ڕۆژی چوارشەممە ئەوەڵی مانگی خهرمانان عەباس جەعفەری دەوڵەت ئابادی دادستانی تاران لە پێوەند لەگەڵ مانگرتن لە خواردنی بهندكراوانی سیاسی ڕایگەیاند کە ” ئەم مانگرتن لە خواردنە بۆ ناوهندی قەزاییە گرنگ نییە و قوەی قەزاییە لە بەرانبەر مانگرتن لە خواردنی بهندكراوهکاندا تەسلیم نابێت.” ئەو وتی ” بەو بهندكراوانهی کە دەستیانداوەتە مانگرتن لە خواردن دەڵێم کە ئەم کارانە، بابەتێكی شکست خواردووه.” ئەوە یەکەم کاردانەوەی بێ شەرمانەی ڕژیم بە مانگرتن لە خواردنی بهندكراوهکان دوای تێپەڕ بوونی ٢٧ رۆژ. ئەویش لەژێر گوشاری خۆڕاگری زیندانییەکان و ڕای گشتیدا لە ئێران و لە دەرەوەی وڵات. هەڵبەت ڕاگەیەندرانی هەڵوێست لە لایەن یەکێک لە کاربەدەستانی ڕژیمەوە کە خۆی و باقی سەرانی ڕژیمیش کارنامەیەکی جەنایەتکارانەیان لە کوشتاری بهندكراوانی سیاسیدا هەیە، جێگای سەرسوڕمان نییە.
نزیکەی ٢٠ کەس لە بهندكراوانی سیاسی و هەڵسوڕاوانی کرێکاری زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج لە ڕۆژی ٨ ی مانگی گەلاوێژەوە ههتا ئێستا لە ناڕەزایەتیی بە ڕەچاو نەکرانی مافە سەرەتاییە ئینسانییەکانیان لە لایەن ڕژیمەوە، دەستیانداوەتە مانگرتن لە خواردن. لەم حاڵەشدا ڕاپۆرت بڵاو کراوەتەوە کە ژومارەیەکی دیکە لە بهندكراوهکان لە زیندانی ئێوینیش مانیان له خواردن گرتووه و بنەماڵەکانیان سەبارەت بە چارەنووسیان بە توندی نیگەرانیان دەربڕیوە. ڕۆژی ٨ی مانگی گەلاوێژ، گاردی تایبەتی زیندانی ڕەجایی شار، بە شێوەیەکی کتوپڕ بە زۆر و توندوتیژی بهندكراوهکانیان گواستەوە بۆ سالۆنێکی دیکە. تەنانەت ئیجازەیان پێنەدان كهرهسته شەخسییەکانیان لەگەڵ خۆیان بەرن. سالۆنێک بە درگای هەمیشە داخراو بە پەنجێرەی چکۆلەی لەنێو و دەرەوە داپۆشراو و بەبێ سیستمی تەهویەی گونجاوە. لەو ساڵۆنەدا دەزگاکانی بیستن و گوێرکەرەوەی پێوەندی تەلەفون و ئینترنێت داندراوە. چەندین دوربینی مەداربەستەی جۆراو جۆر تەنانەت لە حەمام و دەستشویی زیندانیەکانیشدا داندراون و خوسوسی ترین مەسایلی زیندانیەکانیشیان خستۆتە ژێر چاودێریەوە. سەبارەت بەم کردارە قێزەونەی ناوەندە نێو نەتەوەییەکانی داکۆکیکاری بهندكراوان لەوانە ڕێكخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی و کەمپەینی نێونەتەوەیی دیفاع لە مافەکانی مرۆڤ لە ئێرانیش لەدژی دەستیانداوەتە دەربڕینی ناڕەزایەتی.
لە ڕاپۆرتێکدا کە لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی ٣١ی مانگی گەلاوێژ بڵاوی کردەوە، تێیدا ڕەخنە لە دەست ڕاگەیشتنی سنووداری بهندكراوهکان تەنانەت بە ئاوی خواردنەوە، بارودۆخی خواردنی نەگونجاو، کەمبوونی دەرمان و چاودێرییە پزیشکییەکان، سنووردار بوونی ملاقاتی زیندانیان لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکانیان و هەروەها سنووردار بوونی پێوەندی تەلەفونییان گیراوە.
ماگدا مەغریبی، جێگری بەشی ڕۆژهەڵاتی نێواڕاست و باکووری ئافریقای ڕێكخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، لە پێوەند لەگەڵ مانگرتن لە خواردنی بهندكراوهکان، بارودۆخی زیندانی ڕەجایی شاری بە “شەرم ئاوەر” وەسف کرد و وتی، “بارودۆخی بهندكراوهکان بەڕادەیەک خراپە کە ئەوان ناچارن بۆ گەیشتن بە ئاسایی ترین داخوازییەکانیان دەست بدەنە مانگرتن لە خواردن. ئەو وتیشی، سیستمی زاڵمانەی زیندانەکان لە ئێران پێویستی بە چاکسازی بنەڕەتی هەیە.”
