خامنەیی رۆژی چوارشەممە ٢١ی مانگی سەرماوەز، بەرابەر لەگەڵ ١٢ی دێسامبر لە دیدارێکدا لەگەڵ کەسوکاری کۆمەڵێک له کوژراوەکانی شەڕی ئێران وعێڕاق و هەروەها کوژراوەکان لە شەڕی سوورییه ڕایگەیاند کە” ئامانجی ئەمریکا ئەوە بوو کە بەوەسیلەی تەحریم و کرداری دژی ئەمنیەتی لە وڵاتدا، دووبەرەکی، ناکۆکی و شەڕی نێوان گوروپەکان دروست بکات و ژمارەیەکیش بڕژێنێتە سەر شەقامەکان و ناویشیان نابوو” هاوینی گەرم”. بەڵام بەكوێری چاوی دوژمنان، هاوینی ئەمساڵ یەکێک لە باشترین هاوینەکان بوو” ئەو لە درێژەدا وتی کە ئەمریکاییەکان” ڕەنگە بیانەوێ فرێوکاری بکەن تا بۆ ساڵی ٩٧ ئاژاوە دروست بکەن و بۆ ساڵی ٩٨ پیلان دابنێن، هەموان ئاگادار بن.
ئەم قسانەی خامنەیی لە کاتێکدا دەکرێن کە لە سەرودەمی ساڵیادی ئاخێزی مانگی بەفرانبارداین و ئەو لە وەبیر هاتنەوەی ئەو ئاخێزە ئەترسێت و دەستی کردوە بە قسهی بێسهرهوبهره. هەموان دەزانن کە ئاخێزی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردو لە کاتێکدا روویدا کە هێشتا قسەیەک لە کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام و ئاسەوارەکانی لە ئارادا نەبوو. ئاخێزی مانگی بەفرانبار ئاخێزی برسیەکانی شار و دێهات بوو لەدژی ئاکامی لێک هەڵوەشانی ئابووری، لەدژی تەوەڕوم، لەدژی کەم بوونەوەی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی، لەدژی حەقدەستی چەند جار لەژێر هێڵكی هەژاریدا، لەدژی ستەمگەریەکانی ڕژیم و لە کۆتاییدا ئاخێزی مانگی بەفرانبار ئاخێزی خەڵکی وەگیان هاتوو بوو بۆ دەستەبەر کردنی نان وئازادی. خامنەیی ناڵەکەی ئاوەژوو لێ ئەدات. ئەو ئەوەندە نەفام نییە کە ئەم ڕاپەڕینە و حەرەکەتەکانی دواتری لە کۆمەڵگادا لەبیر چوبێتەوە. ئەو لەخۆڕا هەوڵ ئەدات تا فەرائەفکەنی بکات، لێک هەڵوەشانی ئابووری و نابەسامانیە کۆمەڵایەتیەکان و شۆڕشی خەڵک بە پیلان و بەناو جەنجاڵی ئەمریکاوە گرێ بدات. مەگەر هەر ئەم چەند حەفتە لەوەپێش نەبوو کە ئەو باسی لە لاواز بوونی ئەمریکا و بەرەوپێش چوونی کۆماری ئیسلامی دەکرد و “ئۆلگوی ئهزمونی ئیسلامی” بۆ ساڵی ١٤٤٤ پێشکەش دەکرد. ئولگویهك كه قەرارە ئێران ببێتە یەکێک لە دە ئابووری بەهێزی دنیا، یەکێک لە ٥ وڵاتی پێشکەوتوی دنیا لە بواری بەرهەمهێنانی ئەندیشە، زانست و تێکنولۆژی، یەکێک لە چوار وڵاتی بانتری ئاسیا لە بواری” گەشەکردنی دادپەروەری، خاشەبڕ کردنی هەژاری، گەندەڵی و هەڵاواردن، ی بڵاو کردبۆوە و ئێستا ئەو ترسەی لە سوخەنڕانیەکەیدا دەبیندرێت چیە کە هۆشداری ئەداتە گشت کاربەدەستانی دەوڵەتی کە” ئاگایان لە بارودۆخەکە بێت”. خامنەیی لەپشت هەموو خۆهەڵکێشانەکانیدا دەزانێ کە لەسەر کێوێک لە بورکان دانیشتوە و ئێستا نزیک بە ساڵێکە ئاسەوارەکانی تەقینەوەی لە قوڵاییەوە هاتۆتە روو. مەگەر