لە کاتێکەوە کە ڕۆژی سێشەممە ٨ی مانگی مەی، بەرابەر لەگەڵ ١٨ ی مانگی گوڵان ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەرچوونی ئەو وڵاتەی لە بەرجام ڕاگەیاند، چارەنووسی ئهم ڕێككهوتن نامهیه لانیکەم لەنێو ئەو وڵاتانەدا ئیمزیایان کردووە کەوتۆتە ژێر پەردەی گومانەوە. دواهاتەکانی ئەم بڕیارە هێشتا دوای تێپەڕ بوونی چەند ڕۆژ تەقریبەن سەردێڕی هەواڵەکانە لە دنیادایه. چ ئەوانەی کە قەرارەکەیان ئیمزا کردبوو وە چ ئەوانەی کە بە ڕادەی جیاواز وەک ئیسڕائیل و عەرەبەستان لە کاریگەریەکانی بە دوور بوون، هاتونەتە سەر سەحنە و هەرکامە و بە لەبەرچاو گرتنی پێگەیەک کە ئێران لە ستڕاتیژی ئەواندا هەیەتی، هەڵوێستیان گرتووە. نووسینگهی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی هەینی ٢٢ی گوڵان بە بڵاو کردنەوەی بەیانییەیەک وتی کە، ” کرداری بێ پەروایانەی ئێران ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوهڕاستی خستووهتە مەترسییەوە” و لە دریژەدا وتی کە ” کاتی ئەوە هاتوە لایهنهكان بەرپرسیاریەتی قەبوڵ بکەن و بە گوشار خستنە سەر ئێران، ئەم وڵاتە ناچار بکەن ڕەفتارەکانی بگۆڕێت”. باڵیۆزی ئەمریکا لە ئاڵمان دەڵێ، ” ئێمە چاوەڕوانین لە دۆست و هاوپەیمانەکانمان یارمەتیمان بدەن تا ئێران بێتەوە سەر مێزی وتووێژ.” ئەگەر سەرنجی ئەوە بدەین کە ئاژانسی نیونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی پێبەندبوونی بە تەواوەتی ئێرانی بە ناوەرۆکی بەرجامەوە ڕاگەیاندووە، کە وایە ئهوهی دهمێنێتهوه بریتییه له گوفتوگۆ لهسهر دەور و نەخشی ئێران لە سازماندان و ڕێکخستنەوەی ناوچەکە.
ئێمە گەلێک جار وتومانە کە ئامانجی ئەمریکا تەنیا بەرتەسک کردنەوەی سیاسەتە هەستەییەکانی کۆماری ئیسلامی نەبووە و تەنانەت قەراردادی بەرجام دەبێ وەک فاکتۆڕێک عەمەلی بکردایە بۆ هاو ئاراستە کردنی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ سیاسەت و ستڕاتیژی ئهمریكا لە ناوچەکەدا. ئەگەرچی هەرسێ وڵاتی یەکێتیی ئۆرووپا واتە فەرانسە، بریتانیا و ئاڵمان ڕەخنەیان لە بڕیارەکەی ترامپ هەبووە و لەسەر ” پێبەندبوونی خۆیان بە بەرجامەوە” پێداگرن، بەڵام لە ڕوانگەی ئەوانیشەوە ڕزگار کردنی بەرجام لە گرەوی وتووێژی تەکمیلی سەبارەت بە بەرنامە موشەکییەکان و دەورو نەخشی ئێران لە ناوچەکە دایە. مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرانسە و بە ناو پاڵەوانی پاراستنی یەکپارچەیی و دیفاع لە یەکێتیی ئۆرووپا بە ئاشکرا دەڵێ کە لە سەفەرەکەشیدا بۆ ئەمریکا پێشنیاری