وێڕای ئەوانە سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحیدی ئۆتوبووسڕانی تاران و دەوروبەر، لە ڕاگەیاندنێکدا وتی کە ڕەزا شەهابی یەکێک لە سیما تێکۆشەر و ناسراوەکان و هەڵسوڕاوی کرێکاری و ئەندامی سەندیکاکەش لە ناڕەزایەتی بە پەروەندە سازییەکی دیکە کە لە لایەن کاربەدەستانی قەزاییەوە لەدژی کراوە، لە ١٥ ڕۆژ لهمهوبهرهوه دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن. سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحید بەرپرسیاریەتی پاراستنی سڵامەتی ڕەزا شەهابی خستۆتە ئەستۆی ناوهندی قەزاییە و خوازیاری ئازادكرانی خێرا و بێ شەرت و مەرجی ناوبراو و باقی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و هەڵوەشانەوەی سەرجەم حوکمە قەزاییەکان لەدژیان بووە. لە لایەکی دیکەوە فێدراسیۆنی جیهانی کرێکارانی بەشی گواستنەوە و گەیاندنیش، ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی مانگی گەلاوێژ لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە دۆخی سڵامەتی ڕەزا شەهابی نیگەرانی دەربڕی و خوازیاری ئازاد كرانی خێرای هەڵسوڕاوی کرێکاری ڕەزا شەهابی و ئیبراهیم مەدەدی بوو.
کەمپەینی نێونەتەوەیی دیفاع لە مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە حەفتەی سێهەمی مانگرتن لە خواردنی بهندكراوانی زیندانی ڕەجایی شاردا، باسی لە هەڵسوکەوتی سووکایەتی ئامێز و توندی حەراسەتی دادستانی لەگەڵ زیندانییەکان، دەستبەند لێدان، ڕاکێشانی ژومارەیەکیان بە سەر عەرزی سالۆنەکاندا و لێدان و ئازاردانیان و پشکنینی جەستەیی به شێوهی نا ئاسایی کرد.
هەڵسوکەوتی ئانارشیستی و دوور لە شەئنی ئینسان لەگەڵ بهندكراوانی سیاسیی بەشێک لە سیاسەتی سەرکوت و ترساندنی ڕژیمی ئیسلامیی بەرانبەر بە زیندانیانە. دەنا داخوازی بهندكراوهکان چی بووە وا بەم شێوەیە وەحشیانە بەرخوردیان لەگەڵ دەکەن؟ زیندانیەکان خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی بێبەش بوون لە هەواخۆری ڕۆژانەیانن، خوازیاری بوونی تەهویەی گونجاو لە زینداندان، داواکاری پێدانی دەرمانەکانیان و هێنانەوەی دەزگاکانی پاک کەرەوەی ئاو، یەخچاڵ، تێلوێزیۆن، و باقی وەسایلی شەخسیانن کە بە پارەی خۆیان کڕیویانن. ئایا ئەم داواکاریانە زیاترن لە لامافە سەرەتایی و ڕەوا ئینسانییەکان؟
بەڵام یەکەم جارنییە کە زیندانیەکان لە زیندانەکانی ڕژیمدا لە ناڕەزایەتی بە هەڵسوکەوتی دژی ئینسانی بەرپرسانی زیندان و ئەزیەت و ئازاردانیان دەست ئەدەنە مانگرتن لە خواردن. ئاشکرایە کە بۆ جەنایەتکارانێکی وەک دادستانی تاران و باقی کاربەدەستانی ڕژیم گیانی زیندانیانی سیاسی و هەڵسوراوانی کرێکاری گرینگیەکی نییە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە خۆی لە بەردەم مەترسی پەرەگرتنی ناڕەزایەتی جەماوەریدا دەبینێ، بە گوشار هێنان بۆسەر تێکۆشەرانی سیاسی لە نێو زیندانەکاندا و بە پەروەندە سازی بۆیان و ئەشکەنجەدانیان، بە خستنە ژێر گوشاری خۆیان و بنەماڵەکانیان هەوڵ ئەدات تا رۆحیەی خۆڕاگری زیندانیەکان تێک بشکێنێ و کەشی ترس و تۆقاندن لە نێو زیندانەکاندا بگوازێتەوە بۆ دەرەوە.
زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی هەمیشە مەیدانی خەبات و تێکۆشان و ناڕەزایەتیی بهندكراوان لە بەرانبەر زۆروێژی و پێشێل بوونی مافەکانیان لە لایەن ڕژیمەوە بوون. ورەی خەباتکارانە و دەستدانە مانگرتن لە خواردن لەم بارودۆخەدا دەرخەری ئەم ڕاستیەیە کە بهندكراوانی سیاسیی نە تەنیا چاوترسێن و تەسلیمی ئەم جۆرە گوشارانە نەبوون، بەڵکوو لە بەرانبەر زۆروێژییەکانی کاربەدەستان و یاسا دژی ئینسانییەکانی ڕژیمدا دەرێژە بە تێکۆشان دەدەن و سەرئەنجام ڕژیم ناچار بە پاشەکشە دەکەن. خۆڕاگری ئەم ئینسانە تێکۆشەرانە بەشێکە لە خەباتی عادڵانە و ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران بۆ دەستەبەر کردنی ئازادیه. پێویستە هەموو ئینسانە شەریف و ئازادیخوازەکان و هەڵسوڕاوانی کرێکاری و بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لێبڕاوانە و پەیگیر پشتیوانی لە داخوازی بهندكراوانی مان گرتوو بکەن و ڕژیم لە دەرەوەی زیندانەکانیش بخەنە ژێر گوشارەوە. روون و ئاشکرایە کە بەرپرسیاریەتی هەموو جۆرە ڕووداوێکی ناخۆش لە درێژەی ئەم مانگرتن لە خواردنەی بهندكراواندا لە ئەستۆی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی دایە.