غەیرەز ئەوەیە کە کۆمەڵگا لە ماوەی یەکساڵی ڕابردودا توشی ئاڵوگۆڕی قوڵ هاتوە. مەگەر غەیرەز ئەوەیە کە ئاڵوگۆڕێکی گرنگ لە هاوسەنگی هێزی نێوان ڕژیم و خەڵکدا بەدی هاتوە. مەگەر ئەوەنیە کە هیچ رۆژێک نییە کە هەواڵێک لە خەباتی کرێکاری و ناڕەزایەتی جەماوەری نەبینین. هەمان هاوینی کە خامنەیی بە بێ شەرمی دەڵێت کە یەکێک لە باشترین هاوینەکان بوو، ڕاست لە نیوەیدا لە شارەکانی وەک تاران، شیراز، ئیسفەهان، مەشهەد، کەرەج، ناڕەزایەتی جەماوەری بەڕێوەچوو. مەگەر ئەوەنیە کە لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا تەنیا لە تاران زیاتر لە ٥٠ کەس کە لە جەریانی ناڕەزایەتیەکاندا گیرابوون بە زیندانی ٦ مانگ تا ٦ ساڵ مەحکوم کراون. خامنەیی دەڵێت ئەمریکاییەکان” ڕەنگە ساڵی ٩٧ کێشە بنێنەوە و پیلان بۆ ساڵی ٩٨ دابنێن” ئەوە ئەوپەڕی بێ شەرمییە کە مانگرتنە سەرتاسەریەکانی کرێکارانی ڕێگای ئاسن، مانگرتنی شۆفیر کامیۆنەکان و خاوەن کامیۆنەکان، مانگرتن و تەحەسونی مۆعهلیمان، مانگرتنی درێژ ماوەی کرێکارانی حەوت تەپە و فولادی ئەهواز و پشتیوانی پڕشوری خەڵکی شاری ئەهواز و شوش لەم مانگرتنانەی بە ” جەنجاڵی ئەمریکاییەکان” ناو برد. مەگەر ئەوە نییە کە لە هەموو ئەم خۆپیشاندانانەدا ئەوە کاربەدەستانی ڕژیم لە ڕێبەریەوە تا دەوڵەت بوون کە بوونە ئامانجی ناڕەزایەتییەکان. هەر رۆژی شەممەی ڕابردو کرێکارانی فولادی ئەهواز لە ٣٦ مین رۆژی ناڕەزایەتی و ڕێپێوانی خۆیاندا دروشمی:” مەرگ بۆ ئەم دەوڵەتە فریوکارە”، ” ئەم گشتە نا دادپەروەریە، تا ئێستا کەس نەیدیوە” نە حاکم، نە دەوڵەت، لەبیری خەڵکدا نین” بە ئاشکرای ڕایانگەیاند کە ئامانجی خهباتهكهیان ڕژیمێکە کە ئەوانی بە قوڵایی هەژاریدا بردۆتە خوارێ و خستونیەتە پەراوێزی کۆمەڵگاوە. کاتێک کرێکارانی حەوت تەپە خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی خوسوسی سازی دەبوون، ئامانجی هێرشەکانیان ڕژیمێک بوو کە بە بەرەو پێش بردنی سیاسەتی خوسوسی سازی بەملیۆن بنەماڵەی کرێکاری توشی رۆژ ڕەشی کرد. کاتێک کە وتەبێژی هەیئەت ڕەئیسەی مەجلیسی ڕژیم هاوکات لەگەڵ قسەکانی خامنەیی ڕایگەیاند کە ” پێشکەش کردنی لایەحەی بوجەی ٩٨ بە مەجلیس بۆ دوای چاکسازی جێی سەرنجی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ڕاگیراوە” و بەڵام لە کۆمەڵێک ڕاپۆرتی پڕژوبڵاوی ڕاگەیەنەرەکانی نێوخۆیی و قسەی یەکێک لە نوێنەرانی مەجلیسی ڕژیمدا دەردەکەوێ کە ڕێنماییەکانی خامنەیی هەزینە کردن لە” سندوقی تەوسعەی میللی و خەرج کردنی بۆ ئامانجە نیزامیەکانی”یەتی، کەوایە ئاشکرایە کە وڕێنەکانی خامنەیی لە ترسی مانگەکانی کۆتایی ساڵ و سەرەتای ساڵی داهاتووە کە خەوی له چاوی زڕاندوە. ئەگەرچی ئەو بە لاف و گەزافی وەک هەمیشەی هەوڵ ئەدات تا ئەم ترسە بشارێتەوە