وتووێژی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە بەرنامە مووشەکییەکانی و سیاسەتی ئێرانی لەگەڵ ترامپ باس کردووە. ئەو دوای دەرچوونی ئەمریکا لە وتووێژێکی تەلەفونیدا لەگەڵ پوتین جارێکی تر ڕایگەیاند کە ” ئێران ئیجازەی نییە قەت دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕابگات. ئەوە هەمان ئەو شتەیە کە باڵیۆزی ئەمریکا لە ئاڵمان لەژێر ناوی ڕاکێشانی ئێران بۆسەر مێزی وتووێژ باسی دەکات. لەگەڵ ئەوەی کە چەند ڕۆژ بەر لە دەرچوونی ئەمریکا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان وتبووی کە “ڕێككهوتنی هەستەیی لەگەڵ ئێران بەرهەمی کۆمەڵێک وتووێژی درێژماوە بووە و لەم ڕووەوە مومکین نییە کە هێندێک لە وڵاتانی حازر لەم وتووێژانەدا ڕازی بن بە پێداچوونەوە و یان تەنانەت جێگرەوەیەک بۆ ئەم قەراردادە بە ڕێككهوتنێكی دیكه.” بەڵام ئێستا دەوڵەتی ئاڵمانیش قسە لە ” کامڵ کردنی ئەم قەراردادە و پەرەپێدانی بۆ مووشەکە دوور هاویژەکان و سیاسەتی ناوچهیی ئێران” دەکات. بەم جۆرە ڕوون دەبێتەوە کە ناکۆکی ئۆرووپا و ئەمریکا هەروەک مەکرۆن دەڵێ نەک لەسەر ” قەراردادی تەکمیلی بۆ کۆنترۆڵی چالاکیە هەستەییەکان، بەرنامەی مووشەکی و چالاکییەکانی ئێڕان لە سوورییە، عێڕاق، یەمەن و لوبنان”ە بەڵکوو شێوازێکە کە دەبێ بۆ گەیشتن بەم قەراردادە تەکمیلییە ڕەچاو بکرێت. بەڵام ئەمە بە واتای کۆتایی هێنانه بە سەرجەم خەونەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بۆ بوون بە هێزێکی ناوچەیی. بەیانییەی ڕەسمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بەوەیکە ” هیچ بڕگهیهك لە ناورۆکی بەرجام و چوارچێوە زەمانییەکانی کە بابەتی وتوویژێکی ١٣ ساڵە بووە بە هیچ شێوەیەک جێگهی گوفتوگۆ نییه.” ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە ئاڵمان، فەرانسە و بریتانیا و بە شێوەیەکی گشتی یەکێتیی ئۆرووپا بەرژەوەندی کەڵانی ئابووریی خۆیان لەگەڵ ئەمریکا فیدای پێوەندی بازهرگانی لەگەڵ ئێران ناکەن. ئەوەندە بەسە سەرنج بدەینە هاوردەکردنی وڵاتانی یەکێتیی ئۆرووپا لە ئەمریکا کە ٤٥ بەرابەری هاوردە کردنە لە ئێرانەوە. و یان ئەوەیکە قەبارەی معادلاتی بازهرگانی یەکێتیی ئۆرووپا لەگەڵ ئێران بڕی شەش دەهومی لەسەدی سەرجەم معادلاتی بازهرگانی یەکێتیی ئۆرووپایە و لە ههمان حاڵدا نابێ لەبیرمان بچێتەوە کە، لە ساڵانی ڕابردوودا کۆمپانیا و بانکە گەورە ئۆرووپاییەکان بەهۆی دەور دانەوەی گهمارۆکانی سەر ئێران بە ملیار دۆلار جەریمەیان داوە بە خەزانەی ئەمریکا.
