کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بۆ ڕێزگرتن لە سەدەمین ساڵی شۆڕشی کرێکاری ئۆکتۆبر لە روسیە “بەشی یەکەم”

رۆژی سێشەممە ١٦ی مانگی خەزەڵوەر بەرابەر لەگەڵ ٧ مانگی نۆوامبر سەدەمین ساڵیادی شۆڕشی کرێکاری لە روسیەیە. سەد ساڵ لەوە پێش لە وەها رۆژێكدا دوای دەورەیەکی چەند مانگەی قەیرانی سیاسی و شۆڕشگێڕانە، ئاخرین بزمارەکان لە تابوتی ڕژیمی تزاری لە روسیە درا و لە ئاخیزێکی جەماوەری خەڵكی تینوی ئازادی و بەرابەری بە ڕێبەریی کرێکارانی وشیار و ڕێکخراو لە حیزبی چینایەتی خۆیاندا، حیزبی بلشویک، دەسەڵاتی سیاسیان بەدەستەوە گرت.

بەڵام ڕاپەڕینی جەماوەری رۆژی ٧ی مانگی نۆوامبری ساڵی ١٩١٧ روداوێکی خێرا و لە خۆڕا نەبوو، ئەم ئاڵوگۆڕە گەورەیە ڕیشەی لە چەند دەیە خەباتی ئازادیخوازانەی کرێکاران و خەڵکی روسیە لەدژی دیکتاتۆڕی تزاری حاکمدا هەبوو لەم وڵاتەدا. دوای ئەوەی کە لە ساڵی ١٩٠٥ و دوای شکستی روسیەی تزاری لە شەڕ لەگەڵ ژاپۆن، کرێکارانی شۆڕشگێڕ و خەڵکی وەگیان هاتوو بۆ روخاندنی دیکتاتۆڕی تزار، ڕاپەڕین. ئەگەرچی کوشتاری بێ ڕەحمانەی ئەو کەسانەی ڕاپەڕی بوون، بوو بە هۆی شکستی ئەو ئاخیزە، بەڵام دەرس و ئەزمونە بەنرخەکانی ئەو راپەرینە تۆوی شۆڕشێکی دیکەی چاند و ١٢ ساڵ دواتر بەری گرت.

سێ ساڵ لە دەستپێکی شەڕی جیهانی یەکەم تێپەڕی بوو. تەلەفاتێکی زۆر و شکستە یەک لەدوای یەکەکانی ئەڕتەشی تزاری لە بەرەکانی شەڕدا، گرانی، کەم بوونی مادە سەرەکیەکانی ژیان، گەندەڵی و بێ کیفایەتی ڕژیمی تزاری، گوشاری هێزە سەرکوتگەرەکانی پۆلیس، زوڵم و زۆرداری دەرەبەگ و خاوەن زەویەکان لە دێهات، جەماوەری خەڵکی روسیەی وەگیان هێنابوو و تەیفێکی بەرین لە توێژ و چینە کۆمەڵایەتیەکانی کێشابووە گۆڕەپانی خەباتەوە لەدژی دیکتاتۆڕی تزار. لە وەها بارودۆخێکدا بوو کە یەکەم بڵێسەکانی شۆڕشی کرێکاری لە ژانویەی ١٩١٧ دەرکەوت و پەرەی سەند. سەرەتای مانگی مارس مانگرتنە کرێکاریەکان لە کارخانەکاندا بوونە خۆپیشاندانی خیابانی. ژنانی کرێکار پێشەنگی ئەم حەرەکەتە تازەیە بوون. ژنانی کرێکاری کارخانەکانی ڕەستن و چنین ڕژانە سەر شەقامەکان و دەروشمی “مەرگ بۆ ئیستبداد”یان وتەوە. ئەوان کارخانە بە کارخانە دەگەران و کرێکارەکانیان بۆ مانگرتن و پەیوەست بوون پێیانەوە بۆ خۆپیشاندان هانئەدا. حکومەتی تزار دەستوری تەقە کردنی بەرەو خۆپیشاندەران دابوو. بەڵام بێجگە لە ژمارەیەکی کەم لە کەسانی بەکرێگیراوی پۆلیس ئەم دەستورەیان بەڕێوەنەئەبرد. سەربازەکان و زۆربەی ئەو هێزە دەوڵەتیانەی کە بۆ سەرکوتی خۆپیشاندەران نێردرابوون، بە ڕیزی ژنان و پیاوانی کرێکارەوە پەیوەست بوون. لە رۆژەکانی دواتردا خۆپیشاندان لە پتروگرادەوە گوازرایەوە بۆ مۆسکۆش. سەدان هەزار کرێکار و خەڵکی نارازی دیکە بە ڕیزی خۆپیشاندەرانەوە پەیوەست بوون. ئاڵا سورەکانیان بە دروشمی ” مەرگ بۆ تزار”یان بەرز کردبۆوە. سەربازەکان دەستە دەستە بە ڕیزی خۆپیشاندەرانەوە پەیوەست دەبوون و ڕژیمی تزاری بە کردەوە خەریک بوو چەک دەکرا. ئەو سەربازانەی کە گروپ گروپ بەرەکانی شەڕیان جێ دەهێشت لە ڕێگای گەڕانەوەیاندا، دەرەبەگ و خاوەن زەویەکانیان لە دەسەڵات دەخست. درگای زیندانەکانیان شکاند و بە هەزاران زیندانی سیاسی لە بەند ئازاد کران. لە ماوەی کەمتر لە دوو حەفتە لە دەستپێکی ئاخێزەکە بنەماڵەی پاشایەتی ” رۆمانۆف”، دوای ٢٠٠ ساڵ حوکمڕانی لە دەسەڵات کەوت. لەم قۆناغەدا بە هۆی ئامادە نەبوونی کرێکارانی پێشڕەو و حیزبی بلشویک، دەسەڵات کەوتە دەست لیبڕاڵەکانی مەشروتەخواز، منشویکەکان و گروپی ناسراو بە سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان. حکومەتی ئیئتیلافی کاتی بە سەرۆکایەتی کەسێک بەناوی “کرنسکی” پێکهات. بەڵام حکومەتی کاتی نەیتوانی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک کەم بکاتەوە. گۆمەڵگا هەروا لە حاڵی کوڵان و هەڵچونی شۆڕشگێڕانەدا بوو و شۆڕش بەرەو پێشەوە و بەرەو کامڵ بوون دەچوو. شوراکانی خەڵک لە هاوسەنگی هێزێکدا کە بەدی هاتبوو، لە گشت شوێنێک پێکهاتن، کرێکارانی شۆڕشگێڕ و پێشڕەو لە نێو ئەم شوڕایانەدا دەنگ و پشتیوانی زۆربەی خەڵکی روسیە بە تایبەت سەربازان و وەرزێرە هەژارەکانیان دەستەبەر کرد. لە ناخی ئەم ئاڵوگۆڕە شۆڕشگێڕانەدا و لە خوارەوە، حیزبی بلشوێک کە ساڵانێک بوو لە کۆمەڵگای روسیە و لەنێو کرێکاراندا ڕیشەی داکوتابوو، بە خێرایی پەرەیسەند و پشتیوانی زۆربەی شوڕاکانی بەدەست هێنا.