بەڵام زەریف وەزیری کاروباری دەرەوە دوو رۆژ دوای قسەکانی خامنەیی ئەم ترسەی بێ پەردە هێنایە گۆڕێ کە” مەوجودیەتی ئێران لە مەترسیدایە” و یان روحانی دەڵێت” ناکرێ بڵێین کە بارودۆخەکە ئاساییە.” هەرچەند کە گشت باندەکانی ڕژیم باس لە مەترسی، پیلانگێڕی و شەڕی ڕەوانی دەکەن بەڵام هاوکات هەوڵ ئەدەن تا بە دانی ئادرەسی هەڵە لێک هەڵوەشانی ئابووری و نابەسامانیە کۆمەڵایەتیەکان بخەنە ئەستۆی دوژمنەکانی کۆماری ئیسلامی. خامنەیی لەم سوخەنڕانیەدا دەڵێت: کە” میللەتی ئێڕان ٢٢ ی بەهەمنی ئەمساڵ، ٤٠ ساڵە بوونی شۆڕشی ئیسلامی بە شکۆیەکی زۆرەوە بەڕێوەدەبەن.” لەم نێوانەدا نازاندرێت ئەوە باس لە کام” میللەت” دهكات کە قەرارە ٤٠ ساڵە بوونی ڕژیمێک جێژن بگرێت کە کۆمەڵگای گەیاندۆتە لێواری هەڵدێر.
سەرۆکی شوڕای شاری تاران لە مانگی خهرمانانی ئەمساڵدا کە بە خەیاڵی خامنەیی لە باشترین هاوینەکان بوو، ڕایدەگەیەنێت کە” بە پشت بەستن بە ئامارە ڕەسمیەکان یەک لەسەر سێی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان و یەک دەهومیشیان لەژێر هێڵی هەژاری بە تەواوەتیدان.” و یان مەحجوب سەرۆکی فراکسیۆنی بەناو کرێکاری لە مەجلیس ناچار دەبێت بڵێ” تەوەڕوم لە ژیانی کرێکاراندا لەوپەڕی خۆیدا دایە تا ئاستێک کە تەوەڕوم لە خۆراکدا ٥٠ لەسەدی نیشان ئەدات”. و هەڵبەت قسە لە چینێکە کە بە بنەماڵەکەیەوە جەمعیەتێکی زیاتر لە ٤٠ ملیۆنی دەگرێتەوە. ئەمانە بە پێچەوانەی هەراو هوریاکانی خامنەیی ئەمریکا نەیهێناونەتە سەر شەقام. ئەمانە لە ٤٠ ساڵی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیدا گهلێك جار ڕژاونەتە سەر شەقام. ئەم خەڵکە پێویستیان بەوە نییە کە ئەمریکا ئەوان بێنێتە سەر شهقام. کاتێک کرێکاران چەندین مانگ تەنانەت حەقدەستە کەمەکەشیان وەناگرن، کاتێک کە داخوازی بۆ وەرگرتنی موزد پاداشەکەی شێلاق و زیندانە، کاتێک کە مۆعهلیمان بۆ بەڕێچوون ناچارن بە دوو شیفتە کار بکەن، کاتێک ژنان دەبنە ئامانجی توند ترین توندوتیژیەکانی ڕێکخراو لە نیزامی دژبە ژنی کۆماری ئیسلامیدا، کاتێک بەملیۆن منداڵ بە جێگای چوون بۆ قوتابخانە دەبێ لەژێر زەویە شێدارەکاندا بکرێنە کۆیلە، کاتێک ئینسانەکان بۆ تێر کردنی خۆیان و بنەماڵەکانیان ناچارن بەشێک لە جەستەیان بفرۆشن، ئیتر پێویستی بەوە نییە کە کەسێک لە دەرەوەی سنورەکان بیان كێشێته سەر سەقام.
ئەگەر داخوازی” کار، نان، ئازادی” بۆتە داخوازیەک کە سەرجەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان بە یەکەوە دەبەستێتەوە، کەوایە بۆچی خیابان نابێ ببێتە شوێنی بە یەکەوە کرێدرانەوەی کارخانە و زانکۆ، شوێنی تێکەڵبوونەوەی کرێکاران و مۆعهلیمان و شوێنی ئاوێتە بوونی کارخانە و خەڵکی شارەکان. و ئەمە هەمان ئەو ترسەیە کە نیشتووهته دڵی خامنهییهوه.