرەتای سەفەرە و
ماوەیەکە
لەسەر کارێزی ئەندێشەی
ڕێکخراوێکدا لامداوە
چەند قومێک زانیاری ڕوونم
لەو سەرچاوە هەڵێنجاوە.

ئاسمانی زەینم ساماڵە
گەواڵە هەوری گومان و دڵەڕاوکێی
تاڕادەیەک
تیانەماوە.

باریکە ڕێی
هەورازی ملەی تێکۆشان
شارەزام و ناشارەزاش

تاپۆی مژی بەدگومانی
بەری ئاسۆی ئەرخەیانیی
بە تەواوی بەرنەداوە.

سەرەتای وەرزی بەهاری
هۆشیاریمە
درەختی باخی زانیاریم
چرۆی کردووە و
هێشتاکە گوڵی نەداوە.

سواری تەوسەنی خەیاڵم
ڕێگە دەبڕم بەرەو لوتکە و
ترۆپکی شاخی بەرخۆدان

هەگبەی هیوام بە کۆڵەوە
هیوای شیرین
خەونی ڕەنگین
بۆ خۆم و ئەوان، بۆ هەموان.

هەگبەی کەیلی
ڕوئیا و خەوی ڕاپەڕینم
لە هۆکاری بێبەشیم و
توڕهەڵدانی کۆت و زنجیر
زنجیری نەریتی کۆن و
یاساو ڕێسای
زاڵمانەی چەوسێنەران.

کەوتومەڕێ و
لە خەیاڵما
دارێکی تەنیا و تەریکم
لە دامێنێ
سود و سێبەری تەنیاییم
بێ ئەسەرە
ئاسودەیی و بەختەوەری
نە بۆ خۆم و
نە بۆ کەسی تر ناهێنێ
تاکو نەچمە
ڕیزی پتەوی دارستان.
کەوتومەڕێ و
لە زەینمدا
کانیاوێکی قەتیس ماوم
لە بنارێ
چی دەکۆشم
قەوزە و گژ و گیا ناهێڵێ
تینوێتی کەسێک بشکێنم
هاتووم تێکەڵ بە ڕووبار بم
بە پەیوەست بوونم بە دەریا
ببمە ووزە، ووزە
بۆ ناخی هەڵچووی شەپۆلان.

من ئێستاکە
خۆری بیرم
هەوری گومانی لاداوە و
گەش و ڕوون
ئەدرەوشێتەوە

دار ئەرخەوانی هۆشیاریم
گوڵی داوە و

بە شنەی شەماڵی بەهاری دڵنیایی
ڕادەژێت و دەشنێتەوە
هەورازەکان نەوی بوون و
لوتکە لە ئامێزی گرتووم
بە سینەمدا هەڵواسراوە:
میداڵی پڕ لە شانازی و سەرفەرازی
بوون بە پێشمەرگەی هەژاران
باسکی بەهێزی چەکداری
چەوساوان و کرێکاران.

ئێستا، پێشمەرگەی کۆمەڵەم
ئەو هێزەی وا
بۆتە ئاسۆگەیی هیوا و
سەرچاوەی تین و توانایی
بۆ ئینسانە بێ هێزەکان
پشت و پەنا و بڕوا هێنان
بە هێزی خۆ
بۆ ژێردەستان
ڕێبەر و ڕێ نیشاندەری
خەباتی شۆڕشگێڕانە
لە ئێران و لە کوردستان.

بوومە پێشمەرگەی ڕێبازێک
یەکسانی خواز
بۆ شاهیدیی، تێکۆشانی لێبڕاوانەی
هەزاران ئەستێرەی گەشی
لە ئاسمانی تاریکەشەوی ژیانی
بێبەشاندا داگیرساوە

سەرقافڵەی شەهیدەکانی
پۆلێک خەباتکاری مەزن
ڕێبەرانی خۆشەویست و
لوتکەی متمانەی هەژاران
هاوڕێیان، ” خانەی موعینی”
دوکتور ” جەعفەری شەفیعی”
کاک “سەدیقی کەمانگەر” و
” فۆئاد مستەفا سوڵتانی”.

ئێستاکە، من پێشمەرگەم و
وا هەست دەکەم
شەپۆلی قین و تووڕەیی دەریای هەڵچووی
جەماوەری بەش مەینەتم
ڕایدەماڵم
هەرچی زوڵم و زۆردارییە
بە بەستێنی ژیانەوە

باسکی هەڵبڕاوی دارستانم
دەنەخشێنم
خۆری ئازادی و یەکسانی
بە ئاسمانی ژیانەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

وتارێکی لنین بە بۆنەی یەکی ئایارەوە کە لە ساڵی ١٩٠٤ دا نووسراوە لە فارسیەوە: هیوا مەجید زادە

-

ڕۆژی یەکی ئەیار، بە ڕیوایەتی” رۆزا لۆکزامبۆرگ” سەرچاوە: ئاڕشیوی دەنگی شۆڕشی ئێران

-

ئێران بۆ ھێرش دەکاتە سەر ھەولێر؟

د.شێرکۆ کرمانج

شەرە جنێوی هیتلەرەکان، پەیوەندی بە مافی ستم لێکراوانەوە نییە ؟!

-

جارێکی دیکە دەستی چەپەڵی تیرۆری کۆماری ئیسلامی له هەرێمی کوردستان !؟

-

‏تێبینیەک له سەر هەڵوێست گرتن بەرامبەڕ شەڕی‎ ئیسڕائیل و حەماس

-