کۆتایی بەرجام لە هەمانحاڵدا سەرەتای دەستپێکی قۆناغێکی نوێ دەبێت لە توند بوونەوەی کێشەی باندەکانی ناوخۆی ڕژیم. سەرەڕای ئەوەی کە ڕێككهوتنی بەرجام لە بانترین ئاستی دەسەڵاتی ڕژیمەوە بڕیاری لێدرابوو، بەڵام ئێستا باندەکانی ڕژیم شکستەکەی دەخنە ئەستۆی یەکتر. ئەندامانی تیمی وتووێژکاری ئێران بەردەوام ڕایانگەیاندوە کە خامنەیی لە هەموو ئەو ماوەیەدا ئاگاداری وتووێژەکان بووە و تەئیدی کردون. ئێستا هاوار و دادی سەبارەت بەوەی کە “وتم باوەڕ بە ئەمریکا مەکەن” هیچ شتێک نییە بێجگە لە سوورکردنەوەی لا ڕوومەت بە شەپڵاغە. ڕووحانیش بە شێوەیەکی دیكه خەریکی عەوام فریویە. ئەو کە لە جەریانی وتووێژەکاندا وتبوی ئۆرووپا کەیخودایەکی هەیە کە دەبێ ئیجازەی لیوەربگرێت کە وایە باشتر ئەوەیە کە لەگەڵ کەیخودایەیدا وتوێژ بکەین. ئێستا کە کەیخوداکە دەرچووە دەڵێ خۆشحاڵم کە مەوجودێکی مزاحیم لە بەرجام چۆتەدەرێ و لەگەڵ دۆست و هاوپەیمانەکانمان کە بەرجامیان مۆر کردووە دەست دەکەین بە وتووێژ کردن.
له ڕاستی دا دەرچوونی ئەمریکا لە بەرجام و داواکاری وڵاتانی ئۆرووپایی سەبارەت بە قەرادادی تەکمیلی بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخێکدا بەڕێوەدەچێت کە ڕژیم لە خراپترین قۆناغی حەیاتی خۆیدایە. دەربڕینی مەترسی له یهك ترازانی ڕیزهكانی ڕژیم و پهرهسهندنی خهباتی جهماوهری لە زمان سەرانی باندەکانی ڕژیمەوە بە شێوازی جۆراو جۆر دەبیسترێت. بە هۆی ئهم مەترسییه کە هەم باندەکانی ڕژیم و هەم ئوپوزسیۆنی بۆرژوایی ڕژیم کەوتونەتە پەلەقاژە و خەڵک بۆ هاتنە پشت باندەکانی ڕژیم و یان هێزە ئیمپڕیالیستییەکان بانگەواز دەکەن. بەڵام ئەوەی کە پێوەندی بە خەڵکەوە هەیە، ئەوان نە لە دەورانی گەمارۆکان و نە له دەورەی لاچوونی گهمارۆکاندا ئالوگۆڕێکیان لە ژیان و بەڕێچوونیاندا نەبینیوە. گشت ئەو بهڵێنانهی کە سەبارەت بە گەشانەوەی ئابووری دوای قەراردادی بەرجام و هاتنی سەرمایەی دەرەكی دەدرا، نانێکی بە سفرەی بەتاڵی خەڵکەوە زیاد نەکرد. ئەگەر لاچوونی گهمارۆکان ئیمکانێکی ماڵی نوێی بۆ پەرەسەندنی ڕادهی دەست تێوهردانی ڕژیم لهكاروباری وڵاتانی ناوچەکە بەدی هێنا، دەست پێكردنهوهی گهمارۆكان سفرەی بەتاڵی خەڵک بهتاڵ تر دەکات. لەم بارودۆخەدا ڕزگار بوونی کۆمەڵگا لە بارودۆخی فەلاکەتباری ئێستا نەک هیوادار بوون بە پیادە نیزامی یەکێک لە لایەنەکانی کێشەکهیه، بەڵکوو پەرەدانە بە خەبات و ناڕەزایەتیی گشتیی. کۆمۆنیستەکان و پێشڕەوانی بزوتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکان نابێ ئەم دەرفەتە بە ڕژیم بدەن کە بێتوانایی خۆی بۆ وڵام دانەوە بە هەژاری و برسیەتی و بێکاری بە ملیۆن کەس لە خەڵک بخاتە ئەستۆی سزا ئابوورییهكان. ڕێگا چارەی ڕزگار بوونی خەڵک پەرەدانە بە ناڕەزایەتیی و خەبات لە گشت ئاستەکاندا و کێشانەخواری کۆماری ئیسلامیی له دهسهڵاته بە ئیرادە و توانایی ڕاستەوخۆی خۆیان.