بەم جۆرە حکومەتێکی دوو لایەنە لە روسیەدا پێکهات. لە لایەکەوە دەوڵەتی کاتی کە لە سەرەوە حکومەتی دەکرد و لە لایەکی دیکەشەوە شوڕاکان کە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایان لە خوارەوە لەدەست دا بوو. لە مانگی ئاوریلی ئەو ساڵەدا “ویلادیمیر لنین” ڕێبەری حیزبی بلشویک لە تەبعید گەڕایەوە بۆ روسیە. بلشویکەکان بە ڕێبەریی لنین دروشمەکانی ئاشتی بە خێرایی، هەموو دەسەڵات بۆ شوڕاکان، کۆنترۆڵ کردنی ناوەندەکانی کار لە لایەن کرێکارانەوەیان هێنایە گۆڕێ و ڕایانگەیاند کە ” زەوی بۆ کەسێکە کە کاری لەسەر دەکات”. دەوڵەتی کاتی کەوتە دژایەتی کردنی ئەم دروشمانە. بەڵام ئەم دروشمانە بەرە بەرە گشتگیر بوونەوە. شارەکانی سن پیترزبورگ و مۆسکۆ بوونە ناوەندە گەرمەکانی شۆڕش و هاوکات لە دێهاتەکانیش زەوی لە ژێر دەسەڵاتی خاوەن زەویەکان دەرهێندرا و جوتیارەکان لە بەینی خۆیاندا دابەشیان کردن. بەم جۆرە بوارە کۆمەڵایەتیەکان بۆ شۆڕشێکی تر و داگیر کردنی دەسەڵاتی سیاسی لە لایەن چینی کرێکارەوە بە ڕێبەریی حیزبی بلشویک فەراهەم دەبێت. لینین دوای گەڕانەوەی لە تەبعید بە خێرایی پلاتفۆڕمی حیزبی بلشویکی بۆ قۆناغی دووهەمی شۆڕشی روسیە کە موعتەبەر ترین بەڵگەی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە لە سەدەی بیستەمدایە، لەژێر ناوی ” تێزەکانی ئاوریل”، بڵاو کردەوە.

رۆژی ٦ ی نوامبر و لە سەرودەمی کرانەوەی کۆنگرەی دووهەمی شوڕاکاندا، بە پێشنیاری لنین ئاخیزی کرێکاران و سەبازان بۆ روخاندنی دەوڵەتی کاتی و گوازرانەوەی دەسەڵات بە تەواوەتی بۆ شوڕاکان دەستی پێکرد. لە وڵام بە بانگەوازی حیزبی بلشویک بۆ ڕاپەڕین، ئیدارە دەوڵەتیەکان و کۆشکە زستانیەکانی شوێنی جیگیر بوونی دەوڵەتی کاتی گەمارۆ دەران. بەیانی ئەو رۆژە واتە ٧ ی نوامبر، کۆشکی زستانە گیرا، و دەوڵەتی کاتی روخا و کرنسکی هەڵات. هەر ئەو شەوە کۆنگرەی شوڕاکان بەڕێوەچوو کە زیاتر لە ٤٠٠ نوێنەر تێیدا بەشدار بوون. کاتژمێر ١٠ ی بەیانی پەیامی کۆنگرە روو بە شارۆمەندانی روسیە بڵاو کرایەوە: لەم پەیامەدا هاتبوو:” دەوڵەتی کاتی روخاوە. شوراکان دەسەڵاتی دەوڵەتیان بەدەستەوە گرتوە. بژی شۆڕشی کرێکاران، سەربازان، جوتیاران”. رۆژی ٧ی نوامبری ساڵی ١٩١٧ ( بە تقویمی روسی ٢٥ی ئۆکتۆبر، وەک رۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی کرێکاری لە روسیە لە مێژوودا تۆمار کرا. شۆڕشێک کە روودانی و ئەو ئاڵوگۆڕانەی بەدوای خۆیدا هێنای ئاڕاستەی مێژووی سەدەی بیستی دیاریکرد.

بابەتی پەیوەندیدار

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-